Draw Media

زۆرترین ئەو وڵاتانەی خوێندنیان تێدا وەستاوە لە كیشوەری ئەوروپایە

زۆرترین ئەو وڵاتانەی خوێندنیان تێدا وەستاوە لە كیشوەری ئەوروپایە

2020-03-23 10:02:33


ئامادەكردنی: هونەر حاجی جاسم- خوێندكاری دكتۆرا –روسیا  


 پرۆسەی خوێندن لەو  10 دەوڵەش وەستاوە كە خاوەنی باشترین سیستەمی خوێندن، دەرگای خوێندن بەڕویی زیاتر لە (850 ) ملیۆن قوتابیدا داخراوە، پرۆسەی وەستانی خوێندن هەر شەش كیشوەرەكەی دونیای گرتۆتەوە، زۆرترین ئەو وڵاتانەی خوێندنیانیان تێدا وەستاوە له كیشوەری ئەوروپان، سەرەرای قوتابخانەكان ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتە هۆی وەستانی سەدان كۆنفرانس و داخستنی سەدان ناوەندی توێژینەوەی زانستی.

سەرەتا:
 دەكرێت بلێین پرۆسەی خوێندن گەورەترین پڕۆسەی  گەشەی مرۆییە، كە مێژووی مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەكات. هەر ئەمەش وایكردوە گەشەكردنی هەر كات و زەمەنێكیش ببسترێتەوە بە ئاستی گەشەی پڕۆسەی خوێندن بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. چونكە لەوەتەی بەشەریەت لەسەر روخساری زەوی بونی هەیە پێویستی بە زانست و زانیاریە، چونكە هەر ئەم زانست و زنیاریە وایكردوە رەو ڕەوەی مێژووی ئادەمیزاد بگۆرێت بە ئاستێكی پێشكەوتوو. هەر ئەم تایبەتیمەندیشە وایكردوە مێژووی پرشنگداری یۆنانیەكان ببسترێتەوە بە پڕۆسەی فەلسفەی خوێندن نەك بە پرۆسەی سەربازی و كایە‌كانی تری شارشتانیەتی یۆنانیەكان. پسپۆڕانی بواری پەروەردە و فێركردن پێیان وایە كە كەوتنی پڕۆسەی خوێندن یەكسانە بە دامەزاروەكانی دەولەت و نیشتمان گەشەپێدانی مرۆیی و داهێنانەكانی مرۆڤ، وە بە پێچەوانەش هەر پرۆسەی خوێندنە كە دامەزراوە نیشتمانیەكان پڕۆسەی ژیاری بەهێز دەكات.
 دوای بلاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر روخساری زەوی بەشێوەیێكی گشتی، پڕۆسەی خوێندن كەوتە قەیرانێكی گەورە. چونكە لەبەردەم وەستانێكی گەورەو پرسیارێكی گەورە دایە، بەهۆی بلاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمەش وایكردوە چەند پرسیارێك بە دوای خۆی دابێنێت، یەكێك لەم پرسیارانەش بریتیە لە زیانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ سەر كەرتی پەروەردە و خوێندنی بالا ؟. وە هەروەها كاریگەرەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆسەر پرۆسەی خوێندن بە گشتی چین؟. 

پرۆسەی خوێندن و  ڤایرۆسی كۆڕۆنا:
 پێوەری پێشكەوتنی پرۆسەی خوێندن بەستراوەتەوە بە ئاستی پێشكەوتنی ولات، چونكە پێوەری پێشكەتنی هەر كۆمەلگایێك بەستروەتەوە بە ئاستی خوێندنی خوێندنگەو ڕانكینگی زانكۆكانی لەسەر كۆمەلگای نێودەولەتی. هەر ئەمەش وایكردوە، ئەو ولاتانەی باشترین سیستەمی خوێندنیان هەیە لە دونیا، لە هەرە ولاتە پێشكەوتوەكانی دونیان، بڕوانە خشتەی ژ ‌(1)‌. لیستی ئەم دە ولاتیە كە لە سالی 2020 باشترین سیستەمی خوێندنیان هەبووە، لەسەر ئاستی جیهان. بەلام لە ناوەراستی مانگی ئاداری سالی 2020 لە 100% ئەم ولاتانەی باشترین سیستەمی خوێندنیان هەیە، پرۆسەی خوێندنیان تێدا وەستاوە لەبەر مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا. 
خشتەی باشترین ولات لە پرۆسەی خوێندن لەسەر ئاستی جیهان بۆ سالی 2020


مەبەست لە پرۆسەی خوێندن بریتیە له پرۆسەی پەروەردە و فێركردن, هەم لە كەرتی پەروەردە، وە هەمیش لە كەرتی خوێندنی بالا. هەروەها پسپۆڕانی بواری پەروردە پێیان وایه،‌ ئەمە سەد سالیش دەبێت گورزێكی وا گەورە بەر ژێرخانی پڕۆسەی خوێندن نەكەوتەوە. بۆیە ئەمەش وا دەكات لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا وا بە ئاسانی نەڕوات لەسەر پرۆسەی خوێندن، چونكە بلاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە كاتێك دابوو، كە نیوەی وەرزی دوەمی خوێندن بوو، ئەمەش گومانی تێدانیە كە زیانی زۆر ئەرێنی دەبێت لە زۆر لایەنەوە. هەروەها روداوی ئەم جارهی‌ بەسەر پڕۆسەی خوێندن هاتوە لەسەر دەستی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتە هۆی ڕاگرتنی ژیانی كۆمەلگای مرۆیی لە كۆی كایە ژیاریەكاندا بە تایبەت  پڕۆسەی خوێندن. ئەمەش بە كارەساتی مرۆیی لێك دەدرێتەوە، هەر چەندە لە زۆربەی ولاتە پێشكەوتوەكان پرۆسەی خوێندن كراوەتە ئۆنلاین، بەلام ئەم هەر چارەسەری بنەڕەتی ناهێنتە كایەوە. 
كاتێك تەماشای لیستی ژمارە دوو دەكەین بۆمان روون دەبێتەوە كە ئەو ولاتانەی بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانیش لە هەرە ولاتە پێشكەوتوەكانن دونیان لە سیستەمی پەروردە، پرۆسەی خوێندن لە سەدا 90% ئەم ولاتانە وەستاوە. بڕوانە خشتەی ژمارە (2). 
خشتەی باشترین سیستەمی پەروەردە لەسەر ئاستی جیهان بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان لە 2020

زیانەكانی ڤایرۆسەكە لەسەر پڕۆسەی خوێندن:
رێكخراوی یۆنسكۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە گەورەترین روداوی كارەساتبار دادەنێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، وە پسپۆرانی پەروەرده و خوێندنی بالاش لە رێكخراوی یونسكۆ، پێیان وایە ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە هۆی دابەشبونی دوو قۆناغی مێژووی. بە جۆرێك ئەگەر قسە لەسەر پڕۆسەی خوێندن بكرێت، دەبێت بلێین پرۆسەی خوێندن پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا یان دوای ڤایرۆسی كۆرۆنا. تاكو ئێستا هیچ رێكخراوەیێكی یان دامەزاراوەیێكی پەروردەی ئاماری وردی زیانەكان نازانێت. ئەوەی هەیە لە رێگای ڕیكخراوی یونسكۆ رۆژانە بلاو دەكرێتەوە، لەسەر زیانەكانی پڕۆسەی خوێندن لەسەر ئاستی ولاتانی دونیادا. بەلام ئەوەی لە ئیستادا بلاو دەكرێتەوە تەنیا ناوی ئەم ولاتانەیە بە گوێرەی كیشورەكان كە خوێندنیان تێدا وەستاوە.بروانە خشتەكانی ( ژمارە 3 تاكو ژمارە 7 ). لێرە هەندێك لەم زیانانە ئاماژە پێ دەكەین، كە راستەوخۆی كاریگەریان لەسەر پرۆسەی خوێندن هەیە!. 

یەكەم. بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی یونسكۆ تاكو ئیستا لەسەر ئاستی جیهان تاكو 20 ئادار 850 ملیۆن فێرخواز گەنج لەسەر ئاستی جیهان لە خوێندن بێ بەش بوینە. 
دووەم. هەلوەشاندنەوەی سەدان كۆنفرانسی زانستی لەسەر ئاستی دونیا.
سێیەم. هەلوەشاندنەوەی هەزاران كۆرسی زمان لەسەر ئاستی ولاتان، بە تیابەتیش ولاتانی ڕۆژئاوا.
چوارەم. بێ كار بوونی ملیۆنان فەرمانبەران و ستافی وانەبێژو فەرمانبەر لە كەرتی پەروەردە و خوێندنی بالا. 
پێنجەم. وەستانی سەدان ناوەندنی توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی ئەو ولاتانەی كە ڤایرۆسەكەی تێدا تۆمار كراوە.
شەشەم. هەلوەشانەوە وەستانی هەزاران زەمالەی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان، لەسەر ئاستی جیهان. 

خشتەی ژمارە (3) ولاتانی كیشوەری ئاسیا

خشته‌ی ژماره‌ (4) ولاتانی کیشوه‌ری ئه‌وروپا 

خشته‌ی ژماره‌ (5) ولاتانی کیشوه‌ری ئه‌فریقیا

خشته‌ی ژماره‌ (6) ولاتانی کیشوه‌ری ئه‌مریکای لاتینی

خشته‌ی ژماره‌ (7) ولاتانی کیشوه‌ری ئه‌مریکای باکوور 


دەرەنجام: 
وەستانی پرۆسەی پەروەردە یەكسانە بە وەستانی پرۆسەی گەشەی مرۆیی. كۆرۆنا بۆتە هۆی راوەستانی زانكۆ و قوتابخانە و باخچەی ساوایان. لە هەر 10 دەولەتی باشترین سیستەمی خوێندنیان هەیە پرۆسەی خوێندن تێدا وەستاوە. هەروەها زیاد لە 850 ملیۆن قوتابی لەسەر ئاستی دونیا لە خوێندن بێ بەش بوینە. لە هەر شەش كیشوەری دونیا پرۆسەی وەستانی خوێندنی گرتۆتەوە. زۆرترین ئەو ولاتانەی خوێندنیانشیان تێدا وەستاوە له كیشوەری ئەوروپان، وە هەروەها زۆرترین ولاتی پێشكەوتوو پڕۆسەی خوێندنیان تێدا وەستاوە. ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتە هۆی وەستانی سەدان كۆنفرانس و داخستنی سەدان ناوەندی توێژینەوەی زانستی.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand