Draw Media

عێراق نۆیەم سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت

عێراق نۆیەم سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت

2018-10-01 14:04:43


( درەو میدیا): 

بڕیارە كاتژمێر 8ی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نۆیەم سەرۆك كۆماری عێراق لەدوای دروستبونی سیستمی كۆماریی لەساڵی 1958وە، لەعێراق هەڵبژێرێت.
ژمارەی ئەو كەسانەی خۆیان پاڵاوتوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار 31 كەسن، 24 كاندیدیان مەرجە یاساییەكان تیادابووە بۆ خۆپاڵاوتن، 6 كاندید لە كێبڕكێكە دوورخراوەنەتەوە و كاندیدێكیش كشاوەتەوە.
فوئاد حسێن كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرهەم ئەحمەد ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆرترین چانسیان هەیە لەنێو كۆی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەگەڵ ئەوەی دانوستەكانی یەكێتی و پارتی بۆ ڕێككەوتن لەسەر كاندید و كشانەوەی دووەمیان بەردەوامە، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەكی گەیشتن بەڕێككەوتن نیە و بەهێزترین ئەگەرەكان ئەوەیە هەردوولا بەكاندیدێك داخڵی هەڵبژاردنی ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق بن بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان لە بەیانی ئەمڕۆوە بۆ كاتژمێر 8ی ئەمشەو بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتربوو بەلایەنە كوردییەكان و ئەنجامدانی دوایین كۆبونەوە لە نێوان هیزە كوردییەكان لەپێناو گەیشتن بەسازان و ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و هەموو ئاماژەكانیش دەڵێن ئەگەر ڕێككەوتنی دواساتەكان نەبێت، ئەمشەو پەرلەمانی عێراق ناتوانێت كاندیدێك یەكلابكاتەوە، بەهۆی ئەوەی هیچكام لەكاندیدەكان بە هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی و پارتیشەوە ناتوانن دوو لەسەرسێی دەنگەكان بەدەستبهێنن و هەڵبژاردنی خولی دووەم  دەكەوێتە سبەینێ‌ كە دوا وادەی دەستورییە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق .  
ئەوە لەكاتێكدایە، هەریەك لە فوئاد حسێن و بەرهەم ساڵح تەئكید لەسەر سەركەوتنیان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی لایەنە عێراقییەكان دەكەن، فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت، بەدەنگدانی ناو فراكسیۆنە كوردییەكانبێت یان هەڵبژاردنی ناو پەرلەمانی عێراق سەركەوتنی مسۆگەرەو دەبێت بەسەرۆك كۆماری عێراق.
لەبەرامبەردا بێستون عادل پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، كاندیدەكەیان (بەرهەم ساڵح) زۆرترین چانسی هەیە بۆئەوەی ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت، بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، بەرهەم ساڵح هەموو ئەو خەسڵەتانەی تیادایە كە پێویستە بۆ گرتنەدەستی ئەو ئەركە، وێڕای ئەو پەیوەندییە فراوانەی كە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان هەیەتی.
بەپێی ماددەی 70 لەدەستوری عێراق، سەرۆك كۆمار بەزۆرینەی دوو لەسەرسێی كۆی ئەندامەكانی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت و پێویستە كاندیدی سەركەوتوو لەكۆی 329 دەنگ  220  بەدەستبهێنێت لە خولی یەكەمی دەنگداندا، ئەگەر هەڵبژاردن چووە خولی دووەم ئەوا هەر كاندیدێك زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆك كۆمار.
یەكەم ئەركی سەرۆك كۆمار دوای سوێندخواردنی لەبەردەم سەرۆكی دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەرانیش دیاریكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیە بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدەكەی و ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو. 
  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand