دەربارەی دەوڵەت و ئازادیی و دژایەتیکردن
2023-06-05 12:43:41
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە، ساڵانی قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزم و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ تا ئەمڕۆ، دەکرێت دوو شێوازی دەوڵەت لە ناوچەکەدا لەیەکتری جیابکەینەوە. یەکەمیان دەوڵەتێکی سێنتراڵی تاکحیزبیی موخابەراتیی سوپایی بەھێزە، خاوەن دەسەڵاتێکی ڕەھاو توندوتیژ کە کۆی تواناکانی بڕیاردان لەدەستی خۆیدا کۆدەکاتەوەو بەشێوەیەکیش کایەی سیاسیی قۆرخدەکات شتێک بەناوی ژیانی سیاسییەوە ناھێڵێتەوە. واتە دەوڵەتێک دروستدەبێت بەبێ کایەی سیاسیی. ئەم جۆرە لە دەوڵەت لە بەشێکی زۆری ناوچەکەدا دێتەکایەوە، بەڵام فۆرمە ھەرە خراپ و پەڕگیرو تۆتالیتارییەکەی لە ئەزموونی بەعس لە عێراقدا بەرجەستە دەبێت. دەوڵەتەکانی تر کەم تا زۆر شتێک لەم مۆدێلە بەعسییەیان تێدابوو، بەڵام بەھەمان رادەی بەعس توندوتیژو کۆنترۆڵکەر نەبوون و وەک ئەو کایەی سیاسیی وێرانناکەن.
مۆدێلی دووھەمی دەوڵەت لە ناوچەکەدا، مۆدێلێک کە لەدوای بەھاری عەرەبییەوە دروستدەبێت، مۆدێلی دەوڵەتی فاشیل، یان دەوڵەتی شکستخواردوە، بە ئینگلیزیی failed state. لێرەدا جۆرێک لە دەوڵەت دروستدەبێت کە توانای حوکمڕانیکردنی دانیشتوانی وڵاتەکەو پاراستنی سنورو ھێشتنەوەی سەروەریی و دابینکردنی خزمەتگوازرییە سەرەکییەکان و کۆکردنەوەی تواناکانی توندوتیژیی لە دەستی خۆیدا، لەدەستئەدات. وڵاتەکانیش بە کردەوە دابەشدەبن بەسەر چەندان دەوڵەتۆچکەو گروپی حوکمڕانی ناوچەیی بچوکی خاوەن میلیشیاو ھێزی نادەوڵەتیی تایبەتدا. نموونەی ئەم جۆرە لە دەوڵەت لەئێستادا لە سوریاو یەمەن و لیبیاو سودان و لوبنان و تا ڕادەیەک لە عێراقدا، ئامادەیە.
خاڵی ھاوبەش لە ھەردوو مۆدێلەکەدا ئەوەیە ئێمە لەبەردەم جۆرێک لە دەوڵەت و شێوازێک لە حوکمڕانیداین کە نوێنەرایەتی هیچ ھێزێکی کۆمەڵایەتیی ناکات، بێ ھیچ جۆرە رێکەوتنێکە لەگەڵ کۆمەڵگادا، لە پەیوەندییەکی رەعیەتئاسادایە بە دانیشتوانەکەیەوە، ئەوەیش لە وڵاتەکەدا ھەیەو ئامادەیە بە موڵکی خۆی و موڵکی نوخبە دەسەڵاتدارو پارتە سیاسییە حوکمڕانەکە، دەزانێت. دان بەوەدا نانێت هێزی جیاواز لە کۆمەڵگادا هەن و ئەم ھێزانە خواست و خولیاو خەونی جیاوازیان هەیە کە کۆکردنەوەیان بەیەکەوە پێویستی بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی ھەیە بتوانێت وەک ھاوبەشێکی یاسایی و سیاسیی و رەمزیی لەنێوانیاندا ئامادەو دەستبەکاربێت.
بە کورتییەکەی شێوازی دەوڵەت و حوکمڕانیی لە ھەردوو مۆدێلەکەدا دەوڵەت و حوکمڕانییەکی ستەمگەرن و دیدێکی رەعیەتگەرانەیان بۆ کۆمەڵگا ھەیە کە مرۆڤی بێماف و بێرێز بەرھەمدەھێنێت. شتێک بەناوی گرێبەست یان رێکەوتنی کۆمەڵایەتییەوە لەنێوان خەڵک و حوکمڕاناندا لەئارادا نییە، مەگەر ئەو ”سەوداگەرییە دەسەڵاتگەر“ە نەبێت، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەڵێن authoritarian bargain، کە وادەکات دەوڵەت لە قۆناغێکدا بۆ پەکخستنی سیاسییانەی کۆمەڵگا، بەڵێنی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بدات. سەودایەک تیایدا دەسەڵاتدارن، بۆ نموونە. دەڵێن ئێمە موچەتان بۆ دابیندەکەین، ئێوەش بێدەنگبن و ئیتاعەتی ئێمە بکەن.
ھەم بزاوتە ناسیۆنالیستییەکانی ناوچەکەو ھەم بزاوتەکانی ئیسلامی سیاسیی لەسەر ئەم ھێڵە دەڕۆن، ھەردووکیان پێ لەسەر نەبوونی جیاوازیی ناوەکیی دادەگرن و یەکێکیان کۆمەڵگا وەک ھەڵگری یەک شوناسی ئەتنیی و ئەویتریان یەک شوناسی دینیی وێنادەکەن. لەمەشدا باز بەسەر ئەو ھەموو جیاوازییە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی و دینیی و نادینیی و ئەخلاقیی و رەمزییانەدا ئەدەن کە لەناو سەرجەمی کۆمەڵگاکانی ناوچەکەدا ئامادەیە.
وەک سەمیر ئەمین دەڵێت ناسیۆنالیزمی عەرەبی دیدێکی رۆمانسیانەی هەیە، باوەڕی بە بوونی چینەکان و ململانێی چینایەتی نییە، ناسیۆنالیزمێکی موتڵەقگەرە، ئەگەرچی کۆمەڵگاکەی بە رەعیەتی خۆی دەزانێت کەچی سیفەت و تایبەتمەندێتی رەھا بە نەتەوەکەی دەبەخشێت، وەکو نەتەوەی ھەڵبژێردراو و دەگمەن و پیرۆز نمایشی دەکات. ھاوکات وێناکردنێکیش بۆ دەرەوەی خۆی دروستدەکات تیایدا دەرەوەو کەسانی لەخۆی نەچوو وەک کەسان و دەرەوەیەکی ھەڕەشەکەرو مەترسیدارو ناحەز دادەڕێژێت. بەبۆچونی من ئەم دیدەی سەمیر ئەمین بۆ سەرجەمی بزاوتە ناسیۆنالیستەکانی ناوچەکە ڕاستە.
بزاوتە ئیسلامییەکانیش کەم تا زۆر بە ھەمان رێگادا دەرۆن. ئەمانیش رەفزی خۆرئاواو رەفزی فیکری رۆشنگەریی دەکەن و وێناکردنێکی تەواو نێگەتیڤ و رەشیبینانەیان بۆ دەرەوەی ئیسلام، ھەیە. جیھان بۆ دیندارو بێدین دابەشدەکەن، لەناو دیندارانیشدا جیھان بۆ ئیسلام و نائیسلام دابەشدەکەن و فەزلی موسڵمانان بەسەر ناموسڵماناندا دەدەن. لەم دۆخەدا جۆرێکی بیمار لە نارسیزم و ھەڵئاواسانی «زاتیەتی ئیسلامی» گەشەپێئەدەن و باس لەوەدەکەن ھەموو جیھان توشی ئیفلاسبوونێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و بەھایی بووەو نۆرە ھاتۆتە سەر ئیسلام دەوڵەت و شارستانیەتێکی رزگارکەر، دروستبکات. لە وێناکردنیشیاندا بۆ دەوڵەت پێ لەسەر شمولیەتی ئیسلام دادەگرن و بەرگریی لەوەدەکەن کە ئیسلام هەم دینەو هەم سیاسەت، ھەم دەوڵەتەو ھەم کۆمەڵگا، ھەم یاسایەو ھەم ئەخلاق، ھەم ئابورییەو ھەم کولتور، ھتد.. بە کورتییەکەی، باس لەوەدەکەن ئیسلام نەک تەنھا دینێکی جیاوازە کە پێویستە دەوڵەتی تایبەت بەخۆی دروستبکات، بەڵکو مۆدێلێکی شارستانی جیاوازیشی ھەیە کە دەتوانێت ھەموو مرۆڤایەتی ڕزگاربکات.
لەم دیدگایەدا دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیی، دەوڵەتی شەریعەت، ھەم ھەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی دین و ئەو خودە ئیسلامییە فوتێکراوەی باسمکرد، ھەم بۆ ڕزگارکردنی ھەموو مرۆڤایەتیی خۆیشی. ھەمو ئەمانە لە دۆخێکدا تیایدا ئیسلامی سیاسیی لەناو خۆیدا بزاوتێکی دابەش و پارچەپارچە و یەکتری تەکفیرکەرن، تەنانەت ھەندێکجار سڵاوکردن لەیەکتر بە حەرام و بە دەرچوون لە فەرمایشتەکانی خودا، دەزانن.
ھەم بزاوتە ناسیۆنالیستەکان و ھەم بزاوتە ئیسلامییەکانیش لەناوچەکەدا گەشە بە بڵاوبوونەوەی کولتوری ترس لە جیهان و ترس لە ئەویتری لەخود نەچو، جیاواز، ئەدەن. لەپاڵ بەرھەمێنان و بڵاوکردنەوەی ئەم ترسەدا هاوکات خۆیان وەک ئەلتەرتاتیڤی ھەموو شارستانیەتییەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتی، نمایشدەکەن. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لەناو ھەردوو مۆدێلەکەدا لە دەوڵەت بە خەستی ئامادەیە، ھەم لەناو ئەو دەوڵەتانەدا کە تا ئەم ساتە دەتوانن مەرکەزیی و بەھێزبن، ھەم لەناو ئەو دەوڵەتە شکستخواردوانەشدا کە لەناوەوە بەسەر چەندان ئیمارەت و گروپ و تائیفەی دژ بەیەکدا دابەشبوون. ھەردوو مۆدێلەکەش تەواو دژ بە ھەموو شتێکن بچێتە دەرەوەی خەونە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینییەکانی ئەوانەوە.
ئەمە وادەکات ھەردوو مۆدێلەکە لە دۆخی دژایەتییەکی گەورەی بەهاکانی ڕۆشنگەریی و بەها لیبرالییەکاندا بن کە پێ لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی و ئازادیی و کەرامەتی مرۆڤەکان دادەگرن. بە بۆچوونی من هیچ گەشەکردن و گۆڕانکارییەکی مانادار لە دونیای ئێمەدا بەبێ ئامادەگیی بەرفراوانیی ئەم دوو جۆرە لە بەها، بەهاکانی ڕۆشنگەریی و بەها لیبرالییەکان، نایەتەکایەوە. رەفزکردنێکی چەپگەرانەی ئەم بەھایانە لەژێر ناوی ئەوەدا کە گوایە ئەو بەھایانە بەشێکن لە «سیستم،ی کاپیتالیزم، یان رەفزکردنێکی دینییانەیان لەژێر ناوی ئەوەدا تەسلیمبوون بە خۆرئاواو کولتوری خۆرئاوا، رەفزکردنێکی ناعەقڵانیی و مەترسیدارن. ھەموو ئەوانەی لە مارکسدا تەنها دژە کاپیتالیستێک ئەبینین، ھەموو ئەوانەیش لە دیندا کۆمەڵێک ھەڕەشە بە جەھەنەم و ھەندێک بەڵێن بە بەھەشت، دەبینن، دەچنە ناو ھەمان ھاوکێشەوە: ھاوکێشەی بە بچوک و کەمنرخ تەماشاکردنی مرۆڤ. بەبۆچونی من مارکس تەنھا دژەکاپیتالیست نەبوو، بەڵکو ڕۆشنگەرو لیبرال و تیۆریستێکی کۆمەڵایەتییی و سیاسییش بوو کە خوازیاری دروستبوونی جیھانێکی باشتری لە جیھانی ئەمڕۆ ھەبوو. دینیش تەنھا ھەڕەشە بە جەھەنەم و بەڵێن بە بەھەشت نییە، بەڵکو دەتوانێت ئامرازی دروستکردنی مرۆڤێکی مافپەروەرو جیاوازیی قبوڵکەرو ھێمن بێت.
بە گەڕاندنەوە بۆ پرسی دەوڵەت لە ھەردوو فۆرمەکەیدا دەکرێت جارێکی تریش پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە پرسیاریی ئازادیی مرۆڤ لەناو ھەردووکیاندا پرسیاری ژمارە یەکە. بەڵام پرسیاری ئازادیی وەک پرسیارێکی دەرونیی نەفسیی نا، بەڵکو وەک پرسیارێکی سیاسیی کۆمەڵایەتیی. لە دونیایەکی وەک دونیای ئێمەدا پرسیاریی ئازادیی بەھیچ مانایەک پرسیارێکی سایکۆلۆژیی نییە، ئەوە نییە لە خۆمان بپرسین ئایا مرۆڤ دەتوانێت ئازادبێت یان ناتوانێت، ئیرادە بەشێوەیەکی بابەتی ئازادە یان سنوردارە، پرسیاریی ئازادیی لە دونیای ئێمەدا پرسیارێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە. سیاسییە بەمانای ئەوەی خوازیاریی دروستبوونی جۆرێک لە دەوڵەت و حوکمڕانییە کە ئازادییە سیاسیی و مەدەنییەکان دەستەبەربکات، واتە مرۆڤ ئازادبێت لەبەرامبەر دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسییدا. ئازادیی کۆمەڵایەتیش مانای ئازادیی مرۆڤ لەبەرامبەر ڕایگشتىی و کۆمەڵگاو دین و کەلەپورو کولتوردا.
ئەم دۆخە وادەکات پرسیاری ئازادیی لە دونیای ئێمەدا بە پلەی یەکەم پرسیار بێت سەبارەت بە چییەتی دەوڵەت و کۆمەڵگاو دین و رۆڵی ھەریەکێکیان لە ژیانی مرۆڤەکاندا وەک تاکەکەس. پرسیاری ئازادیی لای ئێمە پرسیاریشە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان تاکەکەس و کۆمەڵگا، تاکەکەس و ڕایگشتیی، تاکەکەس و خودا، یان نوێنەرەکانی خوداو ئەوانەی بەناوی خوداوە دەدوێن. ھەموو ئەمانە، بەجۆرێک لە جۆرەکان، پەیوەندییەکی گەورەو ڕاستەوخۆیان بە شێوازی دەوڵەت و سیستمی حوکمڕانییەوە، ھەیە. ئەو حوکمڕانییەی لەئێستای ئێمەدا هەیەو ئامادەیە، حوکمڕانییەک نییە، بەرجەستەکەری ئازادیی و هۆشیاریی بێت، بەڵکو ھێزی خۆسەپاندن و ناچارکردن و نائازادییە، شێوازێکە شوێنی تاکەکەسی وەک تاکەکەسێکی تاک، وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و ئازادیی، وەک کەسێک خۆی سەروەری خۆی بێت، تێدانییە. دەوڵەت و حوکمڕانیی لێرەدا دەزگایەکن بۆ ئەوەی ئازاد بیت، پێویستە بچیتەدەرەوەی، دژی بیت و لەو فۆرمەی ئەمڕۆیدا قبووڵینەکەیت.