كێ وردبینی لە ناوی كاندیدەكان دەكات ؟
2024-07-19 11:12:53
(درەو):
دوێنێ وادەی پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، هەندێك لەوانەی ناویان لە لیستی كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكاندایە، ترسیان هەیە كاندیدبوونیان رەتبكرێتەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی پێشتر سزای یاساییان بەسەردا سەپێندراوە، مەرجەكانی كاندیدبوون چین ؟ كێ وردبینی لە شایستەبوونی كاندیدەكان دەكات ؟
مەرجەكانی كاندیدبوون
مهرجهكانی كاندیدبوون بەگوێرەی (رێنماییەكانی تۆمارو پەسەندكردنی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان-2024)ی هەمواركراو لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە:
• هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بێت (بەگوێرەی ناسنامەی باری شارستانی یاخود كارتی نیشتمانی یەكگرتوو) هەروەها دانیشتووی ئەو ناوچەیەی هەڵبژاردن بێت كە خۆی تێدا كاندید كردووە بەگوێرەی كارتی نیشتەجێبوون یاخود پاڵپشتی نیشتەجێبوونی پەسەندكراو لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە.
• ئههلیهتی تهواوی ههبێت و لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا تهمهنی گهیشتبێته 25 ساڵ.
• خوێندنهوهو نوسین بزانێت.
• لهسهر تاوانی دژ بە ئهخلاق و ئادابی گشتی و دهستپاكی سزا نهدرابێت.
• لهسهر تاوانی كوشتنی بهئهنقهست و دزیكردن سزا نهدرابێت.
• بهشداری لهو تاوانانهدا نهكردبێت كه دهسهڵاتی داپلۆسێنهر پلانی بۆ داناوه یاخود له ههرێمی كوردستان ئهنجامی داوه.
كێ بڕیار لەسەر كاندیدەكان دەدات ؟
بەگوێرەی هەمان رێنمایی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دوای وەرگرتنی لیستی كاندیدی هاوپەیمانی و حزب و كاندیدە سەربەخۆكان و كاندیدی پێكهاتەكان، كۆمسیۆن لیستی ناوی هەموو كاندیدەكان رەوانەی/ دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی ناوخۆ (تۆماری تاوان) دەكات لە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، ئەمە بۆ بۆ لێكۆڵینەوە لەوەی ئایا كاندیدەكان بەگوێرەی یاسا مەرجەكانی شایستەبوونیان تێدایە یاخود نا.
لەماوەی 15 رۆژدا لە رۆژی ناردنی لیستی كاندیدەكانەوە، وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەسپاكی عێراق و هەرێمی كوردستان وردبینی لە ناوی كاندیدەكان دەكەن، ئەگەر وەڵامێك لەو لایەنانەوە نەگەڕایەوە بۆ كۆمسیۆن، ئەوا لیستی كاندیدەكان بە پەسەندكراو ئەژمار دەكرێن.
واتا بەگوێرەی رێنمایی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، هەریەكە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق دەتوانن شایستەبوونی كاندیدێك پشتڕاست یاخود رەتبكەنەوە.
رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنێك كە چوارجار وادەكەی دواخراوەو هاوپەیمانێتییەكە ئەوتۆو بەهێزی تێدا بەدی ناكرێت، پارتی و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی دەسەڵاتدار بە ناكۆكییەكی قوڵەوە دەچنە ناو هەڵبژاردنەكە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش نەیانتوانیوە پێكەوە لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكەدا كۆببنەوەو هەریەكەو بە لیستی خۆی بەشداری دەكات.