"پۆستی پارێزگار 4 مانگ لای پارتی دەبێت"

Draw Media

2024-07-27 12:30:07



(درەو): 
سایتێكی نزیك لە پارتی باس لە كۆبوونەوەی ئەندامانی گروپی عەرەبی كەركوك دەكات لەگەڵ مەسعود بارزانی، دەڵێ" بەپێی رێككەوتنی پارتی و عەرەب و توركمان پۆستی پارێزگار هەر چوار مانگ جارێك لای یەكێك لە پێكهاتەكان دەبێت". 

سایتی (شەفەق نیوز)ی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ مەسعود بازرانی سەرۆكی پارتی لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی گروپی عەرەبی لە كەركوك كۆبووەتەوە، بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار لەنێوان پارتی و پێكهاتەكانی تری كەركوكدا. 
سەرچاوەكەی باسی لەوەكردووە" كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆ بووە لەبارەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و عەرەب و بەرەی توركمانی، بەپێی رێككەوتنەكە پۆستی پارێزگار بۆ ماوەی 4 مانگ لای پارتی دەبێت و دواتر هەمان ماوە لای پێكهاتەكانی تر دەبێت".
ئەم هەواڵە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ دەنگۆی رێككەوتنی پارتی و لایەنە عەرەبییەكان و بەرەی توركمانی لە ماڵی (خەمیس خەنجەر)ی سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە بڵاوبووەتەوەو تائێستا هەموو لایەنەكانی بێدەنگییان لێكردووەو هیچیان ئامادە نین دەنگۆی رێككەوتنەكە پشتڕاست یان رەتبكەنەوە. 
قەحتان وەنداوی وتەبێژی بەرەی توركمانی لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، رەتیكردەوە هیچ رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی لە كەركوك كرابێت، بەڵام جەختی كرد لەسەر ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا هاوڕایە لەگەڵ عەرەب و توركمان سەبارەت بەوەی پۆستی پارێزگار بە (نۆرە) بێت. 
زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردن كراوە، بەڵام هێشتا حكومەتی خۆجێی لە كەركوك پێكنەهێنراوە، كورد كە پارتی و یەكێتیی نوێنەرایەتی دەكەن، لەنێوان خۆیاندا ناكۆكن، پارتی كە لە كۆی (16) كورسی ئەنجومەنی پارێزگا (2) كورسی هەیە لەگەڵ یەكێتیی لە ناكۆكیدایەو داوای پارێزگارێكی "كوردی بێلایەن" دەكات، یەكێتیش كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو خۆی بەتەنیا (5) كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بردووە، دەیەوێت پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، كە لە ساڵی 2017و لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو ریفراندۆمەوە لەدەستی داوە، رێككەوتنی یەكێتیی لەگەڵ لایەنە عەرەبەكان لە پارێزگای نەینەوا لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی ئەو پارێزگایە بە بێ پارتی، ئێستا زیاتر دەستی پارتی بۆ هەنگاوێكی لەوشێوەیە لە كەركوك كردوەتەوە.
لایەنە عەرەبییەكانیش كە بە تێكڕا (6 كورسی) ئەنجومەنی پارێزگایان هەیە، هەمان ناكۆكیی ناوخۆییان هەیە، بەڵام بەمدواییە كۆبوونەوەكیان كردو رایانگەیاند، پێكەوە دەبن و دەیانەوێت پۆستی پارێزگار وەربگرنەوە، پێكهاتەی عەرەب لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری بەوەكالەت بەدەستەوەیە، عەرەبەكان سەرباری ناكۆكی ناوخۆییان، لەسەر ئاستی شەقام هەموان سەردەمی حوكمڕانییەكەی (راكان جبوری)یان لەسەردەمی دەسەڵاتی كورد لە شارەكەدا پێ باشترە.
لەنێوان كوردو عەرەبدا، پێكهاتەی توركمان تەنیا (2) كورسی بردووە، هەردوو كورسییەكەش لای (بەرەی توركمانی)یە، ئەم بەرەیە كە زۆر لە توركیاوە نزیكە، هەر لە سەرەتاوە جەختی لەسەر ئەوە كردووە پۆستی پارێزگار دەبێت بە (نۆرە) بێت، واتا هەر چەند مانگ جارێك لای یەكێك لە پێكهاتەكان بێت. 
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ كۆتایهێنان لە ناكۆكییەكانی كەركوك، سێ جار لایەنە براوەكانی بانگهێشتی بەغداد كردو كۆبوونەوەی پێكردن بۆ ئەوەی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی و دابەشكردنی پۆستەكان بگەنە رێككەوتن، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن. بۆ دروستكردنی فشار لەسەریان، سودانی رۆژی 11ی ئەم مانگەی وەكو وادەی دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاریكرد، لایەنەكان چونە ناو كۆبوونەوە، بەڵام بەبێ رێككەوتن، بۆیە كۆبوونەوەكەیان تاوەكو ئێستا بە (كراوەیی) بەجێهێشتووە. 
بەپێی یاسای بەركار دەبوو لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردرێت و دواتر لە ماوەی 30 رۆژدا پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت، یەكێتیی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە لە كەركوك، هەر لەسەرەتاوە دوودڵ بوو لە كۆبوونەوە كتوپڕەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، ترسی هەبوو پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشتەوە رێككەوتنی لەگەڵ عەرەب و توركمان كردبێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی، بۆیە رۆژی 11ی ئەم مانگە یەكێتیی بەو مەرجە بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كرد، كۆبوونەوەكە تەنیا بۆ دەستبەكاربوونی ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی پارێزگا بێت نەك دەنگدان بە سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی، چونكە لەم حاڵەدا ئیتر كۆبوونەوەی یەكەمی ئەنجومەن كۆتایی دەهات و ماوەی 30 رۆژ مۆڵەت دەكەوتە بەردەم لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand