كێ بڕیار لە ئامادەكارییەكانی كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان دەدات؟
2018-12-09 13:05:02
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ
هاوشێوەی پرسی بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت كە بزوتنەوەی گۆڕانی بەسەر دوو بەرەی پشتگیر و دژ دابەشكردووە، ئامادەكارییەكانی ئەو بزوتنەوەیەش بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان كە مانگی ئایار و ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، رووبەڕووی شكستبووە و كورسییەكانی لە هەردوو پەرلەمانەكەدا بەرێژەیەكی بەرچاو كەمیكرد و ئەوەش ناڕەزایەتی هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوە.
لە دوای هەڵبژاردنەكان بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە دەستوری بزوتنەوەكە و كۆی جومگەكاندا بەنیازە كۆنفرانسی نیشتمانی ببەستێت و پاشان بۆ نوێكردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەكانی، هەڵبژاردن بكرێت.
لیژنەی باڵا و لاوەكی
سەرەتای ئەم هەفتەیە خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆبووەوە و بڕیاریدا لیژنەیەكی باڵا و چەند لیژنەیەكی لاوەكی بۆ ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی پێكبهێنێت، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دوای كۆبوونەوەكەی خانە بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاند:" لە كۆبونەوەی خانەی راپەڕاندندا كۆمەڵێك بابەت و تەوەری هەستیار و گرنگ تاوتوێكران و بڕیار و راسپاردەی پێویستمان بۆ هەریەك لەو تەوەر و بابەتانە دەركرد، كە گرنگترینیان لەژێر رۆشنایی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بوو بە دیاریكردنی لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنفرانسی نیشتمان"..
وتیشی: "شانبەشانی ئەو لیژنە باڵایە، نۆ لیژنەی لاوەكی دیكەمان دروستكرد بۆ پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنی هەمو ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و پێداچونەوە بە بەرنامەی سیاسی و دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان".
هەنگاوەكانی خانەی راپەڕاندن دەستوریی نین
هەنگاوەكەی خانەی راپەڕاندن بۆ پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی ناڕەزایەتی لێكەوتەوە و لە یەكەمین كاردانەوەدا پەرلەمانتارێكی ئەو حزبە دەڵێت:" ئەو هەنگاوانەی ئێستای خانەی راپەراندن دەربارەی كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانگرێتە بەر دەستوری نین".
هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ سایتی سپی میدیا دەڵێت" ئەو هەنگاوانەی ئێستا خانەی راپەراندن دەربارەی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانگرێتە بەر دەستوری نین و خانە ئەو دەسەڵاتەی نیە خۆی بكات بە لیژنەی باڵای كۆنفرانس و لیژنە فەرعیەكانیش بە سەرۆكایەتی یەكێك لە ئەندامانی خانە ببات بەڕێوە".
جەختیشدەكاتەوە كە "بە گوێرەی دەستور جڤاتی نیشتمانی بڕیارئەدات نەك خانە ، دەبێت جڤات كۆببێتەوە و بڕیار لە سەر لیژنەی باڵا و كۆی هەنگاوەكان بنێت بۆ ئامادەكاری كۆنفرانس ".
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان دەشڵێت: "بە ڕاشكاوی دەلێم گۆڕان دەبێت گۆڕانكاری ریشەیی لە قیادە و روئیاكەیدا بكات ، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ هێشتنەوەی هەمان قیادە و روئیایە بۆ ئەوەش دەبێت ئەندامانی هەردوو جڤاتەكە هەڵوێستیان هەبێت نابێت بێدەنگ بن".
پرۆگۆڕانیش قسەی هەیە
ژمارەیەك هەڵسوڕاوای بزوتنەوەی گۆڕان كە زۆرینەیان لە هەندەران و لە ئەنجومەنەكانی ئەوروپای بزوتنەوەەی گۆڕانن، ماوەیەك لەمەوبەر پرۆژەیەكیان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی لێپرسراوانی بزوتنەوەكە كرد و پرۆژەكەیان ناولێناوە " پرۆگۆڕان".
پرۆگۆڕان لە دووەم هەنگاویدا بەرامبەر بە ئامادەكارییەكانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی ، بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی دەركردووە و دەڵێت:" دەستوری گۆڕان دەسەڵاتی پێكهێنانی ئەو لیژنەیەی داوە بە جڤاتی نیشتمانی، بۆیە دەستێوەردانی خانەی راپەڕاندن لەو پرۆسەیە دژە بە دەستوری گۆڕان.".
ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەرامبەر بەم پێشێلكردنەی دەستور ژمارەیەكی زۆری هەڵسوڕاو و دەنگی نارەزاییان بەرز كروەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی لیژنەكە و ئەنجامدانی ئەو ئەركە بە پێی دەستور دەكەن و پرۆگۆڕان هەمان هەڵوێستی هەیە و پشتگیری تەواوی دەنگە ناڕازییەكان دەكات".
دەستوری گۆڕان و كۆنفرانسی نیشتمانی
بە گوێرەی مادەی یەكەم لە بەشی سیانزەیەمی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانی پەسەندكردنی یەكەمین كۆنگرەی یەكەم ، كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامی كۆبوونەوەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی بنكە رێكخراوەیی و دامەزراوەكانیدا دەبەسترێت و بەرزترین دەسەڵاتی بزوتنەوەكەیە.
لە مادەی دووەمی هەمان بەشیشدا هاتووە:لە هەلومەرجی نائاساییدا كۆنفرانسی نیشتمانی دەبێت بەر لە هەڵبژاردنی گشتی بە ماوەیەك ببەسترێت، بەڵام لە ئەمساڵدا بزووتنەوەكە بەبێ بەستنی كۆنفرانسێك بەشداری هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستانی كرد.
كێ داوای بەستنی كۆنفرانس دەكات؟
بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە مادەی دووەمی بەشی یانزەیەمی دەستوری ناوخۆی گۆڕان، لە هەلومەرجی نائاسایی، یان لە كاتی پێویستدا، لەسەر داوای دووسێیەكی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان نیوەی ئەنجومەنی قەزاكان دەبەسترێت و لە كاتی ئاسایشدا كۆنفرانس چوارساڵ جارێك دەبەسترێت.
ئامادەكاریی بۆ كۆنفرانس
دەستوری ناوخۆی گۆڕان، ئەركی ئامادەكاری بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانی خستوەتە ئەستۆی جڤاتی نیشتمانی نەك خانەی راپەڕاندن و لە مادەی دووەمی ئەو بەشەدا و لە ئەركەكانی جڤاتی نیشتمانیدا دەڵێت:" ئامادەكاری دەكات بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان".
بە گوێرەی مادەی شەشەمی بەشی سیانزەیەمی دەستوری ناوخۆی گۆڕان بەمشێوەیە ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنفرانس نیشتمانی دەكرێت:
یەكەم: رێكخستنی تۆماری دەنگدەران: ئەم ئەركەی خستوەتە ئەستۆی ژووری پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕان و بە هەماهەنگی ژووری هەڵبژاردن و دیاریشیكردووە كە تەنها ئەو ئەندام و هەڵسوڕاوانەی ناویان لە تۆمەاری دەنگدەراندا نوسراوەن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنفرانسدا مافی دەنگدانیان هەیە.
دووەم: ئەو هەڵسوڕاوانەی لەم قۆناغەی هەڵبژاردندا ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا دەنوسرێت بریتین لە :
• ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی قەزاكان.
• بازنەوانەكان، ئەندامانی ئەنجومەنی بازنە، بنكەوانەكان، وێستگەوانەكان.
• رێكخەر و ئەندامانی رایەڵە بەگشتی.
خۆكاندیدكردن بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی:
یەكەم: هەر هەڵسوڕاوێك بزوتنەوەی گۆڕان لەهەر ئاستێكی رێكخراوەیی دابێت، گەر مەرجەكانی تێدابێت بۆی هەیە لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا خۆی بۆ ئەندامێتی كۆنفرانستی نیشتمانی كاندید بكات.
دووەم: هەر هەڵسوڕاوێك ویستی خۆی كاندید بكات، دەبێت فۆرمی تایبەت پڕبكاتەوە و پێشكەشی ژووری هەڵبژاردنی بكات.
سێیەم: پاش لێكۆڵینەوە لە هەبوونی مەرجەكانی خۆكاندیدكردن ناوەكانیان ئەڕاستێنرێ.
ئەركەكانی كۆنفرانسی نیشتمانی
یەكەم: دانانی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لە بوارە جیاجیاكاندا.
دووەم: پێداچوونەوەی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان.
سێیەم: گۆڕینی دروشمی بزوتنەوەكە یان لۆگۆكەی بەپێی گۆڕانی هەلومەرجی گشتی ئەگەر پێویستی كرد.
چوارەم: پەسەندكردن و دەستكاری پلاتفۆرمەكانی هەڵبژاردنەكانی پارێزگا، هەرێم و عێراقی فیدراڵ.
پێنجەم: هەڵسەنگاندنی ئەدائی نوێنەرەكانی لە دەزگا هەڵبژێدراوەكانی پارێزگان هەرێم و عێراقی فیدراڵدا.
شەشەم: هەڵسەنگاندنی ئەدائی جڤاتی نیشتمانی.
كۆنفرانس و هەڵبژاردن
ئەوەی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حزبەكانی تری كوردستان و بگرە ناوچەكە و جیهانیش جیائەكاتەوە ئەوەیە كە هیچ هەڵبژاردنێك بۆ نوێكردنەوەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ئەنجامنادرێت و نوێكردنەوەی ئەو ئۆرگانە باڵایانەی بزوتنەوەكە لە پرۆسەیەكی تری جیا لە كۆنفرانس نوێدەكرێنەوە.