Draw Media

کارگەو دامەزراوە پیشەسازییەکان... هۆکارێک بۆ پیسبوونی ژینگە

کارگەو دامەزراوە پیشەسازییەکان... هۆکارێک بۆ پیسبوونی ژینگە

2025-09-20 20:57:34


  درەو:
(ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە
مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت

🔹 لەسەر ئاستی جیهان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە کەرتی پیشەسازیییە.
🔹 چەندە پێویستە کارگە و بەرهەمی خۆماڵیمان هەبێت، کە هۆکارێکن بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی پاشماوە، هێندەش گرنگە، کە کارگەکانمان پابەند بن بە یاساکانی ژینگەوە، ئایا لە هەرێمی کوردستان ژمارەی کارگەکان چەندن؟، ئایا هیچ یاسا و ڕێنماییەک هەیە کە پابەندیان بکات بە پاراستنی ژینگەوە؟.
🔹 بەپێی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025، (4 هەزارو 258) کارگەی بچووک، مام ناوەندو گەورە مۆڵەتی کارکردنیان هەیە.
🔹 لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە (3 هەزار) کارگە داخراون و زیاتر لە (100) کارگەی دیکەشیان گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق.

هەرێمی کوردستان و ژمارەی کارگەکان
بەپێی ئاماری ساڵی 2020ـی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پلان و بەدوادچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە پێنج ساڵدا (687) كارگەی بچووک و مامناوەند و گەورە بە سەرمایەی زیاتر لە (یەک ملیار و 560 ملیۆن) دۆلار لە هەرێمی كوردستان دامەزراون، زۆرترین كارگەی دامەزراویش ساڵی 2019 تۆمار كراون كە (153) كارگە بووە.
 بەپێی داتاكان لە كۆتایی ساڵی 2019 ژمارەی كارگەی دامەزراو لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە (چوار هەزار و 256) کارگە و (2 هەزار و 656) كارگە لە هەولێر، (هەزار و 72) كارگە لە سلێمانی و (530) كارگە لە دهۆك، سەرمایەی خەرجكراو لەم كارگانەش گەیشتووەتە نزیكەی (4 ملیار و 685 ملیۆن) دۆلار، ژمارەی هەلی کاری رەخساویش بەهۆی ئەو کارگانەوە گەیشتووەتە (40 هەزار و 755) هەلی کار.
 وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی بە سوودوەرگرتن لە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بە تایبەت پێوەری رێكخراوی یونیدۆ، كارگەكانی بۆ بچووک و مامناوەند و گەورە پۆلێن كردووە.
 بەپێی پێوەرەكان لە هەرێمی كوردستان (3 هەزار و 540) كارگەی بچووک، بە سەرمایەی (338 ملیۆن و 682 هەزار) دۆلار هەن، کە (21 هەزار و 179) هەلی کاریان رەخساندووە. 
 هەروەها (524) كارگەی مامناوەند بە سەرمایەی (260 ملیۆن و 914 هەزار) دۆلار هەن، کە (7 هەزار و 115) هەلی کاریان رەخساندووە. 
 کارگە گەورەکان بە ژمارە کەمن، بەڵام بە سەرمایە گەورەن، (194) كارگەی گەورە بە سەرمایەی (4 ملیار و 140 ملیۆن و 197 هەزار) دۆلار مۆڵەتیان وەرگرتووە، کە ئەوانیش (12 هەزار و 461) هەلی کاریان رەخساندووە. (دیجیتاڵ میدیای ڕووداو).
 
مەرجە ژینگەییەکان بۆ کارگە و کۆمپانیاکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، فەرمانگەی کاروباری هونەری بەشی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی، پێویستە ئەو مەرجانەی لە لەلایەن خاوەن پڕۆژە جێبەجێ بکرێت، پاشان ڕەزامەندی پێبدرێت:-
1. ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی کە ئامادە کراوە.
2. پابەند بێت بەو سایت پلانەی پێشکەشی کردووە.
3. دابین کردنی ڕێژەی سەوزایی کە لە (25%) کەمتر نەبێت و بە پشتێنەی سەوزاییەوە.
4. دانانی مولیدەی بێدەنگ و بەکارهێنانی سووتەمەنی پاک،  دووکەڵ نەکات.
5. دانانی حاویەی تایبەت بە کۆکردنەوەی پاشماوەی ڕەق و نائاسایی چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی زانستی.
6. دانانی یەکەی چارەسەری فیزیکی و کیمیاوی و بایۆلۆجی بە کوالیتی بەرز بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ناو و گونجاندنی لەگەڵ پێوەرەکانی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان کە لەلایەن ژینگە دیاری دەکرێت.
7. دانانی فلتەر و ئامێری تایبەت بۆ کۆنترۆڵکردنی پیسبوونی هەوا.
8. تێستی دەوری بۆ هەوای دەرچوو بکات لە پڕۆژەکە بۆ دڵنیا بوون لە پاکی هەواکە.
9. پێویستە کارگە بە تەکنەلۆژیای نوێ و سەردەمییانە کاربکات.
10. دانانی پێداویستییەکانی سەلامەتی و ئاگر کوژاندنەوە بۆ دوور کەوتنەوە لە ڕووداوی نەخوازراو.
11. بەڵێننامەی لێ وەربگیرێت کە پابەندی ڕێنماییەکانی ژینگەیی بێت کە لە ئێستا و لە داهاتوودا دەردەچێت.
12. هێنانی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
13. بەڵێننامەی لێ وەربگیرێت کە پابەند بکرێت بە دانانی چاودێری ژینگەیی لەسەر پڕۆژەکە کە لەلایەن دەسەڵاتی ژینگەییەوە بۆی دیاری دەکرێت.
ڕاپۆرتی داتا و ئامارەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ مانگی (1 تا 12)ی ساڵی 2024، سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ژینگەیی کارگە و پڕۆژەکان.
ڕەزامەندیدان بۆ پرۆژەکانی (وەبەرهێنان، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، نیشتەجێبوون، بازرگانی، کشتوکاڵی، تەندروستی و ... هتد) بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:
•    هەولێر: (724) پرۆژە
•    سلێمانی: (1401) پرۆژە
•    دهۆک: (312) پرۆژە
•    هەڵەبجە: (35) پرۆژە
•    ڕاپەڕین: (119) پرۆژە
•    گەرمیان: (153) پرۆژە
•    سۆران: (28) پرۆژە
•    زاخۆ: (60) پرۆژە
•    کۆی گشتی: 2832 پرۆژە
 پێنەدانی ڕەزامەندی بۆ پرۆژەکان، کە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە ژینگە ناگونجێن، بەم جۆرەی خوارەوە بوون:
•    هەولێر: (0) پرۆژە
•    سلێمانی: (7) پرۆژە
•    دهۆک: (0) پرۆژە
•    هەڵەبجە: (0) پرۆژە
•    ڕاپەڕین: (18) پرۆژە
•    گەرمیان: (0) پرۆژە
•    سۆران: (0) پرۆژە
•    زاخۆ: (0) پرۆژە
•    کۆی گشتی: 25 پرۆژە
 کەیسە یاساییەکان:
هەولێر:
•    کەیسەکانی دادگا: (151)
•    ئاگادارکردنەوە: (118)
•    سزا و پێبژاردن: (19) کەیس
•    بەڵێننامە: (527) کەیس
سلێمانی:
•    کەیسی دادگا: (165) کەیس
•    سزا و پێبژاردن: (3) کەیس
•    بەڵێننامە: (1535) کەیس
•    ئاگادارکردنەوە: (66)
دهۆک:
•    کەیسی دادگا و ژ. سکالا (6) کەیس.
•    بەڵیننامە (225) کەیس.
•    سزدان و پێبژاردن (0) کەیس.
هەڵەبجە:
•    کەیسەکانی دادگا (28) کەیس.
•    بەڵێننامە (59) کەیس.
•    سەرپێچی (27) کەیس.
گەرمیان:
•    کەیسەکانی دادگا (5) کەیس.
ڕاپەڕین:
•    کەیسەکانی دادگا (13) کەیس.
•    بەڵیننامە (69) کەیس.
سۆران:
•    کەیسەکانی دادگا (2) کەیس.
•    زاخۆ: (0) کەیس.
چاودێری و بەدواداچوونی لیژنەکان بۆ ئەو پرۆژانەی ڕەزامەندی ژینگەییان وەرگرتووە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی مەرج و ڕێنماییە ژینگەییەکان:
•    هەولێر (1250) پرۆژە.
•    سلێمانی (2742) پرۆژە.
•    دهۆک (1163) پرۆژە.
•    هەڵەبجە (87) پرۆژە.
•    ڕاپەڕین (48) پرۆژە.
•    گەرمیان (56) پرۆژە.
•    سۆران (1) پرۆژە.
•    زاخۆ (2) پرۆژە.
کۆی گشتی ئەو پرۆژانەی لەو ماوەیەدا پشکنین و بەدواداچوونیان بۆ کراوە: (5 هەزار و 349) پرۆژە بوونە.
پشکنین لە تاقیگەکانمان بەم جۆرە بوو:
تاقیگەی ژینگەی هەولێر:
•    ژمارەی نموونە: (1168).
•    ژمارەی پشکنین: (12266).
تاقیگەی ژینگەی سلێمانی:
•    ژمارەی نموونە: (1244).
•    ژمارەی پشکنین: (19293).
تاقیگەی ژینگەی دهۆک:
•    ژمارەی نموونە: (1545).
•    ژمارەی پشکنین: (24324).
کۆی گشتی ژمارەی نموونەکان: (3 هەزار و957) نموونە.
کۆی گشتی جۆرەکانی پشکنین: (55 هەزار و 883) پشکنین.
هەڵمەتی هۆشیاری و پێدانی ڕێنمایی ژینگەیی بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی کوردستان بەم جۆرە بوو:
دیوانی دەستە/ فەرمانگەی هۆشیاری (هەزار و 269):
•    هەولێر (193).
•    سلێمانی (26).
•    دهۆک (196).
•    هەڵەبجە (20).
•    ڕاپەڕین (161).
کۆی گشتی: (2 هەزار و 287) چالاکی.

دۆزینەوەی هەلی کار و دامەزراندنی دەرچووانی ژینگە لەسەر پرۆژەکانی کەرتی تایبەت، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و بەپێی ڕێنمایی (1)ی 2022، دەرچوو و چاودێر لەسەر پرۆژەکان دانراون: (134) دەرچوو وەک چاودێر دامەزراون:
•    هەولێر (78) چاودێر
•    سلێمانی (39) چاودێر
•    دهۆک (1) چاودێر
•    هەڵەبجە (8) چاودێر
•    ڕاپەڕین (1) چاودێر
•    گەرمیان (7) چاودێر
چالاکی ڕێژەی لەبری سەوزکردن بۆ ئەو کارگە و پرۆژانەی پێش یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەریم مۆڵەتیان وەرگرتووە و شوێنی سەوزکردنیان نیە لە پرۆژەکەدا = (387 هەزار و 425) م2 کە دەکاتە (155) دۆنم.

عێراق و ژمارەی کارگەکان و پیسکردنی ژینگە
ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە کە زیاتر لە (18 هەزار) پڕۆژەی پیشەسازی هەمەچەشن لە عێراق کارەکانیان ڕاگرتووە بەهۆی ئەو شەڕ و قەیرانانەی کە وڵاتەکە تووشی بووە، هەروەها گەندەڵی و پشتگوێخستن. کۆی گشتی کارگەکانی سەر بە کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی لە عێراق نزیکەی (227) کارگەن، لەکاتێکدا ژمارەی کارگە چالاکەکان تەنها (140) کارگەن.
لە ڕاپۆرتەکاندا، ئاماری وەزارەتی پیشەسازی بۆ ساڵی 2022 ئاماژەیان پێکراوە، کە ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی (18 هەزار و 167) پڕۆژەی پیشەسازی بە هۆکاری جیاواز ڕاگیراون.

داخستن و لێپرسنەوەی کارگەکان،  لەسەر پیسبوونی ژینگە
 وەزارەتی ژینگە، داخستنی کارگەکانی سەرپێچیکاری بۆ  پێنج مانگی 2025 ڕاگەیاندووە، هاوکات ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەت کردووە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون و باشترکردنی کوالێتی هەوا.
بەڕێوەبەری گشتی پاراستن و باشترکردنی ژینگە، سینان جەعفەر، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (ئینا)ی ڕاگەیاند: "وەزارەتی ژینگە کاردەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی هەوا لە ڕێگەی چەند ڕێگایەکەوە، بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان".
ڕوونیشیکردووەتەوە، "وەزارەت هەوڵەکانی بەهێزتر دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو چالاکیانەی کە پێشێلکاری ستانداردە ژینگەییەکان دەکەن. بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی بەغدا و بەشی ژینگەی ناوەندی، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە چوارچێوەی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە (241285)، فەرمانی داخستنی چەند دامەزراوەیەکی سەرپێچیکاریان جێبەجێکردووە لە ساڵی 2025 بەپێی یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە ژمارە 27 لە 2007. بریتی بوون لە:
•    77 کارگەی خشت،
•    33 کارگەی قیر
•    177کارگەی توانەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوون بۆ هەوڵەکانی وەزارەتی پیشەسازی دەکات بۆ باشترکردنی میکانیزمەکانی سووتاندنی سووتەمەنی کە لە کارگەکانی خشتدا بەکاردەهێنرێت، هەروەها دانانی یەکەکانی کۆنترۆڵکردنی دەردانی گازی ژەهراوی و هاندانی خاوەن کارگەکان بۆ گۆڕینی غاز. هەروەها دەستپێشخەرییەک دەستیپێکردووە، کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پارەی بۆ دابینکراوە، بۆ دابینکردنی قەرز تا (500 ملیۆن) دینار بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم گواستنەوەیە".

کاریگەری پیشەسازی لەسەر پیسبوونی ژینگە: ئاستەنگ و چارەسەر
یەکەم - کاریگەری پیشەسازی لەسەر پیسبوونی ژینگە
-    پیسبوونی هەوا: کارگەکان بڕێکی زۆر گازی زیانبەخش وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدی نایترۆجین، دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و گەردیلە وردەکان دەردەکەن. ئەم دەردانی گازی ژەهراویەش بەشدارە لە پیسبوونی هەوا، ئەمەش کێشە تەندروستییەکانی وەک نەخۆشییەکانی هەناسەدان و دڵ گەورەتر دەکات. هەروەها ئەم گازانە بەشدارن لە گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا.
-    پیسبوونی ئاو: پیشەسازییەکان بڕێکی زۆر ئاو لە پرۆسەکانی بەرهەمهێناندا بەکاردەهێنن و ئاوی پیسی پیسبوو بە ماددە کیمیاییەکان و کانزا قورسەکان زۆرجار دەڕژێتە ناو ڕووبار و دەریاچەکانەوە، ئەم پیسبوونە کاریگەری لەسەر ژیانی ئاوی دەبێت و وا دەکات ئاو نەشێت بۆ خواردنی مرۆڤ یان کشتوکاڵی.
-    پیسبوونی خاک: فڕێدانی نادروستی پاشماوەی پیشەسازی، بە تایبەت ئەوانەی کە مادەی کیمیایی ژەهراوییان تێدایە، دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک، ئەم پیسبوونە بەپیتی خاک کەمدەکاتەوە و کاریگەری لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەبێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروست دەکات. بۆ نموونە پیشەسازییەکان بڕێکی زۆر پاشماوەی ڕەق کە بە سەختی شیبوونەوە، وەک پلاستیک و کانزاکان بەرهەم دەهێنن، کە لە ژینگەدا کۆدەبنەوە و زیانێکی درێژخایەنیان پێدەگەیەنن.
دووەم - ئاستەنگەکانی بەردەم کەمکردنەوەی پیسبوونی پیشەسازی
-    پشتبەستن بە سووتەمەنی بەردینی: هێشتا زۆرێک لە پیشەسازییەکان زۆر پشت بە سووتەمەنی بەردینی (وەک خەڵوز و نەوت) دەبەستن وەک سەرچاوەیەکی وزە، ئەمەش دەبێتە هۆی دەردانی گازی گەرمخانەیی بەرچاو.
-    یاسای لاوازی ژینگەیی: لە هەندێک وڵاتدا یاسای ژینگەیی توند و کاریگەر نییە یان بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش ڕێگە بە پیشەسازییەکان دەدات بەبێ سزای پێویست پیس بکەن.
-    تێچووی ئابووری: تەکنەلۆژیا دۆستەکانی ژینگە دەتوانێت تێچووی زۆری هەبێت بۆ زۆرێک لە بزنسەکان، بەتایبەتی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان (SMEs)، ئەمەش وایان لێدەکات کە ئامادە نەبن لە وەرگرتنیان.
-    نەبوونی هۆشیاری ژینگەیی: هەندێک جار خاوەن پیشەسازی و کرێکاران ئاگادارییەکی تەواویان نییە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە و گرنگی پاراستنی ژینگە.
سێیەم - چارەسەرە ئەگەرییەکان
-    گۆڕینی وزەی پاک: پیشەسازییەکان دەتوانن دەردانی گازی ژەهراویەکانیان کەم بکەنەوە بە گۆڕینی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە وەک وزەی خۆر و با، لەبری ئەوەی پشت بە سووتەمەنی بەردینی ببەستن.
-    باشترکردنی کارایی وزە: کۆمپانیاکان دەتوانن تەکنەلۆژیای کارامەی وزە زیاتر بگرنەبەر، ئەمەش بەکارهێنانی وزە کەمدەکاتەوە و دەردانی گازی ژەهراوی کەمدەکاتەوە.
-    ڕیسایکلکردن: هاندانی دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەی پیشەسازی دەتوانێت بڕی پاشماوەی فڕێدراو لە ژینگەدا کەم بکاتەوە و هەروەها دەتوانێت کەرەستەی خاو بۆ پیشەسازییەکانی دیکە دابین بکات.
-    توندکردنەوەی یاسای ژینگەیی: پێویستە حکومەتەکان یاساکانی ژینگە بەهێز بکەن و سزای توند بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا بسەپێنن کە پابەند نین بە ستانداردە ژینگەییەکانەوە، هەروەها دەتوانرێت هاندانێکی دارایی بۆ ئەو کۆمپانیایانە دابین بکرێت کە شێوازی ژینگەدۆستانە دەگرنەبەر.
-    هۆشیاری ژینگەیی: بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لە نێوان خاوەن پیشەسازییەکان و کرێکاران لە ڕێگەی بەرنامەکانی هۆشیاری و ڕاهێنانەوە دەتوانێت بەشداربێت لە گۆڕینی ڕەفتارەکان و پێشخستنی پراکتیزە بەردەوامەکان.
-    داهێنانی تەکنەلۆژی: وەبەرهێنان لە توێژینەوە و پەرەپێدان بۆ ناساندنی تەکنەلۆژیای نوێ کە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و چارەسەرکردنی پاشماوەی پیشەسازی بە شێوەیەکی کاریگەرتر.

ژمارەی کارگەکان لە جیهاندا 2025
بەپێی ئاماری توێژینەوەی ABI، لە ساڵی 2025دا نزیکەی (7.5 ملیۆن) کارگە لە سەرانسەری جیهاندا بونی هەیە، ئەم ژمارەیە ڕەنگدانەوەی ژمارەی ئاستی بەرزی جیهانی دامەزراوە بەرهەمهێنانەکانە کە لە  ئێستادا کاردەکەن، وەک لەلایەن توێژینەوەی ABI شیکارییەوە کراوە. (10) وڵاتی بەرهەمهێنانی سەرەکی؛ (چین، ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، هیندستان، کۆریای باشوور، ئیتاڵیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ڕوسیا).

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand