فوئاد حسێن: ئەیبەمەوە و ئەبم بە سەرۆك كۆمار
2018-10-01 10:49:03
(درەو میدیا):
فوئاد حسێن دەڵێت، بە هەڵبژاردنی ناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێت یان دەنگدان لەناو پەرلەمانی عێراق دەنگی زۆرینە دەهێنێت و سەردەكەوێت، پێشبینیش دەكات یەكێتی بەرهەم ساڵح بكشێنێتەوە.
فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، كاندیدی مەسعود بارزانییە بۆ پۆستی سەرۆك عێراق و زۆرینەی سەركردە عێراقییەكانیش پشتیوانی لێدەكەن ئەو پۆستە وەربگرێت.
ڕەتیشیكردوەتەوە لەبەرامبەر پۆستی پارێزگای كەركوك لە كێبڕكێی پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێتەوە و ڕایگەیاندووە، پۆستی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە هەیە كە زۆربەی ئەندامەكانی پارتین و بە یەكێتییان وتووە، ئەگەر بگەنە ڕێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار پرسی پارێزگای كەركوكیش چارەسەردەكەن.
فوئاد حسێن ڕاشیگەیاندووە، پارتی و مەسعود بارزانی سورن لەسەر ئەو میكانیزمە كە لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكانەوە كاندیدێك دیاریبكرێت، تەئكیدیشی كردووە، بەهەڵبژاردنی ناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێت یان دەنگدان لەناو پەرلەمانی عێراق دەنگی زۆرینە دەهێنێت و سەردەكەوێت، پێشبینیش دەكات یەكێتی بەرهەم ساڵح بكشێنێتەوە.