شەڕی عەبدولمەهدی و عەبادی دەستیپێكرد
2018-12-12 17:13:32
( درەو میدیا):
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، كاركردن بە بڕیارەكانی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی رادەگرێت و نوسینگەی عەبادیش ئەو هەنگاوە بە پێشهاتێكی خراپ وەسفدەكات و تانەش لە دەستوریبوونی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەدات.
رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی پەسەندكرد.
بە گوێرەی بەیاننامەیەكی نوسینگەی رۆژنامەوانی عەبدولمەهدی لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە بە " راگرتنی كاركردن بە بڕیارەكان و رێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو لە 1/7/2018 بۆ 24/10/2018 و لەسەر وەزیرەكان پێویستە لە ماوەی حەوت رۆژدا هەڵسەنگاندنێك پێشكەشبكەن بۆ ئەو بڕیارانەی كە دەركراون لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران، یان سەرۆك وەزیران، یان وەزیرەكانەوە هەركەسەی و بە گوێرەی پسپۆریخۆی و پێشكەشی ئەو لیژنەیەی بكات كە پێكهێنراوە و لەسەر ئەو لیژنەیەش پێویستە لەماوەیەكی كورتی دیاریكراودا ئەو بڕیارانە یەكلابكاتەوە".
زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت
لە كاردانەوەیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەی راگەیاندنەكەی بڵاویكردوەتەوە، رەخنە لەو هەنگاوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەگرێت و بە زیانگەیاندن بە هاوڵاتیان وەسفیدەكات.
عەبادی لە بەیاننامەكەیدا جەختدەكاتەوە كە ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ " چەمكەكانی دەوڵەتی دامەزراوە" یەكناكرێتەوە كە پێویستە وڵات لەسەریان بڕوات.
جەختیشدەكاتەوە ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران كردویەتی پێشهاتێكی مەترسیدارە و رێخۆشكەر دەبێت بۆ دروستكردنی پشێویی و وەستاندنی كاری حكومەت بەتەواوەتی و رێگریكردن لێی لە بڕیاردان لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانداو سەردەكێشێت بۆ ئەوەی حكومەتی نوێ هەموو بڕیارەكانی حكومەتی پێشوو هەڵبوەشێنتێەوە و ئەوەش بەزیان بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەشكێتەوە و بەوەش حكومەتی نوێ تانە دەهێنێتە سەر بڕیارەكانی ئێستای بە تایبەتی كە " حكومەتی ئێستا ناتەواوە و چەند وەزیرێكی سكاڵایان لەسەرە و لە چۆنیەتی دیاریكردنیشیدا پێشێلكاریی دەستوریی كراوە".
عەبادی لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەو بڕیارانەش داوە كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی رایگرتوون كە بریتین لە تەرخانكردنی پارەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگای بەسرە، پشكی بەسرە لە داهاتی دەروازە سنورییەكان و پارەی تەرخانكراو بۆ داواكارییەكانی دانیشتوانی پارێزگاكانی باشوور و چەند پرسێكی تری تایبەت بە خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا.
عەبادی لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا ئیدانەی ئەو بڕیارەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەكات و داوادەكات پاشگەزببێتەوە لێی و هۆشداریشدەدات لەوەی ئەو جۆرە بڕیارانە كە سروشتێكی سیاسیان هەیە و بۆ بەرژەوەندی تایبەتە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پشێوی لە كاروباری حكومەت، ئەگەر هەڵنەوەشێنرێتەوە، ئەوا سەرۆك وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران دەبێت بەرپرسیارێتی ئەنجامەكانی لە ئەستۆبگرن.