Draw Media

هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق 2005 - 2023

هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق 2005 - 2023

2025-09-20 19:55:10


درەو:
 

🔹 عێراق و گەلەکەی نزیک دەبێتەوە لە نۆیەمین هەڵبژاردنی گشتی لە دوای گۆڕینی ڕژێم لە ساڵی 2003. دوای تێپەڕبوونی پێنج خولی ئەنجومەنی نوێنەران و سێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئێستا لەبەردەم شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانین، کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
🔹 ئامارو داتاکان ئەوە بەدیاردەخەن، کە هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن لە عێراقدا، ئاست و ڕێژەی بەشدای هاوڵاتیان ڕوو لە پاشەکشە دەکات، هەر بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران، کە کانونی یەکەمی ساڵی (2005) لە کۆی (15.5 ملیۆن) دەنگدەر (11.89 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (79%) بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە، لە کاتێکدا لە دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لە کۆی (22.1 ملیۆن) دەنگدەر، تەنها (9.6 ملیۆن) کەس بەشداری پرۆسەکەیان کردووە بە ڕێژەی (43.5%).
🔹 هاوکات لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2009) لە کۆی نزیکەی (14.6 ملیۆن) دەنگدەر (7.14 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (48%) دەنگیان دابوو، بەڵام لە دواین ئەزمونی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی (2023) لە کۆی نزیکەی (16.2 ملیۆن) دەنگدەر (5.6 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (41%) دەنگیان دابوو.


سەرەتا
عێراق و گەلەکەی نزیک دەبێتەوە لە نۆیەمین هەڵبژاردنی گشتی لە دوای گۆڕینی ڕژێم لە ساڵی 2003. دوای تێپەڕبوونی پێنج خولی ئەنجومەنی نوێنەران و سێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئێستا لەبەردەم شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانین، کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان و پەرەسەندنی هۆشیاریی هاووڵاتییانی عێراقی بۆ سیستمی سیاسی و هەڵبژاردن، کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران هەبووە. بەڵام کوتلە سیاسییە گەورەکان توانیویانە بنکەیەکی جەماوەری بۆ هەڵبژاردنەکان بپارێزن، کە بتوانن لێیەوە دەستیان بگات بە بڕیاردان لە حکومەتی عێراقدا، ئەمەش دیمەنی سیاسی زیاتر ئاڵۆزتر دەکات و ئاستی کێبڕکێی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەرزتر دەکاتەوە.
ئەم هەڵبژاردنانە چەندین ئاڵۆزی ئەمنی و سیاسیی تێدابووە، کە سێبەریان بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا خستووە، هەروەها ڕادەی ململانێی تائیفی لە نێوان هێزە سیاسییەکان بەرزترکردووەتەوە. لێرەدا پێداچوونەوەیەکی خێرا بە دیارترین ئەنجام و ڕووداوەکانی هەشت هەڵبژاردنەکە، هەروەها میزاج و هەڵسوکەوتی دەنگدەرانی عێراق بەو پێیە.

یەکەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2005
یەکەم هەڵبژاردنی دوای گۆڕانی سیستەمی سیاسی و داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003، پەیوەست بوو بە خواستی جەماوەری بۆ بەشداریکردن لە دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی نوێ، هاوکات نیگەرانی لە سروشتی سیستمەکە وایکرد بەشێک لە سەرکردە سوننەکان داوای بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن. دوای چەند مانگێک لە دانوستان و ڕێککەوتن، بەشێک لە سەرکردە سوننەکان بڕیاریاندا بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن، کە لە ساڵی 2005 ئەنجامدرا.
ئەم هەڵبژاردنانە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پشک پشکێنەی سیاسییان خستەڕوو. ناسنامەی تائیفی گرنگترین بزوێنەری بەشداری دەنگدەران بوو. شیعەکان دوای دەیان ساڵ لە پەراوێزخستن بۆ وەرگرتنەوەی مافە سیاسییەکانیان ڕوویان لە سندوقەکانی هەڵبژاردن کرد، لەسەر بنەمای ئەو دیدگایەی هەڵبژاردن وادەکات کە سەرکردە سیاسییە شیعەکان بەرەوپێشیان دەبەن. هاوکات کورد لە پاڵنەری نەتەوەیی و بە ئامانجی بەهێزکردنی نفوزی کورد لەناو حکومەتی عێراقدا، دەنگی خۆیان دا بە پارتە کوردییەکان و بەتایبەتیش دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان. هاوکات زۆرینەی سوننەکان بڕیاریاندا بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن و بە پرۆژەیەکی نانیشتمانپەروەری ئەمریکیان دەزانی.
لەسەر ئەو بنەمایانەی پێشتر، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە سەرکەوتنی بەرچاوی لایەنی شیعە و هاوپەیمانی یەکگرتووی عێراقی (الائتلاف العراقي الموحد) بە سەرۆکایەتی عەبدولعەزیز ئەلحەکیم گەورەترین براوەی هەڵبژاردن بوو. ئەم هاوپەیمانییە بریتی بوو لە پارتە شیعەکانی وەکو ڕێکخراوی بەدر (15 کورسی)، حزبی دەعوە (25 کورسی)، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی (13 کورسی)، ڕەوتی سەدر (28 کورسی)، حزبی فەزیلە (15 کورسی). بەمەش کۆی گشتی کورسییەکانی هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵ پارتەکانی دیکە و سەربەخۆکان گەیشتە (128) کورسی لە پەرلەمان، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. هەندێک لە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دواتر ژمارەی کورسییەکانی بۆ (140) کورسی بەرزبووەتەوە و ژمارەی دەنگە بەدەستهاتووەکانیان لە هەڵبژاردنەکەدا گەیشتووەتە (4 ملیۆن و 75 هەزار) دەنگ.
هاوپەیمانی کوردستانی پێکهاتوو لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی لە کوردستان، پارتی برایەتی تورکمان، پارتی زەحمەتکێشانی کوردستان و ژمارەیەک لە سەربەخۆکان، (53) کورسییان بەدەستهێناوە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش (5) کورسی بەدەستهێنا.
بەرەی تەوافقی عێراقی (جبهة التوافق العراقية) بە سەرۆکایەتی عەدنان محەمەد سەلمان دلێمی توانی (44) کورسی بەدەستبهێنێت، کە پارتی ئیسلامی و ئەنجومەنی حواری وەتەنی و موئتەمەری ئەهلی عێراقی لەخۆگرتبوو.
لیستی نیشتمانی عێراق (القائمة العراقية الوطنية) بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی و لە بزووتنەوەی وفاقی نیشتمانی و ژمارەیەک کەسایەتی سەربەخۆی عێراق (25) کورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێناو و بەرەی یەکگرتووی عێراقی (الجبهة العراقية الموحدة) بە سەرۆکایەتی ساڵح موتڵەق (11) کورسی بەدەستهێنا.

دووەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی 2009
لەساڵی (2009) عێراق یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ئەنجامدا، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) و پارێزگاری کەرکوک، کە بەهۆی دۆخی ناکۆکییانەوە بێبەشکرا لە هەڵبژاردن.
ئەم هەڵبژاردنە دوای شەڕێکی تائیفی هات، کە له ساڵانی (2006 و 2007) گەیشته لوتکە و گۆڕانکاری بەرفراوانی لەپێکهاتەی دیمۆگرافیای چەند پارێزگایەکدا به دواوه بوو، که دیارترینیان بەغدا بوو. هەروەها ئەم شەڕە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە ماوەی چەند مانگێکدا، کە بە ڕوونی لە ڕێژەی بەشداریکردن و دەرئەنجامەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێییدا ڕەنگدانەوەی هەبوو.
ئەنجامەکان دەریانخستووە، کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی (126) کورسی لە سەرانسەری عێراق (14 پارێزگا کە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدرا) بەدەستهێناوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە بنکەی جەماوەری لەو هەڵبژاردنەدا کە (ملیۆنێک و 362 هەزار) دەنگی بەدەستهێنابوو، لیستی شەهیدی میحراب بە سەرۆکایەتی عەبدولعەزیز ئەلحەکیم بە مسۆگەر کردنی (52) کورسی و بەدەستهێنای (482 هەزار) دەنگ، پلەی دووەمی بەدەستهێنا. ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر توانی (43) کورسی بەدەست بهێنێت بە (434 هەزار) دەنگ. لیستی عێراقی بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی (26) کورسی بە (404 هەزار) دەنگ.بزووتنەوەی چاکسازی نیشتمانی (تيار الإصلاح الوطني) بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم جەعفەری (23) کورسی بە (273 هەزار) دەنگ بەدەستهێنا.
هێزە سوننەکان بە کۆی گشتی (78) کورسییان بەدەستهێناوە، بەم شێوەیە دابەشکراون: تاریق هاشمی (23) کورسی و ساڵح موتڵەق (19) کورسی و ئەثیل نوجەیفی (19) کورسی و ئەحمەد ئەبو ڕیشە (8) کورسی بەدەستهێناوە، کە کۆی گشتی دەنگی لایەن سونییەکان (ملیۆنێک و 269 هەزار) دەنگ بووە.
هەدوو پارتە سەرەکییەکەی کورد (یەکێتی و پارتی) بە (353 هەزار) دەنگ (20) کورسییان بەدەستهێنا. 
هاوکات (72) کورسی بە حزب و هێزەکانی دیکە کەوت، بە کۆی گشتی دەنگی (2 ملیۆن و 562 هەزار) کەس.
بەم ئەنجامانە، هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009 نەخشە و دیمەنی لەسەر ئاستی خۆجێیی (پارێزگاکان)ی عێراق گۆڕی و پێشەنگی بە هاوپەیمانیی مالیکی بەخشی و هێزی کاریگەری بەسەر لایەنە سوننەکان چەسپاند، لە کاتێکدا لایەنە کوردییەکان تووشی پاشەکشەیەکی ڕێژەیی بوون. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕوونی ئەو ناهاوسەنگییەیە لە هێزدا، کە دوای چەندین ساڵ لە توندوتیژی تائیفی سەریهەڵدا.

سێیەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2010
هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2010 تیشکی خستەسەر بەهێزی هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان و کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی دەنگدانەکان، کە لەدوای پەنابردنی هاووڵاتیانی عێراقی بۆ هەستی تائیفی لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005، گەورەترین کوتلەی هەڵبژاردن بەرەو ڕێبازێکی نیشتمانی (ناسیۆنالیستی) گۆڕا، کە ئەوکاتە لەلایەن لیستی عێراقییەوە نوێنەرایەتی دەکرا، بە سەرۆکایەتی ئییاد عەللاوی، کە کاندیدەکانی مەزهەب و ئایینە جیاوازەکانی لەژێر ئاڵای یەکگرتوویی نەتەوەیی لەخۆگرتبوو.
تەبەنی کردنی ئەم ڕێبازە قەومییە بووە هۆی ئەوەی لیستی عێراقییە (91) کورسی بەدەستبهێنێت، دواتر بەهۆی لێکترازانەوە بۆ (89) کورسی کەمکرایەوە. هاوکات حزبی دەعوە (21) کورسی لە کۆی (89) کورسی بەدەستهێنا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە لە ساڵی 2009 پێکهێنرا، هاوپەیمانی نیشتمانیش (70) کورسی بەدەستهێنا. دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پێکهێنانی هاوپەیمانی نیشتمانی ڕاگەیەندرا کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هێزەکانی دیکەی لەخۆگرتبوو، بەمەش کۆی گشتی هاوپەیمانییەکە گەیشتە (159) کورسی.
هێزە کوردییەکان (پارتی و یەکێتی) چوونە ناو هاوپەیمانییەکەوە بە ناوی (هاوپەیمانی کوردستانی)، بەمەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران گەیشتە (43) کورسی، بزوتنەوەی گۆڕان (8) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (4) کورسی و پێکهاتەکانیش (8) کورسییان بەدەستهێنا.

چوارەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی 2013
ساڵی 2013 یەکێک بوو قۆناغە ئاڵۆزەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق. ڕووداوە سیاسییەکان پەرەیان سەند و کاریگەرییان لەسەر شەقامی عێراقی دروستکرد، شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری سەریهەڵداو داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و پاراستنی سەروەری وڵات و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و کۆتاییهێنان بە بێکارییان دەکرد. ئەم ناڕەزایەتیانە پەرەیان سەند بۆ ڕووداوی ئەمنی، کە بەهۆی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، لەسەر فەرمانی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتە، گیانلەدەستدانی سەدان هاوڵاتی مەدەنییان لێکەوتەوە.
سەرەڕای گرژییە ئەمنی و سیاسییەکان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەچوو و ژمارەی بەشداری (7 ملیۆن) دەنگدەری تێپەڕاند. بەهۆی ناڕەزایەتی توند لە پارێزگای نەینەوا و ئەنبار و سەرکوتکردنی چەکداری، هەردوو پارێزگاکە هەڵبژاردنیان تێدا ئەنجام نەدرا، بە هەمان شێوە لە پارێزگای کەرکوکیش وەک ناوچەی جێناکۆک هەڵبژاردن بەڕێوەنەچوو.
لەسەر ئاستی ئەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام درا، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوت کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (102) کورسی بەدەستهێنا بە کۆکردنەوە (ملیۆنێک و 890 هەزار) دەنگ. ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە (943 هەزار) دەنگ (66) کورسی بەدەستهێنا. ڕەوتی سەدر بە (653 هەزار) دەنگ (٦٠) کورسی بەدەستهێنا.
هاوپەیمانی یەکگرتوو بۆ چاکسازی (ئتلاف متحدون للإصلاح)، بە سەرۆکایەتی ئەثیل نوجەیفی، بە کۆکردنەوەی (518 هەزار) دەنگ (35) کورسی بەدەستهێنا. بەرەی عێراقی بۆ دیالۆگی نیشتمانی (الجبهة العراقية للحوار الوطني) بە سەرۆکایەتی ساڵح موتڵەق (18) کورسی بەدەستهێنا. لیستی کوردستانی (17) کورسی و بزووتنەوەی ڕێککەوتنی نیشتمانی (لحركة الوفاق الوطني) بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی (16) کورسی بەدەستهێنا. (133) کورسییەکەی دیکە بەسەر پارتەکانی دیکەدا دابەشکران و لیستی دڵسۆزی بۆ نەجەف (قائمة الوفاء للنجف) بە سەرۆکایەتی عەدنان زورفی 9 کورسی بەدەستهێنا.

پێنجەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2014
یەکێک لە هەڵبژاردنە سەخت و ئاڵۆزەکان، به هۆی ئەو ڕووداوه ئەمنییانەی کە کاریگەری له سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەبوو، دەکرا ببێته هۆی گۆڕانکاری له پارتی دەسەڵاتداردا. بەڵام هاوپەیمانی نێوان هێزە سیاسییەکان ڕێگری لەم کارە دەکرد.
لە ساڵی 2014 دوای چەند هەفتەیەک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێش پێکهێنانی حکومەتی نوێ، سوپای عێراق لە سێ پارێزگا کشایەوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق هات. ئەو کشانەوەیە دوای هێرشێکی داعش بوو بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، کە لە ئەنجامدا پارێزگای نەینەوا لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین ئەنبار و بەشێک لە پارێزگای دیالە داگیرکرا و بەهۆیەوە ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنی ئاوارە بوون و هەزاران کەسیش کوژران.
لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (35) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ڕووداوە ئەمنییە گەورەکە مالیکی لە پۆستی سەرۆکی حکومەت دوورخستەوە، سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (92) کورسییان بەدەستهێنابوو، بەراورد بە (33) کورسی ڕەوتی سەدری، لەژێر ناوی هاوپەیمانی ئەحراردا. هاوپەیمانی هاووڵاتیان (ائتلاف المواطن) (30) کورسی و هاوپەیمانی یەکگرتوو بۆ چاکسازی (ائتلاف متحدون للإصلاح) (23) کورسی و هاوپەیمانی نیشتمانی (21) کورسی بەدەستهێنا. 
لایەنە کوردستانییەکانیش (64) کورسییان بردەوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کورستان (27) کورسی و  یەکێتی نیشتمانی کوردستان (21) کورسی و بزوتنەوەی گۆڕان (9) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی (4) کورسی و کۆمەڵی ئیسلامیش (3) کورسی بەدەستهێنابوو، کورسییەکانی دیکەش بەسەر حزبەکانی دیکەدا دابەشبوو.

شەشەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2018
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەژێر باردۆخێکی قورسدا بەڕێوەچوو، لەکاتێکدا سوپای عێراق شەڕی لەگەڵ پاشماوەکانی داعش کرد، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 شکستی هێنابوو، ئەم هەڵبژاردنە لە سەردەمی حەیدەر عەبادی وەک سەرۆک وەزیران ئەنجامدرا، ئەمەش تاڕادەیک بووە هۆی بەرزبوونەوەی ناو و ناوبانگی لای دەنگدەران.
عەبادی بڕیاریدا سەرمایەگوزاری لەم جەماوەرەدا بکات، بە دامەزراندنی هاوپەیمانی سەرکەوتن (تحالف النصر) کە (42) کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. لە ڕیزبەندی لیستە براوەکاندا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، براوەی یەکەم هاوپەیمانی سائیرونی سەر بە ڕەوتی سەدری بوو کە (54) کورسی بەدەستهێنا، هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری کە (47) کورسی بەدەستهێنابوو.
کاریگەری هەرە بەرچاوی ئەنجامەکان لەسەر دەوڵەتی یاسا بوو کە ژمارەی دەنگدەرەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لەڕووی ژمارەی کورسییەکانەوە پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا، بە (25) کورسی، هاوشێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە (26) کورسی هێنابوو. لیستی نیشتیمانی بە (21) کورسی پلەی شەشەمی بەدەستهێنا، دوای ئەویش ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە (19) کورسی،  یەکێتی نیشتمانی کوردستان (18) کورسی، لە دوای ئەویش هاوپەیمانی بڕیار (14) کورسی، کورسییەکانی دیکەش بەر لایەنە سیاسییەکانی دیکە کەوتن.
بەکورتی لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (31) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران لایەنە کوردستانییەکانیش (57) کورسییان بردەوە دوای یەکێتی و پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان (5) کورسی و نەوەی نوێ (4) کورسی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی یەکی (2) کورسیان بەدەستهێنابوو.

حەوتەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2021
هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، کە لە سەرەتادا بڕیار بوو ساڵی 2022 ئەنجام بدرێت، ئەمەش بە پابەندبوون بوو بە داواکارییەکانی "شۆڕشی ئۆکتۆبەر"، کە حکومەتی عادل عەبدولمەهدی ڕووخاند. ئەنجامی کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نەبوو. دوابەدوای چەندین بەربەست و کێبڕکێی لایەنە دۆڕاوەکان، بەشێک لە هێزە شیعەکان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا، لەوانە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (38 کورسی)، بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی. هاوپەیمانی فەتح (17 کورسی) کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات. هاوپەیمانی گرێبەستی نیشتمانی (4 کورسی) بە سەرۆکایەتی فالح فەیاز. هێزەکانی دەوڵەت (٤ کورسی)، بە سەرۆکایەتی عەمار ئەلحەکیم و ژمارەیەک لیست کوتلەی دیکە. هاوپەیمانییەکیان بە ناوی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکهێنا و کۆی ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانییەکە گەیشتە نزیکەی (90) کورسی.
لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانی ڕەوتی سەدری زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، کە (73) کورسی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (31 کورسی) و هاوپەیمانی پێشکەوتن (تقدم) (37 کورسی) و هاوپەیمانی عەزم (14 کورسی) بەدەستهێنا. ئەم ژمارەیە دوای زیادکردنی هێزی دیکە، لەژێر چەتری هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمانی، بۆ (34) کورسی زیادی کرد، کە کۆی کورسییەکانی پەرلەمانیان گەیشتە (155) کورسی.
ڕەوتی سەدری پاش ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێگری لە پێکهێنانی حکومەت کرد، کشایەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نوێنەرانی ڕەوتەکە دەست لەکار بکێشنەوە و (73) کورسی بە بەتاڵی مانەوە. چوارچێوەکە (40) کورسی لەو کورسیانە بەدەستهێنا. کورسییەکانی هاوپەیمانی فەتح بۆ (26) کورسی و هێزەکانی دەوڵەت بۆ (9) کورسی و گرێبەستی نیشتمانی بۆ (8) کورسی زیادی کرد، ئەمە جگە لەوەی کورسییەکانی دیکە بۆ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانییەکە ڕۆیشتن، بەمەش کۆی ژمارەی کورسییەکان گەیشتنە (130) کورسی.
کورسییەکانی هاوپەیمانی تەقەدوم بۆ (39) کورسی، هاوپەیمانی عەزم بۆ (15) کورسی و بزووتنەوەی ئیمتیداد بۆ (9) کورسییان بەرزبوونەوە.
بەکوردتی بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، جگە لە کاندیدە سەربەخۆکان کە ژمارەیان (33) کەس بوو لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (37) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران.
 لایەنە کوردستانییەکانیش (63) کورسییان بردەوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کورستان (32) کورسی و  یەکێتی نیشتمانی کوردستان (17) کورسی و نەوەی نوێ (9) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی (4) کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی (1) کورسی بردەوە.

هەشتەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی 2023
هەڵبژاردنی ساڵی 2023 دوای (10) ساڵ بوو، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەویش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەن پەرلەمانەوە لە ساڵی 2019، لە وەڵامی داواکاری و ناڕەزایەتییەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا، کە بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بە زیادەڕۆیی لە قەڵەمدانیان.
محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، دوای دەستبەکاربوونی لە کۆتایی ساڵی 2022، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگای فیدراڵی بوو کە تێیدا هاتووە هەڵبژاردنەکان دوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان ئەنجامبدرێت. پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنەکانی هەموارکردەوە و دەنگی لەسەردا و دواتر وادەی هەڵبژاردن دیاریکرا.
هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا بە بەشداری زیاتر لە (6 ملیۆن دەنگدەر) و (15) پارێزگا بۆ یەکەمجار بەڕێوەچوو. هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنی هاوپەیمانی "ئێمە بنیات دەنێین (تحالف نبني)" بە سەرۆکایەتی هادی عامری لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراقدا (43) کورسییان بەدەستهێنا. دواتر هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نووری مالیکی) توانی (35) کورسی بباتەوە، پاشان هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت (23) کورسییان بردەوە، هاوپەیمانی پێشکەوتن (تەقەدوم) بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی (21) کورسی بەدەستهێنا. دواتر هاوپەیمانی سەروەری (14) کورسی و هاوپەیمانی تەسمیم (12) کورسی و هاوپەیمانی عەزمی عێراق (10) کورسی و (8) کورسی بۆ حەسمی نیشتمانی (حسم الوطني) ڕۆیشتن. هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان (6) کورسی بەدەست هێنا، کورسیەکانی دیکەش بەر پارتە براوەکانی دیکە کەوتن.

نۆیەم؛ ئاست و ڕێکەی بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراقدا
ئامارو داتاکانی بەردەست، ئەوە بەدیاردەخەن، کە هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن لە عێراقدا، ئاست و ڕێژەی بەشدای هاوڵاتیان ڕوو لە پاشەکشە دەکات، هەر بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران، کە کانونی یەکەمی ساڵی (2005) لە کۆی (15.5 ملیۆن) دەنگدەر (11.89 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (79%) بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە.
لە کاتێکدا لە دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لە کۆی (22.1 ملیۆن) دەنگدەر، تەنها (9.6 ملیۆن) کەس بەشداری پرۆسەکەیان کردووە بە ڕێژەی (43.5%).
هاوکات لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2009) لە کۆی نزیکەی (14.6 ملیۆن) دەنگدەر (7.14 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (48%) دەنگیان دابوو، بەڵام لە دواین ئەزمونی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی (2023) لە کۆی نزیکەی (16.2 ملیۆن) دەنگدەر (5.6 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (41%) دەنگیان دابوو. وەک لە گرافیکەکەی خوارەوەدا ڕوونکردوەتەوە.

گرافیک


سەرچاوەکان؛
-    دامەزراوەی میدیایی درەو، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق... کورد لە پرۆسەی حوکمڕانیدا، چاپخانەی پاند، سلێمانی، چاپی یەکەم 2025. 
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20250918193348656697&lng=1
-    مركز المنصة للتنمية المستدامة، مجلة المنصة، العدد الثاني – ملف الانتخابات- تشرین الثاني 2023؛ 
https://shorturl.at/SPA0c
-    صحافة البيانات-شبكة الساعة، المشاركة الشعبية والتحالفات السياسية: قراءة في مسار الانتخابات العراقية 2005 – 2023،  2025-09-16؛
https://shorturl.at/U3xCi

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand