Draw Media

نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ کرا... کێ چی دەستدەکەوێت؟

نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ کرا... کێ چی دەستدەکەوێت؟

2025-09-25 18:49:34


درەو:
 

🔻 دوای تێپەڕبوونی (18) ساڵ بەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێم و (8) ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پایەی بنچینەیی ئابوری سەربەخۆ "نەوتی هەرێمی کوردستان" بناغەی ئەو ئابورییەی پێکدەهێنا، کە بڕیار بوو دەوڵەتی کوردی لەسەر بینا بکرێت، ئەمڕۆ (25/9/2025)، دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق و بەدوایدا دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، گەیشتوون بەڕێککەوتن لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). پرسیارەکە ئەوەیە کێ چی دەستدەکەوێت؟؛
🔹 حکومەتی عێراق ڕۆژانە نزیکەی (230 هەزار) بەرمیل نەوت، کە مانگانە دەکاتە (6 ملیۆن و 900 هەزار) بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم وەردەگرێت، کۆی بەهاکەی (592 ملیار و 20 ملیۆن) دیناری مانگانەیە. هاوکات دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات. 
🔹 حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (50 هەزار) بەرمیل نەوت و مانگانە (ملیۆنێک و 500 هەزار) بەرمیل نەوتی بۆ دەمێنێتەوە، کە بەهاکەی بەرامبەرە بە (128 ملیار و 700 ملیۆن) دیناری مانگانە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگەکانە نزیکەی (ترلیۆنێک) دیناری لە حکومەتی عێراقەوە پێدەگات.
🔹 کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت (16) دۆلاریان بۆ دیاری کراوە، بەجۆرێک لە هەر بەرمیلێک نەوتی بەرهەم هاتوو (40) لیتری وەک شایستەی دارایی دەستەبەرکراو بۆ کۆمپانیاکان تەرخان دەکرێت.

ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی تایبەت بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق 
دوای تێپەڕبوونی (8) ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پایەی بنچینەیی ئابوری سەربەخۆ "نەوتی هەرێمی کوردستان" بناغەی ئەو ئابورییەی پێکدەهێنا، کە بڕیار بوو دەوڵەتی کوردی لەسەر بینا بکرێت، ئەمڕۆ (25/9/2025)، دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق و بەدوایدا دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، گەیشتوون بەڕێککەوتن لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).
ئێوارەی ئەمڕۆ 25/9/2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پۆستێکیدا لەسەكۆی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو رێککەوتنە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو کێڵگانە وەردەگرێت، کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا هەناردەی دەرەوەی دەکات، ئەمەش دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان مسۆگەر دەکات، شوێنەکانی هەناردەکردن هەمەچەشن دەکات و هاندەری وەبەرهێنانە. دەستکەوتێکە 18 ساڵە چاوەڕێی دەکەین_لێرەدا مەبەستی دەرکردنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانە لە ساڵی 2007_.
هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق بەفەرمی رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان راگەیاند، بۆ وەرگرتنی هەموو نەوتەكەی و هەناردەكردنەوەی لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە؛ كە لە 25ی ئازاری 2023وە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە راوەستاوە، بەڵام هیچ وادەیەكی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردە ئاشكرانەكردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەچوارچێوەی سوربوونی حكومەتی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەكان، بەوشێوەی كە بەرزترین ئاستی شەفافیەت و لێوەشاوەیی بەدی بهێنێت، گەیشتین بە رێككەوتن بۆ دەستپێكردنی پەمپكردن و رادەستكردنی هەموو نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەڵكەوتوو لە هەرێمی كوردستان – جگە لەو بڕەی بۆ بەكاربردنی ناوخۆیی تەرخانكراوە- بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ناوخۆی عێراقدا، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكە بە بۆری عێراق- توركیاو لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردەی بكات، بەگوێرەی چوارچێوە ئوسوڵییە پشتپێبەستراوەكان و دەستورو دەقەكانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی. 
وەزارەتی نەوت ئاماژە بەوە دەكات، ئەم رێككەوتنە بەرهەمی هەوڵی چڕوپڕو گفتوگۆی بەردەوامی مانگەكانی رابردووە، بە روانگەیەكی نیشتمانی هاوبەش و بە ئامانجی بەهێزكردنی رۆڵی عێراق وەكو یاریزانێكی سەرەكی لە بازاڕی وزەی جیهانیدا. لەگەڵ پاراستنی سەروەری عێراق و بەرگری توند لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی و مافی هەموو عێراقییەكان. 
ئەم رێككەوتنە دانانی میكانیزمی تەكنیكی و رێكخستنی روون لەخۆدەگرێت بۆ دەستەبەركردنی هەناردەكردن و پابەندبوون بە شەفافیەت لە داهاتە نەوتییەكان، بەوجۆرەی كە بەشداربێت لە پاڵپشتیكردن لە دارایی گشتیی دەوڵەت و زیادكردنی داهاتەكانی بودجەی فیدراڵی، كە رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر توانای حكومەت لە جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و گەشەپێدان و فەراهەمكردنی پایەكی سەقامگیری ئابوری عێراق و گەلەكەی لە باكورەوە بۆ باشور، لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا.
لە كۆتایدا، وەزارەتی نەوت باسی لەوە كردووە، جەخت لەسەر پابەندبوونی چەسپاوی خۆی دەكاتەوە بۆ ئیدارەدانی سامانی نەوت بەگوێرەی بنەمای سەروەریی نیشتمانی و بەرژەوەندی باڵای وڵات، بەوجۆرەی زامنی دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی سامانەكان بكات لەنێوان هەموو رۆڵەكانی گەلی عێراقدا، بەپێی دەستور. 
لای خۆیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم کوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشکرایکرد: لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا، دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، پاش ڕێکەوتنی سێقۆڵی نێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی هەرێم، لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم رێکەوتن. لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
هەر لەم بارەیەوە مەسرور بارزانی - سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ ‏‏ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە. بەم هەنگاوە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە.
دەستخۆشی لە هەموو لایەک و بەتایبەتی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم کە لەم ڕۆژە مێژوییەدا بەربەستێکی گەورەیان لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەلکی کوردستان هەڵگرت و بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.

کێ چی دەستدەکەوێت؟
پاڵپشت بەزانیارییە سەرەتاییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا، بەسەرپەرشتی کۆمپانیای نەوتی باکور دەست بە هەناردەکردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەکرێت، پرسیارەکە ئەوەیە کێ چی دەستدەکەوێت؟
1.    حکومەتی عێراق ڕۆژانە نزیکەی (230 هەزار) بەرمیل نەوت، کە مانگانە دەکاتە (6 ملیۆن و 900 هەزار) بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم وەردەگرێت و هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات، کە بەهاکەی بە نرخی ئەمڕۆ بۆ هەرێم بەرمیلێک نەوت (65) دۆلارەو (2.6) دۆلاری کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت، کۆی داهاتی مانگێکی ئەو بڕە نەوتە دەکاتە (448 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار، کە بەرامبەرە بە (592 ملیار و 20 ملیۆن) دیناری مانگانە ئەگەر دۆلارێک بەرامبەر (1320) دینار بێت بە نرخی بانکی ناوەندی عێراق.
هاوکات دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات، کە تا ئێستا ئەو بڕە ڕوون نەبووەتەوە. 
2.    حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (50 هەزار) بەرمیل نەوت، کە مانگانە دەکاتە (ملیۆنێک و 500 هەزار) بەرمیل نەوتی بۆ دەمێنێتەوە، کە بەهاکەی بە نرخی ئەمڕۆ بۆ هەرێم بەرمیلێک نەوت (65) دۆلارە (2.6) دۆلاری کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، کۆی داهاتی مانگێکی ئەو بڕە نەوتە دەکاتە (97 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار، کە بەرامبەرە بە (128 ملیار و 700 ملیۆن) دیناری مانگانە ئەگەر دۆلارێک بەرامبەر (1320) دینار بێت بە نرخی بانکی ناوەندی عێراق.
هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگەکانە نزیکەی (ترلیۆنێک) دیناری لە حکومەتی عێراقەوە پێدەگات، وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، کە پێویستە جگە لە خەرجی موچە پێویستە حکومەتی مانگانە تەواوی شایستە داراییەکان هەرێمی کوردستان خەرج بکات لە هەردوو بودجەی بەکاربردن و بودجەی بەرهەمهێنان.
3.    کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت (16) دۆلاریان بۆ دیاری کراوە، بەجۆرێک لە هەر بەرمیلێک نەوتی بەرهەم هاتوو (40) لیتری وەک شایستەی دارایی دەستەبەرکراو بۆ کۆمپانیاکان تەرخان دەکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand