پارتی و گۆڕان پەیوەندییەكانیان توندوتۆڵدەكەنەوە
2018-12-12 13:35:09
( درەو میدیا):
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەو راگەیەنراوێكی سێ خاڵیان بڵاوكردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەكە هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر ": توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێكخستنەوەیان به گوێرەی قۆناغەكە، هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی كوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان".
دەقی راگەیێندراوەكە:
ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان
ئەمڕۆ چوارشەممە 12/12/2018 لە هەولێر خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە و تیایدا چەند بابەتێكی هەستیار و گرنگ خرانە بەر باس و گفتوگۆ، لەوانە:
یەكەم: توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێكخستنەوەیان به گوێرەی قۆناغەكە، هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی كوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی فیدرال و وڵاتانی دەوروبەر كە بە شێوەیەكی گشتی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە لە خزمەت پێشكەوتن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتماندا بێت.
دووەم: پێكەوە هەوڵی دروستكردنی یەكگوتاریی كوردستان بدرێت بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانەوە هەیە و چارەسەری دۆخی ئێستا بكرێ به شێوەیەك لەگەڵ دەستوور بگونجێ و مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت.
سێیەم: سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و ئۆرگانەكانی دیكە، گفتوگۆ كرا و بیروڕا گۆڕدرایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بون كە قۆناغەكە و هەلومەرجەكە یەكڕیزی و مشوورخۆریی هەموو لایەكی پێویستە و دەبێت بە ئاراستەی جددی بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستان و ڕیفۆرمی پێویست لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ دابینكردنی زیاتری سەقامگیری و دڵنیایی و بەهێزبوونی هەرێم بۆ بەرگەگرتنی تەحەدییەكان، هەنگاوی گونجاو هەڵێنرێت.
مەكەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان