زیانەكانی راگرتنی نەوتی هەرێم گەیشتە زیاتر لە (2)ملیار دۆلار

Draw Media

2023-06-01 18:35:52



 درەو:

راپۆرتی پێگەی (الطاقة)
تائێستا قەیرانی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەجێی خۆیەتی, دوای تێپەڕبونی بە كۆمەڵێك ئاڵۆزیدا, كە دیارترینیان, هەڵبژاردنەكانی توركیاو هەوڵەكانی ئەنقەرەیە بۆ سازشكردن بەلایەنی عێراقی و كۆتابهێنان بە سزایەی دادگای ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس بەسەر توركیادا سەپاندی, كە بە بڕەكەی (1)ملیارو (471) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت, بەهۆی پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی (1973)ی نێوان عێراق و توركیا. 
بەگوێرەی دەقی رێككەوتنەكە, كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق"سۆمۆ" هەژموونی تەواوەتی دەبێت بەسەر ناردنی نەوت لەڕێی هێڵی عێراق_توركیا, كە توركیا لەساڵی (2014)دا, پێشێلی ئەمەی كرد, كاتێك رێگەیدا نەوتی هەرێم بەبێ‌ رەزامەندی بەغداد هەناردەبكرێت. 
نەبیل مەرسومی پسپۆڕی نەوتیی عێراقی دەڵێت: زیانەكانی عێراق لەئەنجامی راگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان و كەركوك لەماوەی دوو مانگی رابردودا, بە نزیكەی (2)ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت, بەهۆی راگرتنی زیاتر لە (470)هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە, كە لەو كێڵگانەوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكران, لەڕێی بەندەری جەیهانەوە.

كەمكردنەوە لەبایەخی بڕیاڕی ناوبژیوانی 

مەرسومی لەلێدوانەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات, هەندێك لایەنی توركی هەوڵدەدەن لەبایەخی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی كەمبكەنەوە, پێشبینیشی كردووە, لەكۆتایدا لایەنی توركی ملكەچی بڕیاڕەكەی دادگا ببێت, بەڵام لەگەڵ هەندێك دەستی دەستی كردن, بۆ فشاركردن لەعێراق لەپێناو بەدەستهێنانی سازشكردن. 
ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت پێشیوایە, سێ‌ هۆكار هەن توركیا ناچاردەكەن پابەندی بڕیاڕەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ببێت:
یەكەم: بڕیارەكانی دادگای كۆتایی و پابەندكەرن و دەبێت جێبەجێبكرێن لەلایەن هەردوو لایەنی ناوبژیوانیەكە. 
دووەم: هەوڵی توركیا بۆ ئەوەی رێڕەوێكی ئارام و باوەڕپێكراوی هێڵی بۆری نەوت و غازبێت, كە ئەوەش وادەكات گوێڕایەڵبوونی بۆ بڕیارەكانی ناوبژیوانی و جێیەجێكردنی كارێكی گرنگ بێت بەو ئاڕاستەیە.
سێیەم: توركیا لەو وڵاتانەیە كە واژوی لەسەر رێككەوتنی لیستی وزە كردووە, كە تێپەڕبونی بۆری نەوت و غاز و ناوبژیوانیكردن لەباریەوە, گرنگترین خاڵەكانێتی. 

هەوڵەكانی توركیا بۆ فشاركردن لە عێراق

دكتۆر نەبیل مەرسومی دەڵێت: حكومەتی توركیا لە ئێستادا بە هەموو توانایەوە كاردەكات بۆ سود وەرگرتن لەڕێككەوتنی پێشوی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان, بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی ئەو سزایەی سەپاوە بەسەریدا بیخاتە ئەستۆی هەرێم, رەنگە رێككەوتنێكی نا راگەیەندراویش هەبێت لەنێوان حكومەتی توركیاو هەرێم لەو بارەیەوە.
دەشڵێت: توركیا هەواڵی سازشكردن بە عێراق دەدات, لەنمونەی كەمكردنەوەی قەبارەی سود لەسەر ئەو پارەی قەربووەی بڕیارە بیدات بەعێراق, یاخود زامنكردنی بەردەوامیی ئەو پارە زۆرەی كە لەهەرێمی كوردستانی وەردەگرت وەك (رسومات)ی تێپەڕبونی نەوت, پێش دەرچونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی و نەگەڕانەوەی بۆ رسوماتەكانی پێشوو, كە (1)دۆلارو (12)سەنت بووە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی عێراق كە بە بۆری توركیادا تێپەڕیووە.
توركیا رەنگە پەنابباتە بەر راكێشانی بۆریەكی نوی لەخاكی توركیاوەو تەرخانی بكات بۆ نەوتی هەرێم, كە ملكەچی رێككەوتنی ئێستای هێڵی بۆری نەوت نەبێت لەگەڵ عێراق, ئەنقەرە هەوڵی ئەوەش دەدات بانكێكی توركی بۆ گلدانەوەی داهاتی هەناردەكراوی نەوتی هەرێم دیاریبكات, یاخود بۆری نەوت لەڕێی سوریاوە رابكێشێت.  
بەوتەی ئەو پسپۆڕە, رەنگە عێراقیش هەوڵی زیندوكردنەوەی هێڵی كەركوك و بەنی یاسر بدات, بەڵام توركیا هەوڵی دروستكردنی بەربەست دەدات بۆی, بگرە ئەگەر هەیە پەناش ببات بۆ بەكارهێنانی شێوازی تری فشاركردن لەسەر عێراق, كە رەنگە سیاسیبێت, یاخود لەڕێی دۆسیەی ئاوەوە.

هەڵبژاردنەكانی توركیا

مەرسومی رونیدەكاتەوە, هەڵبژاردنی توركیا رۆڵی هەبوو لەدواخستنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان, بەهۆی ئەوەی ئەم دۆسیەیە لەچاوەڕوانی ئەوەدا بوو, كێ‌ دەچێتە كۆشكی كۆماری و بۆچونی بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنی عێراقی چۆن دەبێت. 
توركیا لەهەوڵی دیراسەكردنی ئەو زیانانەشدایە كە بەر هیڵی بۆری نەوتی عێراقی توركی كەتووە, بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەی زستانی ئەمساڵ لەو وڵاتەی دا, بڕوای خۆشی پیشانداوە بەوەی حكومەتی داهاتوی توركیا, بتوانێت چارەسەری قەیرانی نەوتی كوردستان بكات لەگەڵ حكومەتی عێراق. 
ئەو پسپۆڕە عێراقیە ئاماژەی بەوەشداوە, كۆمەڵێك بژاردە لەبەردەست بەغداددایە, لەپێشیانەوە, گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە بۆ پاڵاوتگەكانی باكور, بەتایبەت كەركوك و زیادكردنی توانای هەناردەكردن لەباشورەوە.
مەرسومی جەختیشكردووە: عێراق لەئێستادا پارەیەكی زۆر لەدەستنادات بە بەراورد بەو بڕەی لە بودجە بڕیاری لێدراوە, بەهۆی كۆتوبەندەكانی (ئۆپێك+) كە پشكی بەرهەمهێنانی عێراقی بە رێژەی (430) بەرمیلی رۆژانە كەمكردووەتەوە, ئەوەش وایكردووە هەناردەكردنی نەوتی عێراق هاوتای ئەو ژمارانەبێت كە لەبودجەدا هاتووە. 
ئومێدی خۆشی پیشانداوە بەوەی, ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بگاتە زیاتر لە (3) و (700)هەزار بەرمبل نەوتی رۆژانە, دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان.
مەرسومی ئاشكراشیكردووە: عێراق لەئێستادا هەوڵی زیندوكردنەوەی سێ‌ هێڵی نوێ‌ دەدات, لەوانە:
- هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سوریا.
- هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سعودیە.
- خستنەكاری بۆری نەوتی بەسرە_عەقەبە بۆ گواستنەوەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.
 هەروەها هەوڵی پەرەدان بەتوانای هەناردەكردن دەدات لەڕێی ئاوەوە, لەپێناو زیادكردنی بڕێكی زۆرتر لەهەناردەكردنی نەوت, یەتایبەت دوای بەردەوامبونی راگرتنی نەوتی عێراق لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیەوە.

سەرچاوە: پێگەی الطاقة

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand