Draw Media

مەلا بەختیار هۆشداری دەدات 

مەلا بەختیار هۆشداری دەدات 

2018-12-11 06:49:24


(درەو میدیا): 
مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسیيەكان " كە نیوەی هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە، ئەوەش لاوازبوونی متمانەی خەڵكە بەسەركردایەتی‌و سیاسەت‌و بەڵێنەكانی سەرجەم لایەنەكان و ئاماژەیەكی دڕدۆنگی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژیيە".
بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ماوەیەكە زویر بووەو لە ماڵەوە دانیشتووە، لە وتارێكدا بەناوی"  كابینەی نوێ‌ و كێشە كۆنەكان" دەنوسێت " ئەم بێ‌ متمانەییە، كە جارێ‌ بە بەشداری نەكردنی هەڵبژاردن دەردەبڕدرێ‌، لەم دۆخەی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەدا، پێویستە لە كابینەی نۆیەمدا، بەقوڵی لێكبدرێتەوە. ئەگینا، بەدوری نەزانین، دەروازەی دۆخەكە لەگرێژنە دەربچێ‌‌و لەم هەلومەرجەشدا، كە فەرەنسای پێشەنگێكی وڵاتانی دیموكراسی، لەسەر باج زیادكردنی سوتەمەنی، دەسوتێندرێ‌، دوور نییە، كێشە كۆنە چارەسەر نەكراوەكان، لەسایەی كابینەی نوێدا، لەم قۆناغەی گواستنەوەی دیموكراسیدا، لە كوردستانی دواكەوتودا، ئاوێتەی دۆخی نەخوازراو بن‌و، هەر ئەگەرێكی ئاڵۆزی ناوچەكەش، یان لە عیراق‌و یاخود لە كوردستاندا، كارلێك لەتەك كێشەی كۆنی پاشكەوتی مووچە بكات". 

دەقی نوسینەكەی مەلا بەختیار

كابینەی نوێ‌ و كێشە كۆنەكان

■ مەلا بەختیار 

هەڵبژاردن، بەوشێوەیە بەڕێكرا، كە بەڕێكرا. ئێستا، ئیدی پارتی یەكەمی هەرە زۆرینەو یەكێتیی دووەم‌و گۆڕانیش سێهەم لایەنی براوەن. لایەنەكانی دیكەش، كۆمەڵی ئیسلامی پێشی دانەوە. سۆسیالیست‌و كۆمۆنیستە كوردستانییەكانیش، كورسییە تاقانەكەیان، هێنایەوە. كۆتاكانیش، دەرچێندرانەوە! رەوتە پۆپۆلیستییە لەناو قەیراندا سەرهەڵداوەكەی "نەوەی نوێ‌"یش، تاویان سەندووە.

لەم هەڵبژاردنەدا پەندە خانەقینییەكە پڕ بەپێستێتی كە پێشینان فەرمویانە: گشتمان لەكین، برای یەكین. بۆ؟
-چونكە؛ لایەكی دەسەڵات، ناتوانێ‌ لایەكی دیكەی باڵادەست، بە بەڵگەوە تاوانبار بكات‌و رەخنەشیان بەرامبەر یەكدی هەس!

-چونكە؛ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، سەرەنجامی سیاسەتی هەڵبەزو دابەزی رابردوویان، هەرلایەكیان بەئەندازەی پاشماوەی كاریگەریان، دەنگیان هێناگە. لەناویاندا، نەوەی نوێ‌، گەرچی لاتاریكیشە لەهەموو لایەك.

-چونكە؛ رێژەی دەنگە هێنراوەكانی یەكێتیی‌و پارتی، ئەو راستییەی نەگۆڕی، كە نە پارتی بەبێ‌ یەكێتیی و نە یەكێتیش بەبێ‌ پارتی، حكومەتی زۆرینەیان پێ‌ پێكنایەت. پارتی كە زۆرینەی هێناوە، پێویستی بە یەكێتییە، یەكێتیش كە لەنیوەی پارتی كەمتریشی هێناوە، ئەمجارەش، بۆ كابینەی نۆهەم، سەلمایەوە كە هەر یەكێتییە، دەركەوت، بەزۆرینەی بادینی، دەڤەری سەوز حوكم ناكرێ‌.

بەڵێ‌، نە پارتی بەسیاسەتی حاكمییەتی زۆرینە كوردستانی پێ‌ بەڕێ‌ دەچێ‌‌و نە یەكێتیش، بەزۆربەركێ‌ (موزایەدە)ی سیاسی، پارتی پێ‌ لاواز دەكرێ‌.
ئەوانەی لەناو پارتی پێیانوابوو، ئەگەر دوو بەرامبەر یەكێتیی دەنگ بێنن‌و لیستی كۆتاش بكەنە دۆستی خۆیان، دەتوانن یەكێتیی بخەنە دەرەوەی بازنەكە، شكستیانخوارد.

رەوتی موزایەدەخوازی یەكێتیش، كاڵفامیان دای لەتاشە بەردی هاوكێشە سیاسییە راستەقینەكان.
ئۆپۆزسیۆنیش، كە پێیانوابوو، ئەگەر بتوانن زۆرینەی كورسی وەدەستبهێنن، یان خۆیان‌و تەكەتولی هەلپەرستی یەكێتیی ببنە زۆرینە، دەتوانن پارتی بچوك بكەنەوە، ئەمانیش، رێژەی دەنگەكانیان، ناچاری كردن، پاشەكشە بكەن‌و لایان داوەو بایان داوە.
ئیستا، دوو هەفتەیەكمان ماوە، دەربكەوێ‌، چ لایەك دەچێتە حكومەت‌و چ لایەكیش، دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. بەڵام بیرمان نەچێ‌ نیوەی خەڵك دەنگیداوە (قەیناكە با وابڵێین!) نیوەكەی تریشی دەنگی نەداوە (ئەگەر زیاتریش نەبن!!).

لێرەدا دەمەوێ‌، سەرنجی ئەو لایەنانە بۆ ئەم راستییانە رابكێشم كە پێكەوە رێكدەكەون‌و كابینەی نۆهەم پێكبهێنن. كە ئەمەی خوارەوەیە:
هەموو لایەنەكان ببینن كە، بەهەموو توانای راگەیاندن‌و، هێزی چەكدارو دەستڕەنگینی لەهەڵبژاردندا، نەتوانرا نیوەی خەڵك، لەدەرەوەی بازنەی هەڵبژاردن، كەمەندكێش بكرێنە ناو بازنەكە. ئەمە ئاماژەیەكی دڕدۆنگی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژیە...تد. هۆی سەرەكی ئەم دڕدۆنگییە، لاوازبوونی متمانەی خەڵكە، بەسەركردایەتی‌و سیاسەت‌و بەڵێنەكانی سەرجەم لایەنەكان. كە ئەمەش، سەرەنجامی كەڵەكەبونی گرفت‌و گەندەڵی‌و ئەو بارە نالەبارەی خەڵكە. 
ئەم بێ‌ متمانەییە، كە جارێ‌ بە بەشداری نەكردنی هەڵبژاردن دەردەبڕدرێ‌، لەم دۆخەی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەدا، پێویستە لەكابینەی نۆیەمدا، بەقوڵی لێكبدرێتەوە. ئەگینا، بەدوری نەزانین، دەروازەی دۆخەكە لەگرێژنە دەربچێ‌‌و لەم هەلومەرجەشدا، كە فەرەنسای پێشەنگێكی وڵاتانی دیموكراسی، لەسەر باج زیادكردنی سوتەمەنی، دەسوتێندرێ‌، دوور نییە، كێشە كۆنە چارەسەر نەكراوەكان، لەسایەی كابینەی نوێدا، لەم قۆناغەی گواستنەوەی دیموكراسیدا، لەكوردستانی دواكەوتودا، ئاوێتەی دۆخی نەخوازراو بن‌و، هەر ئەگەرێكی ئاڵۆزی ناوچەكەش، یان لەعیراق‌و یاخود لەكوردستاندا، كارلێك لەتەك كێشەی كۆنی پاشكەوتی مووچە بكات، بیرمان نەچێ‌ كێشەی نێوان ئەمریكا‌و دەوڵەتانی كەنداو‌و ئێران، هەروەها كێشەی كۆمەڵایەتی، ئابوریی‌و سیاسی چارەسەر نەكراوی تەواوی ناوچەكە، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی بەهاری عەرەبی، هاوكات كێشەی نێوان شیعەكانی عیراق، هەروەها سوننەكانی عیراق، ئینجا ئەو رێژە كەمەی كە لەبەغداد‌و ناوچەكانی تری عیراق بەشداریان كردووە، خۆپیشاندانەكانی بەسرەو پارێزگاكانی تر، لەكاتێكدا هێشتا پاشماوەی جەنگی داعش‌و ناوچە وێرانكراوەكانی جەنگ ساڵەهای ساڵی دەوێ‌ چارەسەر بكرێن، ئەمانە دەبێ‌ هەموویان لەبەرچاو بگیرێن كە كاریگەریان لەسەر كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەش هەیە. بێگومان یەكانگیربوونی هەموو ئەم رووداوانەو كاریگەریان لەسەر هەست‌و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان، خرۆشانی خەڵك دەكاتە ئەنجامێكی مەترسیدار بۆ سەر هەمووان. 
لەدۆخێكی نەخوازراوی واشدا، جڵەوی رووداوەكان كە لەدەست دەرچوون، نەلایەنەكانی دەسەڵات‌و، نەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، ناتوانن ببنە خاوەنی شەقامی توڕە. ڕەنگە، لەهەلومەرجێكی ئاوهاشدا، چەند رابەرێكی دەركەوتووی سۆسیال-مێدیا، بۆ ماوەیەك بتوانن روداوەكان، بەئاراستەی پۆپۆلیستی‌و ئاژاوەگێڕی، رابەرایەتی بكەن. بەتایبەتی هەلپەرست‌و پۆپۆلیستە شكستخواردووەكانی كوردستان لەدەهەی رابردوودا، تاقیكردنەوەی سودبەخشیان بۆ پۆپۆلیستە دەرنەكەوتووەكان، جێهێشتووە.

دەمێنێتەوە بڵێین: كابینەكانی پێشوو، قەیرانیان بەقەیران سپاردو تەقینەوەی قەیرانەكانیش، دووچاری كابینەی هەشتەم كرا. ئەمانیش ناچاری پاشكەوتی موچە بوون. بەڵام ساڵێكیشە، بەرەبەرە چارەسەریان هێنایە ئارا. دڵنیام، مێژوو، ئابوری بایۆمەتری‌و چارەسەری قەیرانی ئابوری، وەكو دەستكەوتی گەورە، بۆ كابینەی هەشتەم تۆمار دەكات

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand