رێككەوتنی سێ قۆڵی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم

2025-09-22 20:18:13
دوای چەند مانگێک لە گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان لەسەر دۆسیەی نەوت و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتییەكان نزیك بوونەتەوە لە چارەسەرکردنی یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی وزەی عێراق، بە رێككەوتنی كۆتایی نێوانیان رێگە خۆش دەكات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. ڕێککەوتنەکە کە زیادکردنی شایستەی کۆمپانیا بیانییەکان لەخۆدەگرێت و لەبری پارەی ڕاستەوخۆی دارایی، پشکی نەوتیان پێدەدرێت، بەمەش دەرگا بەرووی چارەسەری كێشەیەكی چاوەڕوان كراو دەکاتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئاستەنگە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەکانی كە رۆڵ دەبینن لە مەلەفی نەوت، ئەویش سێ لایەنەكە وابەستە دەكات.
لەدوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە لە مانگی ئازاری 2023 بەهۆی ناکۆکی یاسایی و تەکنیکییەوە، عێراق و هەرێم هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دەدەن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان مسۆگەر بكات.
عێراق پابەندە بە پشکی بەرهەمهێنانی جێگیر لە چوارچێوەی ئۆپێک+، واتە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی باکوورەوە بە کەمبوونەوەی هاوشێوەی هەناردەکردن لە باشوورەوە دەبێت، ئەویش دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆی درێژخایەن، بەغدا و هەولێر لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان گەیشتنە ڕێککەوتنێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە. ئەم ڕێککەوتنە دوای دوو مانگ گفتوگۆی چڕوپڕ هاتە ئاراوە.
لە 21ی تەمموزدا رەجەب تەیب ئەردۆغان فەرمانێکی فەرمی واژۆکرد و کۆتایی بە ڕێککەوتنی بۆری نەوتی خاو هێنا کە لە ساڵی 1973 لە نێوان عێراق و تورکیادا ئەنجامدرا، ئەم ڕێککەوتنە کە 52 ساڵ بەردەوام بوو، بە یەکێک لە دیارترین ڕێککەوتنە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.
بەرزکردنەوەی کرێی کۆمپانیا
سەرچاوەیەکی حکومی ئاگادار لە وردەکاری ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت ڕایدەگەیەنێت، "ئەو سێ لایەنە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان".
ئەو سەرچاوەیە بۆ ئەلعالەم ئەلجەدید ڕوونیکردەوە، "کۆمپانیا بیانییەکان پێداگربوون لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دادگا و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، بەڵام بەغدا ڕەتیکردەوە، پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە هەموو ناکۆکییەکان بەپێی یاسای عێراق یەکلایی بکرێنەوە، لە کۆتاییدا کۆمپانیا بیانییەکان لەسەر ئەوە ڕازیبوون، و بابەتەکە یەکلایی بووەوە".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا: بەپێی رێككەوتنەكە شایستەی كۆمپانیاكان لە 16 دۆلارەوە بۆ 22 دۆلار زیاد دەكرێت ئەویش دوای چەند مانگێك، ئەویش بەشێوەی پشكی نەوت دەدرێت بە كۆمپانیاكان نەك پارەی نەقدی.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا کە "بڕیارە شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ، سەردانی توركیا دەكات،بە ئامانجی ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهان و هەروەها داڕشتنی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ، دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامە کۆنەکە لەلایەن تورکیاوە، کە بڕیاربوو لە مانگی تەمموزی 2026 کۆتایی پێبێت".
شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەریجەیهانەوە سەرەتا بەبڕی (100) هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا دەستپێبكات و دواتر وردە وردە رێژەكە بەرزبێتەوە بۆ (300) هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەویش دوای ئامادەیی تەکنیکی و لۆجستی و ڕێککەوتنی نێوان لایەنی عێراقی و تورکی، وردە وردە ئەم بۆرییە گرنگە دەگەڕێنێتەوە بۆ توانای کارکردنی.
هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، کە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیە و 230 هەزار بەرمیلیش ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت .
لەمبارەیەوە، هێڤیدار شەعبان، شارەزای ئابووری دەڵێت، "هیچ ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی نییە، بەڵکو لەسەر هەندێک خاڵ ڕێککەوتن هەیە، هەموویان پەیوەندییان بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتەوە نییە".
شەعبان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەلعالەم ئەلجەدید ئاماژەی بەوەدا کە "کێشەی کۆمپانیاکان لە ڕابردوودا تێچووی بەرهەمهێنان بووە، کێشەی حکومەتی فیدراڵیش لە وەرگرتنی ئەم بەرهەمە بووە. ئێستا بەغدا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەمەدا نییە؛ بەڵکو ئەوە کێشەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە بەپێی گرێبەستە نەوتییەکان، ئەگەر کۆمپانیاکان باجی دارایی خۆیان وەرنەگرن، ئەوا بەشێک لە نەوتەکە وەردەگرن بۆ دابینکردنی خەرجییەکانیان".
دەشڵێت، "ئەو ڕێککەوتنەی کراوە خاڵێکی گرنگە، بەو پێیەی کۆمپانیای سۆمۆ 230 هەزار بەرمیل وەردەگرێت، هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی دەهێڵێتەوە، دوای دوو مانگ پشکی هەرێم لە بەکارهێنانی ناوخۆیی بۆ 65 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزدەکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی خواست لە وەرزی زستاندا".
ئاماژە بەوەش دەکات، بەپێی ڕێککەوتنی ئەم دواییە، کۆمپانیا بیانییەکان بەڵێنیان داوە ئەگەر بەتەواوی باجەکانیان وەربگرن، ئەوا لە چەند مانگی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بۆ 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکەن. ئەمەش سوودی بۆ هەر سێ لایەنی بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکان دەبێت.
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 22 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، کە زۆربەیان کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە گرنگەکانیان کردۆتە ئامانج. بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەوەیان پشت راست كردووەتەوە کە ئەو هێرشانە زیانیان بە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراویان گەیاندووە.
شایەنی باسە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا لە ماوەی یەک هەفتەدا پێنج کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کراوەتە سەرە، بەمەش بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە نێوان 140 بۆ 150 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبووەوە و بەهۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووریش چەند کێڵگەیەک داخران.
ڕێککەوتنی یەک ساڵە
لای خۆیەوە شێرزاد حسێن ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە کە "تەنها بەربەست لەبەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بووە، کێشەکەش چارەسەر بووە".
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەلعەلەم ئەلجەدید، شێرزاد حسێن ڕوونی کردەوە کە "کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان دوو لایەنە بووە، یەکەمیان گەرەنتی یاسایییان دەویست بۆ کارەکانیان، چونکە ڕێکەوتنی پێشوویان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بووە، هەروەها دەیانویست ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا بکرێت کە گەرەنتی سەلامەتی کارەکانیان بکات".
ڕوونیشی دەکاتەوە، "خاڵەکەی تر ناڕەزایی کۆمپانیاکانە بەرامبەر بەو بڕە پارەیەی کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بۆیان تەرخانکراوە، ئەوان 16 دۆلاریان ناوێت، بەکەمی دەزانن. بۆیە ڕێککەوتن کرا لەسەر بەرزکردنەوەی شایستەكانیان، بەڵام وردە وردە، لەگەڵ پێدانی پشکی کۆمپانیاکان لە نەوتەکە".
دەشڵێت "ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتنەکە بکرێت، ئەوا بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو کارا دەبێت، لەماوەی ئەمساڵیشدا پێداچوونەوە بە دەقی ڕێککەوتنەکەدا دەکرێت".
