"حكومەتی هەرێم كێشەی نییە پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكاندا بكرێت"

Draw Media

2024-07-25 13:18:06



(درەو):
لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق لە چەند رۆژی داهاتوودا میوانداری هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێ: حكومەتی هەرێم كێشەی نییە گرێبەستە نەوتییەكانی لەلایەن بەغدادەوە پێداچوونەوەیان بۆ بكرێت.
سەباح سوبحی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەبارەی وردەکاری گفتوگۆکان و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی داھاتوو میوانداری ھەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین.
ئەم ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز لە سایتی حزبەكەی (پارتی) وتووە: میوانداری وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان بۆ ئەوەیە رونکردنەوەی تەواومان پێبدەن لەبارەی ئەو ڕێککەوتنانەی کراون، چونکە جارێکی دیکە وەزارەتی نەوتی عێراق داوای گرێبەستەکانی لە کۆمپانیاکان کردووە و هێشتا ھیچ ڕێکارێک نەگیراوەتە بەر، ئێمەش دەمانەوێت تەواوی زانیاریمان پێبدەن، تاکو بزانین ھۆکار چییە ئەو پرۆسەیە ھێندە دواکەوت و چی ماوە لەسەری بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
"بەو ھۆیەی گرێبەستەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ گرێبەستەکانی عێراق جیاوازن، داوا دەکرێت پێداچونەوەیان بۆ بكرێت و بکرێن بە یەک شێوە، بۆ ئەو مەبەستەش  ڕێککەوتن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە، چونکە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی نییە لە پێداچوونەوەی گرێبەستەکان" سەباح سوبحی وا دەڵێ.
كێشەیەكی تری بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە پەیوەندی بە نرخی بەرهەمهێنانی نەوتەوە هەیە لە هەرێمی كوردستان، ئەم ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز باسلەوە دەكات "بەربەستی سەرەکی تێچووی دەرھێنانی نەوتە، کۆمپانیاکان داوای زیاتر لە 20 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت دەکەن، عێراقیش داوا دەکات ھەشت بۆ نۆ دۆلار بێت، بۆیە پێویستە ئەمجارە چارەیەک بدۆزرێتەوە و کۆتایی بەو کێشەیە بێت، چونکە ئەمە لە بەرژوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دایە".
رۆژی 9ی حوزەیرانی ئەمساڵ جارێكی ترو لەسەر داوای وەزارەتی نەوتی عێراق، لە بەغداد وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبوونەوە، بڕیاربوو لەم كۆبوونەوەیەدا ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێت و دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بكرێتەوە لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، بەڵام كۆبوونەوەكە كۆتایی هات و لەوكاتەوە تائێستا هەم بەغدادو هەم هەولێر بێدەنگییان لێكردووەو هەناردەی نەوتیش دەستی پێ نەكردوەتەوە. 
دوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری عێراق- توركیا بۆ بەندەری جەیهان لە 25ی ئازاری 2023، بەغداد مەرجێكی سەرەكی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەویش هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمە لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت، ئەمەش بابەتێكە كە سەرباری نیشاندانی نەرمی لەمدواییەدا، بەڵام هێشتا هەم حكومەتی هەرێم و هەم كۆمپانیاكانیش بە هەستیارییەوە لێی دەڕوانن، حكومەتی هەرێم پێشترو چەندجارێك بە فەرمی رەتیكردوەتەوە گرێبەستە نەوتییەكانی رادەستی بەغداد بكات. 
لەپاڵ كێشەی گرێبەستە نەوتییەكان، نرخی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان یەكێكی تر لە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادە كە تائێستا یەكلانەكراوەتەوەو بەربەستە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ربه‌رمیلێك نه‌وت بڕی (6) دۆلاری داناوه‌، به‌ڵام كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك داوای (22) دۆلار ده‌كه‌ن، بۆ كرێی گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت، عێراق بڕی (دۆلارێك و 60 سه‌نت)ی داناوه‌، هه‌رێم بۆ هه‌ر به‌رمیلێك داوای (7 دۆلار) ده‌كات، بۆیه‌ ناكۆكییه‌كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ قوڵه‌.
سەرباری راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە، بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان رانەوەستاوە، بەرپرسانی عێراق باسلەوە دەكەن هەرێم لەئێستادا رۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی توركیاو ئێران دەكات بە نرخێكی زۆر كەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی، حكومەتی هەرێم لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆری، هیچ زانیارییەكی بۆ رایگشتی لەبارەی هەناردەی نەوت بە تانكەرو داهاتەكەی بۆ خەزێنەی گشتیی ئاشكرا نەكردووە، پەرلەمانی كوردستانیش هەڵوەشاوەتەوەو هیچ چاودێرییەك لەسەر داهاتی تانكەرەكانی نەوت نییە. 
پێدەچێت هەولێرو بەغداد هەردوولا لەم ناكۆكییە سودمەند بن، بەغداد بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، پشكی هەناردەی نەوتی خۆی لەچوارچێوەی سیاسەتی (ئۆپێك +) لە نەوتی باشور زیادكردووە، حكومەتی هەرێمیش كە بەپێی یاسای بودجە لە حاڵەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بە بۆری دەبوو داهاتی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئێستا ئیتر بە تانكەر دەیفرۆشێت و داهات ناگەڕێنێتەوە، توركیاو ئێرانیش وەكو دوو وڵاتی كاریگەر لەسەر پرسی نەوت و سیاسەت لە عێراق هەردووكیان سودمەندن لە نەوتە هەرزانەكەی كوردستان و بێدەنگییان هەڵبژاردووە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand