خاڵێكی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی شكستیهێنا
2023-06-04 10:45:45
درەو:
ئەمڕۆ دادگای هەولێر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی و هەشت كەسی تر بەتۆمەتی تیرۆركردنی هاوكار جاف دەركرد، بەم بڕیارە خاڵێكی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی و تیمی یەكێتی لە حكومەت شكستیهێنا.
رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2022 لە شاری هەولێر بۆمبێكی چلكێندراو بە ئۆتۆمبێلەكەی ( عەقید هاوكار جاف) فەرماندەی دژە تیرۆری یەكێتیدا تەقیەوەو گیانی لەدەستدا.
لەدوای تیرۆركردنی هاوكار جافەوە كێشەو گرژیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی زیاتر بوون، بە جۆرێك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و تیمی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیانكرد.
لە یەكەم كۆبوونەوەی دوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، كە لە رۆژی 14ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بڕیاردرا كێشە ئەمنییەكانی نێوانیان لە رێگەی لیژنەیەكی هاوبەشەوە چارەسەر بكرێت.
لە بڕگەی سێیەمی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە:
لەبارەی كێشە ئەمنییەكان، بڕیاردرا لیكۆڵینەوەیەكی هاوبەش لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەند لە دەزگا پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە دۆسییە ئەمنییەكان بە گشتی دوور لە دەستوەردانی سیاسی، ئەنجامبدرێت و دواتر ڕێكاریی یاسایی بگیرێتەبەر.
هەروەها لە كۆبوونەوەی رۆژی 28ی كانوونی دووەمی 2023ی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بڕیاردراوە كە كێشە ئەمنیەكانی نێوانیان بسپێرن بە لینەیەكی ئەمنی هاوبەش بە چاودێری و ئامادەبوونی لایەنی سێیەم.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) تا ئێستا لیژنە هاوبەشەكە دەستبەكار نەبووەو هیچ كێشەیەكی ئەمنی لە نێوان هەردوولا یەكلانەكراوەتەوە لەو ماوەیەی كە گرژییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بەرەو هێوربوونەوە چوو، تیمی یەكێتی گەڕانەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران .
دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای هەولێر سەبارەت بە بڕیاری لە سێدارەدانی فەرماندەكانی دژە تیرۆری یەكێتی لە كاتێكدایە، چەند رۆژێكە ناكۆكی لە نێوان پارتی و یەكێتی سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كورستان و بودجەی 2023ی عێراق سەری هەڵداوەتەوە.