زانیاری لەسەر دەستدرێژیكردنە سەر ژنەكەی ناحیەی پردێ
2020-04-11 12:05:59
راپۆرتی: دڵشاد ئەنوەر - دەنگی ئەمریكا
دەستدرێژیكردنە سەر ژنێكی كەم ئەندامی دانیشتووی ناحیەی پردێی سەر بە شاری كەركوك و تۆماركردنی گرتەی ڤیدیۆیی دەستدرێژیكردنەكە لەلایەن دەستدرێژیكارەكانەوە، دەنگدانەوەیەكی گەورەی دروستكردووە، بەرپرسانی هەرێم داوای لێكۆڵینەوە دەكەن و حكومەتی عێراقیش لیژنەی بۆ پێكهێناو، بە وتەی سەرۆكی كۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی لەكەركوك، هاوسەری ژنەكە لەڕووی جەستەییەوە كەم ئەندام و مەشروب خۆرە، خەڵكی نەفس نزم دەباتە ماڵەوە، سەرخۆشی دەكەن و دەستدرێژیش دەكەنە سەر ژنەكەی."
بەپێی بەدواداچوونێكی دەنگی ئەمەریكا، ئەو ژنەی دەستدرێژیكراوەتە سەر كوردە و باری دەروونی تەواو نییە، تەمەنی لەنێوان 40 بۆ 45 ساڵیدایە، بەڵام هاوسەرەكەی توركمانە و تەمەنی سەرووی 65 ساڵە، كە هاوسەرەكەشی لەڕووی جەستەییەوە كەم ئەندامە و خاوەنی منداڵێكن.
زانیاریەكان ئاماژەبەوەش دەكەن، ئەو دوو كەسەی دەست درێژیان كردۆتە سەر ژنەكە، یەكێكیان پۆلیسە و پێشتر لەسەر دۆسیەی ئەخلاقی سزادراوە و لە دەوام دوور خراوەتەوە، بەڵام ماوەیەك لەمەوبەر جارێكی تر دەست بەكاربووەتەوە، هەروەها كەسی دووەمیشیان توركمانە، گەرچی باس لەوەدەكرێت كارمەندی حەشدی شەعبی بێت، بەڵام ئەو هێزە ڕەتیدەكاتەوە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت.
سرود ئەحمەد سەرۆكی كۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی لەكەركوك، كە رێكخراوەكەی تایبەتە بە هاوكاریكردن و بەدواداچوون كردن بۆ كێشەكانی ژنان، بەدەنگی ئەمەریكای وت"ژنەكە باری دەروونی تەواو نیە، دوو مانگە خۆی نەشۆردووە، تەنانەت هەندێكجار، پیسایش دەكاتە ژوورەكەی خۆی."
وتیشی"هاوسەری ژنەكەش لەڕووی جەستەییەوە كەم ئەندام و مەشروب خۆرە، خەڵكی نەفس نزم دەباتە ماڵەوە، سەرخۆشی دەكەن و دەستدرێژیش دەكەنە سەر ژنەكەی."
دوای دەركردنی ژمارەیەك ڕاگەیەنراو و بەیاننامە لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمەوە، حكومەتی عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەكە پێكهێناوە، دۆسیەی تۆمەتبارەكان ڕەوانەی كەركوك كراون و دوو دەستدرێژیكارەش لە پردێوە براون بۆ شاری كەركوك.
بەپێی وتەی سەعد حەربیە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، هاوسەری ژنەكە سكاڵای تۆماركردووە، بۆیە دەزگا ئەمنیەكان تۆمەتبارەكانیان دەستگیركردووە و لەئێستادا لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
هاوكات جەمال شكور یەكێك لە نوێنەرانی كەركوك لەپەرلەمانی عێراق كە بۆ چاودێری كردنی دۆسیەكە لەسەر خەتە، بەدەنگی ئەمەریكا وت"دوو تۆمەتبارەكە بەپێی مادەی ژمارە 393 كە تایبەتە بە دەستدرێژی ڕاگیراون."
وتیشی"ژنەكە كوردە و باری دەروونی تەواو نیە، پیاوەكەش توركمانە و كەمئەندامە، باری داراییان زۆر خراپە."
جەختیشیكردەوە"بەرپرسانی كورد كە هاتوونەتە سەر خەت، وەكو مەسەلەیەكی ئینسانی لە دۆسیەكەیان ڕوانیووە، نەك وەكو مەسەلەیەكی نەتەوەیی."
زانیاریەكان ئاماژەبەوەش دەكەن، ماڵی ژنەكە پێشتر لەناحیەی لەیلان بووە، بەڵام بەشێك لەدانیشتوانی ناحیەكە سكاڵایان تۆماركردووە و داوای گواستنەوەیان كردوون، دواتر ماڵیان بۆ پردێ گواستووەتەوە.
گومان دەكرێت ژمارەی دەستدرێژیكارەكان زیاتربێت لەو دوو كەسە، بەڵام هۆكاری تێوەگلانی دوو كەسەكە، پەیوەندی بەو گرتە ڤیدیۆییەوە هەیە، خۆیان تۆماریان كردووە و بڵاویان كردۆتەوە، كەبووە هۆی گەورەبوونەوەی دۆسیەكە.
جوان حەسەن ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەدەنگی ئەمەریكای وت"ئەو دوو تۆمەتبارە ڕەنگە بۆ خۆ دەرخستن گرتەی ڤیدیۆیی دەست درێژیكردنە سەر ژنەكەیان تۆمار كردبێت."
وتیشی"گرتە ڤیدیۆییەكە بووەتە بەڵگە لەسەریان، ئەگینا ڕەنگە ژمارەی دەستدرێژیكارەكان زیاتر بێت."
رێكخراوەكانی ژنان لەكەركوك، هۆشداری دەدەن لەوەی كە ژیانی خێزانی لەتەواوی ناوچە كێشەلەسەرەكان بەهۆی گرفتی دارایی و شوێنەوارەكانی جەنگ لە مەترسیدایە، بۆیە داوای هەماهەنگی لەحكومەتی عێراق و هەرێم دەكەن.