پارتیو یەكێتیی لەسەر بڕگەی پارێزگای ناڕازیی ناكۆكن
2023-06-09 16:50:52
(درەو):
عامری نەیتوانی پارتیو یەكێتیی لەسەر بڕگەی (مامەڵەی راستەوخۆ بەغداد لەگەڵ پارێزگای ناڕازیی لەناو بودجە)دا بگەیەنێتە رێككەوتن، یەكێتی قایل بووە ئەم بابەتە بدرێتە دەست (لیژنەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق)، پارتی دەڵێ دەبێت (لیژنەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم) بڕیاری لێبدات.
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ئەمڕۆ لەناو پەرلەمانی عێراق دەوام دەكات، دەیەوێت كێشەی نێوان لایەنەكان لەسەر بودجە چارەسەر بكات بۆ ئەوەی ئەمشەو پەرلەمان دەنگی لەسەر بداتو تێپەڕێ.
یەكێك لەو ناكۆكیانەی كە عامری هەوڵیدا چارەسەر بكاتو پێی نەكرا، ناكۆكی پارتیو یەكێتیی بوو لەبارەی ئەو بڕگەی كە لیژنەی دارایی بۆ ماددەكانی بودجە تایبەت بە هەرێمی كوردستان زیادی كردووە.
بڕگە زیادكراوەكە دەڵێ:
• حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەرانو خانەنشینان بەپێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەریی شایستە داراییەكان لەنێوان پارێزگاكان دابەشدەكات بەبێ جیاوازی، بەپێچەوانەوە حكومەتی فیدڕاڵی پشكی پارێزگای ناڕازی لە بودجە دەبڕێتو ڕاستەوخۆ دەیدات بە پارێزگا ناڕازییەكە.
ئەم بڕگەیە لەسەر داوای یەكێتیی داخڵی بودجە كراوە، یەكێتیی ترسی هەیە هەركاتێك پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی تێكچوو، پارتی پارە لە بەشە بودجەكەی عێراق بۆ سلێمانی نەنێرێت، بەتایبەتیش كە بودجەكە بۆ سێ ساڵە (2023-2024-2025)، بۆیە دەیەوێت لەكاتی دروستبوونی هەر كێشەیەكدا لەگەڵ پارتی، بتوانێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد مامەڵە بكاتو بەشی سلێمانی لە پشكی هەرێم راستەوخۆ لە بەغدادەوە وەربگرێت نەك لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە.
لەبەرامبەردا پارتی زۆر بە توندی دژی داخڵكردنی ئەم بڕگەیە لەناو بودجەدا، بەكارێكی نادەستوری دەزانێتو وەكو دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ناوی دەبات، هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات لە دادگای فیدراڵی دژی ئەم بڕگەیە ئەگەر پەرلەمان پەسەندی بكات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هادی عامری هەوڵیداوە پارتیو یەكێتیی لەسەر ئەم بڕگەیە بگەیەنێتە رێككەوتن، بەجۆرێك بڕگەكە بەشێوەیەك دەستكاری بكرێت كە هەردوولا لەسەر كۆك بن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ پارتیو یەكێتیی، عامری پێشنیازی كردووە بڕگەكە وای لێبكرێت ئەگەر ناڕەزایەتیی لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە هەبوو، راستەوخۆ بەشە بودجەی سلێمانی لە پشكی پشكی هەرێم جیانەكرێتەوەو بنێردرێت بۆ سلێمانی، بەڵكو لیژنەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە سەردانی پارێزگای سلێمانی بكاتو ئەو لیژنەیە بڕیار بدات ئایا بەشێوەی راستەوخۆ پارە بنێردرێت یان نا.
(درەو) زانیویەتی، یەكێتیی بەم پێشنیازە قایل بووە، بەڵام پارتی رازی نەبووەو داوایكردووەو لەبری ئەوە لیژنە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیار لەسەر ناردنی پارە بۆ سلێمانی بدات، لیژنەكە لە حكومەتی هەرێم بێتو ئەو بڕیار بدات.
بەمشێوەیە ئەم بڕگەیە هێشتا لەنێوان پارتیو یەكێتیی ناكۆكی لەسەرە، پارتی ئەمە بە هەوڵی پەرتكردنی كوردستان ناودەبات، هەندێك لە لایەنەكانی كوردییەكانی تریش هەمان بۆچونیان هەیەو یەكێتیی تاڕادەیەك لەم بابەتەدا بەتەنیا ماوەتەوە، بەڵام هێشتا پاڵپشتی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەدەست نەداوە.