Draw Media

پارەی "رۆژی رەش" لە لوبنان گیری خواردووە 

پارەی "رۆژی رەش" لە لوبنان گیری خواردووە 

2020-03-25 19:19:45


 (درەو):
"ملیارێك دۆلاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكێكی لوبناندایە، بەڵام حكومەت دەستی پێی ناگات"، ئەمە هەواڵێكە كە سایتێكی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوەو بارەگاكەی لە شاری نیویۆركە.
بەپێی هەواڵێك كە ئەمڕۆ 2020/3/25 سایتی (S&P Global Platts) لەزاری سەرچاوەیەكەوە لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردوەتەوە" حكومەتی هەرێم بڕی یەك ملیار دۆلاری لە بانكێكی لوبناندا داناوە، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە لە لوبنان رویداوە، ئێستا دەستی بەو پارەیە ناگات".
سەرچاوەكەی حكومەتی هەرێم بە سایتەكەی وتووە:" حكومەتی هەرێم ئەو یەك ملیار دۆلارەی بۆ رۆژی رەش لەو بانكە لوبنانییەدا هەڵگرتووە، بەڵام ئێستا كە پێویستی پێیەتی دەستی پێی ناگات".
سایتەكە باسی لەوەكردووە، حكومەتی هەرێم ئێستا پێوستی بەو پارەیە هەیە بۆئەوەی بیدات بە كۆمپانیاكانی بواری نەوت كە بریتین لە هەردوو كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی‌و (Genel Energy)ی بەریتانی، بەڵام بەهۆی ئەو كێشەیەی كە لە بانكەكەی لوبنان بۆ پارەكەی دروستبووە هەروەها بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ناتوانێت پارەی كۆمپانیاكان بدات.
كۆمپانیا نەرویژی‌و بەریتانییەكە دەڵێن ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان پابەندە بەبڕی ئەو پارانەی كە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە پێیان دەدرێت.
بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی هەواڵی پەیوەندیدار بەو یەك ملیار دۆلارەی بانكەكەی لوبنان، (درەو) پەیوەندی بە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتەوە كرد، جوتیار عادل وەكو هەمیشە وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نەدایەوە.
(درەو) ناتوانێت پشتڕاستی بكاتەوە ئەو بڕە پارەیەی كە لە بانكە لوبنانییەكەدایە بەڕاستی دارایی حكومەتی هەرێمە یاخود پەیوەندیدارە بە بەرپرسانی حزبییەوە، بەدیاریكراوی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەندێك لە سەرچاوەكانی زانیاری باس لەوە دەكەن بەرپرسێكی پارتی لەڕێگەی راوێژكارێكی پاكستانی خۆیەوە كە لە هەولێر نیشتەجێیە، بڕێكی زۆر پارەی لە بانكێكی لوبنانی داناوە‌و حزبوڵای لوبنان دەستی بەسەر پارەكەدا گرتووە.
بەمدواییە حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان هێرشی توندی كردەسەر مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و بە كەسێكی ترسنۆك ناوی برد.
نەسروڵا رەخنەی لە بارزانی گرت بەوەی پرسەنامەی بۆ كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران نەناردووە، لەكاتێكدا قاسم سولەیمانی هەولێری پاراستووە، بەرپرسانی پارتی بەتوندی‌و بە هەمان زمان وەڵامی نەسروڵایان دایەوە. 
هەندێك سەرچاوە پێشبینی دەكەن تەقینەوەی گرژی لەنێوان نەسروڵاو بارزانی لەسەر پرسی كوژرانی قاسم سولەیمانی، پەیوەندی بەم دۆسیەوە هەبێت.
لوبنان‌و قوبروس دوو وڵاتن كە بە سەرچاوەی سسپیكردنەوەی پارە لەسەر ئاستی جیهان ئەژماردەكرێن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand