Draw Media

رۆیتەرز: دوو كۆمپانیا داوای دەستكاری رێككەوتنەكە دەكەن

رۆیتەرز: دوو كۆمپانیا داوای دەستكاری رێككەوتنەكە دەكەن

2025-09-25 07:18:55


درەو:
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە راپۆرتێكدا دەڵێت: هەشت کۆمپانیای نەوت لەگەڵ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
رۆیتەرز رایگەیاندووە: گروپی پیشەسازیی نەوتی (ئەپیكۆر)، ئاشكرایكردووە، هەشت کۆمپانیای نەوتی کە لە کوردستانی عێراق کاردەکەن و نوێنەرایەتی زیاتر لە (90%)ی بەرهەمهێنان دەکەن، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
ئەم رێکەوتنە مانای كۆتایهێنانە بە قەیرانی راگرتنی نەوت و رێگە بە رۆیشتنی نزیکەی (٢٣٠) هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەدات لە رۆژێکدا لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا کە لە مانگی ئازاری (٢٠٢٣)ەوە داخراوە.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاندووە: چاوەڕوان دەكرێت ئەم چوارچێوەیە، دوای واژۆكردن و جێبەجێ كردنی، لە چەند رۆژی داهاتوودا ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بدات، لەگەڵ رەخساندنی رێگایەک بۆ ڕێکخستنە درێژخایەنەکان .
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە: کۆمپانیای ئەپیکور نوێنەرایەتی هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی دەکات کە لە کوردستان کاردەکەن، بەڵام دوو لەو کۆمپانیایانە- DNO (DNO.OL)ی نەرویج و کۆمپانیای Genel Energy (GENL.L)ی بەریتانیا- هێشتا رێککەوتنەکەیان واژۆ نەکردووە. 
سەرچاوەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە: دوو کۆمپانیای دەرەوەی ئەپیكۆریش، کۆمپانیای کار گروپی ناوخۆیی و کۆمپانیای فۆرزا پترۆلیۆمیش پاڵپشتی رێککەوتنەکەیان کردووە.
ئەپیکۆر ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو چوارچێوەی رێککەوتنی لەسەر كراوە "پیرۆزی گرێبەستە واژوكراوەكان"ی پاراستووە و گەرەنتی پارەدان بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دابینکردووە.
رۆیتەرز دەشڵێت (DNO) :وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەداوەتەوە، کۆمپانیای جێنێل ئینێرجیش رایگەیاندووە هیچ لێدوانێکی زیاتری نییە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، هەردوو کۆمپانیاكە پێشوازییان لە پلانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن کرد، بەڵام رایانگەیاند، هێشتا هەندێک دەستکاری لە مەرجە پێشنیاو کراوەکاندا پێویستە، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی پارە دواكەوتووەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر نەوتی باركراوی رابردوو.
یەک ملیار دۆلار پارەی دواكەوتوی كۆمپانیاكان لەسەر هەرێمی کوردستان كەڵەكە بووە، پشکی DNO لە قەرزە دواکەوتووەکان بە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
ئەپیکۆر جەختیشكردووە: حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتیش رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لەماوەی (30) رۆژدا دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن کۆببنەوە بۆ کارکردن لەسەر میکانیزمێک بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزە نەدراوەکان.
بۆری کەرکوک-جەیهان داخرا، دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە تورکیا کرد، بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی هەناردەکردنی بێ مۆڵەت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بداتە عێراق، تورکیا تانەی لە بڕیارەکە داوە، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی بۆرییەکە راگەیاندووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand