خاڵی بەهێز و لاوازی حزبەكانی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار
2018-04-14 19:15:29
تایبەت بە درەو/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف
لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا حزبەكان بەری رەنجی چوار ساڵی خۆیان دەدورنەوە، كە چوار ساڵی پڕ لە قەیران و گۆڕانكاریی و هەوراز و نشێو بوو، لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا، هەموو ئەو گۆڕانكارییە گەورانەش كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پێگە و سەنگی حزب و لایەنەكانی كوردستان هەبووە، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكاندا، لێرەدا " درەو میدیا" بەدواداچونی ورد بۆ خاڵی بەهێزو لاوازی ئەو حیزبانە دەكات و بەشێوەیەكی بابەتیانە دەیخاتە ڕوو.
یەكەم: پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە لەسەر دەستی ( مستەفا بارزانی) تا ساڵی 1979 لەدوای كۆچی دواییەوە بە نەخۆشی واتا بۆ ماوەی 33 ساڵ، لەدوای ئەویش مەسعود بارزانی كوڕی تا ئێستا سەرۆكی ئەو حیزبەیە واتا بۆ ماوە 39 ساڵ.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 28 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (٧٥٣٠١٤) دەنگی بەدەستهێناوە و ( ١٧ ) كورسی هەیە ( هەولێر 7 كورسی ، سلێمانی 2 كورسی ، دهۆك 8 كورسی ).
پارتی زۆرینەی پۆستەكانی هەرێمی كوردستانی لەدەستدابووە بەتایبەتی ( دۆسیەی نەوت، سیاسی ، ناوخۆ ، ئاسایش، پێشمەرگە، ئابوری، پەیوەندی دەرەوە) ئێستاش سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی لایە و سەرۆكایەتی هەرێمیشی هەر لای خۆی هێشتوەتەوە، واتا بە 34%ی كورسییەكانی پەرلەمانەوە 85%ی پۆستە هەستیارو باڵاكانی هەرێمی لایە، بۆیە زۆرترین بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ لە هەموو قەیرانەكاندا، لێرە باس لە خاڵی لاواز و بەهێزی ئەو پارتە دەكەین.
ا- خاڵی لاوازی پارتی بۆ هەڵبژاردن:
1-شكستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستانی دەكەوێتە ئەستۆ بەو پێیەی 85%ی جومگە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی كوردستان لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.
2- بڕیاری سیاسی و ئیداری لای پارتی بووە، بۆیە شكستی سیاسەتی حكومەتداری هەرێم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی.
3- شكستی ئابوری سەربەخۆ كە پارتی لە بانگەشەكارانی سەرەكی بووە بۆیە دەكەوێتە ئەستۆی پارتی.
4- شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێم كە سەرچاوەی زۆرینەی كارەسات و نەهامەتییەكانی هەرێم، بەپلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیە، بەو پێَیەی نوێنەرانی پارتی لە حكومەت و پەرلەمان بانگەشەیان بۆ كردووە و گرێبەست و رێككەوتنیان كردووە.
5- دەستبەرنەدانی سەركردەكانی پارتی لە دەسەڵات بە تایبەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە دوای ئەوەی دوو خولی 8 ساڵی تەواوكرد، دەستبەرداری پۆستەكەی نەبوو، 2 ساڵی تری بۆ درێژكرایەوە، دواتریش وازی نەهێنا و زیاتر لە 2 ساڵی تر سەرۆكایەتی كرد، تا شكستی ریفراندۆمەكە، كە خۆی وتی ئەگەر سەركەوتوو نەبووم ئەوا ئامادەی هەموو شتێكم ، بۆیە وازیهێنا.
6- داخستنی پەرلەمانی كوردستان و رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان و شكاندنی هەیبەتی پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان، بۆیە تا ئێستاش ئەو دامەزراوەیە لە تێكشاندایە و هەڵنەستاوەتەوە.
7- سەركوتكردنی ئازادییەكان و گرتن و سوكایەتیكردن بە چالاكان و خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان.
8- لەدەستدانی 51%ی خاكی باشووری كوردستان، كە بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەو پێیەی بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئەیلولەوە بووە، كە ئەوەش مەسعود بارزانی رێبەرایەتی كردووە و بەرپرسیارێتی شكستەكانی خستوەتە ئەستۆی خۆی وەك لە كاتی هەڵمەتەكەدا چەندین جار ئەوەی دووپاتكردوەتەوە.
9- لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوچەكە و كورد.
10- تێكچونی یەكڕیزی و ناوماڵی كورد، كە دەوترێت بەشی زۆری خۆبەگەورەزانین و لوتبەرزی پارتی بووە بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە.
11- شكستهێنان لە سوپا و پێشمەرگە كە تا ئێستاش ئەو هێزانە دابەشبوون بەسەر دوو حیزبەكەدا و ئێستاش وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆش لای پارتیە.
12- شكستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی كە لای پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەبری قۆستنەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و كورد بەرامبەر بە داعش لە جیهاندا، كە هاوسۆزی گەورەی نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا راكێشابوو، بەڵام هەموو ئەوانە لەدەستدران.
13- شكستی پەیوەندییەكانی هەولێر لەگەڵ بەغداد، كە ئێستا حكومەتی بەغداد بەتەواوی زاڵ بووە بەسەر هەرێمدا، ئەوەش دەرئەنجامی شكستی پلانەكانی حكومەتی هەرێم بوو بەرامبەر بە بەغداد، كە بڕیارەكان لای پارتیەوە دەدران.
14- تێكچونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردی پارچەكانی تر بەتایبەتی باكور و رۆژئاوا، ئەوەش لەبەرامبەر پشتیوانیكردنی پارتی لە توركیا و دژایەتیكردنی پرسی گەلی كورد لە باكور و رۆژئاوا.
ب- خاڵی بەهێزی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو :
1-هێشتا دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستانە و بەهۆی كۆنترۆڵكردنی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە، سەرچاوەی ئابوریی و دارایی و هێز و میدیا لەلای خۆی ماوەتەوە.
2- سەرەرای ئەو نەهامەتیانەی بەهۆی ریفراندۆمەوە روبەرووی خەڵكی كوردستان بوەوە كە پارتی خاوەنی بووە، بەڵام لە كۆتاییدا توانی باشی تەوزیف بكات و تەواوی شكستەكانی ریفراندۆمی خستە ئەستۆی باڵێكی ناو یەكێتی و بە خیانەتكار لەقەڵەمیدان.
3- هێزێكی سەنتراڵەو رێكخراوە بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەمتر دەردەخات، ئەتوانێت بەیەك تیم هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرێوەبەرێت.
4- خاڵی بەهێزی پارتی پەرتپەرت بوون و پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی خۆی و ركابەرەكانێتی، بەتایبەتیش كە هێزەكانی هەموویان شەڕەكەیان خستوەتە سلێمانیەوە و كەمتر تەركیزیان لەسەر دهۆك و هەولێرە.
5- رێكخستن و ئەندام و لایەنگرانی بەهۆی پرەنسیپی حیزبیەوە كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەری هێزە نوێیەكانەوە، بە پێچەوانەوە ئەو هێزە نوێیانە بەردەوام لە ركابەرەكانی پارتی دەبەن
دووەم/ یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە 1/6/1976 دامەزراوە سكرتێرەكەی ( جەلال تاڵەبانی) بووە لەكاتی دامەزاندنییەوە تا كۆچی دوایی لە 3/10/2017 واتا بۆ ماوەی 41 ساڵ، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیشەوە تا ئێستا نەتوانراوە سكرتێرێكی نوێ بۆ یەكێتی دیاری بكرێت.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 21 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (٤٩٦٥٣٦)دەنگی بەدەستهێناوە و ( 11 ) كورسی هەیە ( هەولێر 4 كورسی ، سلێمانی 6 كورسی ، دهۆك 1 كورسی ).
لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتیانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بونتەوە، یەكێتی بەشێك بووە تیایدا، بەو پێیەی سەرەرای پەراوێزخستنی لەلایەن پارتیەوە، بەڵام هێشتا حكومەت لە هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی بەڕێوە دەبات.
ا- خاڵی لاوازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو:
1- هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكست و قەیرانانەیە كە لە كوردستاندا روویانداوە، راستە ئۆباڵەكە دەخرێتە ئەستۆی پارتی، بەڵام یەكێتی بەردەوام هاوبەش بووە لە حكومەتدا و هیچ كات ئامادە نەبووە لە حكومەت بكشێتەوە چونكە بە كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان حكومەت هەڵدەوەشایەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرا.
2- ناكۆكی سەركردایەتی و ناوخۆیی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا.
3- یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حیزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و بەرەو فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە بەتایبەت لە ئیدارەدان و ناوخۆی حیزب و لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا.
4- دەوترێت یەكێتی لەسەر بەرنامە و پرەنسیپی حیزبی نەڕۆیشتووە، هێندەی بەرژەوەندی ئاراستەی كردووە، لە زۆربەی روداوەكان دوای پارتی كەوتووە، نەك لەسەر پرەنسیپ و ئەجێندای رون رۆیشتبێت.
5- بازرگانی نەوت و تێوەگلان لە گەندەڵی گەورە لەناو حیزبەكە و بەشێك لە سەركردەكانی.
6- كاڵبونەوەی روئیای یەكێتی، بەتایبەت كە یەكێتی هێزێكی دیموكرات و ئازادبووە، بەڵام چەندین رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر لە دەڤەری بندەستی یەكێتیدا لێیان دراوە و كوژراون، هاوشێوەی دەڤەری پارتی.
7- پەراوێز خستنی دەڤەری سەوز دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە هاوبەش بووە لە حكومەتدا و لە جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتدا بووە.
8- هەژمونی پارتی زاڵە بەسەر گوتار و هەڵوێستەكانیدا، ئێستا یەكێتی لە بڕیار و هەڵوێستەكانیدا ناتوانێت یەكێتیانە بڕیار بدات بەڵكو دەوترێت پارتیانە بڕیار ئەدات.
9- روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، كە پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، كە هۆكاری راستەقینەی 16ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆم بوو.
10 – وازهێنانی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و دروستكردنی لیستێكی نوێ و گوێپێنەدانی سەركردایەتی یەكێتی پێی كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی نیوەی دەنگەكەكانی یەكێتی بۆخۆی بەرێت.
11- نەبوونی سەنتەری بڕیاردان لە ناو یەكێتیدا، بڕیاری ناو یەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكاندا، ئەمەش زیانی گەورەی لە یەكێتی داوە.
ب- خاڵی بەهێزی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو
1- یەكەم هەڵبژاردنێتی لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال ئەگەر كۆچی ئەو فەراغی بۆ جێهێشتبن، ئەوا بە دیوەكەی تردا هەست و سۆزی دەنگدەرانی بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەتایبەت شەهیدان و پێشمەرگەكانی.
2- هێشتا هێزی دەسەڵاتدارە لە سنوری زۆنی سەوز، سەرەرای كەمكردنی دەنگەكانی.
3- بەهێزی سەرچاوەی دارایی و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات، بە بەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێ نفوزی.
4- سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و هەیكەلیەتی خۆیەتی.
5- ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكەن.
سێیەم/ بزوتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009 وەك هێزێكی ئەكتیڤی ئۆپۆزسیۆن دەركەوت، بە رێبەرایەتی ( نەوشیروان مستەفا) كە لە یەكەم دەركەوتنیدا 25%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا، تا كۆچی دوایی لە 19/5/2017 نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بوو، واتە بۆ ماوەی 8 ساڵ، دواتر عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی گۆڕان هەڵبژێردرا.
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا نۆ كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانی (٤٧٢٥٠٣) دەنگی بەدەستهێناوە و ( 9 ) كورسی هەیە ( هەولێر 2 كورسی سلێمانی 7 كورسی) و لە دهۆك و كەركوك هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا.
ا- خاڵی لاوازی گۆڕان
1- لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك بوومەلەرزەی سیاسی گەورە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەیان هەژاند، بزوتنەوەی گۆڕان روئایەكی رونی بۆیان نەبوو.
2- شكستی گۆڕان لەرووی روئیای بۆ پرسەكان و لە رووی بە واقیعیكردنی دروشمەكانی.
3- ئەوەی گۆڕان بۆ دەرەوەی خۆی داوای دەكرد بۆخۆی لەناو خۆیدا نەیدەتوانی تێی پەڕێنێت.
4- خوێندنەوەی نادروست بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی لەناو حكومەتدا.
5- تا كۆتایی دژایەتی ریفراندۆمی كرد و بە گاڵتەجاڕ و ناشەرعی وەسفیكرد لە كۆتاییدا دەنگی پێدا.
6- لە هێزێكی یاخی و هێرشبەرەوە بوە بەهێزێكی پاسیڤ و بێدەنگ، ئەوەی دەیڵێ هێزەكانی تریش دەیڵێن
7- بەردەوامی كێشە و ململانێی ناوخۆیی، هەمان دەردی یەكێتی روبەرووی گۆڕانیش بوەتەوە.
8- لە كاتی خۆیدا بڕیار نادەن و كاتێكیش بڕیار دەدەن، كاتەكەی تێپەڕیوە.
9- خراپی ئەدای كارەكتەرەكانی لەناو حكومەت و پەرلەمان و گۆڕان باجەكەی دەدات.
10- هەڵگری كۆمەڵێك روئیا و دونیا بینی جیاواز بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات لەبری گەورەكردنی پانتایی جیاوازییەكان لەگەڵ هێزە نەریتەوانەكان، بەڵام لێكچونەكانی بەو هێزانە تۆختر كردەوە و بووە كۆپی ئەوان.
11- پێشتر بۆ داهاتوو كاری دەكرد، ئێستا وەك هێزەكانی دیكە لەسەر رابردوو دەژی.
12- هەڵوەرینی بەشێك لە كادر و هەوادارانی بۆ ناو هێزەكانی دیكە و گوێپێنەدان و رانەچڵەكاندن و بەخۆدانەچونەوەی.
13- نەبوونی جێگرەوەیەك بۆ نەوشیروان مستەفا، لەروی روئیا و بیركردنەوە و كۆنترۆڵكردن و گوتاردانی سیاسی.
ب- خاڵی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو :
1- سوربوون و بەردەوامی دان لەسەر پرەنسیپەكانی بەتایبەتیش لە رێگری لە هەوڵدانەبۆ درێژەدان بە مانەوەی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، كە بوە دەستپێكی قۆناغی رێگری لە مانەوە لە دەسەڵاتدا.
2- قوربانیدان لە پێناو مەبادیئەكانی كە وەزیرەكانی دەركران و سەرۆكی پەرلەمانەكەی رێگری لێكرا، كە ئەمەش سەروەتێكی مەعنەویە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان.
3- كێشەو گرفتی هەبووە بەڵام هەڵەی ستراتیژی گەورەی نەكردووە، كە ببێتە هۆی عەیبداركردنی بزوتنەوەكە.
4- كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەگەر بەدیوێكدا هۆكاری لاواز بوونی بزوتنەوەكە بێت بەدیوێكی تردا هۆكاری سەرەكی راكێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتیانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان وەك وەفایەك بۆ روحی نەوشیروان مستەفا.
5- تا ئێستاش هیچ هێزێك لە دەرەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان دروست نەبووە كە گوتارو هەنگاوەكانی گۆڕان دژ بە گەندەڵی و خراپەكاری دەسەڵاتی سیاسی تێپەڕێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئەمرۆ گۆڕان كۆنترۆڵی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی كردووە خاڵی بەهێزی ئەو بزوتنەوەیەیە.
چوارەم / یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە 6/2/1994 دامەزراوە ئەمیندارەكەی ( سەڵاحەدین محەمەد بەهادینە) كە جگە لە 4 ساڵی ئەمینداری محەمەد فەرەج لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ئەمینداری یەكگرتووە كە 20 ساڵ دەكات.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا چوار كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنا ، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (١٩٢١٧٩) دەنگی بەدەستهێناوە و ( 4 ) كورسی هەیە (سلێمانی 2 كورسی ، دهۆك 2 كورسی ).
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەشێك بووە لە هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتیانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بونتەوە، بەو پێیەی لەناو كابینەی حكومەتی هەرێمدابووە و لەم دوایەشدا تۆمەتبار دەكرا بەوەی نزیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوەو شوێن پێی ئەو هەڵدەگرێت .
ا- خاڵی لاوازی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا:
1- ناڕوونی لە گوتارەكانی لە پرسە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا.
2- ناڕوونی لە هەڵوێستەكانی، لە پێناو رازیكردنی هەموو لایەكدا.
3- ئەم حیزبە هاوشێوەی حیزبەكانی تر نەخۆشی دابەشبونی كادرەكانی هەیە لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، ئەمەش وای لێدەكات نەتوانێت بڕیار بدات.
4- ئەو رەخنانەی رووبەڕووی یەكگرتوو دەبنەوە، ئەوەیە كە بە حیزبێكی لاستیكی ئەژمار دەكرێت، كە لە دوو قۆناغی هەستیاری مێژوویدا بووە هۆی لەباربردنی پرۆسەی دیموكراسی و دەستاودەستی دەسەڵات، لە پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتی هەرێم.
5- بەشداری كارای لە ریفراندۆم و كەوتە دوای پارتی كە ئەو هەموو قەیران و كارەساتەی بەدواداهات.
6- بەشداری لە كاراكردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی پارتی ویستی و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی .
7- ونبوونی ئەم هێزە لە نێوان دروشمی ئایینی و نەتەوەییدا.
8- نەكشانەوەیان لە حكومەت و بوونە بەشێك تیایدا.
9- هەڵوەرینی گەنجەكانی بۆ ناو هێزە نوێیەكانی دروست دەبن .
ب- خاڵی بەهێزی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو
1- خاوەنی رێكخستنێكی تۆكمەیە كە لایەنگران و ئەندامانی گوێڕایەڵی پرەنسیپە حیزبیەكانن، بۆیە دەنگەكانی كەمتر گۆڕانی بەسەردا دێت.
2- ئایدیۆلوجی ئایینی وەك پرەنسیپی حیزبی كە ئەمەش هەست و سۆزی هاوڵاتیانی موسڵمان بەلای خۆیدا رادەكێشێت و خاوەنی چەندین بانگخوازی بەناوبانگە كە دەنگی زۆر بۆ ئەو حیزبە كۆدەكەنەوە.
3- پارێزگای دهۆك بوەتە گرێكوێرەی هەڵبژاردنی زۆرێك لە حیزبەكانی كوردستان، بەڵام یەكگرتوو توانیویەتی ئەو گرێیە بكاتەوە و ناوچەگەرێتی تێپەڕاندووە، چەند دەنگی لە سلێمانی هەیە ئەوەندەش لە بادینان، تاكە حیزبە ئەو هاوسەنگییەی راگرتووە.
4- ئەم هێزە ئەگەرچی بەشدار بووە لە حكومەت، بەڵام كابینە و حكومەتی وەرنەگرتووە بەتەواوی، بۆیە هێزێكە لە حكومەتداریدا تاقینەكراوەتەوە.
5- خاڵی بەهێزیان ئەگەرچی لای هەندێك رەخنەیە بەلام خاڵی بەهێزە كە ئەوەش خۆ یەكلانەكردنەوەیە بۆ هیچ بەرە و زۆنێكی دیاریكراو، كە زۆرجار دەنگی ئەوان ئەیتوانی دۆخەكە یەكلابكاتەوە، بەڵام ئەمان لەسەر هێڵی گشتی ماونەتەوە.
پێنجەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لە 31/5/2001 دامەزراوە، لەدامەزراندنیەوە تا ئێستا( عەلی باپیر ) ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیە واتە بۆ ماوەی 17 ساڵ.
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 3 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا ، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (١٤٠٧٧١) دەنگی بەدەستهێناوە و ( 3 ) كورسی هەیە (هەولێر 2 كورسی ، سلێمانی 1 كورسی).
ئەگەرچی ئەم هێزە بەردەوام هەڵوێستی توند بووە بەرامبەر بە حكومەت، بەڵام تا دوا ساتەكان لەناو حكومەتدا مایەوە و بووە بەشێك لە حكومەت و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا.
ا- خاڵی لاوازی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان:
1- دید و روانینێكی جیاوازی نەبووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكانی ئەو قۆناغانەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە.
2- كێشە ناوخۆییەكانی و بەردەوامی جیابوونەوەی باڵەكانی كە ئێستا بەشێكی زۆری لە هاوپەیمانێتیەكەی د. بەرهەمدایە.
3- كۆمەڵی ئیسلامی یەكێك لەو رەخنانەی لێی دەگیرێت ئەوەیە، كە وەك هێزێكی سەربە بزوتنەوەی گۆڕان لێكدەدرێتەوە و بە شوێنكەوتەی ئەو حیزبە وێنادەكرێت.
4- مانەوەی كارای لە حكومەتدا و كشانەوەی لە دوو مانگی كۆتاییدا.
5- وێڕای بەردەوام رەخنەكانی لە ریفراندۆم بەڵام لە كۆتاییدا دەنگی پێدا و نەیتوانی تاكۆتایی بەرگری لە هەڵوێست و روانینەكانی خۆی بكات.
ب- خاڵی بەهێزی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو :
1-سوربون و جدی بوونی لەسەر هەڵوێستەكانی بەتایبەتیش لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان
2- ئەم هێزە بەردەوام پێی راستی لەناو بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بووە، ئەگەرچی بەشداری لە حكومەتدا كردووە، بەڵام خۆی كابینەی وەرنەگرتووە و تاقینەكراوەتەوە لە حكومەتدا.
3- بەهێزی ئەمیرەكەی لە گوتار و روانینی و سووربوونی لەسەر پرەنسیپەكان و ناسینی وەك كەسێكی خاوەن مەبدو و راستگۆ لە هەڵوێستەكانیدا.
4- بەهێزی و چالاكییەكانی ئەم هێزە لەناو هەولێری پایتەخت كە بەپێچەوانەی زۆرێك لە هێزەكانی تر ئەم هێزە زۆرینەی دەنگەكانی لە هەولێری پایتەخدایە.
5-پەیوەست بوونی بە پرەنسیپی ئایینەوە كە خاوەنی چەندین مامۆستای ئایینی لێهاتوو خاوەن جەماوەرە، ئەمەش هۆكاری راكێشانی دەنگی هاوڵاتیانە بۆخۆی.
شەشەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە ئێستا وەك قەوارە و حیزبیش خۆی تۆماركردووە، هەڵبژاردنی 12ی ئایار یەكەم ئەزمونییەتی و سەنگ و پێگەی خۆی تاقیدەكاتەوە، د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح كراوەتەوە سەرۆكی قەوارەكە و حیزبەكەش.
ئەم هێزە لەگەڵ ئەوەی وەك هێزێكی جیاواز خۆی وێنا دەكات، بەڵام هەڵگری هەمان گوتار و روئیایە كە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان هەیان بوو بۆ بارودۆخی هەرێم.
ا- خاڵی لاوازی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری:
1- خاوەنی پرۆژە و روئیایەكی روونی جیاواز نیە كە هێز و لایەنەكانی دیكەی پێش خۆی تێپەڕێنێت
2- بەشێكە لەو سیستمە سیاسییە شكستخواردووەی كە هەناوی كۆمەڵگەی كوردی هەڵتەكاندووە
3- بەشێكە لە فۆرمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، بە باش و خراپیەكانیەوە
4- بەشێك بووە لە خانەنشینی نایاسایی و كادری حیزبی و بندیوار، كە دووجار سەرۆكی حكومەت و كابینە بووە.
5- خاوەنی بەرنامەیەكی روون نیە بۆ هەستانەوەی هەرێم لە ناوەندی نێودەوڵەتی لە كاتێكدا خۆی بە كەسێكی ناسراوی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان ناسراوە.
6- ئەو رێگەیەی كاری لەسەردەكات لە هاتنە دەرەوەی لە یەكێتی و دامەزراندنی حیزب، نوێ نیە، پێشتر نەوشیروان مستەفا تاقیكردوەتەوە.
7- وازهێنانی د. بەرهەم لە یەكێتی پرۆژەیەكی ستراتیژی نەبوو هێندەی پرۆژەیەك بوو بۆ فشاركردن لەسەر یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت، بەڵام كەزانی فشارەكان جێناگرێت ئینجا پرۆژەكەی خستە سەرپێ، ئەم پرۆژەیە رەگ و ریشەیەكی جدی نیە.
8- هەرلەسەرەتاوە چەقی هاوپەیمانی خزێنرایە سلێمانیەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت پێگەی سەرەكی هەر لەم دەڤەرە بێت.
تێنەپەڕاندنی سنوری لۆكاڵی بوون وەك هێزەكانی دیكە.
ب- خاڵی بەهێزی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی دادپەروەری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو :
1- هاوپەیمانتێتیەكە خاوەنی دیپلۆماسیەتیەكی بەهێزی سەرۆكەكەیەتی كە سەرەرای ئەوەش پەیوەندیەكی بەهێزی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە و لە ئاستی بەغداش پۆستی باڵای هەبووە و وەك كەسێكی سەركەوتوو لێیدەڕوانرێت.
2- یەكەم تاقیكردنەوەی ئەم هێزەیە لە هەنگاونان بەرەو دەسەڵات و رەخنەگرتن و هاتنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دژ بە گەندەڵی و قۆرخكاری و هەنگاونان بەرەو چاكسازی، لەبەرامبەریشدا یەكێتی تا ئێستاش ناكۆكی زۆرو باڵباڵێن شەكەتی كردووە، ئەمانە هەمووی لە قازانجی هاوپەیمانیدان.
3- هەندێك دەستكەوتی ستراتیژی هەیە كە سەرۆكی قەوارەكەی لە كاتی سەرۆكایەتی حكومەتدا ئەنجامی داون و ئێستا تەوزیفی دەكات، بەتایبەتیش لە پرسی ( تواناسازیی، موچەی ئەنفال، پێشینەی خانوبەرە ، بڕینی بودجەی حیزبەكان...)
4- كۆكردنەوەی كەسانی ئەكادیمی و تەكنۆكرات ، بەو پێیەی سەرۆكی قەوارەكە وەك كەسێكی تەكنۆكرات و نوێخواز دەركەوتووە، سەرەرای سود وەرگرتن لە كەسایەتی و چالاكانی ئاینی كە ژمارەك لەو كەسانەی لەرەوتە ئیسلامییەكاندا پێگەیان هەبووە، ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانێتیەكەدا كاردەكەن.
5- سەرچاوەی دارایی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ بەرێوەبردنی كەمپەینی هەڵبژاردنەكەی.
حەوتەم/ جوڵانەوەی نەوەی نوێ
جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە لەم هەڵبژاردنەدا ناوی خۆی تۆماركردووە و بە لیستێك بەشدارەو هاوكات ناوی وەك حیزبێكی سیاسیش تۆماركردووە، لە كۆنگرەی یەكەمی خۆیدا ( شاسوار عەبدولواحیدی) كردە سەرۆكی جوڵانەوەكە.
ئەم جوڵانەوەیە پشتی بە میدیا و سەرمایەی بازرگانی بەستووەو هەر لەسەرەتاوە بە شێوەیەكی رادیكاڵانە پەیامەكانی خستە روو، بەوپێیەی تا ئێستاش رادیكاڵبوون و كاریگەری گەورەی لەسەر شەقامی كوردی جێدەهێڵێت.
ا- خاڵی لاوازی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:
1- ئەم جوڵانەوەیە زیاتر لە بزووتنەوەیەكی میدیایی و تۆڕی كۆمەڵایەتی دەچێت وەك لەوەی هەڵگری روئیا و دونیا بینی جیاواز بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی كەبەسەر هەرێمدا هاتووە.
2- نەوەی نوێ دەیەوێت مۆدێلی فەرەنسا و ئەمریكا تاقیبكاتەوە لە سەر زەمینێكی وێرانە كە نە فەرەنسایە و نە ئەمریكا.
3- ناشرینكردنی هەموان لەسەر جوانكردنی وێنای خۆی، كە دەڵێت من لەكەس ناچم ئەوان هەموویان لەیەك دەچن.
4- تۆمەتبەخشینەوەیە بووە بەبەشێك لە گوتاری ئەم جوڵانەوەیە.
5- پێی وایە لە هەناوی هیچ هێزێكدا نەهاتوەتە دەرەوە، بەڵام گوتار و هەڵوێستەكانی لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوەتە دەرەوە، هەمان گوتار و هێرشی سەرەتای 25ی 7ی 2009 ی بزوتنەوەی گۆڕانی گرتوەتە بەر.
6- جوینەوەی بەشێك لە گوتارە پۆپۆلیستەكەی گۆڕان كە لەسەرەتاوە گۆڕان كاری لەسەركردووە.
7- نەخێرەكەی نەوەی نوێ بۆ ریفراندۆم، نەخێر نەبوو بۆ دوورخستنەوەی كۆمەڵگە لە مەترسییەكانی بەڵكو نەخێرەكەی بۆ دروستكردنی پرۆژە سیاسیەكەی بوو.
8- نەوەی نوێ سەربە پارتی و یەكێتی نیە، بەڵام پارتی و یەكێتی دەستیان واڵاكردووە، چونكە پێیان وایە مامەڵەكردن لەگەڵ نەوەی نوێ و جڵەوكردنی ئاسانترە وەك لە گۆڕان كە خاوەنی پرەنسیپە.
9- كاركردنی نەوەی نوێ لەسەر گۆڕەپانی دەنگی گۆڕانە چونكە پێی وایە گۆڕان لە ماوەی 9 ساڵی رابردووی كاركردنیدا هەرچی دەنگی توڕەو ناڕازیە لە پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی تری هێناوەتە دەرە و ئەو دەنگانە جڵەوناكرێن و دەگۆڕێن، بۆیە نەوەی نوێ كار لەسەر ئەو دەنگانە دەكات نەك دەنگی پارتی.
10- نەوەی نوێ شەڕەكەی خستوەتە سلێمانی و گۆڕەپانی گۆڕانەوە و دهۆك و هەولێریشیان بۆ پارتی بەتەختی جێهێشتووە.
11- ئەم هێزە وا وێنا دەكات كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و لە بەغداد پشتیوانی دەكرێت، بەڵام ئاماژەیەكی روونی دەستنەكەوتووە لەو وڵاتانەوە بۆ پشتیوانی.
ب- خاڵی بەهێزی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو:
1- سەرچاوەی دارایی و میدیایی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ كەمپەینی هەڵبژاردنەكەی.
2- هەڵگری گوتاری رادیكاڵی توندە بەرامبەر بەدەسەڵات و كە نزیكە لە گوتاری شەقام و سودی لە ئەزمونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان وەرگرتووە.
3- بایەخدانی زۆری بە تەكنەلۆجیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە شوێنی كۆكردنەوەو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانە.
4- راست دەرچونی پێشبینی و رەحنەكانی لە دژی ریفراندۆم و پێشبینیەكانی بۆ ئەو كارەساتانەی لێی كەوتەوە، كە ئەمەش خاڵی بەهێزە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان متمانەی پێبكەن.
5- كاركردنی راستەوخۆی لەسەر توێژی گەنجان، كە تەنها لەماوەی ئەم چوارساڵەدا نزیكەی 400 هەزار گەنج و تەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000) لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانن دەنگ بدەن.
ئەم راپۆرتە كە بەشێوەیەكی بابەتیانە نوسراوە. هەنگاوێكە بۆ بەرچاوڕوونی حیزبەكان و دەنگدەرانیان، كە خاڵی بەهێز و لاوازیان چیە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن.