زەبیحی و براكەی ژەهرخواردكراون و دواتر ئاگر لە ئۆتۆمبیلەكەیان بەردراوە
2018-12-09 08:41:30
( درەومیدیا):
لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی گیان لەدەستانی دەرهێنەر و سینەماكار رەحیم زەبیحی و براكەی هەرزوو گومان لەسەر گیان لەدەستدانی دروست بوو، بەتایبەت دوای ئەوەی راگەیەنرا كە بەدەستبەستراوی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیاندا بوون و ئاگر لە ئۆتۆمبیلەكەیان بەربووە.
بە وتەی سەرهەنگ ڕەسوڵ كەرەمی بەڕێوەبەری پۆلیسی بانە" بكوژی ئەو دوو برایەیان دەستگیركردووە، كە سەرەتا ئەو دوو برایەی ژەهراوی كردووە و دواتر بۆ دەرەوەی شاری بردوون و ئۆتۆمبێلەكەیانی ئاگرداوە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی بانە ئاژانسی ڕەسمی ئێران( ئیرنا)ی راگەیاندووە، "بكوژی ئەو دوو برایە كەسێكە بە ناوی (ئەكبەر عەباس پوور) خەڵكی قەزای مەراغەیە لە پارێزگای تەورێز و هۆكاری كوشتنەكەشی گەڕاندۆتەوە بۆ كێشەیەكی دارایی لەنێوان ئەكبەر و ڕەحیم و كەیوانی برای".
هاوكات عەبدوڵڵا فەتحی جێگری كۆمەڵایەتی پۆلیسی پارێزگای كوردستان ( سنە) بە ئاژانسی میهری ئێرانی راگەیاندووە"بە هەوڵی پۆلیس و پێوشوێنگری پۆلیس ڕۆژی ڕابردوو بكوژی هونەرمەند ڕەحیم زەبیحی و براكەی دەستبەسەر بوو".
ئاماژەی بەوەشداوە لە رۆژانی داهاتوودا " زیاتر لە شوناسی ئەم كەسە زانیاری بڵاو دەبێتەوە".