ھەڵبژاردنی دیموکراسییانە...ھەڵبژاردنی دەسەڵاتگەرانە
2024-07-27 12:58:09
بەرەو ھەڵبژاردن: بەشی یەکەم
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
هەڵبژاردن یەکێک لە ئامرازە ھەرە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی سیستمی دیموکراسییە، ئەم ئامرازە بە رادەیەک گرنگ و بنەڕەتییە، ناکرێت بەبێ ھەڵبژاردن بیر لە دیموکراسییەت بکەینەوە. ئەگەرچی کەسانێک هەن تا ئەو شوێنە دەڕۆن دیموکراسیەت بە هەڵبژاردن یەکسان بکەن، بەڵام، سەرەڕای گرنگییە گەورەکەی، یەکسانکردنی دیموکراسیەت بە هەڵبژاردن هەڵەیەکی فیکریی و مەنهەجییە. ڕاستە، سیستمێک بۆ ئەوەی بکرێت بە دیموکراسیی ناوببرێت، پێویستی بە هەڵبژاردنە، ھەڵبژاردنی بەردەوام، بەڵام دیموکراسییەت تەنھا ھەڵبژاردن نییە. دیموکراسیەت بۆئەوەی بتوانێت وەک دیموکراسیەت کاربکات پێویستی بە چەندان ڕەهەندی دیکەی گرنگ و سەرەکیی هەیە. لەوانەش، بۆ نموونە، جیاکردنەوەیەکی راستەقینەی دەسەڵاتەکان لەیەکتری، سەروەریی یاسا، لێپرسینەوەی سیاسی، دەستپاکیی بیرۆکراسیی، دەستگۆڕکێی دەسەڵات، پرس و ڕا کردنی گشتیی، بوونی دەستورێکی دیموکراسیی یان جۆرێک لە رێکەوتنی دەزگایی، کە ھیچ ھێز و کەسێک نەتوانێت پێشێلی، بکات. ھاوکات ھەموو سیستمێکی دیموکراسیی پێویستیی بە بکەری سیاسیی دیموکراس ھەیە، ھێز و کەسایەتی نادیموکراس ناتوانن دیموکراسیەت بەرقەراربکەن.
لە بەرامبەر دیموکراسیەتدا چەندان مۆدێل لە سیستمی سیاسیی ھەن، کە نادیموکرسن، سیستمی ستەمکار و دەسەڵاتگەرن، سیستمی تاکحیزبیین، سیستمی سەربازیی و ئەمنیین، سیستمی شەخسیی و نوخبەیی داخراون، ھتد.. سەردەمانێکی درێژ ھەموو ئەم سیستمە نادیموکراسییانە دژ بە ھەڵبژاردن بوون و لەرێگای خۆسەپاندنی سەربازیی و ئەمنیی و حیزبییەوە حوکمڕانیان دەکرد. ھەڵبژاردنیان بە داھێنانێکی خۆرئاوایی دەزانیی و گاڵتەیان پێدەکرد. بەڵام لە دوای ھەڵوەشاندنەوەی بلۆکی سۆسیالیستیی، بە تایبەتی لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەمەوە، بەشێکی زۆری ئەم ڕژێمە نادیموکراسیانەش، ھەڵبژاردنیان کردوە بە دیاردەیەکی سیاسیی ناو سیستمەکانیان و بۆ نیشاندانی شەرعیەتی خۆیان، پەنا بۆ ڕێکخستنی ھەڵبژاردن دەبەن. لە ساڵانی نەوەد بەدواوە هەڵبژاردن چۆن یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی سیستمێکی دیموکراسییە و لە چۆنەیتی دروستبوون و کارکردنی دیموکراسیتەدا بەشدارە، بەهەمان شێوە توانراوە بکرێت بە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی سیستمە ستەمکار و دەسەلاتگەرە داخراوە نادیموکراسییەکانیش. ھەڵبژاردن لە سیستمە ستەمکارەکانەدا بە جۆرێک رێکخراوە، بووە بە ئامرازێکی گرنگیی بەخشینی شەرعیەت بە بوون و مانەوە و تازەکردنەوەی ئەو سیستمە نادیموکراسانە. لەم دۆخەدا هەڵبژاردن گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی گرنگیی مانەوە و خۆبەرهەمهێنانەوەی سیستمە ستەمگەر و دەسەڵاتگەرە داخراو و توندوتیژ و خێزانیی و سەربازیی و ئەمنییەکان.
سیستمە ستەمکار و دەسەڵاتگەرە کلاسیکییەکان، سیستمی تاکحیزبیی یان سەربازیی یان تاکەکەسیی دیکتاتۆرییانە بوون، کە لە ڕێگای توندتیژیی و گرتن و کوشتن و بێدەنگکردن و چەوساندنەوەی بەردەوامەوە، حوکمڕانیان دەکرد. بەڵام ”دەسەڵاتگەرە تازەکان“ جیاوازن، ئەمان دەتوانن هەڵبژاردنیش ئەنجامبدەن، ڕێگە بەبوونی زیاد لە پارتێکی سیاسییش بدەن، شتێک لە ئازادی میدیاش دەستەبەرکەن، جۆرێک لە پلورالیزمی سیاسیی سەرەتایی ڕێپێبدەن. ڕێگە بە هەندێک ململانێی حیزبیش بدەن، بەڵام هاوکات سیستمێکی تەواو دەسەڵاتگەر و داخراو و ستەمگەریی نادیموکراسیش، بن. بە مانایەکی دیکە سیستمە سیاسییە ”دەسەڵاتگەرە تازەکان“، دەتوانن خۆیان لە هەڵبژاردن مارەبکەن، ڕێگە بە دروستبوونی چەندان حیزبی لاواز و پەراوێزیی بدەن، پەراوێزێکی بچووک بۆ قسەکردنی جیاواز دەستەبەربکەن، بەڵام ھاوکات سیستمەکەیان نەک سیستمێکی دیموکراسی نەبێت، بەڵکو تەواو دەسەڵاتگەر و ستەمگەر و دژەماف و دژەھاوڵاتیان، بێت. لەم جۆرە ئەزموونانەدا هەڵبژاردن نەک ئامرازیی دەستگۆڕکێی دەسەڵات و دەسکاریکردنی سیستمە سیاسییەکە نییە، بەڵکو ئامرازێکی گرنگیی بەخشینی شەرعیەتە بە سیستمە سیاسییە دەسەڵاتگەر و داخراو و ستەمگەرەکە.
رژێمە ”دەسەڵاتگەرە تازەکان“ رژێمی دیموکراسیی نین، بەڵکو ”رژێمی هەڵبژاردنن“، لە دیموکراسیەتدا تەنھا ھەڵبژاردن وەردەگرن و بەشێوەیەکی زۆر تایبەتیش بەگەڕیدەخەن. لە زانستە سیاسییەکاندا چەندان ناوی جیاواز بۆ ئەم جۆرە سیستمە دەسەڵاتگەرە تازە نادیموکراسانە ھەیە، یەکێک لەو ناوانە ”سیستمی دەسەڵاتگەری ڕکابەرکار“ە، competitive authoritarian systems. ئەم ناوە بۆ ئەو سیستمە سیاسییانە بەکاردێت کە شتێک لە ململانێ و کێبەرکێیان تێدایە، بەڵام لە سنوورێکی دیاریکراو و ئاراستەرکراو و کۆنترۆڵکراودا، بە جۆرێک ھەڵبژاردن نەتوانێت وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و شێوازی کارکردنی سیستمە سیاسییەکە، کاربکات. کەسنێکی دیکە ھەن باس لە ”سیستمی دەسەڵاتگەرێتی هەڵبژاردن“، الاستبداد الانتخابي electoral authoritarianism، دەکەن، ئەمەشیان بەو سیستمانە دەگوترێت کە ھەڵبژاردنی دابڕاو لە ململانێی تیادا ئەنجامئەدرێت، بە مەبەستی تازەکردنەوەی دەسەڵات و شەرعیەتی دەسەڵاتداران، خۆیان. کەسانێکی دیکە باس لە ”سیستەمی حزبی قائیدی هەیمەنەخواز“ دەکەن، ھەندێکی دیکە باس لە ”سیستمی تێکەڵاو“، هەجین، دەکەن، کە تیایدا تێکەڵێک لە هەندێک رەگەزی دیموکراسییانە و ھەندێک رەگەزی دەسەڵاتگەر و ستەمگەرانە ئامادەیە. بە کورتییەکەی، لە چل ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی گەورە لە سیستمی سیاسیی دەسەڵاتگەر و داخراو و نادیموکراس دروستبوون، ھەموویان ھەڵبژاردن ڕێکدەخەن و هەڵبژاردن بەشێکی گرنگ و سەرەکیی تازەکردنەوەی ڕەوایەتی سیاسیی خۆیان و پاراستنی جەوهەرە نادیموکراس و داخراو و دەسەڵاتگەرەکەی، خۆیانە.
ئەوەی لەم جۆرە لە ”هەڵبژاردنی دەسەڵاتگەرانە“دا غائیبە ئەو نادڵنیاییە گەورەیەیە کە لە هەڵبژاردنی دیموکراسیانەدا هەیە و کاردەکات. ھەڵبژاردنی دیموکراسییانە شێوازێکی تایبەتی نادڵنیایی تێدایە و ئەم نادڵنیاییە خۆیشی. یەکێک لەو رەگەزە سەرەکییانەیە کە ئاکارێکی دیموکراسییانە بە ھەڵبژاردن، دەبەخشێت. لە دیموکراسیەتدا تا کۆتایی ژماردنی هەموو دەنگەکان لایەنە رکابەرەکان نازانن و دڵنیا نین لەوەی کێ براوەی هەڵبژاردنەکەیە. بەڵام لە ”هەڵبژاردنی دەسەلاتگەرانە“دا ئەم نادڵنییایە بەشێوازی جیاواز پێشوەخت لە گۆڕنراوە و دەسەڵاتداران دەزانن و دڵنیان لەوەی هەڵبژاردن، نەک تەنھا دەسەڵاتیان لێناسێنێتەوە، بەڵکو شەرعیەتی سیاسی بەمانەوەی خۆیان و دەسەڵاتەکەشیان، ئەبەخشێت. لە ”هەڵبژاردنی دەسەڵاتگەرانە“دا، هەڵبژاردن بەشێوەیەک رێکدەخرێت و ئاراستە دەکرێت، کە دەسەڵاتدارن هیچ ترس و دوودڵییەکیان لە ئەنجامەکانی نییە و مەسەلەی دۆڕاندنیان بە مەحاڵ کراوە. نەبوونی ئەم ترس و دوودڵییەیە ھەڵبژاردنی دەسەڵاتگەرانە دەگۆڕێت بە نمایشێکی شانۆیی بێتام، کە زۆرجار بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکە ئارەزو و خواستی بەشداریکردنی لە شانۆگەریەکەدا نییە، مەگەر لەژێر فشار و زۆرلێکردن و ھەرەشەی ھەمەجۆردا نەبێت.
ئێستا گەر سەرنجێکی خێرا لە دیاردەی ھەڵبژاردن لە ئەزموونی سیاسیی ھەرێمدا بدەین، بە ئاسانی بەو ئەنجامە دەگەین ئەو سیستمە سیاسییەی لە هەرێمدا دروستکراوە، بەھیچ مانایەک، فۆرمێک لە دیموکراسیەتی ساوا یان پێنەگەیشتوو، نییە، سیستمێکیش نییە لەقۆناغی گواستنەوەدابێت بۆ دیموکراسیەت، بەڵکو سیستمێکی سوڵتانی دەسەڵاتەگەریی خێزانییە، کە سەرجەمی میکانیزمە سیاسییەکانی ناوی، بە هەڵبژاردنیشەوە، لە خزمەتی پاراستن و درێژەداندان بە ئاکارە سوڵتانییە خێزانییە دەسەڵاتگەرەکەی سیستمەکە. ئەوەی لە ھەرێمدا ھەیە ئەو شێوازەیە لە دەسەڵاتگەریی تاکڕەوانەی کە بەناو بوونی هەڵبژاردن و بوونی چەند حیزبێکی پەراوێزیی و بوونی پەرلەمان و بوونی پەراوێزێکی بچووکی میدیای ئازاددا، تێدەپەڕێت.
بە کورتییەکەی، هەڵبژاردن لە ھەرێمدا میکانیزمێکە بۆ ھێشتنەوەی پاوانخوازیی شەخسیی و حیزبیی، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی چەند خێزانێکی سیاسیی سوڵتانیی، بۆ سەپاندنی جۆرێک لە ئیمارەتی سیاسیی و دروستکردنی سوپایەک لە رەعیەتی بێماف و بێداخوازیی. ھەڵبژاردن لەناو ئەم سیستمەدا، بە پلەی یەکەم، پەیامێکە بۆ دونیای دەرەوە، ڕازیکردنی جیھان بە حوکمی ئەو خێزانە سیاسییە سوڵتانیانە.
ئەو ھێزانەی لە ھەرێمدا حوکمڕانن، نەک تەنھا ھێزی دیموکراس نین، بەڵکو ھەڵگری ھیچ خەونێکی بونیادنانی سیستمێکی دیموکراسییش نین. ئەوەی لەھەرێمدا ھەیە سەر بەو جۆرە سیستمانەیە کە دەچێتە خانەی ”دەسەڵاتگەرێتی ھەڵبژاردنەوە“. ئەمانەش تەنها لە ڕێگای سەرکوتکردنی رووتەوە حوکمناکەن، بەڵکو دەمامکێکی دیموکراسیانەشیان ھەڵگرتوە و ئەو دەمامکە میکانیزمێکی سەرەکیی حوکمڕانییەکەیانە. کەی ئەم دەمامکە کاری نەکرد، سڵ لەوە ناکەنەوە پەنا بۆ هەموو جۆرەکانی سەرکوتکردن ببەن.