Draw Media

دوای ئازادكردنی لەلایەن ئێرانەوە؛ ملیۆنێك بەرمیل نەوتی عێراق دەگاتە توركیا

دوای ئازادكردنی لەلایەن ئێرانەوە؛ ملیۆنێك بەرمیل نەوتی عێراق دەگاتە توركیا

2024-07-26 11:10:56


(درەو):
دوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، گەورە كۆمپانیایەكی توركیا بڕی نزیكەی (یەك ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە ناو كەشتییەدا لە عێراق كڕیوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە شەش مانگە كەشتییەكەو نەوتەكەی ناوی لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمە بە بەهانەی ئەوەی ساڵی رابردوو ئەمریكا هەمان كاری لەگەڵ هەمان كەشتیدا كردووە، ئێستا بە ناچاری نەوتەكەی عێراق لەو كەشتییەوە بەتاڵ كراوەتە ناو كەشتییەكی ترو ئازادی بۆ دەرچووە، كۆمپانیا توركییەكە چاوەڕوانی گەیشتنی نەوتەكە دەكات.
كۆمپانیای زەبەلاحی وزەی توركیا "توپراش" ئاشكرایكرد، ئەو ملیۆنە بەرمیل نەوتەی عێراق كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەرداگیرا، گەشتەكەی بەرەو پاڵاوگەكانی "توپراش" لە توركیا دەستپێكردوەتەوەو لە ئەیلولی داهاتوودا دەگات. 
رۆژی 11ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، لە ئاوەكانی عومان دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان بەسەر كەشتی (سانت نیكۆلاس)دا گرت، كە نزیكەی (1 ملیۆن) بەرمیل نەوتی خاوی تێدابووە، نەوتی ئەم كەشتییە لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە فرۆشرابوو لە كۆمپانیای "توپراش"ی توركیا. 
ئەم كارەی دەسەڵاتدارانی ئێران وەكو كاردانەوە بوو لەبەرامبەر كارێكی هاوشێوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ هەمان كەشتی و نەوتەكەی لە ساڵی رابردوودا. 
پرۆسەی گەڕاندنەوەی نەوتی ئەم كەشتییە دەستبەسەردا گیراوە لەرێگەی بەتاڵكردنی نەوتەكەوە لە كەشتیەكەوە بۆ كەشتییەكی تر ئەنجامدرا، ئەم پرۆسەیەش 23 بۆ 25ی ئەم مانگەی خایاند، ئەمە بەپێی قسەی كۆمپانیا توركییەكە. 
ئێستا كە ئیتر نەوتەكەی عێراق لەلایەن ئێرانەوە ئازادكراوە، كۆمپانیا توركییەكە چاوەڕوانی ئەوەیە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا نەوتەكە بگاتە پاڵاوگەكانی لە توركیا. 
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە راگیراوە، كۆمپانیا توركییەكە لەدوای راوەستانی نەوتی هەرێمەوە ئەم بارە نەوتەی لە عێراق كڕیوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand