Draw Media

كاریگەریی بەردەوامی سەرۆكایەتیی ئەردۆغان لەسەر پرسە عێراقییەكان

كاریگەریی بەردەوامی سەرۆكایەتیی ئەردۆغان لەسەر پرسە عێراقییەكان

2023-06-07 07:07:38


یاسین تەها، خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین‌و ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق

مانەوەی ئەردۆغان لە سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا پاش 20 ساڵ لە وەرگرتنی جڵەوی دەسەڵات‌و بۆ خولی سێیەمی سەرۆكایەتیی، یەكێك لەو پێشهاتانەیە كە بۆ عێراقی دراوسێی ئەم وڵاتە گرنگ‌و لێكەوتەی جۆراوجۆری هەیە؛ چ لە بواری سیاسی‌و ئەمنی، چ لە بواری سیاسەتەكانی وزەو بازرگانی‌و ئاو كە پرسی هەنوكەیین لە عێراق. ئەم شرۆڤەیە هەوڵدەدات لە دیوە عێراقییەكەیەوە لێكەوتەكانی بەردەوامی ئەردۆغان لە سەرۆكایەتیی توركیا لێكبداتەوە.

هێڵە گشتییەكانی خولی نوێی ئەردۆغان
لەبەر ڕۆشناییی تەمەنی 20 ساڵەی حوكمڕانیی ئەردۆغان، تا ڕاددەیەكی زۆر هێڵە گشتییەكانی سیاسەتەكانی دەربارەی عێراق‌و ناوچەكەو وڵاتانی تری پەیوەندیدار، زانراوە. لە ئاهەنگی دەستبەكاربوونەكەیشیدا (3ی حوزەیرانی 2023) جەختی لەوە كردەوە لەمەولا ئاڕاستەی توركیا بەیەكەوە ڕوو لە ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژاواش دەبێت لە یەككاتدا ([1]). بەپێی لێكدانەوە توركییەكانیش ئەمە بەمانای ئەوە نایەت توركیای ئەردۆغان بەخێرایی دەستبەرداری ئاڕاستە ڕۆژهەڵاتییە ناسراوەكەی ببێت‌و هەنگاوی زیاتر لە ئەمریكاو ناتۆ بچێتە پێش، بەڵكو بەهۆی سەرهەڵدانی جەمسەرگیرییەكانی ئەمریكاو چین‌و ڕوسیاشەوە قۆناغێك دەستپێدەكات كە وڵاتانی ناوچەكە بەمەبەستی كەمكردنەوەی گرژییەكان، زیاتر لەگەڵ یەكتر هەماهەنگی دەكەن؛ هەر ئەمەیش هاندەری توركیایە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی میسرو كەنداو، بەتایبەت عەرەبستانی سعودی ([2]). هەندێك لە چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەردۆغان چاوی لەسەر ئەزمونی ئابوریی "چین"ە؛ بەرهەمهێنانی زۆر، زیادبوونی هەناردەكردن، دراوی هەرزان، هەروەها چاوێكی تری لەسەر ئەزمونی هەواڵگریی بەریتانیایە كە سیاسەت‌و دیپلۆماسی‌و هەواڵگری تێكەڵ دەكات بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە ([3]).
لەماوەی 20 ساڵی حوكمڕانییەكەیدا، ئەردۆغان كاری لەسەر شۆی (نمایش)ی سەربازی كردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و دەرەوەی؛ ئەوەیش چ لەڕێگەی لەشكركێشی بێت بۆ ناو خاكی ڕۆژاوای كوردستان لە سوریا یان لە خاكی هەرێمی كوردستان؛ هەروەها كۆمەككردنی حكومەتی "الوفاق" لە لیبیا، لەگەڵ پەلكێشانی نفوز بەرەو ئەفریقا. بەڵام زبرە ئابورییەكان ناچاریان كرد لەگەڵ سعودیاو ئیمارات پەنا بۆ ئاشتەوایی ببات بەبێ ئەوەی سوپاو باڵە سەربازییەكانی لە هیچ كوێ پاشەكشە پێ بكات ([4])؛ نیمچە كۆدەنگییەكیش هەیە كە ئاڵنگاریی گەورەی ویلایەتە نوێیەكەی ئەردۆغان، بریتی دەبێت لە دۆسیەی ئابوری‌و بەهای لیرەو هەڵاوسانی نرخەكان‌و ئاوەدانكردنەوەی وێرانكارییەكانی بوومەلەرزە ([5]). لەسەر ئاستە عێراقییەكەیشی، مامەڵەكردنی توركیاو عێراق لەگەڵ یەكتر سەرباری لەمپەرەكان، ناچاری دەبێت، چونكە جگە لە سنورو دۆسیە هاوبەشەكانی ئاسایش‌و سامانی ئاو، سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەرفەتێكی وای ڕەخساندووە كە پشتبەستنیان بە یەكتر زیاد بكەن. لەم بەینەیشدا پابەندبوونی ئەنقەرە بە سزاكانی پەیوەست بە نەوتەوە، عێراق دەكاتە جێگرەوەی نزیك‌و دەروازەیەكی گەورەی قەرەبووكردنەوە؛ بۆ عێراقیش توركیا تاقە دەرچەی وشكانییە بۆ گەیشتن بە ئەوروپاو سەرچاوەیەكی گەورەی دابینكردنی كەرەستەو پێداویستییەكانی بازاڕی عێراقە.

دیدی عێراقییەكان بۆ ئەردۆغان
بەپێی ئەوەی سیاسەت‌و تێڕوانینی ئێستای دەوڵەتی عێراق گیرۆدەی نەبوونی سەنتەرو دابەشبوونەكانی پەیوەستە بە شوناسە فرەجۆرەكان، ناكرێت باس لە دیدێكی عێراقی ستراتیژی‌و گشتگیر بكرێت دەربارەی دۆسیەكانی دەرەوە، لەوانەش توركیای ئەردۆغان. لە عێراق جگە لە توركمانی سوننەو باڵی "بەرەی توركمانی"، لەناو عەرەبی سوننەیشدا جەمسەرەكانی حەلبوسی‌و خەمیس خەنجەر، پەیوەندیی بەهێزو دۆستایەتیی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەردۆغان، جیاواز لە توركمانی شیعە یان ئەو عەرەبە سوننانەی لە باڵە ئێرانییەكانەوە نزیكن یان ناوچەیی‌و لۆكاڵن. سەرباری ئەمەیش، خوێندنەوەیەك هەیە كە هەندێك لە سیاسەتوانانی عێراق مانەوەی ئەردۆغانیان پێ باشتر بووە لە گۆڕینی بە كلیچدارئۆغڵۆ، لەسەر بنەمای ئەوەی ناسراو و تاقیكراوە، باشتر لەوەی كە دێ‌و نەناسراوە ([6]). بەڵام لە ناوەندی شیعیدا- كە ئێستا چەقی بڕیاری عێراقن- بە شێوازێكی ساردوسڕ كارلێك لەگەڵ دەرچوونەوەی ئەردۆغان كراوە، بەو پێیەی لە خەیاڵدانی شیعەدا ناوبراو گوزارشت لە دیاردەی "عوسمانیی نوێ" دەكات؛ هەروەها سیمبولێكی ئیسلامییە سوننەكان‌و هۆكارێكی بەهێزكردنی جەمسەری توركیایە لەبەرامبەر جەمسەری ئێران. ڕەنگە هەر بەم هۆیەیشەوە بێت هیچ بەرپرسێكی باڵای شیعەی عێراق نەیانویست بچنە ژێر باری تەریقبوونەوە (ئیحراجی)ی بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئەردۆغان بۆ خولی سێیەم؛ بۆ ئەو مەبەستەیش "فوئاد حسێن"ی كوردو وەزیری دەرەوەیان ڕاسپارد بۆ بەشداریكردن لەو بۆنەیە، لەكاتێكدا لەناو 78 سەرۆك شاندی بەشدار، 21 سەرۆك دەوڵەت‌و 13 سەرۆك وەزیران‌و 12 سەرۆك پەرلەمان هەبوون ([7])، كەچی زۆر لەوانەیش وەك عێراق دراوسێی توركیا نین‌و دۆسیەی هاوبەش‌و تێكچڕژاویان لەگەڵیدا نییە. ئەم ڕوانینە پڕ لە سڵەمینەوەیەش لە عێراقەوە بۆ ئەردۆغان لە ئێرانیش تاڕادەی زۆربەهەمان شێوەیە، لە "تاران"یش بۆچوونەكان لەسەر ئەوە بوون ڕاستە ئەردۆغان هەماهەنگیی هەیە لەگەڵ ئێران‌و لە دۆسیەی گەمارۆكان بە شێوازی جیاواز لە خۆدزینەوە لە گەمارۆكان یارمەتیی ئێران دەدات، بەڵام لە دورمەودادا مەترسییەكی ستراتیژییەو ئەگەر لە هەڵبژاردن بكەوتایە، ئەوە مەترسیی ئایندەیی‌و دورمەودا كەمتر دەبوو لەسەر ئێران ([8]).

دۆسیە هاوبەشەكانی عێراق لەگەڵ توركیای ئەردۆغان 
بۆچوونێك هەیە كە لە كابینەی نوێی ئەردۆغاندا دوو بەرپرسی كابینەكە، لە دۆسیەكانی پەیوەست بە عێراق ڕۆڵی سەرەكی دەبینن: "ئیبراهیم كاڵن"، سەرۆكی نوێی دەزگەی هەواڵگری‌و "هاكان فیدان"، وەزیری دەرەوە، كە پێشتر سەرۆكی "میت" بووە؛ هەردوو كەسایەتییەكەیش پەیوەندی‌و ئاگادارییان لەناوخۆی عێراقدا هەیە ([9]). پاشخانی فیدان لە كاركردنی لە سەرۆكایەتیی "میت"دا بووە؛ هەروەها بە "پیاوی سێبەر"و "سندوقی ڕەشی ئەردۆغان"و كەسی متمانەپێكراوی سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بۆ دەكرێت. لەماوەی 13 ساڵیشدا لە زۆر دۆسیەدا كاریكردووە كە پلاندانان‌و جێبەجێكردنیشی لەخۆگرتووە لە یەككاتدا ([10]). هەرچی "ئیبراهیم كاڵن"یشـە بە یەكێك لە دەستەبژێرە سیاسییەكانی حزبی دادو گەشەپێدان دادەنرێت‌و یەكێك لە ڕاوێژكارە دیارەكانی ئەردۆغانە لە داڕشتنی سیاسەتەكانی دەرەوەی توركیا، بەتایبەت لە هەردوو دۆسیەی ئەمریكاو ئەوروپا؛ سەرپەرشتیی دۆسیەی سوریاشی كردووە لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمریكا، جەیمس جێفری‌و پشتیوانیی ئەمریكاو ڕۆژاوای بۆ توركیا لە دۆسیەی داعشدا مسۆگەر كردووە. سەرەڕای ئەوەیشی سیاسەتمەدارە، پسپۆڕیی هەیە لە فەلسەفەو مێژووداو ئەكادیمیستە ([11]). گرنگترین ئەو دۆسیانەیشی لە كابینەی نوێی ئەردۆغان لەنێوان توركیاو عێراقدا كراوەن‌و كاریگەر دەبن بە سەركەوتنەوەی ئەردۆغان، دەكرێت پۆلێن بكرێن بۆ ئەمانەی خوارەوە:

بنكە سەربازییەكان
بەپێی زانیارییە بەردەستەكان، توركیا 11 بنكەی سەربازیی سەرەكی‌و 19 سەربازگەی بنەڕەتیی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە بەشی باكوری عێراقە. هەندێك ڕاپۆرتی تر ئاماژە بەوە دەكەن كە لەئێستادا نزیكەی 19 بنكەی توركیا لە عێراق هەن كە 15 بنكەیان سەربازین‌و چوارەكەی تریش بنكەی هەواڵگرین. لە سەرجەم ئەمانەیشدا نزیكەی سێ هەزار سەربازی توركی هەن كە لە 100 كم لە قوڵاییی خاكی عێراقدا هاتوچۆ دەكەن. جگە لە سەربازەكانیش ژمارەیەكی زۆر دەزگەی هەواڵگرییان لەگەڵدایە (میت) ([12]). ئەم پەلكێشانەی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق بەزۆری لە سەردەمی ئەردۆغاندا قوڵبووەتەوەو پەلی هاوییشتووە. بە بۆچوونی لایەنە شیعەكانیش، سەرباری ئەوەی ئەم هێزە زەبەلاحە لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی PKK كار دەكەن، بەڵام ئەركی تری ئەوان كەڵكوەرگرتنە لەو هێزە عێراقی‌و توركمانییانەی نزیكن لە توركیا ([13])؛ هەروەها پێیانوایە ئەم هێزانە بەشێكن لەو سێبەرەی، توركیا لە عێراق بۆ خۆی دروستكردووە.
ئەردۆغان كەڵكی زۆری لە جەنگی داعش وەرگرت (2014_2018) و، بەم هۆیەوە ئەنقەرە بەشداریی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا كرد. لێرەیشدا هێزەكانی توركیاش ئەركی مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگەو مەشقپێكردنی هێزەكانی "حەشدی نیشتمانی"یان پێ سپێردرا كە لەلایەن پارێزگاری پێشووی موسڵ، "ئەسیل نوجێفی"یەوە سەرپەرشتی دەكران ([14]). بەم جۆرەیش حكومەتی ئەردۆغان جۆرێك لە باڵانسی چنگ كەوت بەرامبەر هەڵكشانی میلیشیاو گروپ‌و دەستە شیعەكان بەرەو موسڵ‌و تەلەعفەر لەسەر سنوری توركیا؛ بەم هۆیەیشەوە، هاتنی توركیا لە جەنگی داعش‌و بڵاوبوونەوەی پێشووتری لە سنورەكان لە جەنگی پارتی كرێكارانەوە، گۆڕا بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی ژێرپەردە لەگەڵ ئێران‌و، لە ئیستادا توركیای ئەردۆغان ئەم ئامادەبوونە سەربازییە وەك بەربەستێك دەبینێت كە ڕێگری دەكات لە كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی لەلایەن هێزە پڕۆئێرانییەكان.
هەرچەندە زۆرینەی شیعی لە پەرلەمانی عێراق پاش كوژرانی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس (كانونی دووەمی 2020) بڕیارێكیان لە پەرلەمانی عێراق دەركرد بۆ كردنەدەرەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان ([15])، بەڵام هیچ كات ئەردۆغان‌و حكومەتەكەی خۆیان لەمە تێنەگەیاندووەو بەپێچەوانەوە لەم ساڵانەی دواییدا قەبارەی پەلكێشانی توركیا لەڕووی سەربازییەوە بۆ ناو خاكی عێراق لە جاران زیاتر بووە؛ چونكە بە بۆچوونی توركیا بڵاوبوونەوەی سەربازی لە عێراق نەك هەر سەری ڕمێكی پێشكەوتوو پێكدەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشە سەربازی‌و ئەمنییانەی لەوێوە دێن، بەڵكو ڕۆڵی هەیە لە بەدیهێنانی هاوسەنگیی جیۆ-ئەمنی‌و جیۆ-سیاسی لە ناوەوەو دەرەوەی عێراق؛ هەروەها گەرەنتیی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەكانی ئەنقەرەش دەكات ([16])، بەتایبەت كە دیدگەی ئەردۆغان، دیدگەیەكی سوننەگەرایی‌و درێژكراوەی پرۆژەی عوسمانییە. لە دەمی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی توركیاشدا ئۆپۆزیسیۆنی توركی زۆرجار باسیان لەوە كردووە، بڵاوبوونەوەی سەربازیی توركیا لە عێراق هیچ سەركەوتوو نەبووە لە بەدیهێنانی ئامانجی سەركوتكردن‌و كێوماڵكردنی PKK، بەڵكوو زیاتر هۆكارێك بوون بۆ خزمەتكردنی ئەجێندا تایبەتەكانی ئەردۆغان ([17]).

پلانە ئەمنییەكان
ئەردۆغان لە مەراسیمی سوێندخواردندا جەختی لە بەردەوامیی كێوماڵ‌و "قەڵاچۆكردنی مەترسییە ئەمنییەكان" كردەوە تا بەدیهاتنی ئامانجەكانی ([18]). ئەمەیش بە جۆرێك لە جۆرەكان بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەكانە بۆ هەرێم‌و بەشە باكورییەكەی عێراق، كە لەپاش گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن لە شنگال‌و پاش گەڕی دووەمیش لە "چیای ئاسۆس"ی شارباژێڕی سلێمانی بەكردەوە ڕوویدا. ئەم هێرش‌و هەڵمەتانەیش جگە لە تەریقكردنەوەو ڕیسواكردنی سەروەریی عێراق، لە هاوینی پاردا هەشت قوربانیی خەڵكی ناوەڕاست‌و باشورو 26 برینداری لە ڕیزی گەشتیارانی مەدەنیی لێكەوتەوەو تائێستایش توركیا نەچووە ژێر باری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ڕووداوەكە ([19]). هەروەها بەردەوامیش قوربانیی مەدەنی‌و زیانی ماددی لە ناوچە گوندنشینە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان لێدەكەوێتەوە كە بەرپرسیارێتیی دەستوریی پاراستنی سەروەریی خاكەكەی لەڕووی تیۆرییەوە لەئەستۆی حكومەتی عێراقەو جگە لەوەی مایەی ڕیسوایی‌و تەریقبوونەوەیە، دەرگە دەكاتەوە بۆ گرووپە شیعەكان بانگەواز بۆ "بەرەنگاربوونەوەی داگیركاریی توركی" بكەن لە بەشی "باكوری عێراق".

بە سەرنجدانیش لە كابینەی نوێی ئەردۆغان، بەرنامەی كارو پێشینەی وەزیری نوێی بەرگریی توركیا "یەشار گولەر" كە جێگرەوەی "خلوسی ئاكار"ە، هەر هەڵگری ئاماژەی بەردەوامی هێرشەكانی توركیایە بۆ سەر هەرێم، چونكە وەزیری بەرگریی نوێ، سەرۆك ئەركانی سوپا بووە لەبەردەستی خلوسی ئاكار؛ هەروەها وەزیری بەرگریی نوێ، لەبەر چالاكییەكانی چەندانجار خەڵات كراوەو، هەندێك بۆچوونیش لەسەر ئەوەن ئەم وەزیرە هەمان ستراتیژیی پێشوو لە لیبیاو سوریاو عێراق‌و ئازەربایجان پیادە دەكات لەگەڵ پەرەپێدانی پیشەسازیی جەنگی‌و فۆكەسی زیاتر لەسەر سنوری باشوری توركیا لەبەری عێراق‌و سوریاوە ([20]).

دۆسیەی ئاو
لە سەردەمی ئەردۆغان بەكارهێنانی سەرچاوەكانی ئاوی دیجلەو فورات وەك كارتێك بەرامبەر عێراق، قۆناغی زۆری بڕیوە، بەتایبەت پاش ئەوەی توركیا سەركەوتوو بوو لە دروستكردنی ژمارەیەكی زۆر بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاوی دیجلە، لەكاتێكدا وشكەساڵی‌و كەمیی باران باڵی بەسەر كەشی ناوچەكەدا كێشاوە. بەپێی زانیارییە بەردەستەكانیش لەئێستادا بەردانەوەی ڕووبارەكانی دیجلەو فورات بۆ عێراق لە ئاستی تەنیا 30%ی شایستەیی‌و مافە سروشتییەكانی وڵاتەكەیە (313م سێجا لە دیجلەو 175م سێجا لە فورات لە چركەیەكدا). ([21]) لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا سەرجەم هەوڵەكانی عێراق لەگەڵ حكومەتی ئەردۆغان بێئەنجام بووە بۆ واژۆكردنی ڕێككەوتننامەیەك لەبارەی دابەشكردنی ئاو لەنێوان هەردوو وڵات، چونكە توركیا بەباشی لە گرنگیی كارتی ئاو دەگات بۆ بەكارهێنانی بەرامبەر عێراق‌و، بەپێی سەرچاوە توركییەكانیش كۆدەنگی هەیە لەناوخۆی وڵاتەكە بۆ دەستگرتن بە كارتی ئاوەوە وەك هۆكارێكی كاریگەری گوشار. هەر لەم نێوەیشدا لە بەهاری ئەمساڵ كە "محەمەد شیاع سودانی" سەردانی توركیای كرد، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، تەنیا لەسەر ئەوە ڕازی بوو بە شێوەیەكی سنوردارو بۆ ماوەی یەك مانگ بەردانەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە لە توركیاوە زیاد بكات تا "یارمەتیی عێراقی دراوسێ بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی "([22]). ئەم بڕە ئاوە كاتی‌و سنوردارەیش، زۆر كەمترە لە پێداویستییەكانی عێراق‌و چاوەڕوانییەكانی لە توركیای دراوسێ. هەندێ زانیاریش باس لەوە دەكەن، بەردانەوەی ئاوی ئەو مانگەیش لەلایەن ئەردۆغانەوە، بە مەرجی هاوكاریكردنی ئەنقەرە بووە لەلایەن عێراقەوە لە جەنگی پارتی كرێكاران (pkk) ([23]).

ڕێگەی پەرەپێدان

حكومەتی عێراق لەناو كۆنگرەیەكدا كە بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێی لە بەغدا ئامادەی بوون (27ی ئایاری 2023)، پڕۆژەیەكی ڕێگەوبان‌و هێڵی ئاسنی ئاشكرا كرد كە بڕیارە كەنداو بە سنوری توركیا ببەستێتەوە. ئەم پرۆژەیە كە خەونێكی دێرینی عێراقییە، بەشێكە لە هەوڵەكانی كەڵكوەرگرتن لە پێگەی جیۆستراتیژیی عێراق‌و هەمەجۆركردنی سەرچاوەی ئابوری‌و بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەر. حكومەتی عێراق تێچووی پرۆژەكەی بە نزیكەی 17 ملیار دۆلار خەمڵاندووە كە درێژییەكەی 1200كم دەكات لە ناوخۆی عێراقدا ([24]). ئەم پرۆژەیە ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری بووەتەوە كە ناوخۆیی‌و دەرەكین؛ ناوخۆیییەكان دیارترینیان گومانە لە توانای جێگرتنەوەو ڕكابەریكردنی ڕێگە تەقلیدییەكانی ئێستای ڕێڕەوی بازرگانیی نێودەوڵەتی (سوێس بە نموونە)، هەروەها مەترسییەكانی جێبەجێكردنی لە دۆخی گەندەڵیی سیاسی‌و داراییی بەربڵاو لە عێراق‌و لاوازی دەزگەكانی دەوڵەت بۆ سپۆنسەركردن‌و سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەیەكی بەم قەبارەیە ([25]). لەسەر ئاستی دەرەكییش هیچ دەوڵەتێك جگە لە توركیا دەستگیرۆییی عێراقی ڕانەگەیاندووە. بۆ ئەوەی گفت‌و بەڵێنەكانی توركیاش ببنە كردار، لە ساڵانی داهاتوودا هەنگاوی زۆر، پێویستن، چونكە ئەگەر هات‌و لەناو خاكی توركیادا تۆڕێك هیڵی شەمەندەفەری تەواوكەرو جاددە دروست نەكرێن، ئەوە پرۆژە عێراقییەكە ئەو گرنگییەی نابێت كە باس دەكرێت‌و لە كۆتاییدا لە ناوخۆی وڵاتدا قەتیس دەبێت. بەڵام سەرباری گفتەكانی ئەردۆغان لە دەمی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی پرۆژەكە، ترس‌و دڵەخورتێی توركیا ڕوونە لە پەلكێشانی شیعەكان بۆ سنورەكەی؛ لە بەرامبەریشدا هێزە شیعە حوكمڕانەكان هەمان ترسیان لە خەونە فراوانخوازییەكانی توركیا هەیەو بەگومانن ئەردۆغان لەم ڕێگەیەوە كارتی جموجۆڵی بازرگانی بقۆزێتەوە بۆ بوژاندنەوەی پڕۆژە فراوانخوازییەكەی لە ناوچەكانی ویلایەتی موسڵی جاران كە لەسەر ڕێگەی دەروازەكەیە؛ هەروەها بەپاساوی پاراستنی كاروانە بازرگانییەكانیش هێزی ئەمنی‌و سەربازیی زیاتر بهێنێتە ناو خاكی عێراقەوە ([26]). بەشێك لەم ترس‌و دڵەڕاوكێیەیش هۆكارن بۆ ئەوەی هەندێك هێزی شیعەی بەشدار لە حكومەتی سودانی بەتوندی دژی پرۆژەكە بوەستنەوەو باس لەوە بكەن پارە بەفیڕۆدانە و پەرەپێدانی لێ شین نابێت ([27]).

دۆسیەی نەوت
نوێترین كێشەی هەڵپەسێردراوی نێوان توركیاو عێراق دۆسیەی نەوتەو، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و تاوانباركردنی توركیا بە فرۆشتنی ئەو نەوتە بەبێ ئاگاداریی عێراق‌و دانانی بڕی 1.4 ملیار دۆلار پێبژاردنی لە ئەستۆی توركیا ([28]). لە كاتی ڕاگەیاندنی بڕیارەكەیشەوە (25ی مارسی 2023) ئەردۆغان‌و دەسەڵاتدارانی وزەی توركیا بە ڕق‌و گیانی تۆڵەكردنەوەوە مامەڵە لەگەڵ هەناردەكردنەوەی نەوتی عێراق دەكەن لە ڕێگەی پەكخستنی گەیشتنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم‌و كەركوك بۆ بازاڕەكانی جیهان كە دەكاتە 0.5% بەرهەمی جیهانی. بەم هۆیەیشەوە لە 25ی مارسی 2003 بەدواوە هەناردەكردنی نەوت ڕاگیراوە، لەكاتێكدا بەپێی هەموو خەمڵاندنە فەرمییەكانی عێراق، دەبوو ئەوپەڕی لە نیوەی یەكەمی ئایاری 2023 هەناردە دەستی پێ بكردایەتەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی بەغداو هەولێرو كۆمپانیاكان لەسەر میكانیزمی نوێ ڕێككەوتن ([29]). بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن ئەردۆغان بەبێ وەرگرتنی دڵنیایی لەبارەی چارەنوسی بەشی دووەمی سكاڵاكە لە بەردەستی دەستەی ناوبژیوانیی پاریس، نەوت هەرنادە ناكاتەوە. دۆسیەكەیش پەیوەندیی بەدۆخی پاش 2018 هەیەو چەند سەرچاوەیەك پێشتر باسیان لەوە كردووە توركیا دەیەوێت ئەم كێشەیە چارەسەربكات پێش ئەوەی لە ڕێگەی بۆرییەكانەوە هەناردە بكاتەوە ([30]). ئەمەیش بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو بەجێهێڵراوە.

پەیوەندیی توركیا و هەرێم
هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی سیاسی‌و ئابوری‌و جوگرافیی تێكچڕژاوی هەیە لەگەڵ توركیا. لە ساڵی ڕابردوویشدا (2022) بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەردوولا، گەیشتۆتە 12 ملیار دۆلار كە لەنیوە زیاتری كۆی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانە لەگەڵ عێراق ([31]). ئەم پەرەسەندنە بازرگانییەیش بەشی زۆری هی دوو دەیەی حوكمڕانیی ئەردۆغانەو پەیوەندیی هەردوولاش زیاتر بنەڕەتێكی ئابورییانەی هەیە بەر لە كایەكانی تر. لەم بەینەیشدا توركیای ئەردۆغان بەسەربەخۆ نەوتی بۆ هەرێمی كوردستان فرۆشتووەو، هەردوولاش لە پرۆسەكە سودمەند بوون، بەڵام لە ڕووی ئەمنییەوە پەیوەندیی هەرێم‌و توركیا لەژێر كاریگەریی هەڵكشان‌و داكشانی گرژییەكانی پارتی كرێكاران‌و ئەنقەرەدا دەمێنێتەوە. ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەیش سێبەرو لێكەوتەی لەسەر ئاستە سیاسی‌و ئابورییەكەیش دەبێت، وەك لە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی "فڕۆكەخانەی سلێمانی"دا دەركەوت بە پاساوی هاوكاریكردنی PKK كە ئێستا بووەتە هۆی ڕاگرتنی 105 گەشتی مانگانەی فڕۆكەخانەكە؛ ئەمەیش دەكاتە 35_40%ی كۆی گەشت‌و چالاكییەكانی فڕۆكەخانەكە ([32]). دۆسیەی فڕۆكەخانەكەیش نموونەیەكە لە هەژموونی دۆسیەی ئەمنی بەسەر پەیوەندییە سیاسی‌و ئابورییەكانی توركیاو هەرێمی كوردستان‌و، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە بە جۆرو شێوازی تر.

پوختەو ڕاسپاردە
سەرباری ئەوەی دەسەڵاتدارێتیی شیعەی عێراق كەیفخۆش نییە بە كەسایەتیی ئەردۆغان، بەڵام سنورو بەرژەوەندی‌و پێداویستی، ناچاری دەكات مامەڵەی لەگەڵدا بكات بەبێ ئەوەی بە نموونەیەكی پەسەندكراوی بزانێت؛ لە بەرامبەریشدا توركیا، عێراق وەك دەرفەت‌و بازاڕ دەبینێت‌و ئامادەیی سەربازییش لە خاكەكەی، وەك هۆكارێك دەبینێت بۆ هاوسەنگكردنی باڵانس لەگەڵ ئێران‌و باڵەكانی. بەگوێرەی ئاماژەكان لە كابینەی نوێی ئەردۆغاندا هەواڵگری‌و وەزارەتی دەرەوە لە دۆسیەكانی عێراق ڕۆڵی گەورە دەبینن‌و، جگە لە دۆسیە گەرمەكانی ئاسایش‌و بڵاوبوونەوەی سەربازی، دۆسیەی سامانی ئاو و "ڕێگەی پەرەپێدان"و دۆسیەی هەناردەكردنی نەوت لە پەیوەندییەكانی هەردوولادا ئامادەییی گەورەیان دەبێت.
لەسەر ئاستی عێراق، بۆ هەرێمی كوردستان تەنیا دەرفەت لە پەیوەندییەكانی بەغداو ئەنقەرە، دژایەتییەكانی هێزە شیعە حوكمڕانەكان‌و دەسەڵاتدارێتیی ئەردۆغانە؛ بەوپێیەی شیعەكان ئەردۆغان بە مەترسی دەبینن‌و ئەویش پەلكێشانی باڵە ئێرانییەكان بە هەمان شێوە. ئەمەیش دەكرێت هاندەری توركیا بێت كە هەرێم لە نەخشەی عێراق نەسڕێتەوەو لە "ڕێگەی پەرەپێدان"یش، كوردستان نەگۆڕێتەوە بۆ تەلەعفەرو دەروازەی نوێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێراق لە پارێزگای نەینەواو كاركردنیش لەسەر ئەم دژیەكییە، وریایی‌و پلانی وردی پێویستە.

([1])https://2u.pw/Pb9wQ2

([2])https://2u.pw/3vsqZC

([3])https://2u.pw/BuZFTvH

([4])https://2u.pw/AGMJ94

([5])https://cutt.us/8Ynnc

([6])https://2u.pw/AGMJ94

([7])https://2u.pw/KzGoim

([8])https://2u.pw/GTgiTj

([9])https://2u.pw/0PS40I

([10])https://2u.pw/BuZFTvH

([11])https://2u.pw/fAvRBkc

([12])https://bit.ly/2MfPm9E

([13])https://cutt.us/xmaGW

([14])https://cutt.us/oQveI

([15])https://cutt.us/ZQF4v

([16])https://cutt.us/uLr47

([17])https://cutt.us/VA6kt

([18])https://2u.pw/R2ioUP

([19])https://2u.pw/npLvm4

([20])https://2u.pw/vEGq0M

([21])https://2u.pw/rnFxQV

([22])https://cutt.us/MX5Pp

([23])https://cutt.us/LChS1

([24])https://cutt.us/nZspJ

([25])https://cutt.us/rlJk5

([26])https://bit.ly/3zwTwQj

([27])https://cutt.us/T0Gky

([28])https://cutt.us/W8YU1

([29])https://cutt.us/dJ8JN

([30])https://cutt.us/MTY6c

([31])https://cutt.us/GwQvK

([32])https://cutt.us/F9rdX

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand