وەزارەتی نەوت: گەیشتینە رێككەوتن لەسەر نەوتی كوردستان
.png)
2025-09-25 15:47:19
(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق بەفەرمی رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان راگەیاند، بۆ وەرگرتنی هەموو نەوتەكەی و هەناردەكردنەوەی لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە؛ كە لە 25ی ئازاری 2023وە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە راوەستاوە، بەڵام هیچ وادەیەكی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردە ئاشكرانەكردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەچوارچێوەی سوربوونی حكومەتی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەكان، بەوشێوەی كە بەرزترین ئاستی شەفافیەت و لێوەشاوەیی بەدی بهێنێت، گەیشتین بە رێككەوتن بۆ دەستپێكردنی پەمپكردن و رادەستكردنی هەموو نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەڵكەوتوو لە هەرێمی كوردستان – جگە لەو بڕەی بۆ بەكاربردنی ناوخۆیی تەرخانكراوە- بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ناوخۆی عێراقدا، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكە بە بۆری عێراق- توركیاو لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردەی بكات، بەگوێرەی چوارچێوە ئوسوڵییە پشتپێبەستراوەكان و، دەستورو دەقەكانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی.
وەزارەتی نەوت ئاماژە بەوە دەكات، ئەم رێككەوتنە بەرهەمی هەوڵی چڕوپڕو گفتوگۆی بەردەوامی مانگەكانی رابردووە، بە روانگەیەكی نیشتمانی هاوبەش و بە ئامانجی بەهێزكردنی رۆڵی عێراق وەكو یاریزانێكی سەرەكی لە بازاڕی وزەی جیهانیدا. لەگەڵ پاراستنی سەروەری عێراق و بەرگری توند لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی و مافی هەموو عێراقییەكان.
ئەم رێككەوتنە دانانی میكانیزمی تەكنیكی و رێكخستنی روون لەخۆدەگرێت بۆ دەستەبەركردنی هەناردەكردن و پابەندبوون بە شەفافیەت لە داهاتە نەوتییەكان، بەوجۆرەی كە بەشداربێت لە پاڵپشتیكردن لە دارایی گشتیی دەوڵەت و زیادكردنی داهاتەكانی بودجەی فیدراڵی، كە رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر توانای حكومەت لە جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و گەشەپێدان و فەراهەمكردنی پایەكی سەقامگیری ئابوری عێراق و گەلەكەی لە باكورەوە بۆ باشور، لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا.
لە كۆتایدا، وەزارەتی نەوت باسی لەوە كردووە، جەخت لەسەر پابەندبوونی چەسپاوی خۆی دەكاتەوە بۆ ئیدارەدانی سامانی نەوت بەگوێرەی بنەمای سەروەریی نیشتمانی و بەرژەوەندی باڵای وڵات، بەوجۆرەی زامنی دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی سامانەكان بكات لەنێوان هەموو رۆڵەكانی گەلی عێراقدا، بەپێی دەستور.
