په‌یوه‌ندی ئوردن و سعودیه‌ دوای هاوسه‌رگیرییه‌كه‌

Draw Media

2023-06-02 10:47:37



(درەو)- راپۆرتی رۆیتەرز
شازادەی جێنشینی ئوردن دوێنێ بەبۆنەی هاوسەرگیرییەكەیەوە ئاهەنگی سازكرد، ئاهەنگێك كە تەماشاكەرێكی زۆری هەبوو، سەركردەكانی ئەو وڵاتە ئومێدەوارن ببێتە هۆی بەهێزكردنی هاوپەیمانێتییە ناوچەیی‌و جیهانییەكانیان. 
سەركردەكانی ئوردن لە مێژە وەك پایەیەكی سەقامگیری لە ناوچەیەكی ناسەقامگیردا، لە پاڵپشتی خۆرئاوا بەهرەمەند بوون. 
شازادە حسێن (28 ساڵ) كە شا عەبدوڵای باوكی لە ساڵی 2009وە وەكو شازادەی جێنشین دیاریكردووە، هاوسەرگیری لەگەڵ (رەجوە ئال سەیف)ی (29 ساڵ)دا كردووە كە كچە تەلارسازێكی سعودیە‌و نەوەی خێزانێكی گەورەیە‌و خێزانەكەی  پەیوەندییان لەگەڵ خێزانی دەسەڵاتداری سعودیەدا هەیە. 
ئوردن لەمێژە بۆ پاڵپشتی ئابورییەكەی پشت بە خۆرئاوا دەبەستێت، بەجۆرێك گەورەترینی ئەو وڵاتانەیە كە یارمەتیی لە ئەمریكا‌و ئەوروپا وەردەگرێت، چاودێران هیواخوازن هاوسەرگیرییەكەی شازادەی جێنشین ببێتەهۆی نزیكبوونەوە لەگەڵ سعودیەدا‌و قورساییەكی ناوچەیی دروستبكات. 
محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بەشداری لە ئاهەنگەكەدا نەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەوپێی قسەی بەرپرسانی ئوردنی چاوەڕان دەكرا بەشداری بكات. بەڵام مێزی خوانەكە پڕبوو لە ئەندامانی خێزانە شاهانەكان لە ئەوروپا‌و ئاسیاو كەسایەتییە دیارەكانی ئەمریكا لەنیویشیاندا جیل بایدن خانمی یەكەمی ئەمریكا، هەروەك هەریەكە لە شازادە ولیام شازادەی بەریتانیا‌و خاتوو (كەیت)ی هاوسەریشی بەشداربوون. 
دواین چەندین ساڵ لە ئاڵۆزی پەیوەندییەكانیان، دواین سەردانی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ ئوردن ساڵێك لەمەوبەر بوو، ئەمەش لەكاتی خوێدا ئومێدی ئەوەی زیندووكردەوە سەردانەكەی ببێتە هۆی باشكردنی پەیوەندییەكان‌و كردنەوەی دەرگا بەڕووی پاڵپشتی زیاتری ئابوری.
هەروەك هاوسەرگیرییەكە هەنگاوێكی گرنگیشە لەبەردەم شازادە حسێندا بە ئاڕاستەی وەرگرتنی تەختی پادشایەتیی، بەرپرسان‌و ئەوانەی ئاگاداری كاروبارەكانن دەڵێن شا عەبدوڵا هەست بە دڵنیایی دەكات كە ئێستا سەقامگیری وڵاتەكەی زیاتر جێی خۆی دەگرێت.
شا عەبدوڵا ساڵی 2004 زڕبرای بچوكەكەی (شازادە حەمزە)ی لە شازادەی جێنشینیی خست، دواتریش شازادە حەمزە تۆمەتباركرا بە پلانگێڕیی بۆ لادانی پادشا لە پیلانێكدا كە لە دەرەوەی وڵاتەوە رێكخرابوو، بەڵام سەرباری ئەمەش ئوردن ئەو ئاڵۆزییانەی بەخۆوە نەبینی كە بووە هۆی لادانی زۆرێك لە سەرۆك‌و سەركردەكانی ناوچەكە، تاڕادەیەكیش لەو نائارامییانە دەربازی بوو كە ناوچەكە لە دەیەی رابردوودا بەخۆیەوە بینی. 

تاج
لە چەند ساڵی كەمی رابردوودا، شازادە حسێن كە دەرچووی زانكۆی جۆرج تاونی ئەمریكا‌و ئەكادیمیای شاهانەی (ساندهێرست)ی سەربازییە، بەشێوەیەكی زیاتر ئەركەكانی پادشای داهاتووی وڵاتی گرتووەتە دەست، وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی دەگاتە 11 ملیۆن كەس.
شازادە حسێن چاوی بە سەركردەكانی جیهان كەوتووە، لەوانە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا، مانگی رابردوو لەمیانی بەڕێوەچوونی لوتكەی عەرەبی لە شاری جەددەی سودیە، شانبەشانی باوكی رۆیشت بۆ ئەوەی سڵاو لە شازادەی جێنشینی سعودیە بكات، شازادە حسێن بەبەردەوامی دەبینرێت سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئۆرگانە حكومییەكان دەكات. 
بەگوێرەی نەریتی خێزانی هاشمی، ئاهەنگە گشتییەكان لەوكاتەوە دەستپێدەكات كە شازادە حسێن‌و هاوسەرەكەی لە كۆشكی زەهران لە عەممان، گرێبەستی هاوسەرگیرییان دەبەستن. 
دەیان هەزار كەس لە خەڵكی ئوردن لەسەر ئەو شەقامە ریزیان بەست كە كاروانی بوك‌و زاواكە بە ئۆتۆمبیلێكی سپی كراوەی رەنج رۆڤەر پێیدا تێپەڕی، تا گەیشتە كۆشكی حسەینییە بۆ ئامادەبوونی لە خوانی فەرمیدا لەگەڵ سەدان میوان.   
سەرباری كەموكورتییەكانی سیستەمی پادشایەتیی، زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئوردن دەڵێن پێیان باشە ئەم سیستەمە لە وڵاتەكەیان بەردەوام بێت، بۆ ئەمەش ئاماژە بە ساڵانی ململانێ لە عێراق‌و سوریا دەكەن وەكو دوو وڵاتی دراوسێ. 
عالیە ئیبراهیم كە مامۆستایە لە خوێندنگەیەكی تایبەت لە عەممان دەڵێ، بەڵای ئەوانەوە خێزانی هاشمی زامنی ئارامی وڵاتن.
خواستی واشنتۆن بۆ هاوپەیمانێكی سەقامگیر لەناوچەیەكی پڕ لە ئاڵۆزیی بەو مانایە دێت كە دەبێت چاو لە چاكسازییە دیموكراسییەكانی ئوردن دابخات كە بەشێوەیەكی هێواش بەڕێوەدەچێت، هەروەك دەبێت چاوی خۆشی كوێر بكات لە تۆماری خراپی ئوردن لەبواری مافەكانی مرۆڤدا. ئەمریكا لە ئوردن چەندین بنكەی سەرباری هەیە‌و لەوێ بەشێوەیەكی سیستماتیك راهێنانی هاوبەش ئەنجام دەدات. 
ئابوری شانشینی ئوردن دوای چەندین ساڵ لە خاوبوونەوەی گەشە‌و بەرزبوونەوەی ئاستی بێكاریی، بەشێوەیەكی هێواش گەشە دەكات، ئەمەش لەچوارچێوەی نوێترین پرۆگرامی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە. 
لەگەڵ ئەوەشدا، لەژێر فشاری خراپی دۆخی بژێویدا، ساڵی رابردوو زۆرێك لە خەڵكی ئوردن رژانە سەر شەقامەكان دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، ئەم خۆپیشاندانانە گرژی‌و كوژراوی بەدوای خۆیدا هێنا. 
هەندێكیش رەخنەیان لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی شازادەی جێنشین هەیە، وەكو بەهەدەردانی سامانی گشتی ناوی دەبەن، لەنێو ئەوانەدا عەبدوڵا فایز كە سەربازێكی خانەنشینە‌و لە یەكێك لە گەڕەكەكانی دەوروبەری عەممان بە پاشەكەوتێكی كەم دەژی، دەڵێ:" چۆن هەست بە خۆشبەختی بكەین كە بۆ باشكردنی ژیانی رۆژانەمان تێدەكۆشین؟ ئەمە ئاهەنگی هاوسەرگیری شازادەیە نەك ئاهەنگی ئێمە". 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand