" لە دەستوريشدا كار بۆ ئەوە دەكەین سەرۆك لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت "
2019-05-10 07:47:28
درەو میدیا:
" وەكو پارتی جەخت دەكەینەوە كە ئێمە لەگەڵ ئەوەین سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت و لە نوسینەوەی دەستوریشدا هەوڵی جدی دەدەین كە قەناعەت بەلایەنەكان بكەین كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكدا بێت" ئەمە وتەی د. فەرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لە میانەی بەرنامەی لە كوردستانەوەی ( KTV ) ئاماژەی پێكرد.
فەرسەت سۆفی كە ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیش بوو بەروونی ئاماژەی بەوەكرد" ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستاش دەیڵێینەوەو تەئكید دەكەینەوە، وەكو بۆچوونی پارتی پێمان وایە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو خەڵك یاسایی ترە دیموكراسی ترە وە زیاتر لە بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان دایە و پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات، بۆیە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەین سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت، بەڵام هۆكاری ئەوەی كە ئێمە لەم قۆناغەدا رازی بوین سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێرێت ئەوەیە كە ئێمە مەحكوم بوینە كە بەپێی یاسا لە ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پرسی سەرۆكایەتی هەرێم یەكلاییبكرێتەوە، ئێمە لەبەرامبەر دوو بژاردە بووین یان ئەو دامەزراوەیە كۆتایی پێبهێنرێت نەیهێڵین یان ئەو دامەزراوەیە كارابكەینەوە، ئێمە پێمان وابووە كاراكردنەوەی دامەزراوەكە لەبەرژەوەندی گەلی كوردستاندایە، چونكە سەرۆكایەتی هەرێم دامەزراوەیەكی دەستوری گرنگە، بۆیە تا ئێستاش پێمان وایە كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك بێت كە دەستوریشمان نوسییەوە ئێمە وەك پارتی هەر پێداگری لەسەر ئەوە دەكەین و كار بۆ ئەمە دەكەین، وە كە دەستووریشمان نووسیەوە پێداگیری دەكەین و كاریش بۆ ئەوە دەكەین لایەنەكانی دیكەش قەناعەت بەوە بهێنن كە سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت"
فەرسەت سۆفی هەڵبژاردنی ئەم سەرۆكی هەرێم بۆ ئەم خولە ناو پەرلەماندا وەك هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانی خولی یەكەم ساڵی 2005 دەچوێنێت وەك ( ئیستسنا ) باسی دەكات و دەڵێت " جارێكی تریش ( ئیستسنا) بۆ ئەو حاڵەتە كرداوە كاتێك كە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەرچوو لە خولی یەكەم لە 2005 بەپێی مادەی 17 ئیستسنایەكی داناوە، دەڵێت لە خولی یەكەم سەرۆك لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2009 سەرۆك هاتە ناو خەڵك و لەوێ هەڵبژێردرا"
ئەو ئەندامەی لیژنەی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان پاساویش بۆ ئەوە دەهێنێتەوە بۆ بۆچی پارتی رازی بوو لەم خولەدا سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و دەڵێت" لە پێناو ئەوەی پرۆسەی سیاسی هەمووی سەقامگیرببێت لەدوای پێكهێنانی حكومەت جارێكی تر نەكەینەوەو گفتوگۆی سەرۆكایەتی هەرێم و چۆن بێت و دەسەڵاتی چی بێت و چۆن هەڵبژێرێت و بۆ ئەوەی ناسەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان جارێكی تر بەم هۆكارە سەرهەڵنەداتەوە لەم پێناوەدا ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان پێمان باش بوو ئەم پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت و وەك بەشێك لە تەوافوقاتی سیاسی لەگەڵ هێزە سیاسیەكان كە بەشدار دەبن لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئەم پرسەش یەكلاییبكرێتەوە، چونكە لە پەسەندكردنی یاساكەدا دەڵێت تا پەسەندكردنی دەستور لە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی هەروەها پارتی و گۆڕان خالێكی گرنگ هەیە دەڵێت دەستوری هەرێمی كوردستان لەم خولەی پەرلەمان بنوسرێتەوە"