Draw Media

" شینگن" چیرۆكی ئەو گوندەی سنوری نێوان وڵاتانی ئەوروپای کردەوە

" شینگن" چیرۆكی ئەو گوندەی سنوری نێوان وڵاتانی ئەوروپای کردەوە

2018-12-12 18:29:30


نوسینی: كریستین هینتۆن/ بی بی سی 
وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ

لە چاوتروكانێكدا گەشتیار لە وڵاتە بچوكەكانی ئەوروپاوە بەبێ‌ ئەوەی هەست بە هیچ بەربەستێك بكات تێدەپەڕێت و سنوری چەندین دەوڵەت دەبڕێت، یەكێك لەو وڵاتە بچوكانە لۆكسمبۆرگە كە بە كەمتر لە كاتژمێرێك بە ئۆتۆمبیل دەتوانیت لە ئەمسەری ئەو وڵاتەوە بچیتە ئەوسەری و پاشان بەبێ‌ ئەوەی هەست بە هیچ سنورێك بكەیت، بگەیتە وڵاتانی دراوسێی وەك فەرەنسا، یان ئەڵمانیا یان بەلجیكا.
ئاسانی هاتوچۆكردن بەنێو ئەو وڵاتانەدا دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنێك كە زیاتر لە 30 ساڵ لەمەوبەر لە گوندی " شینگن" لە باشووری خۆرهەڵاتی لۆكسمبۆرگ ئیمزاكرا و ئەو رێككەوتنە كە ناوی گوندەكەی لێنرا، سروشتی هاتوچۆكردنی بە نێو ئەوروپادا گۆڕی و لەو كاتەشەوە تائێستا بەردەوام گۆڕانكاریی بەسەردا دێت.
لۆكسمبۆرگ
سەرەتا لۆكسمبۆرگ وەك ناوەندێكی ساردی بازرگانی دەردەكەوێت, كە گەورە سەرمایەدار و خاوەنكارانی ئەوروپا پارە و سامانەكانیانی تێدا بەڕێوەدەبەن، هەروەها ئەو وڵاتەی كە بەشێكی زۆر كەمی لەسەر نەخشە داگیركردووە، زۆربەی جار لەلایەن ئەو گەشتیارانەوە پشتگوێ دەخرێت كە سەردانی وڵاتە گەورەكانی دراوسێی دەكەن.
ئەم وڵاتە بچوكە یەكێكە لە ئەندامە دامەزرێنەرەكانی ئەوەی ئێستا بە یەكێتی ئەوروپا ناسراوە و پایتەختەكەی " لۆكسمبۆرگ سیتی" لە پاڵ برۆكسل و ستراسبۆرگی فەرەنسا یەكێكە لەو سێ‌  پایتەختەی رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە بەڕێوەبردنی كاروباری یەكێتییەكەدا.
سیستمی حكومڕانی لۆكسمبۆرگ پاشایەتی دەستورییە و كەوتوەتە نێوان دوو كۆماری زەبەلاحی فەرەنسا و ئەڵمانیاوە، بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە ئەو وڵاتە بچوكە لە میانی هەردوو جەنگی جیهانیدا باجێكی زۆری داوە كە مێژوو گەواهی بۆدەدات.
لۆكسمبۆرگ بە پیشەسازی مەی و چێشتخانەی گرانبەها و مۆزەخانە و مۆنۆمێنتی زۆر بەناوبانگە  لەگەڵ قەڵا بەناوبانگەكەی كە لە لیستی شوێنەوارەكانی یونیسكۆدایە، ئەمە جگە لە شارە دێرینەكەی و مەزاری ژەنەراڵ جۆرج ئێس باتۆن جۆنیۆر و خەڵكەكەشی زۆر عاشقی خۆراكە دەریاییەكان و جۆرەكانی پەنیر و خواردەمەنین.
ساڵی 1985 لۆكسمبۆرگ رۆڵی بنەڕەتی گێڕا لە ئیمزاكردنی پەیماننامەی شینگن وەك رێككەوتنێكی یەكلایەنە بۆ گەرەنتیكردنی ئازادی هاتوچۆ لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا.
لە میانی گەڕانمدا لەم وڵاتە مێژوویەدا دابەزیمە دۆڵی " مۆزیل" لە خۆرهەڵاتی لۆكسمبۆرگ كە رووبارەكەی بەرەو باشوور سەرچاوەیگرتووە و لۆكسمبۆرگ لە ئەڵمانیا جیادەكاتەوە و چەندین رەزی ترێ‌ گردەكانی نێوان گوند و شارۆچكەكانی داگیركردووە.
پێش ئەوەی گەشتەكەم تەواوببێت گەیشتمە گوندی شینگن كە كەتووەتە نێو رەزەكان لەبەری خۆرئاوای رووباری مۆزیل، ژمارەی دانیشتوانەكەی لە 520 كەس كەمترە، هەرچەندە لە ریزی شار و شارۆچكە پرشنگدارەكاندا نیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش میوانداری رێككەوتنێكی تێداكراوە كە سیما و سروشتی هاتوچۆكردنی بە ئەوروپادا گۆڕی.
لەم گوندەدا نوێنەرانی هەریەك لە بەلجیكا، فەرەنسا, لۆكسمبۆرگ كە ئەوكات بە ئەڵمانیای خۆرئاوا دەناسرا لەگەڵ هۆڵەندا بەیانی 14ی حوەزیرانی 1985 كۆبووونەوە بۆ پەسەندكردنی رێككەوتنێكی پێشەنگ بۆ كردنەوەی سنورەكان.


باكگراوندێكی مێژوویی
گۆڕەپانی ئەوروپا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا چەندین پەیماننامە و رێككەوتن و هاوپەیمانێتی دژ بەیەكی بەخۆیەوە بینیوە، كە چەندین بەربەستی بیرۆكراتیی نەبڕاوەیان بینیوە و لێرەدا پێویستە بۆ تێگەیشتنی رەهەندەكانی ئەو دیمەنانەی بوونە هێنانە كایە پەیماننامەی شینگەنەوە بخرێنەڕوو.
كاتێك ساڵی 1944 جەنگی دووەمی جیهانی بەرەو كۆتایی دەچوو، بەلجیكا ولۆكسمبۆرگ و هۆڵەندا یەكێتییەكی سێ‌ قۆڵییان پێكهێنا كە بە " بەنیلۆكس" ناسرا، ئەوەش بە ئامانجی تێپەڕاندنی ناخۆشییەكانی ساڵەكانی دواتر و بە هیوای پتەوتركردنی بازرگانی لە رێگەی رێككەوتنێكی گومركییەوە. 
پاشان ساڵی 1957 پەیماننامەی رۆما هات بۆئەوەی بەنیلۆكس فراوانتربكات و گروپی ئابوریی ئەوروپی دابمەزرێنێت بۆئەوەی یەكێتی گومركی فراوان بكات و شەش ئەندامی دامەزرێنەر بگرێتەوە كە ئەوانیش گروپی بەنیلۆكس و ئەڵمانیای خۆرئاوا و فەرەنسا و ئیتالیا بوو.
لە سەرەتای هەشتاكاندا گروپی ئەوروپا بووە دە وڵات و ئەندامەكانی كۆت و بەندی سنوری نێوانیان سوككرد، بەڵام نەگەیشتە ئاستی هەڵگرتنی تەواوەتی، چونكە كۆنترۆڵكردنی سنورەكان توانایەكی مرۆیی زۆری دەوێت و یەكێك بوو لەو كۆسپ و تەگەرانەی كە پێویست بوو كاربكرێت بۆ رزگاربوون لێی.
وڵاتانی ئەندام ناكۆك و جیاوازبوون، نیوەیان داوایانكرد ئازادی هاتوچۆ تەنها بۆ هاوڵاتیانی یەكێتی ئەوروپا بێت و سنورە ناوخۆییەكان بۆ جیاكردنەوەی هاوڵاتیانی یەكێتی ئەوروپا و بیانییەكان بەردەوام بێت.
بەوتەی مارتینا نیب، لێپرسراوی مۆزەخانەی شینگنی ئەوروپی بیرۆكەی سنوری كراوەی ساڵی 1985 " شتێك بوو بڕوای پێنەدەكرا، بەو پێیەی كارێكی نمونەیی بوو، هیچ كەسێك گومانی نەبوو كە رۆژێك ببێتە راستی". و پاشان رێگە بە هەر پێنج وڵات " سیانی بەنیلۆكس و فەرەنسا و ئەڵمانیای خۆرئاوا" درا كە خوازیاری ئازادی هاتوچۆی مرۆڤ و گواستنەوەی شمەك بوون، ببنە پێشەنگ لە دامەزراندنی ناوچەیەكدا كە ئێستا بە ناوچەی شینگن دەناسرێت.


بۆچی شینگن؟
لەكاتێكدا لۆكسمبۆرگ سەرۆكایەتی گروپی ئابوری ئەوروپی دەكرد، رێگە بەو وڵاتە بچوكە درا شوێنێك بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە دیاریبكات و شینگن تاكە شوێن بوو كە فەرەنسا و ئەڵمانیا بكاتە هاوسنوری وڵاتانی ئەندامی بەنیلۆكس و پاشان ئەو شوێنە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە دیاریكرا و بەمشێوەیە شینگن بووە شوێنی بەیەكگەیشتنی هەرسێ‌ وڵات و نوێنەرانی ئەو وڵاتانە رێككەوتنەكەیان ئیمزاكرد، لەسەر كەشتییەكی گەشتكردن بەناوی " ئێم ئێس پرەنسیس ماری – ئەسترید" كە لە شوێنی بەیەكگەیشتنی هەرسێ‌ سنورەكە لە ئاوی رووباری مۆزیلدا لەنگەری گرتبوو.
رێككەوتنەكە لە كاتی خۆیدا سەرنجی زۆر بۆلای خۆی رانەكێشا، هەروەها زۆریش پشتگیری لێنەكرا، جگە لە پێنج ئەندامی یەكێتی ئەوروپا كە دژی بوون، ژمارەیەكی زۆر لە لێپرسراوانی ئەو وڵاتانەش باوەڕیان وانەبوو كە رێككەوتنەكە كارابكرێت، هەتا بۆ ئیمزاكردنیشی سەرۆكی هیچ وڵاتێكی ئەو پێنج وڵاتەی ئیمزایان كرد ئامادەنەبوون.
بەڵام رێككەوتنی شینگن، پێشبینییەكانی تێپەڕاند كە بەقسەی " نیب" باوەڕیان وابوو زۆر ناخایەنێت شكست دەهێنێت، ئەوەشی كە كاروبارەكانی زۆر زەحمەت كردبوو، ئەو رۆتینە ئاڵۆزە بوو كە بۆ نەهێشتنی سنوری نێوخۆی نێوان ئەو پێنج وڵاتە دامەزرێنەرە پێویست بوو لێی رزگارببن، ئەوەش هەتا ساڵی 1995 كۆتایی نەهات.


 

ناوچەی شینگنی ئێستا
ئەمڕۆ ناوچەی شینگن 26 وڵاتی ئەندام لەخۆدەگرێت، لەو ژمارەیەش 22 وڵاتی یەكێتی ئەوروپا  و چوار وڵاتی ترە كە بریتین لە ئایسلەندا، سویسران نەرویج و لیشتنشتاین.
هاوشێوەی رابردوو ئەمڕۆش شینگن رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە، قەیرانی ئەمدواییەی كۆچ بەرەو ئەوروپا و هێرشەكانی 2015ی  میترۆكانی پاریس، پاساوی زۆری داوەتە ئەوانەی دژی بیرۆكەی سنوری كراوەن بۆئەوەی لەو دەستكەوتانە بدەن كە شینگن بەدەستیهێناون.
سەرەڕای ئەوەش هێشتا ناوچەی شینگن بەردەوامە لە گەشەكردن و پرۆسەی ئەندامبوون تێیدا بەردەوامە،و چونەناوی ئارەزوومەندانەیە و پێویستی بە رەزامەندی هەموان هەیە و چەندینجار تائێستا ئەندامبوونی بوڵگاریا و رۆمانیا رەتكراوەتەوە بەهۆی مەترسی گەندەڵی و ناسەقامگیری سنورەكانی ئەو دوو وڵاتەی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا و لە 2011شەوە كە لیشتنشتاین بووەتە ئەندام هیچ وڵاتێكی تر نەبووەتە ئەندام تێیدا.
شینگن بۆ ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە هەڵبژێدرا تەنها لەبەرئەوەی تاكە شوێن بوو سنورەكانی فەرەنسا و ئەڵمانیا بە وڵاتانی ئەندامی بەنیلۆكس بگەیەنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوە سودێكی زۆری بە خەڵێكی زۆر گەیاندووە و بەوتەی " نیب" رێككەوتنەكە" رۆژانە پەیوەندی بە ژیانی 400 ملیۆن كەسەوە هەیە كە لە وڵاتانی شینگن دەژین".
هەروەها دانیشتوانی شینگن و دەوروبەری دەتوانن سەردانی هاوڕێكانیان بكەن و بۆ كاركردن بچنە وڵاتێكی تر و سود لە كەمی باجی سەر سوتەمەنی لە لۆكسمبۆرگ وەربگرن بە تایبەتی دیزڵ كە بەبەراورد بە وڵاتانی دراوسێ‌ باج لەسەری كەمترە.
شینگن ئازادی هاتوچۆكردن بە گەشتیاران دەبەخشێت لە هەموو وڵاتەكانیدا لە رێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە و ئەوەش كات و ماندووبوون كەمدەكاتەوە، هەروەها ئەو كەسەشی كە لە دەرەوەی ئەو وڵاتانەیەو ڤیزای شینگن بەدەستدەهێنێت، دەتوانێت بۆماوەی 90 رۆژ بە نێو وڵاتانی ناوچەكەدا گەشتبكات.


گوندی شینگن چۆنە؟
شینگن لەسەر هیچ رێگایەكی سەرەكیی نییە، و كەس پێیدا ناڕوات ئەگەر بە تایبەتی بۆی نەچێت، 35 كیلۆمەتر لە شاری لۆكسبمۆرگ سیتی پایتەختەوە دوورە و كاتێك سەردانی دەكەیت رووبەرێكی بەرفراوان لە دارستان و كشتوكاڵ دەبینیت تا دەگەیتە دۆڵی مۆزیل، پاشان بەرەو شارۆچكەی ریمیش رێگەدەگریتەبەر بە كەنار روباری مۆزیل و باخ و رەزەكاندا رێگەكە دەتباتە شینگن و مۆزەخانەی ئەوروپی كە لە دەرەوەو ناوەوە چیرۆكی ناوچەكەی تێدا خراوەتەڕوو.
هەروەها كاتێك سەردانی شینگن دەكەیت، چاوت لە كڵاوی هێزەكانی پاسەوانی سنوری ,ڵاتانی ئەندام دەكەوێت كە وەك سیبموڵێكی نیشتمانی لە پێناوی رێگەخۆشكردن بۆ رێككەوتنەوە دانراون، هەروەها لەبەردەم مۆزەخانەكەدا بەشێك لە دیواری بەرلین دانراوە وەك ئاماژەیەك بۆئەوەی كە ئەو پارچە كۆنكرێتیەی رۆژێك لە رۆژان لە یەكێك لە وڵاتە دامەزرێنەرە گەورەكانی بەرزكرابووەوە ئێستا نەماوە.
هەروەها لەبەردەم مۆزەخانەكەدا تابلۆیەكی كانزایی هەیە و بە ژمارەی وڵاتانی ئەندام ئەستێرەی تێدایە و چەند شاشەیەكی گەورەش دانراون كە دیمەنی وڵاتانی ئەندامی شینگن نمایشدەكەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand