كەركوك پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئیفلیج دەكاتەوە
2019-05-13 14:06:36
راپۆرتی : درەو میدیا
گەڕێكی تری ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دانانی پارێزگاری كەركوك دەستيپێكردەوە، پێدەچێت ئەم بابەتە جارێكی تر تەگەرە بخاتەوە بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كە خۆی لە بنەڕەتەوە زیاتر لە شەش مانگ لەوادەی خۆی دواكەوتووە.
لێدوانی ئەم چەند رۆژەی بەرپرسانی پارتیو یەكێتی لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، ناكۆكی قوڵی ئەو دوو لایەنە نیشان دەدات لەسەر ئەو پرسە.
رێككەوتنێكی ناڕوون !
رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، لەگەڵ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستدەكرێت بە جێبەجێكردنی ئەو "رێككەوتننامە"یەی تایبەتە بە كەركوك لەنێوان یەكێتیو پارتیدا كراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێ:" پارتی رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی نەكردووە بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك هاوكات لەگەڵ راسپاردنی مەسرور بارزانیدا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم".
كەمال كەركوكی بەروونی وتی:" پارێزگاری كەركوك یەكێتی نابێت" .
لێدوانی ئەو دوو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی كە بە دەنگی ئەمریكایان راگەیاندووە، ناكۆكی زەقی نێوان ئەو دوو هێزە لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك نیشان دەداتو چاوەڕەوان دەكرێت گەڕێكی تری ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو هێزە جارێكی تر سەرهەڵبداتەوەو پێدەچێت كاریگەری لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دروستبكات كە خۆی لە بنەڕەتەوە زیاتر لە (6) مانگ لە وادەی خۆی دواكەوتووە.
جەوهەری ناكۆكییەكان
وەفدی دانوستانكاری یەكێتی هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی دانوستانەكانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، چارەسەری كێشەكانی هەرێمو كەركوكو بەغدادی پێكەوە بەستبووەوە، یەكێتی پێی وابوو پارتی بەئاسانی رازی نابێت دان بە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتیدا بۆ كەركوك بنێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پارتی لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە یەكێتی نیگەرانەو پێی وایە پاشەكشێی پێشمەرگە لە كەركوك لەوكاتەدا خەنجەرێكی ژەهراوی بووە كە یەكێتی لە پشتی بارزانی داوە، بۆیە دەیویست لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا كێشەكە چارەسەر بكات.
یەكێتی هەر لەسەرەتای دانوستانەكانەوە هەوڵیدا چارەنوسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە ببەستێتەوە، بەڵام لەمەدا سەركەوتوو نەبوو، پارتی ملی نەدا، دواجار بابەتی پارێزگاری كەركوك لە كۆبونەوەیەكی نێوان كۆسرەت رەسوڵو مەسعود بارزانیدا بە چارەسەرێكی ناڕوون سپێردرا.
بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، كۆسرەت رەسوڵو مەسعود بارزانی رێككەوتوون خۆیان پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دیاری بكەن، بەڵام تائێستا میكانیزمی هەڵبژاردن پارێزگار روون نیەو نازانرێت چ كاتێكو چۆن پارێزگار هەڵدەبژێردرێت.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆسرەت رەسوڵ كاندیدی خۆی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوكو بارزانیش كاندیدەكەی كۆسرەت رەسوڵی پەسەندكردووەو بارزانی جگە لە كاندیدەكەی كۆسرەت رەسوڵ هیچ كاندیدێكی تری یەكێتی قبوڵ ناكات، بەتایبەتیش كاندیدی ئەوانەی كە بارزانی ناوی لێناون "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر".
یەكێتی چی دەكات ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئەندام مەكتەب سیاسیو سەركردایەتییە كەركوكییەكانی یەكێتی ئێستا گومانیان هەیە ئەو پرسە بەئاسانی یەكلابكرێتەوەو پارتی دەستی دەستی بەو پرسە دەكات.
ئێستا لەناو یەكێتیدا بۆچونێك هەیە دەڵێ با یەكێتی لە پەرلەمان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) بدات، بەڵام لە متمانەدان بە سەرۆكی حكومەتدا (مەسرور بارزانی) هەڵوێست وەربگرێتو پرسی متمانەدان بە مەسرور بارزانی ببەستێتەوە بە مەرجی دانانو هەڵبژاردنی پارێزگاری یەكێتی بۆ كەركوك.
ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە، پاساوی قسەكەیان بە رێككەوتنی نێوان یەكێتیو پارتی دەهێننەوە كە لە 3/4/2019 لە نێچیرڤان بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ عەلی واژوویانكرد، وەك رزگار عەلی دەڵێ" رێككەوتنەكە لەسەر سێ بابەت بوو، بابەتی یەكەم: بابەتی هەرێمی كوردستان بوو، بابەتی دووەم: هەماهەنگیو كاركردنی هاوبەشی نێوان پارتیو یەكێتی لە بەغداد، بابەتی سێیەمیش بریتی بوو لە كەركوك، ئەوەی كەركوك رێككەوتنێكی پاشكۆی سەربەخۆی بۆ كراوە".
رزگار عەلی ئاماژە بەوەدەكات، رێككەوتنەكە سەبارەت بەكەركوك ناوەڕۆكەكەی بەمشێوەیەیە: "هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، هەردوولا بۆ چارەسەری كێشەكانی كەركوك بەدانانی پارێزگاریشەوە لەسەر ناوەڕۆكی ڕێككەوتننامەی بەڕێزان كاك مەسعودو كاك كۆسرەت ئەوەی كە پەیوەندی بە كەركوكەوە هەیە جێ بەجێ دەكرێت"، واتە لەگەڵ پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستدەكرێت بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتننامەیەی تایبەتە بە كەركوك.
لە كۆبونەوەی 5ی شوباتی نێوان پارتیو یەكێتی، رێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی رۆژی 18ی شوبات هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش بكرێت بۆ دیاریكردنی شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك، بەڵام دواتر بەهۆی ناكۆكییەوە ئەو رێككەوتنە جێبەجێنەكراو پارتی كۆبونەوەی پەرلەمانی كردو كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش نەكرا.