پەكەكە لە جوڵەی هێزی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ بە گومانە
2020-03-25 20:04:29
درەو:
جوڵاندنی فەوجێكی هێزی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ، كێشە لە نێوان یەكێتی و پارتی درووست دەكات و پەكەكەش بە گومانە لە جێگیركردنی ئەو هێزە لەو ناوچەیە.
بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، فەوجی (یەكی سەربە لیوای حەوتی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان) كە لیوای هاوبەشەو لە یەكێتی و پارتی پێكدێت، لە قەزای سۆرانەوە جوڵەی پێكراوەو سەرقاڵی درووستكردنی بارەگان (زینی وەرتێ).
جوڵاندنی ئەو هێزە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە بیانووی رێگریكردنە لە جوڵەی هاوڵاتیان لەو ناوچانەو لە چوارچێوەی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنایە بۆ قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان شارەكانی كوردستاندا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) یەكێتی نیشتمانی كوردستان نیگەرانە لەو جوڵە پێكردنە لە رێگەی بەرپرسی هێزەكانی (70ی یەكێتی)یەوە پەیامی نیگەرانی گەیاندوەتە بەرپرسانی پارتی، نیگەرانییەكانی یەكێتی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەو ناوچەیە لە روی جوگرافیەوە سەربە ناوچەی جێ نفوزی یەكێتیە كە لەدوای شەڕی ناوخۆ لە 1996 سنوری جوگرافی جێ نقوزی یەكێتی و پارتی درووست بوو، بۆیە پێویستە هێزو دەسەڵاتی یەكێتی لەو ناوچەیە بێت، زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن هێزێكی دژە تیرۆری یەكێتی بەرەو ئەو ناوچەیە جۆڵەی پێكراوەو ئێستا لە شاری رانیە نیشتەجێبووە و چاوەڕەێی دوابڕیارن بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) پارتی كرێكارانی كوردستان نیگەرانی و گومانی خۆی لە جوڵاندنی ئەو هێزە بە بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گەیاندووە، بەوەی بە پلانی بەرنامە رێژی توركیا ئەو هێزە بۆ ئەو ناوچەیە جوڵێنراوە، چونكە (زینی وەرتێ) بە دڵی قەندیل ناودەبرێت، بە دانانی بارەگا لەو ناوچەیە رێگای سەرەكی قەندیل بە هەرێمی شاورێی پەكەكەو زنجیرە چیای كارۆخ دەپچڕێنێت، بە كۆنترۆڵكردنی (زینی وەرتێ) دەستراگەیشتن بە ناوچەكانی تری قەندیل ئاسان دەبێت، بۆیە پەكەكە پەیامی بۆ یەكێتی و پارتی ناردووە كە نابێت ئەو هێزە لەو ناوچەیە جێگیر بكرێت.