Draw Media

"%90ی توشبوانی كۆرۆنا پێویست ناكات بچنە نەخۆشخانە"

"%90ی توشبوانی كۆرۆنا پێویست ناكات بچنە نەخۆشخانە"

2020-03-24 18:30:11


چاوپێكەوتنی: محەمەد رەئوف

"كۆرۆنا بەو شێوە مەترسیدارە نیە كە خەڵكی بكوژێت، بەپێی تەمەنو نەخۆشی مرۆڤەكە مەترسیەكەی دەبینم، ئەگەر تۆ كەسێكی تەمەنت لە سەرو 80 ساڵ بێت و نەخۆشیت هەبێت مەترسیدارە، تەمەنت سەرو 60 ساڵ بێت و 15 ساڵ جگەرەت كێشا بێت مەترسیدارە،  فشاری بەرز، نەخۆشی دڵ و سیەكان و شەكرەو جگەرەو نێرگەلە كێش بیت مەترسیدارە"، ئەمە وتەی زاناو پسپۆڕێكی كوردە كە ئێستا یاریدەدەری پرۆفسیۆرە لە كۆلێجی پزیشكی زانكۆی بەناوبانگی هارڤاردی ئەمریكا، ئەویش پرۆفیسۆری یاریدەردەر د. ئارام گەڵاڵیە.
ئارام گەلاِڵی كە خەڵكی شاری سلێمانیەو چەندین دۆزینەوەی لە بواری شێرپەنجەو جیناتی مرۆڤدا كردووە، ئەو كوڕی شەهید ( حەمە سەعیدی موهەندیسە) كە لەسەسەرەتای نەوەدەكاندا موعجیزە ئاسا كارەبای بۆ شاری سلێمانی گەڕاندەوەو دواتر پەیكەرێكی لەبەردەم كارەباكەی سلێمانی بۆ درووستكرا.
د. ئارام گەڵاڵی  كە  مامۆستاو توێژەرە لە كۆلێجی پزیشكی زانكۆی هارڤارد و زیاتر سەرقاڵی توێژینەوەیە، بە زمانكێكی پزیشكی دەدوا سڵی لە وشە كوردیەكان دەكردەوە، خۆشی كەمێك كوردیەكەی لاواز بوو بوو بەهۆی ئەوەی دەمێكە نەگەڕاوەتەوە كوردستان، وەك ئەو دەیوت كورد لە زمانی پزیشكیدا لاوازە، " شەوو رۆژ لەو زانكۆیەی كاری تێدادەكەن سەرقاڵی توێژینەوەن لەسەر كۆرۆنا" بەڵام ئەگەر پەلەشی تێدا بكرێت وەك ئەو دەڵێت " زۆر زۆر زەحمەتە لە 2020 چارەسەرێكی تایبەت بە كۆرۆنا بدۆزرێتەوە، پێشبینی دەكرێت لە شەش مانگی یەكەمی 2021 ڤاكسینی تایبەت بە كۆرۆنا بدۆزرێتەوە"
د. ئارام گەڵاڵی  مەترسی و قەلەقیەكانی كۆرۆنا كەمدەكاتەوەو دەڵێت "90%ی ئەوانەی توش دەبن بە كۆرۆنا هەر پێویست ناكات بچێتە نەخۆشخانە، ڤایرۆس خولی تایبەت بەخۆی هەیە دەبێت پێیدا تێپەڕێت، لەماڵەوە پشو بدات، ئەگەر بتوانێت ڤیتامین سی، لەگەڵ حەبی ڤیتامینات ، ماگنیوسیۆم لەگەڵ زینگ ئەمانە بۆ بەرگری لەش باشن ئەمانە بخۆن و پشویەكی بۆ بدەن"
 سەبارەت بەو دەرمانانەی كە باس دەكرێت لە هەرێمی كوردستان بەرهەم بهێنرێت ئەو پسپۆڕەی زانكۆی هارڤارد دەڵێت: ئەم دەرمانانە كۆنن و دەیان ساڵە بەكارهاتووەو زیاتر لە هندستان بەكار دێت، ئەو دەرمانانە ئەوەندە كۆنن لە بازڕدا كەس خاوەنی نیە، بووە بە مافی گشتی و مافی خاوەنداری تێپەڕاندووە لە بازاڕەكانی جیهاندا.

دەقی چاوپێكەوتنەكەی پ.ی.د. ئارام گەلاِڵی 

درەو: ڤایرۆسی كۆرۆنا چیەو چۆن بڵاو دەبێتەوە تایبەتمەندییەكانی ئەم ڤایرۆسە چیە.؟؟

پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی:   ئەم ڤایرۆسە تێكهەڵكیشە كەمێك لە مەجالی پزیشكی دەردەچێت و بوارەكانی تریش دەگرێتەوە، سۆسیال میدیا وای كردووە شتێك لە شوێنیكی دونیا زۆر بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، ئێمە لێرە  لە مێشكی ئەمریكا ( ماساجۆستیس) دەڵێین كۆمەڵگە ئامادەی گۆڕانكارییەكان نەبووە، بۆیە گۆڕانكارییەكی وا كاریگەری زۆر درووست دەكات، لەبەر ئەوەی خەڵكەكە ئەترسن، هەرچەندە پێویست بەو ترسە زۆرە ناكات چونكە ( رێڕەوێكی سروشتیەو ڤایرۆسێكە دێت و دەڕوات). 
ڤایرۆس وەكو هەموو تەنێكی پرۆتینی وایە كۆمەڵك كۆدی (جینیتیكی لە ڤایرۆسدا هەیە)، چینیەكان خزمەتێكی گەورەیان كردوو ئەو كۆدەیان دۆزیەوەو بڵاویانكردەوە، ئەو بڵاوكردنەوەیە وای كرد لێرە زۆر بەخێرای دەستنیشانبكرێت.

درەو: كەوتا ئێستا كۆرۆنا بەو قەبارە گەورە مەترسیدارە بەراورد بە ڤایرۆسەكانی تر؟
پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی:  كۆررۆنا خۆی كوشندەترە لە ڤایرۆسەكانی تر ئەوە جێگەی گفتوگۆكردن نیە بەڵام مەترسیەكە لە دوو لاوە كاریگەری هەیە ئەوانیش: 
یەكەم: لەبەر ئەوەی كۆمەڵگە ئامادە نەبووە، ڤایرۆسەكە زۆر خێرا بڵاوبوەوە، خەڵك نازانێت لە چی دەترسێت لەبەر ئەوەی بناغەیەكی هۆشیاری تەندروستیان نیە لەسەری.
دووەم: لەبەر ئەوەی لە چینەوە هات، چین دەوڵەتێكی زۆر داخراوە هەرچی پەتایەك پێشتر لەوێ بڵاوبۆتەوە، ئەوان كەمتر قسەیان لەسەركردووە هەتا خەڵكی كوشتووە دوایی ووردە ووردە بڵاویان دەكردۆتەوە، چین ئەمجارە جیاوازتر مامەڵەی لەگەڵ كۆرۆنا كردو كراوەتر بوون، پێشتر زۆر داخراوبون لە بابەتی (سارس) و زیانی زۆریانكرد، تەجروبەیان لە دەرەوە وەرنەگرت، ئەم جار كە كراوەبوون، شارەزایانی دەرەوە بە گومان بوون لە چین، پێیان وابوو رەنگە ئەو زانیاریانەی بڵاوی دەكاتەوە رەنگە 10% ی بێت، خەڵكی متمانەی پێیان نەبوو، بۆیە خەڵكی وتیان رەنگە زۆر لەوە زیاتر بێت.
كۆرۆنا بۆ گروپێكی كۆمەڵگە مەترسیە، بۆ گروپێكی كۆمەڵگە كە (بەتەمەنن) لەگەڵ ئەو كەسانەی نەخۆشی دیكەیان هەیە، بەتایبەت (فشاری بەرز، نەخۆشی دڵ بەرگری لە سیەكانیدا كەم بێت، كێشەی لە سیەكانیدا، یان جگەرە كێش، نێرگەلە، نەخۆشی شەكرە)یان هەبێت ئەمانە چانسیان زیاترە بیانخاتە نەخۆشخانە.

 

درەو: ئێوە لە زانكۆی هارڤارد هیچ توێژینەوەیەكتان كردووە لەسەر كۆرۆنا؟
پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی:  لە زانكۆی هارڤارد شەو رۆژ لە كاردان، لێرە كارەكان بەشكراوە:
 - یەكەم هەنگاو پشكنینی هاوڵاتیان، دەكرێت بۆ هەموو خەڵكی كە بزانن هەڵگری ڤایرۆسەكەیە یان نا، ئەمە تەنها پشكنینێكە بەوەی بزانرێت هەڵگری ڤایرۆسەكەی یان نا.
 - دووەمیان تێستێكی ترە كە لە هارڤارد دۆزراوەتەوەو لە زانكۆی كۆلۆمبیاش هەیەو دۆزراوەتەوە، ئەمە بۆ ئەوە نیە بزانرێت كە ڤایرۆسەكەت هەیە یان نا، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە بزانرێت بەرگریت هەیە بەرامبەر كۆرۆنا یان نیتە، كە ئەمە زۆر گرنگە بۆ كۆمەڵگە، چونكە تێستت بۆ كەسێك كردوو زانیت بەرگری هەیەو ڤایرۆسەكە كاری تێناكات، پێی بڵێت برۆ كاری خۆت بكە لە كۆمەڵگەدا، بۆ ئەوەی ژیان نەوەستێت. 

درەو: كەواتا تایبەتمەندی ئەم ڤایرۆسە چین.؟
پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی:   خۆی ڤایرۆس كۆمەڵێك خێزانی جیاوازن و بەگشتی دەكرێن بە دوو بەشی گەورەوە:
یەكەم: گروپێكیان دوو شریتە بەرامبەر بەیەكتری پێكەوە نوساوە
دووەم: یەك شریتە
ئەو ڤایرۆسانەی یەك شریتن كەمینەن بەڵام یەك كێشەیان هەیە زوو زوو دەگۆڕێن، واتا جیناتەكەی بەهۆی كات و كەشوهەواوە دەگۆڕێت، ئەم ڤایرۆسە گۆرانكاری خێرای تیا دەبێت لەبەر ئەوەی یەك شریتە.
ڤایرۆس لە بواری پزیشكیدا بە تەنێكی زیندوو ناونابرێت، زیندوو نیە، هەر بونەوەرێك پێی بڵێیت زیندووە دەبێت لانی كەم دوو تایبەتمەندی تیا بێت:
یەكەم: هەر شتێكی زیندوو كە خواردن دەخوات دەبێت بیكات بە ووزە، ڤایرۆس خواردن ناكات بە ووزە.
دووەم: ڤایرۆس زاووزێ و زۆر بوونی نیەو ئەوەی پێناكرێت.
ڤایرۆس بەس كۆدێكی پرۆتینیە، لەناو چوارچێوەیەكی پرۆتینی كەدا، هیچی دیكە نیە، بۆ ئەوەی ئەو دوو حاڵەتەی سەرەوە بكات دەبێت شوێنێك داگیر بكات جاری وایە خەلیەی مرۆڤ داگیر دەكات، خۆی مرۆڤ بونەوەرێكی زۆرینە خەلیەیە، وەك بەكتریا و ئەمیبا نیە یەك خەلیییە نین، ئەم خەلیانە بۆ ئەوەی كار بكەن وەك پرۆسەی هەناسەدان و كارەكانی دیكەی مرۆڤ، ئەم خەلیانە بەیەكەوە كۆنتاكتێكی زۆر موعەقەد دەكەن، زۆر قورسە تێگەیشتن لێی، سیگناڵ و نامەبەردن و نامەهێنەری زۆریان تیایە، ئەم سیگناڵانە بەكۆد دەنێرن بۆ یەكتری، ئەم ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە سیگناڵێك دەچێت كە بۆ خەلییەی سیەكان هاتووە، خەلیەی سیەكان دەرگای بۆ دەكات و داخلی سیەكان دەبێت، ئەم نامەیە كە وەردەگرێت شریتێكی كۆدە، كە نامەكە دەكاتەوە، ئەو نامەیە بەرگێكی هەیە كە بەرگەكە لادەبات، رێك ئەو كۆدە داخڵ دەبێت، ئەچێتە ژووری كۆنترۆڵەوە ئەو شوێنەی كە هەموو خەلیەكە كۆنترۆڵ دەكات، ئەڵێت كاری تۆ وەستا بەس كاری تۆ ئەوەیە من زیاد بكەیت، ئیتر دەڵێت من كۆپی بكە، دواتر خەلیەی سی هەموو كارێكی خۆی دەوەستێنێت، لە هەناسەدان و كارەكانی دیكە كاری ئەوە دەبێت ئەم ڤایرۆسە كۆپی بكات و زیادی بكات، ئیتر خەلیە دوای خەلیە كارناكەن و كەسەكە هەناسەی پێنامێنێت، ئیتر ئەو ئۆكسجینەی داخلی لەشی دەبێت كەمترە لەوەی لەشی پێویستیەتی، یان دەبێت ئۆكسجینی بدرێتێ یان دەكەوێتە ژێر ئامێری هەناسەدانەوە. 
هەر ڤایرۆسێك كە توشی مرۆڤ دەبێت كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە، هەر ڤایرۆسێك بۆ ئەوەی مەترسی بێت لەسەر مرۆڤ، دەبێت كۆمەڵێك گۆڕانكاری بكات، دەوروپشتمان هەموو ئەو ڤایرۆسانەیە كە مەترسیش نین لەسەرمان، مەترسی یەكەم ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە دەبێت كۆمەڵێك شوێن بگۆڕێت، كۆرۆنا لە خێزانێكی ڤایرۆسە كە دەمێكە زانراوە لای زاناكان، بەڵام ڤایرۆسی كۆڤید 19 گۆڕانكاری كردووەو گۆرانكارییەكەش مەترسی درووستكردووە.

درەو: كەواتا فۆرم و شێوازی ئەم ڤایرۆسە چۆنە؟
پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی:    ئەم ڤایرۆسە شكڵی سیگناڵێكی هەیە بۆ خەلیەكانی سی مرۆڤ، ئەم ڤایرۆسە كاریگەری لەسەر خەلیەكانی دیكەی مرۆڤ ناكات، كۆرۆنا (ئامانجەكەی بەس سی مرۆڤە)، ئەوانەی كێشەی سیان هەیە زیاتر كاریگەریان لەسەری دەبێت، ئەو كەسانەی كە جگەرەكێش نین و كێشەی سیەكانیان نیە، ئەو ڤایرۆسە كە داخڵ دەبێت كاریگەری لەسەر 5%ی خەلیەكانی سی درووست دەكات بەرگری سیەكان دەزانێت كێشەیەك هاتووەو لەناوی دەبات، هەرچەندە ئەم ڤایرۆسە كاریگەری لەسەر بەرگری سیەكانیش درووست دەكات، ئەو بەرگریانە كارییان ئەوەیە كە هەر تەنێك لەژێر كۆنترۆڵ دەردەچێت لەناوی دەبەن، بەڵام سترێس و ترس و خەفەت كاریگەری لەسەر ژمارەو چالاكی ئەو خەلایانە دەكەن كە كاریان ئەوەیە بەرگری درووست بكەن و بتپارێزن، كاریگەری لەسەر كۆمەڵێك هەست دەكات و كاریگەری لەسەر چالاكیان درووست دەكات.


درەو: لە وڵاتێكی وەك ئەمریكا رێكارەكان چۆن گیراونەتەبەر بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا؟
پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: لەبەر ئەوەی كۆرۆنا كاریگەری زۆر لەسەر كۆمەڵگە درووستكردووە، وڵاتە دیموكراسیەكان لەبەر ئەوەی رای هاوڵاتیانیان بەلاوەگرنگە، كۆمەڵێك هەنگاو هەڵدەگرن رەنگە زۆر گرنگ نەبێت، ناچارن دەكەونە ژێر كاریگەری شەقامەوە، بۆ وڵاتێكی وەك ئەمریكا زەحمەتە لەبەر ئەوەی وڵاتێكی پیشەسازیە، ئەگەر خەڵكەكە كەرنتین بكەیت كاریگەری ئابوری دەبێت، بەڵام بۆ كوردستان ئەگەر خەڵكەكە كاریش نەكات زۆر كاریگەری نابێت، بەڵام ئەمریكا و ئەوروپا كۆمەڵك بەرەیان كردۆتەوە:
یەكەمیان: ئەوەیە كە كارگەو ناوچە پیشەسازیەكان ئەو كەلوپەلانەی پێویستە بەرهەمی بهێنن نەك بەرهەمەكانی خۆیان، ئێستا لە ئەمریكا كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەستیكردوە بە بەرهەمهێنانی ماسك و كحول، یەكەم خۆپاراستن یەكێكە لە هەنگاوەكان.
دووەم:  تێستی هاولاتیان كە بتوانرێت ئەوانەی كە توشبوون لێكیان جیابكەنەوە.
سێیەم/ ئەو كەسەی كە توشی بووەو هەستی پێ نەكردووە، كە 75%ی ئەو كەسانەی كە توشی دەبن هەستی پێناكەن كە گرتویەتی، كە ڤایرۆسەكە دەچێتە لەشیانەوە تەفاعول لەلەشیدا دەكات و مەناعەكەی بەهێزەو لای دەبات، تا نزیكەی دوو سێ ساڵ بەرگری هەیە، بەڵام بەرگری هەتا هەتایی بەمە درووستناكرێت، لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە لەیەك شریتە لەوانە دووی دووسێ ساڵ درووست ببێتەوە وەك ئەنفلۆنزایەكی ئاسایی توشت بێتەوە دوو یان سێ ساڵ درووست ببێتەوە.
لە ئەمریكا چارەسەر كراوە بە دوو بەشەوە:
یەكەم: رێگای خێرا،  ئەوەیە دەرمانێك هەبێت بۆ ڤایرۆسی تر بەكار هاتبێت و بزانرێت بۆ  كۆرۆناش باشە، ئەوكاتەپێویست ناكات دەرمانەكە بە كۆنترۆڵەكاندا بڕوات، دەرمانەكە كۆنترۆڵی كراوە بۆ شتی دیكە.
دووەم: رێگای خاو، كە چینیەكانیش بەو رێگایەوەن، دەیانەوێت ڤاكسینێك یان چارەسەرێكی تایبەت بەس بۆ كۆرۆنا بدۆزنەوە، ئەمە كاتی دەوێت زۆر زۆر زەحمەتە لە 2020 بدۆزرێتەوە، ئەگەر زۆر خێرا بێت رەنگە لە شەش مانگی یەكەمی 2021 بدۆزرێتەوە.
لە ئەمریكا كۆمەڵێك ڤاكسینیان بەرهەمهێناوە، بەڵام كێشەی دەرمان وەك شتی دیكە نیە، دەكرێت دەرمانێك بدەیت بە نەخۆشێك چاكی بكەیتەوە، بەڵام ناكرێت نەخۆشیەكی كەی تیا درووست بكەیت دوو مانگ دوای ئەوە، دەرمان بە كۆمەڵێك قۆناغدا تێدەپەڕێت:
قۆناغی یەكەم، ئەوەی لەسەر كەسی ئاسایی تاقیدەكرێتەوە كەسەكان كەمە ( جگە لەوەی یەكەم جار لەسەر خەلیە تاقیكراوەتەوە دواتر لە ئاژەڵ تاقیكراوەتەوە لە مشك و جرجەوە دواتر بۆسەر مرۆڤ)، ئەمە هەنگاوی یەكەم، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم دەرمانە مەترسی نیە، كێشە درووست ناكات ژەهراوی نیە.
قۆناغی دووەم، ئەو كەسانەی كە بارودۆخیان زۆر خراپە، ئەگەر دەرمانی نەیدەیتێ رەنگە بمرێت، دەرمانەكەی دەدەیتێ بۆ ئەوەی بزانیت چاكی دەكات یان نایكات. 
قۆناغی سێیەم، زۆر گرنگە كە دەرمانەكەی دەدەیتێ دەبێت بزانیت تا ماوەیەك دوو مانگ یان شەش مانگ تا سالێك بزانیت كێشەی تری لێدەرناكەوێت كوێر نابێت، كێشەیەكی درووست نابێت، دەبێت ئەم تێستانە بكرێت، كات دەبات، رەنگە دەرمانەكە كۆرۆنا چارەسەر بكات، بەڵام كێ دەڵێت كێشەی تر درووست ناكات.
هەرچەندە لە ئەمریكا سەرۆك زۆر فشار دەكات بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینەكە، بەڵام پێم وایە ئەگەر رەنگە لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو بدۆزرێتەوە، 

درەو: بەڵام لە هەرێمی كوردستان باس لە بەرهەمهێنانی چەند دەرمانێك دەكرێت كە رۆڵی هەیە لە چارەسەری كۆرۆنا بەتایبەتیش دەرمانی  (ئەزسرۆمایسین)و (هیدرۆكسیكلۆركوین).؟؟
پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: ئەو دەرمانانەی لە كوردستان باسی لێوە دەكرێت پێشتر چینیەكان بەكاریان هێناوە، ئەو دەرمانانە هەیە و دەرمانی مەلاریابووە، چینیەكان بەكاریان هێناو وتیان ئەو خەلیەی توشی نەخۆشیەكە دەبێت (20% بۆ 30%) یان بەم دەرمانە توشبوەكە وەڵام دەداتەوەو چارەسەرێكی باشە، دەرمانەكە هەیە لە بازاڕداو ئەوە نیە دۆزرابێتەوە دەرمانێكە بۆ مەلاریا بەكارهاتووەو دەرمانی دووەمیان نەخۆشی (HIV) ئایدز بەكارهاتووە تایلەندییەكان بەكاریانهێناوە، ئەم دەرمانانە لە بازاڕدان بۆیە بەكار دەهێنرێت بۆ ئەوەی دەرمان ئەو هەموو كاتە نەبات ئەوەی هەیە دەدرێت بەو نەخۆشانەی كە بزانن كێشە درووست ناكات و چارەسەرە.
ئەم دەرمانانەی كوردستان لە ( WHO) و لەم وڵاتانەش بەكار دێت زۆر، ئەوە بەشی یەكەمە ئەوە نیە بڵێن دۆزراوەتەوە، واتا خۆی هەیەو لە بازاڕدان و كۆنن، لە ئەمریكا كەم بەكار دێت، ئەم دەرمانانە كۆنن و دەیان ساڵە بەكارهاتووەو زیاتر لە هندستان بەكار دێت، وەك چۆن كەسێك نەخۆشی دەبێت دەڵێن بەخوا ئەو دەرمانە بۆ ئەو نەخۆشیەش باشەو خراپە نیە، كە دەرمانی خۆی نیە بەڵام دەڵێن بۆ ئەو نەخۆشیەش باشە. 
ئەو دەرماننانە دەرمانێكە بۆ كۆرۆناش سودی هەیە بەڵام دەرمانی كۆرۆنا نیە، زاناكانی ئەمریكا دەیانەوێت دەرمانێك بدۆزنەوە بەتایبەت بۆ كۆرۆنا، نەك ئەو دەرمانە كۆنانە، بەڵام ئەم دەرمانانە مەترسیان نیە چونكە بە قۆناغەكانی خۆیدا تێپەڕیون و مەترسیان نیە.
ئەو دەرمانانە ئەوەندە كۆنن لە بازڕدا كەس خاوەنی نیە، واتا حەقی خاوەنەكەی نەماوە، چونكە دەرمانێك كە درووست دەكرێت مافی خاوەنەكەی هەیەو لە هەر شوێنێكی دنیا درووست بكرێتەوە دەبێت ماف بدرێت بەمان، دەرمانی وا هەیە لە بودجەیەكی نەوتی زیاتر پارە بۆ ئەو دەوڵەتانە پەیدا دەكات، ئەو دەرمانانە جاری وایە مافەكەی بۆ ماوەی 15 ساڵ جاری وایە بۆ 40 ساڵ مافی دۆزینەوەی دەرمانەكە دەدرێت بەو وڵاتەی دۆزیویەتیەوە
ئەو دەرمانانەی كە كارگەیەك دەڵێت لە كوردستان درووستی دەكەم ئەوەندە كۆنە، بووە بە مافی گشتی و مافی خاوەنداری تێپەڕاندووە لە بازاڕەكانی جیهاندا، لەهەموو دونیادا هەركەسێك ئەگەر فۆرمەڵەكەی هەبێت ئەتوانێت لە كوردستان درووستی بكات، لە دوكانێكی بچوكدا درووستی بكات، ئەم دەرمانانە بۆ شتی دیكە بوون ئێستا دەڵێن بۆ كۆرۆناش باشە. 
بەڵام بۆ دۆخی ئێستا باشە لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە خێرایەو دۆزینەوەی دەرمانی نوێ فریای ناكەوێت، بەڵام وڵاتە پێشكەوتووەكان بەم دەرمانانە رازی نابن دەیانەوێت دەرمانێك بدۆزنەوە تایبەت بە كۆرۆنا ئەوەش زۆر دەخایەنێت، تا دەرمانێكی تایبەت دەدۆزرێتەوە، دەكرێت ئەو دەرمانە كۆنانە بەكار بهێنرێت.
ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمتر دەرمانی دەوێت زیاتر پشوی دەوێت لەبەر ئەوەی (75%)ی ئەوانەی توشی كۆرۆنا دەبن هەستی پێناكەن، 25%ی دەمێنێتەوە لە15%ی ئەو لە 25% ئەو كەسانەن كە تۆزێك بێتاقەتیان دەكات و هەست دەكەن پەتایەكی سوكیان هەیە، ئەوانەش 15% كە دەكرێن بە سێ گروپەوە ئەوانیش:
-    لوتیان تەڕ دەبێت و قوڕگیان دێتەوە یەك 
-    كۆكەیەكی وشكیان لەگەڵدایە
-    تۆزێك هەناسەی توند دەكات بەڵام مەترسیدار نیە
ڤایرۆس خولی تایبەت بەخۆی هەیە دەبێت پێیدا تێپەڕێت، لەماڵەوە پشو بدات، ئەگەر بتوانێت ( ڤیتامین سی، لەگەڵ حەبی ڤیتامینات ، ماگنیوسیۆم لەگەڵ زینگ) ئەمانە بۆ بەرگری لەش باشن ئەمانە بخۆن و پشویەكی بۆ بدەن، ئیتر (10%)ی ئەوەی تۆ دەیبینیت، ئەو كەسانە توشیان دەبێت لەو 10%یە ئەو كەسانە دەمرن، (15%) كە پێویستی بە پزیشك ناكات و پشویەكی دەوێت، واتا 90% پێویست ناكات بچنە لای پزیشك، ئەوەی دەمێنێتەوە لە (10% )كە دەگەنە فۆرمی چوارەمی كە ووردە وردە هەناسەی پێنادرێت، تایەكەشی وەك كوردەواری دەڵێن تای درۆزنە، دێت و دەروات لەپڕ تایەكەی بەرزدەبێتەوەو نایمێنیت، ئەو كەسانە نەخۆشخانەیان پێویستەو یارمەتی هەناسەدانیان پێویستە، لەو (10% )یە لەوانەیە خەڵك بمرێت.
 بۆ نمونە لە كۆریا لە 100 كەسی توشبوو یەك كەس مردووە، لە ئیتالیا كە دەڵێن نزیكەی (4 هەزار) كەس مردوون، ئەو 4 هەزار كەسە لە 4%ی لە 10%یەكەیە ەاتا لە (10 هەزار) كەس (4 ) كەسێتی) ئەوانەی دەمرن لە ئیتالیا زۆربەیان 80 ساڵ بەرەوژور تەمەنیانەو (99%)یان ئەوانەن جگە لە كۆرۆنا كە نەخۆشی( زەخت، دڵ، سی، جگەرەكێش ) هەبووە.

 

 

درەو: كەواتا كۆرۆنا بەو شێوەیە مەترسیدارە كە وڵاتان لە ئاستیدا دەستەوەستانن و خەڵكیش توشی دڵە راوكێ و ترس و قەلەقی بووە؟
پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی:  كۆرۆنا بەو شێوە مەترسیدارە نیە كە خەڵكی بكوژێت، من بە مەترسی نابینم بەڵام بەپێی تەمەنەكان، ئەگەر تۆ كەسێكی نەمەنت لە سەرو 80 ساڵ بێت نەخۆشیت هەبێت مەترسیدارە. تەمەنت سەرو 60 ساڵ بێت و 15 ساڵ جگەرەت كێشا بێت مەترسیدارە، یان نەخۆشی شێرپەنجەت هەبێت مەترسیدارە، ئەو نەخۆشیانەی باسمانكرد هەتبێت بەڵی مەترسیدارە.
بەڵام ئەگەر خۆت كەسێكی لەشت ساغ بیت و ئاسایی بێت بەو شێوەیە نیەو مەترسیدار نیە، دوو شت هەیە ئەو ترسەی درووست كردووە بۆ نمونە لە شارێكی وەك نیویۆركدا كە (18ملیۆن) كەسی تیا دەژی تۆ 10%ی خەڵكەكەی بخاتە نەخۆشخانە كە زۆر بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە ئەوا دەكاتە سەرو یەك ملیۆنێك كەس هیچ بونیەیەكی تەحتی نیە تەحەمولی ئەوە بكات ئەوە كێشەكەیە، ئەگەرنا ووردە ووردە خەڵكەكە هەر بەرگری پەیدا دەكات بەرامبەر كۆرۆنا، ئەوەی ئیتالیا ئەوەیە كێشەكە بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە خەڵكیكی زۆریش خراوەتە نەخۆشخانە، دەكرێت توشبوو بێت و هەر نەچیتە نەخۆشخانەو لەماڵەوە كەرنتینە بیت واتا 90%ی ئەوانەی توش بوون هەر پێویست ناكات بچێتە نەخۆشخانە، یەكێك لە سیناتۆرەكانی دیارەكانی ئەمریكا (پۆڵ رایەن) كە خۆی پزیشكە پشكنینیان بۆ كردووەو دواتر چووە بۆ وەرزش و لەشجوانی دواتر پێیان وتووە كۆرۆنات هەیە، كە هەر هەستیشی پێنەكردووە كە تەمەنی نزیكەی 60 ساڵ دەبێت ساڵەوەیە. 
لەبەر ئەوەی مەترسیەكەی بەو شێوەیە نیە بەڵام لە شارێكدا كە ملیۆنێك كەسی تێایدا بێت لەوانەیە فشارێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكان درووست بكات، لەوانەیە فشارەكە وابكات مەترسی درووست بێت و بەهۆی نەبوونی ئامێر كە ئەگەر 4 قەرەوێلەت هەبێت و 50 كەس بێنی بۆ ئامێری هەناسەدان ئەوكاتە مردن زیاد دەكات.  


درەو: رێشوێنەكانی حكومەتی هەرێم لە چی ئاستێكدایە، ئایا رێوشوێنەكان بە سیستمێكی خراپ و ئیمكانیاتی كەمەوە، لە چی ئاستێكدایە؟
پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: رێو شوێنەكانی حكومەتی هەرێم بۆ روبەرووبونەوەی كۆرۆنا زۆر بە باشی دەبینم، بەتایبەت لە وڵاتێكدا كە سیستەمی تەندروستی باش نەبێت و دراوسێ وڵاتێكی وەك ئێران بێت و سنورێكی زۆری لەگەڵدا هەبێت و پەیوەندی زۆرت لەگەڵ هەبێت و ئەو وڵاتەش كێشەیەكی زۆری هەبێت بە كۆرۆنا، لە تایوانی و سەنگاپورەش بەو شێوەیەی كوردستان كراوە بەڵام بۆ ئەوان ئاسانە سێ لایان ئاوە هۆكارە جوگرافیەكە یارمەتیدەریانەو دراوسێكانیان بەو شێوەیەی ئێران نیە، بۆیە پێویستە دەستخۆشی لە هەرێم بكرێت، لەهەرێم پەیوەندییەكی زۆر لەگەڵ دراوسێكاندا هەیەو سنورەكە وشكانیەو خەڵكی دەتوانێت بە پێی هاتوچۆی پێدا بكات، لە هەرێم بودجەیەكی دیاریكراویش هەیە.
لە ئەمریكا سەرۆك داوای ( 2 ترلیۆن دۆلار)ی كرد واتا ( 2 هەزار میارد) دۆلار، هەرچەندە سیناد رەتی كردەوە لەبەر یەك شت، وتیان بەشێكی زۆری بۆ كارگەكان دەچێت بۆ خەڵكی ئاسایی كەمتر دەچێت پێویستە بۆیە هەوڵ بدە پارەكە بەشێوەیەك دابەش بكە كە خەڵكە ئاساییەكەش پارەی بۆ پچێت نەك كارگەكان لە ئیفلاس رزگار بكەیت و پارەیەكی كەم بۆ خەڵكی ئاسایی تەرخانبكرێت. 
ئەم هەفتەیە بۆ ئەمریكا قورس دەبێت بەڵام رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا رێژەیەكی زۆری پێداویستی پزیشكی بەرهەمبهێنرێت كە لە ئەمریكا زیاد بێت و بنێردرێت بۆ وڵاتانی دیكە، چونكە ئێستا بەشێكی زۆری كارگەكانی ئۆتۆمبێل و چەك و تەقەمەنی وەستاون و پێداویستی پزیشكی بەرهەم دێنن.

درەو: مرۆڤ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا بكات بەتایبەت تا ئەوكاتەی ڤاكسینی تایبەت بە كۆرۆنا دەدۆزرێتەوە؟
پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: ئەگەر دوور مەودا لە كۆرۆنا بڕوانین، ئەبێت لەوە تێبگەین مرۆڤایەتی لەگەڵیدا خۆی رابهێنێت، ئەمە شتێك نیە بێت و بڕوات، لەهاوین و بەرزبونەوەی پلەی گەرمیدا كەم دەبێتەوە ئەو ڤایرۆسە كە لەگەڵ پژمە دێتە دەرەوە ئەگەر پلەی گەرما بەرزبێت دەبێت بە هەڵم كەمتر دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی كۆرۆنا لە كۆئەندامی هەناسەدایە كاتێك پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە لەبەر ئەوەی كۆرۆنا كۆدێكی پرۆتینیە ئەو كۆدە شكڵو شێوەی دەگۆڕێت بە پلەی گەرمان، بۆ نمونە هێلكەیەك كە دەیكەیت بە هێلكەو رۆن شكڵ و شێوەكەی دەگۆڕێت، گۆشت كە ئەیبرژێنێت ئەو كۆدە پرۆتینیەی كە درووستی كردووە هەمووی تێك دەچێت، كۆرۆناش بە گەرماكە لەبەر ئەوەی لە ئاوی لوت و دەمدایە، لەوێدا فۆرمە سروشتیەكەی خۆی هەیە بەڵام كە گەرمە ئەبێت بە هەڵم ئەو شكڵو شێوەیەی تێك دەچێت، وەك چۆن هێلكەكە بە هێڵكەورۆن تێك دەچێت، واتا راستە لە وەرزی گەرمادا كۆرۆنا كەم دەبێتەوەو گەرما دەتپارێزێت، لەسەرماشدا پرۆسیسی بەهەڵمبوون خاوتر دەڕوات لەبەر ئەوەی زیاتر توشت دەبێت،  زیاتر بە پژمەی بەرامبەر دەگوازرێتەوە.
هەموو ڤایرۆزێك شوێنی (T)ی هەیە ئەو شوێنەی كە داخڵی مرۆڤ دەبێت و مەترسیدارە ئەم ڤایرۆسە ئەو شوێنە تایبەتەی لێوەی دەچێتە ژوورەوە ( چاوو، لوت) دەم)ە، بۆ نمونە من دەست لە ڤایرۆسەكەش بدەم توشم نابێت تا دەستنەدەم لە دەموچاومەوە، دەستشتن، شتی باشە بۆ خۆپاراستن.


لە كۆتاییدا پێش ماڵئاوایی وتی ئەمەوێت شتێكت پێ بڵێم كاری ئێوەی رۆژنامەنووس زۆر گرنگە چاوە بەسەر ئەوانەی بڕیاردەدەن لەبەر ئەوەی میدیای ئازاد بڕبڕی پشتی هەموو ئەم كارانەی ئێمەیە  بۆیە جێگەی رێزو سوپاسن. 

...............................................
پ، ی ،د. ئارام گەڵاڵی مامۆستای كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی هارڤارد
-    ساڵی 1982 لە سلێمانی لەدایك بووم
-    1996  بەهۆی شەڕی ناوخۆوە كوردستانم جێهێشتووە
-    لە وڵاتی سوید زیاتر خوێندوومە
-    لە سوید چومە بەشی زانستی
-    لە سوید لەیەك كاتدا پێنج بروانامەم خوێندووە ( دوو بەكالیۆریۆس، دوو ماستەر، ئەندازیاری)م خوێندووە
-    ماستەرێكم لەسەر (خۆپاراستن لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە)
-    ئەو بەشانەی خوێندوومە دۆزینەوەی دەرمانی تازەیە
-    هەموو بڕوانامەكانم لەبواری پزیشكیدایە
-    یەكەم دكتۆرام وەرگرت لەسەر ( ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە ناو خەلیەدا روئەدا كە خەلیەكە لە خەلییەكی ئاساییەوە بەرەو شێرپەنجە دەبەن)
-    زیاتر لێكۆڵینەوەكانم لە بواری (جینات)ە 
-    بڕوانامەیەكیشم لەسەر جینات هەیە (ئەو گۆڕانكارییە جینیانەی كە شێرپەنجە درووست دەكات) 
- پۆست دكتۆرایەكم بەدەست هێنا لێكۆڵینەوەكانم بەرەو پرۆفیسۆری لەسەر دوو بوار ( پیس بوونی ژینگە لەسەر درووست بونی شێرپەنجە، نمونەكەش كاریگەری پلاستیك لەسەر تەندروستی مرۆڤ)
-    لە سوید لە هەشت مەجالی جیاوازدا دۆزینەوە(اختراع)م هەیە (شێرپەنجەی جگەر، شێرپەنجەی سی ).
-    دواتر هاتمە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا
-    دەمەوێت زانیاریم هەبێت لە هەموو بەسەكانی شێرپەنجە.
-    لە هارڤارد دۆزینەوەم لە پرۆستات بووە بۆ پۆست دكتۆرای دووەم 
-    ئێستا یاریدەدەری پرۆفیسیۆرم لە كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی هارڤارد
-    دۆزینەوەیەكم هەبووە تایبەت لە بواری شێرپەنجەی مێشكی منداڵ
-    ئێستا وانە بە دكتۆراكان دەڵێمەوە قوتابیەكانم لە زۆربەی وڵاتانەی دونیاوەیە 
-    كەمتر وانە دەڵێمە زیاتر سەرقاڵی توێژینەوەم 
-    پادشای سوید سپۆنسەری كارەكانم دەكات  
 

شەهید حەمەسعیدی موهەندیس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand