رەحیم زەبیحی چۆن كوژرا؟
2018-12-09 14:47:00
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
نزیكەی 20 ساڵ ئەزمونی هەبوو لە كاری دەرهێنانو سیناریۆی فیلمەكاندا، خۆی لە سیناریۆی هاوڕێیەكیدا كوژرا، ئەمە چیرۆكی رەحیم زەبیحی دەرهێنەری درامای "ماڵەكەی مەعروف"ە.
ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو لە شیوێكدا لە نزیك رێگای (نیزەڕۆ)ی شاری بانە ئۆتۆمبیلێك دۆزرایەوە كە ئاگری گرتبوو.
لەناو ئەو ئۆتۆمبیلەدا كەسێكی ناسراو هەبوو، كە (رەحیم زەبیحی)ی فلیمسازو دەرهێنەری بەناوبانگی كورد بوو لەگەڵ براكەی (كەیوان زەبیحی).
ئەوە روداوێكی هاتوچۆی ئاسایی نەبوو، بەهۆی (رەحیم زەبیحی)یەوە هەرزوو هەواڵەكە سنوری رۆژهەڵاتی كوردستانو ئێرانی بڕیو گەیشتە هەموو جیهان، هەواڵی مەرگی دەرهێنەرێك كە جێپەنچەی لەسەر سینمای كوردستانو ئێران دیارە.
چی رویدا؟
لەبارەی مردنی (رەحیم زەبیحی)ی براكەی، گێڕانەوەی جیاواز هەیە، بەڵام ئەوەی هەر لە سەرەتاوە گومانی دروستكرد، ئەوە بوو كە ئەو دوو برایە بە روداوێكی هاتوچۆی ئاسایی نەمردوونو دەستێك لە پشت روداوەكەوە هەیە.
سەرەتا هەندێك گومانیان كرد، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی لە پشت كوشتنی ئەو سینەماكارەی كوردەوە بنو لەڕێگەی رووداوی هاتوچۆوە سیناریۆی كوژرانەكەی جێبەجێ كرابێت، سیناریۆیەك كە رەنگە هەرگیز زەبیحی لە ژیانی فیلمسازی خۆیدا بیری لێنەكردبێتەوە، ئەوەی گومانەكانی زیاتر كرد، دوای مردنو سوتانیان لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا تەرمی ئەو دوو برایە بە دەستبەستراوەیی دۆزرایەوە، بەڵام دوای 24 كاتژمێر لە رووداوەكە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیركردنی بكوژی دوو براكەیان راگەیاند.
هەندێك سەرچاوەی نافەرمی باسلەوە دەكەن، بەر لە مردنی زەبیحی هەواڵی بە كەسوكاری داوە كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە، بەڵام ئەم زانیارییە تائێستا پشتڕاستنەكراوەتەوە.
كاتی دۆزینەوەی تەرمی زەبیحیو براكەی
بكوژەكە كێیە؟
ئەمڕۆ عەلی ئازادی یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای كوردستان بۆ كاروباری كۆمەڵایەتی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران كە بە (ئیرنا) ناسراوە، ئاشكرایكرد، بكوژی (رەحیم زەبیحی)و براكەی دەستگیركراوە.
بەپێی قسەی یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیس" بكوژەكە دانی بەوەدا كە پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ رەحیم زەبیحیو براكەی هەبووەو لەوچوارچێوەیەشدا ناكۆكییەكی دارایی كەوتوەتە نێوانیان".
بكوژەكە باسی لەوە كردووە" رۆژی رووداوەكە زەبیحیو براكەی دەعوەت كردووە بۆ قاوەخانەیەكو لەوێ حەبی بێهۆشكەری پێداونو دواتر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر بە دەوروبەری شاردا پیاسەی لەگەڵ كردوون".
یاریدەدەری فەرماندەی پۆلییسی پارێزگای كوردستان
یاریدەدەری پۆلیسی پارێزگای كوردستان ناوی بكوژی دوو براكەی ئاشكرانەكرد، بەڵام محەمەد فەلاحی فەرمانداری شاری بانە لە لێدوانێكدا بۆ سایتی پۆلیسی ئێران وتی: بكوژەكە ناوی (عەباس ئەكبەر مراغەیی)ەو دوای بێهۆشكردنیان، دوو براكەی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیاندا بردووەتە شیوێكی كەناری رێگاكەو بەنزینی پێدا كردووەو سوتاندویەتی.
فەرمانداری بانە بە هەمانێشوە باسی لە ناكۆكی دارایی كرد لە نێوان بكوژو كوژراوەكاندا، بەڵام هێشتا وردەكاری ئەو ناكۆكییە نازانرێت كە بووە هۆی مردنی یەكێك لە ناسراوترین سینەماكارەكانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
بەگوێرەی قسەی ئاژانسی (فارس)، رەحیم زەبیحیو كەیوان برای لە كورسی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەكەدا بوونو دەستەكانیان بەستراوەتەوە.
زانیارییەكان باسلەوەدەكەن، ئەو ئۆتۆمبیلەی كە دوو براكەی تێدا كوژراوە بەناوی (هاوسەر)ەكەی رەحیم زەبیحییەوەیە.
رەحیم زەبیحی كێیە؟
رەحیم زەبیحی كوڕی (مستەقا زەبیحی) یەكێك لە كەسایەتیو بنەماڵە ناسراوەكانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستانەو براكانی كەسانی كاسبكاری ناسراون بوون لە ناو بازاڕی بانەدا.
زەبیحی ساڵی 1971 لە شاری بانە لەدایكبووە، ئەو 20 ساڵ ئەزمونی كاركردنی هەبوو لە بواری دەرهێنانو سیناریۆدا.
یەكەمین كاری دەرهێنانی رەحیم زەبیحی لە ساڵی 2002 دا بوو بۆ كورتەفیلمێك بەناوی "هاوار"، ئەو فیلمە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە مشتومڕی زۆری دروستكرد.
كورتە فیلمی "هاوار" بەشداری كردووە لە فێستیڤاڵەكانی كورتە فیلمدا لە (تاران- ئەسفەهان- سونی- وارش- باران- كلرمۆنت فراند فەرەنسا- هامبۆرگی ئەڵمانیا- ساوپاولۆی بەرازیل)و چەندین فیستیڤاڵی تر، وەكو باشترین كورتە فیلمی فیستیڤاڵی "كلرمۆنت فراند فەرەنسا" هەڵبژێردرا.
زەبیحی دوای كورتە فیلمی "هاوار"، كاری دەرهێنانی چەند كورتە فیلمێكی تری كرد لەوانە (سەتەلایت – ئەو پیاوەی كە چوو بۆ گەڕان- كۆتایی جەنگ- قاچاخچی- استرس).
فیلمەكانی زەبیحی بەشداری چەندین فیستیڤاڵیان كرد لەسەر ئاستی جیهان، تەوەری فیلمەكانی ئەو زیاتر لە دەوری پرسی توندوتیژی دژی ژنانو منداڵانو قوربانیانی جەنگ دەسوڕایەوە.
لە هەرێمی كوردستان رەحیمی زەبیحی زیاتر دوای دەرهێنانی درامای "ماڵەكەی مەعروف" ناسرا، كە تائێستاش ئەو درامایە بینەری خۆی لەدەستنەداوەو بەردەوام دیمەنەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیشان دەدرێتەوە.
زەبیحی زۆرجار دەیوت" خەمی مرۆڤەكان منی كرد بە سینەماكار".
هەندێك لە چالاكییە هونەرییەكانی تری زەبیحی:
• ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی كورتە فیلمی سلێمانی بووە
• ساڵی 2005 ئەندامی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی فیلمی ئاماد بووە
• ساڵی 2005 ئەندامی لیژنەی دادوەری كورتە فیلمی رانیە بووە
ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوانی سەدان كەس لە خەڵكی شاری بانە، تەرمی رەحیم زەبیحیو كەیوان زەبیحی برای لە گۆڕستانی "سلێمان بەگ" بەخاكسپێردرا.