ئەردۆغان هەڕەشەی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان دەكات
2018-12-12 16:28:54
( درەو میدیا):
جارێكی تر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆن لەدژی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات دەستپێدەكەن، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو ناوچانە هێزەكانی ئەمریكا تێیدا بنكە و بارەگایان هەیە.
ئەردۆغانی چی وت؟
لە وتەیەكیدا كە تەلەفزیۆنی توركیا بڵاویكردەوە ئەردۆغان وتی:" لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستدەكەین بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بۆ چۆڵكردنی خۆرهەڵاتی فورات لە تیرۆریستە جوداخوازەكان".
ئەردۆغان ئەو ناوچانەی ئاشكرانەكرد، كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە دەیانگرێتەوە تەنها ئاماژەی بەوەدا كە هێرشدەكەنە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە"دان.
هاوكاری بەردەوامی ئەمریكا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەپەگە توركیای توڕە و نیگەران كردووە و رۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" رایگەیاند بە ئامانجی رێگەگرتن لە پێكدانانی سوپای توركیا و شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل چەند خاڵێكی چاودێری سەربازیان لەسەر سنوری نێوان رۆژئاوای كوردستان و توركیا داناوە.
ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژی رۆژئاوای كوردستان
لە چەند ساڵی رابردوودا، سوپای توركیا دوو ئۆپەراسیۆنی لەدژی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە و هەردووجارەكەش ناوچەكانی رۆژئاوای فوراتی گرتوەتەوەو ئەوە یەكەمجارە كە نیازی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆن بۆ خۆرهەڵاتی فورات رادەگەیەنێت.
ئۆپەراسیۆنی یەكەكی سوپای توركیا هاوینی 2016 ئەنجامدرا بە ناوی " قەڵغانی فورات" و هەشت ماگی خایاند و ئازاری 2017 كۆتاییهات و ئۆپەراسیۆنی دووەمیش سەرەتای 2018 دەستیپێكرد بەناوی " چڵی زەیتون" و دوو مانگی خایان و توركیا كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستانی كۆنترۆڵكرد و رادەستی چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریای كرد.