حزب و حكومەت بایكۆتی روداو دەكەن

2025-09-24 17:41:29
درەو:
ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بە بڕیار ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی و وەزیرەكانی پارتی لە حكومەت ئاگاداركراونەتەوە كە نابێت لێدوان و چاوپێككەوتن بۆ لەگەڵ روداو بكەن و ئەمڕۆش وتەبێژی حكومەت بەڕەسمی رێگری لە كەناڵی روداوكرد بچێتە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكانیەوە.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رێگری كرد لە كەناڵی روداوكرد بەشداری لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا بكات لە وەڵامی پەیامنێری كەناڵ 8 وتی " كاتێك روداو ئامادە دەبن لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان، كە هەست بكەم ئیلتزاماتی پیشەییانە هەیە، لەوانەیە رۆژێك رووبدات تۆش لەناو كۆنگرەكانی ئێمەدا نەبیت".
تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت بانگهێشتی ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە کرابووین، بەڵام کاتێک تیمەکەمان گەیشتوونەتە شوێنی کۆنفرانسەکە، رێگرییان لێ کراوە مایک دانێن.
سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: كاری وتەبێژ نییە لە كۆنگرەكانیدا پۆستەكەی بۆ هەڕشەو جیاكاری بەكاربهێنێت ئەو رۆڵی كارئاسانیە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان بە شێوەیەكی شەفاف و دوور لە جیاكاری و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای رق و وجیاوازی بیروڕا.
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە روداوی وتووە: گوتەبێژ لەسەروو یاساوە نییە، کاری ئەو نییە کۆنفرانسی رۆژنامەگەری بکاتە پۆلێک بۆ گوتنەوەی وانەی ئەخلاقی رۆژنامەگەری، ئەم رەفتارانەی کە دژ بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادیی زانیاری و رۆژنامەگەرییە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و وەزیرەكانی پارتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداركراونەتەوە نابێت لێدوان و چاوپێكەوتن لەگەڵ روداو بكەن، لەبەر ئەوەی لە روماڵ و راپۆرتەكانیدا رەخنە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت، ئەمەش مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی توڕەكردووە.
