Draw Media

مەسعود بارزانی: سەربەخۆیی مافەو دێتە دی

مەسعود بارزانی: سەربەخۆیی مافەو دێتە دی

2020-04-10 21:56:17


درەو: 
"قاسم سولەیمانی پەیوەندی پێوەكردم و وتی دەتانەوێت چیتان بۆ بكەین، منیش وتم ئەگەر بكرێت چەكی دۆشكا و ئارپێجیمان پێویستە، بەیانی رۆژی دواتر بە دوو فڕۆكەی پڕەوە هاوكارییەكانی گەیاند" ئەمە وتەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە لەبەرنامەی ( السطر الاول)ی كەناڵی ئاسمانی ( MBC) كردی.
مەسعودبارزانی  باسی لە سەرەتاكانی شەڕی داعش كردو ئاماژەی بەوەكرد، كە "ئێرانیەكان رۆژەكانی یەكەم هاتن و چەكی دژی ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕیان پێداین، پرسیان دەتانەوێ چیتان بۆ بكەین" سەبارەت بە ئەمریكاو هاوپەیمانانیش بارزانی وتی" ئەمریكا دوای 3 بۆ 4 رۆژ لە شەڕی داعش لە ئاسمانەوە پشتیوانیان كردین و زۆر بە باشی پشتیوان بوو، هێشتا هەولێر لە ژێر هەڕەشەی مووشەكەكانی داعش بوو، ئەڵمانیا چەكی میلانی پێداین و هاوكێشەی جەنگەكە گۆڕا"
سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمیش سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد"  گرنگ ئەوەیە بەریفراندۆم بناغەیەكی پتەومان دانا بۆ ئەو مافە من ناڵێم خەون، بەڵام نەوەی دوای من و دوای ئەوان دێن دەیبنین، بەڵێ بێگومان، من دڵنیام كە گەلی كورد سەلماندی بە هیچ شێوەیەك خۆی رادەستی ستەم ناكات"

دەقی چاوپێكەوتنەكەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

به‌غدا دوای 2003

سه‌رۆك بارزانی: ئێمه‌ وا پێشبینیمان ده‌كرد، كه‌ دوای 2003 عێراقێكی نوێ، كه‌ مافی هه‌مووانی تێدا ده‌پارێزرێت و فیدرالی ده‌بێت، بۆ ئه‌و كاته‌ زۆر باش بوو، هه‌موو حزبه‌كان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حزبه‌كانی دیكه‌ و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانیش له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ ره‌زامه‌ند بوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقدا بكه‌ین و كه‌س لاری نه‌بوو.

ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌رده‌م بوشی باوك

مەسعود  بارزانی: دوای 1991 ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێیان گوتین كه‌ هێزه‌كانمان ده‌كشێنینه‌وه‌، ته‌نیا ناوه‌ندێكی هه‌ماهه‌نگی له‌ زاخۆ ده‌هێڵێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق هێرشی كردنه‌ سه‌ر ئێمه‌ لێی ده‌ده‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش هێرش بكه‌ن، ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندیمان پێتانه‌وه‌ نابێت، ئه‌وه‌ په‌یامی واشنتن بوو.

دوای ئه‌وه‌ی بێل كلینتن بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، په‌یامی ئه‌مه‌ریكییه‌كان هه‌ندێك گۆڕا، ئه‌وجاره‌ گوتیان ئه‌گه‌ر ئێوه‌ هێرش بكه‌ن، ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان هێرش بكه‌ن، ئێمه‌ دێینه‌ سه‌رخه‌ت، به‌ڵام له‌و كات و ساته‌ی كه‌ ئێمه‌ خۆمان دیاری ده‌كه‌ین، من به‌بیرم كه‌ پێم گوتن، لای ئێمه‌ی موسڵمان ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ فاتیحه‌ بۆ گیانی مردووان ده‌خوێنرێت، پێم گوتن ئه‌گه‌ر ئێمه‌ مردین فاتیحه‌مان بۆ مه‌خوێنن. ئه‌و كات و ساته‌ی ئێوه‌ دیاری ده‌كه‌ن كه‌ی ده‌بێت؟ ده‌بێت، چونكه‌ گونجاو نه‌بوو.

پێش كه‌وتنی به‌غدا، له‌ سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌ندراو چووینه‌ واشنتن، گه‌یشتینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت رژێمی به‌غدا بڕووخێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌مان بۆچوونیان هه‌بێت ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان ده‌وێت، بڕوای ته‌واومان هات، كه‌ له‌راستیدا رووخانی رژێمیان ده‌وێت.

پرسه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بوو كه‌ گوتیان چی بكرێت باشه‌، منیش پێشنیازی ئه‌وه‌م كرد كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی عێراق كۆبكرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو له‌ له‌نده‌ن كۆنگره‌كه‌ له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2002 به‌سترا، رێككه‌وتن له‌سه‌ر بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق، به‌ڵام له‌ رۆژی كۆتاییدا، بۆنی تۆڵه‌كردنه‌وه‌م كرد، گوتم به‌ڕێزان هه‌رچه‌نده‌ خه‌ریكی داڕشتنی راگه‌یه‌ندراوی كۆتایین، به‌ڵام من قسه‌یه‌كم هه‌یه‌، قسه‌كه‌شم ئێستا ماوه‌ بۆ هه‌مووان هه‌یه‌ و گوتی: "پێمان باشه‌ واز له‌ ناكۆكییه‌ لاوه‌كییه‌كان  بهێنین، با خه‌ڵك نوێنه‌ری ئه‌مینی خۆی هه‌ڵبژێرێت، له‌ رێگه‌ی دیموكراسی و ئازادی راده‌ربڕین، فره‌یی و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری له‌به‌رچاو بگیرێت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسی بنیات بنێت".

به‌ درێژایی ژیانم، دژی دیكتاتۆر و سته‌مكاری وه‌ستاومه‌ته‌وه‌، 37 كه‌س له‌ ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌كه‌م، له‌ براكانم برازاكانم و ئامۆزاكانمم له‌ده‌ستداوه‌، زیاتر له‌ 8 هه‌زار بارزانی، 182 هه‌زار ئه‌نفالی كورد، 5 هه‌زار شه‌هیدی كیمیاییبارانی هه‌ڵه‌بجه‌. ده‌بێت بپرسین ئایا دوای رووخانی سه‌ددام ده‌كرێت من بچم 37 كه‌سی سه‌ددام بكوژم، دواتر 8 هه‌زار كه‌س له‌ هۆزه‌كه‌ی له‌ تكریت و 182 هه‌زار كه‌س له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكوژرێن، چی ده‌بێت؟ با رێكبكه‌وین، چه‌ند كه‌سن، هه‌زار دوو هه‌زار تاوانباره‌كان بدرێنه‌ دادگا و سزای خۆیان وه‌ربگرن، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ لێبگه‌ڕێن.

مه‌به‌ستی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ بوو؟

مەسعود  بارزانی: به‌ڵێ به‌ڵێ.. پێمگوتم من ترسم له‌ داهاتوو هه‌یه‌ و وڵات بنیات نانرێت، هه‌ندێك له‌گه‌ڵ بوون و هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵمدا بوون.

تۆ دژی ریشه‌كێشی به‌عس بووی؟

مەسعود  بارزانی: من دژی ئه‌وه‌ بووم به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌ها و به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی رژێم بكرێت، ته‌نها ئه‌وانه‌ی تاوانیان ئه‌نجامدابوو ئه‌وان سزا بدرێن و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌، رزقیان مه‌بڕن، من دژی ئه‌وه‌م. من دژی ریشه‌كێشكردنی سیاسی نه‌بووم، به‌س دژی ئه‌وه‌بووم كه‌ رزقی ئه‌وانه‌ ببڕێت كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ تاوانه‌كانی رژێمه‌كه‌وه‌ نییه‌.

ده‌ستگیركردنی سه‌ددام حوسێن

پێشبینی ئه‌وه‌ت ده‌كرد كه‌ سه‌ددام به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت؟

مەسعود  بارزانی: له‌ راستیدا پێشبینی ئه‌وه‌م ده‌كرد ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ بگاته‌ ئه‌و راده‌یه‌، شتێك بكات و مێژووێك بۆخۆی درووست بكات، یان كۆتایی به‌ ژیانی خۆی بهێنێت، به‌ڵام كه‌ بینیم به‌و شێوه‌یه‌ له‌ چاڵه‌كه‌ ده‌ریده‌هێنن، له‌به‌رچاوم كه‌وت.

عێراقییه‌كان به‌ ده‌نگێكی نزمه‌وه‌ ده‌ڵێن سه‌ددام سته‌می لێكرا؟

مەسعود  بارزانی: له‌ راستیدا سه‌ددام به‌رپرسی هه‌موو تاوانه‌كان بوو كه‌ ئه‌نجامدرابوو به‌رامبه‌ر عێراقییه‌كان و دراوسێكانیش، به‌ڵام نه‌ده‌بوو له‌ شه‌وی جه‌ژن له‌ سێداره‌ بدرێت، پێموایه‌ ده‌بوو یان پێشتر یان دواتر بێت.

پێتوایه‌ كه‌ له‌سێداره‌دانی له‌ شه‌وی جه‌ژن مه‌به‌ستدار بوو؟

دواتر گوێم لێبۆوه‌ كه‌ هه‌وڵی رفاندنی دراوه‌، به‌ڵام دواتر زۆر به‌ دوای ئه‌و بابه‌ته‌دا نه‌چووم.

كاتێك سه‌ددامت له‌ژێر په‌تی سێداره‌ بینی چ هه‌ستێكت هه‌بوو، ئه‌و كه‌سه‌ی برا و كه‌سوكاری تۆی كوشت وا له‌ سێداره‌ ده‌درێت؟

مەسعود بارزانی: وا هه‌ستم كرد كه‌ خوا تۆڵه‌ له‌ سته‌مكاران ده‌كاته‌وه‌، ئیمانێكی ره‌هام به‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ خوا ده‌رفه‌تت ده‌دات به‌ڵام پشتگوێ ناخات.

په‌یوه‌ندی سه‌رۆك بارزانی و پۆل بریمه‌ر

مەسعود بارزانی: برێمه‌ر كه‌سێك بوو شاره‌زایی ته‌واوی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ نه‌بوو، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئه‌نجامدا، هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بوو، باره‌گای ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتیش بوو، ئێمه‌ش چووین و كۆبووینه‌وه‌.

گوتی من نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌م، بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پرۆسه‌كه‌ داگیركارییه، به‌ڵام وشه‌كه‌ هه‌ندێك قورسه‌ و پێویسته‌ پابه‌ندی بن، منیش هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكم هه‌یه‌ و بڕیاره‌كان ده‌ده‌م و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكم هه‌یه‌، بۆیه‌ بڕیارمان داوه‌ له‌نێو ئێوه‌ لیژنه‌یه‌كی راوێژكاری درووست بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی راستگۆش بم له‌گه‌ڵتان، مه‌رج نییه‌ هه‌موو پێشنیاز و راوێژه‌كانتان وه‌ربگیرێت.

به‌ خۆبه‌زلزانی ده‌ركه‌وت؟

مەسعود بارزانی: منیش گوتم من نوێنه‌رایه‌تی خۆم ده‌كه‌م، هه‌ر تاكێكیش لێره‌ نوێنه‌ری خۆیه‌تی، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌توانی به‌و شێوه‌یه‌ قسه‌ ده‌كه‌ی خۆت تاقی بكه‌یه‌وه‌، بزانه‌ چۆن ده‌بێت و چۆن ده‌توانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ و دامه‌زراوه‌كانی بنیاتبنێیه‌وه‌ و تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو ده‌بی، ئه‌وه‌یان بۆخۆت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام من له‌ ژیانمدا نابمه‌ راوێژكاری هیچ كه‌سێك، من باره‌گاكه‌م له‌ هه‌ولێره‌ و ئه‌گه‌ر پێویستییه‌كتان به‌من بوو، ئه‌وه‌ من له‌ هه‌ولێرم و فه‌رموون. ئه‌وانی دیكه‌ش خۆیان نوێنه‌رانیه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن.

وه‌ڵامی ئه‌و چ بوو؟

مەسعود بارزانی:  ئه‌و كاته‌ زۆر باش له‌ بیرم نییه‌، به‌ڵام ماوه‌ی نزیكه‌ی 2 مانگ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌منه‌وه‌ نه‌ده‌كرد، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌، به‌ڵكو ده‌یه‌ویست بێزارم بكات، به‌ڵام له‌ هه‌موو شوێنه‌كان وه‌ڵامی خۆمم هه‌بوو به‌رپه‌رچم ده‌دایه‌وه‌. دواتر هات و گه‌ڕایه‌وه‌، سه‌ردانه‌كانی به‌رده‌وام بوو وه‌كو ئه‌وه‌ی هیچ رووی نه‌دابێت.

ئه‌ندامێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات (مجلس الحكم)

به‌بێ ئاگاداری خۆم، ناوی منیان له‌ لیستی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا نووسیبوو، من سه‌ره‌تا ره‌تمكرده‌وه‌، به‌ڵام دواتر بینیم كه‌سایه‌تی به‌ڕێز داوایان كرد، گوتم ئه‌گه‌ر ره‌تی بكه‌مه‌وه‌، ره‌نگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام من وتم له‌به‌ر رێزی ئێوه‌ قه‌بووڵمه‌، پێمباشتر بوو بكه‌م نه‌ك ئه‌و دۆسته‌ به‌ڕێزانه‌م نیگه‌ران بكه‌م.

مانگی نیسان من له‌ ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات بووم، بڕیارمدابوو، 2 بۆ 3 رۆژ له‌ به‌غدا بمێنمه‌وه‌، دوای منیش ئه‌وه‌ی دێت با ئه‌و ئه‌ركه‌كه‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌ی گه‌یشتمه‌ به‌غدا، رووداوه‌كانی فه‌للوجه‌ روویاندا، هه‌ڵوێستێكی زۆر ناخۆش بوو، نه‌ده‌بوو به‌غدا جێبهێڵم كه‌ له‌و كاته‌دا هاوڕێ و هاوكاره‌كانم جێبهێڵم، بڕیارێكی باش نه‌بوو، بۆیه‌ تا كۆتایی مانگه‌كه‌ مامه‌وه‌.

سه‌ختترین شت له‌ ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات چ بوو؟

مەسعود بارزانی: سكرتێری ئه‌نجومه‌نم بانگ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن ئیداره‌ی كاره‌كان ده‌كه‌ن، گوتی بڕیاره‌كان لێره‌وه‌ ده‌رده‌چن و بۆ بریمه‌ر ره‌وانه‌ ده‌كرێت، ئه‌ویش یان تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌دات، یان قه‌بووڵی ده‌كات.

گوتم باشه‌ تا ئێستا چه‌ند بڕیار ده‌رچووه‌، بریمه‌ر ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر چه‌ندیان داوه‌ و تانه‌ی له‌ چه‌ند بڕیاریش داوه‌، ئه‌ویش گوتی 113 بڕیار ده‌رچووه‌ تا ئێستا، بریمه‌ر تانه‌ی له‌ 97 بڕیارداوه‌، منیش قسه‌م له‌گه‌ڵی كرد، گوتم سوێن به‌ خوای گه‌وره‌، ئه‌گه‌ر بڕیارێك ده‌ربچێت و من واژۆی له‌سه‌ر بكه‌م و تۆ تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ بده‌ی یه‌ك خووله‌كیش نامێنمه‌وه‌. یان له‌ ئێستاوه‌ پێم بڵێ ئه‌گه‌ر وه‌كو ئه‌وان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌كرێت با بزانم، یانیش هیچ بڕیارێك ناده‌ین وهیچ واژۆ ناكه‌م، به‌ڵێنی پێدام كه‌ وا نه‌بێت، له‌راستیشدا پابه‌ند بوو و تانه‌ی له‌ هیچ بڕیارێكی من نه‌دا.

هیچ حاڵه‌تێكی تایفه‌گه‌ری هه‌بوو له‌وێ تێپه‌ڕبێت یان شتێكی له‌و بابه‌ته‌؟

مەسعود بارزانی: نه‌خێر.. له‌راستیدا ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات بوون، كه‌سانی رێزلێگیراو بوون و رێزی یه‌كتریان ده‌گرت، به‌ڵام هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌بوو، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان لای بریمه‌ر بوون، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر گونجاو بوون و هه‌ستیان به‌ به‌رپرسیارێت ده‌كرد.

وڵاتانی عه‌ره‌بی چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات ده‌كرد؟

خۆیان ده‌پاراست، زۆربه‌یان و وابزانم هه‌موویان، به‌ڵام یه‌كه‌م وڵات ئێران بوو هات و پیرۆزبایی لێكردین، به‌شێكیش له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد.

ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی

هه‌ندێك پێیانوابوو رۆژێك دوای ریفراندۆم هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت، ئایا ئه‌وه‌ پلانی ئێوه‌ بوو؟

مەسعود بارزانی: به‌ر له‌ ریفراندۆم و دواتریش نه‌مانگوتووه‌ كه‌ دووه‌م رۆژ سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نین، گوتمان ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ گه‌لی كورد رای خۆی رابگه‌یه‌نێت و بچینه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، پێویسته‌ به‌ گفتوگۆ و رێگه‌ی ئاشتی بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێك، ئه‌وه‌ ئامانجه‌كه‌ بوو.

ئایا مه‌سعود بارزانی له‌وه‌ ده‌ترسا كه‌ نه‌وه‌ی داهاتووی كورد زۆر گرنگی به‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد نادات وه‌ك نه‌وه‌ی سه‌رده‌می ئێوه‌؟

مەسعود بارزانی: بۆ من سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر به‌بڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دابوو، نزیكه‌ی 93%ی گه‌لی كوردستان ده‌نگیان به‌ڵێ بوو. له‌لای منیش ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن بوو.

كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌ی چی بوو؟ چ ده‌وڵه‌تێك زۆر پشتگیری ئێوه‌ی ده‌كرد؟

مەسعود بارزانی: به‌شێك له‌ وڵاتان به‌ر له‌ ریفراندۆم به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان دابوو كه‌ ئه‌گه‌ر پشتگیریش نه‌كه‌ن دژ نه‌بن، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری به‌ڵێنه‌كه‌یان بوون.

كامه‌یان به‌ دیاریكراوه‌؟

مەسعود بارزانی: ده‌توانم بڵێم هه‌موویان، به‌ڵام به‌ پله‌ی جیاواز.

ئه‌ی ئێران و توركیا؟

مەسعود بارزانی: ئه‌وان زۆر دژ بوون و ئاڵای دوژمنداریان به‌رزكرده‌وه‌، وڵاتانی ده‌رووبه‌ر هه‌موویان.

واتا له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ناكۆكن ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ یه‌كیان گرت؟

مەسعود بارزانی: به‌ڵێ رێك ئه‌وه‌مان بینی.

له‌و بڕوایه‌دای رۆژێك له‌ رۆژان ببینی ئه‌و خه‌ونه‌ بووه‌ته‌ راستی؟

مەسعود بارزانی: گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بناغه‌یه‌كی پته‌ومان دانا بۆ ئه‌و مافه‌ من ناڵێم خه‌ون، به‌ڵام نه‌وه‌ی دوای من و دوای ئه‌وان دێن ده‌یبنین.

ئایا تۆ دڵنیای له‌ گه‌لی كوردی؟

مەسعود بارزانی: به‌ڵێ بێگومان، من دڵنیام كه‌ گه‌لی كورد سه‌لماندی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی راده‌ستی سته‌م ناكات.

شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش

مەسعود بارزانی: داعش دیارده‌یه‌كی سه‌یر و نامۆ بوو، پێشتر تیرۆریستان هه‌بوون به‌ڵام له‌ ژێر زه‌وی بوون، كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیان ئه‌نجام ده‌دا، ئۆتۆمبێلێكی به‌مین چێنراو، یان خۆكوژێت خۆی ده‌ته‌قانده‌وه‌. به‌ڵام داعش له‌ ماوه‌ی 24 هات و خۆمان به‌رامبه‌ر سه‌نگه‌رێكی هه‌زار و په‌نجا كیلۆمه‌تری رێكخراوه‌كه‌ بینییه‌وه‌، كه‌ سوپایه‌كی به‌هێز و پته‌و بوو، ئه‌وه‌شیان له‌ سوپای عێراقییه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتبوو. وه‌ك زریپۆش و تانك و چه‌كی شكێنه‌ر، له‌ سووریاشه‌وه‌ چه‌كیان ده‌ستكه‌وتبوو. هێرشێكی فراوانیان كرد، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ توانستی ئه‌وه‌مان نه‌بوو، چونكه‌ حكومه‌تی به‌غدا رێگری له‌وه‌ ده‌كرد چه‌ك بگاته‌ پێشمه‌رگه‌، له‌كاتێكدا ده‌ستوور مافی ئه‌وه‌ی داوه‌ بگاته‌ ئه‌و چه‌كه‌ بگاته‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌مه‌ریكاش كاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كرد، ئه‌مه‌ریكا و به‌غدا هه‌ردووكیان ده‌ستبه‌رداری پابه‌ندییه‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ بوون.

له‌راستیدا له‌ رۆژانی یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیان، سینگی خۆیان كرده‌ قه‌ڵغان و به‌ ئیمانی خۆیان به‌رپه‌رچی هێرشی گه‌وره‌ و وه‌حشیانه‌یان تیرۆریسانیان دایه‌وه‌.

داڕمانی سوپا شتێكی ئاسایی بوو له‌ مووسڵ یان شتێك هه‌بوو؟

مەسعود بارزانی: هیچ كات سوپای عێراق ئینتیمای بۆ نیشتمان نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێ بۆ كه‌سێك بووه‌ شتێكی ساخته‌بووه‌. ئێمه‌ زانیاریمان هه‌بوو كه‌ له‌سه‌ر سنووره‌كانه‌وه‌ هاتووچۆ ده‌كه‌ن، له‌ سووریاوه‌ بۆ رۆژئاوا مووسڵ، ماوه‌ی ساڵێك بوو هه‌موو سوپای عێراق له‌ ناوچه‌ی رومادی سه‌رقاڵ بوون.

داعش توانست و هێزی سوپای عێراقی داڕماند به‌راستی، دواتر چه‌كدارانی داعش هاتنه‌ ناوچه‌ی حه‌زه‌ر له‌ باشووری رۆژئاوای مووسڵ.

ئێوه‌ چاودێری دۆخه‌كه‌تان ده‌كرد؟

مەسعود بارزانی: پێشنیازمان كرد له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنێك ئه‌نجام بده‌ین و ده‌ریان بكه‌ین، به‌ڵام گرنگی پێ نه‌دا، دواتر گه‌شه‌یان به‌ كرده‌وه‌كانیان دا، خۆیان پێشخست شانه‌ی نووستوویان درووست كرد و بازنه‌كانیان فراوان كرد و خه‌ڵكی دیكه‌ش هاوكاریان كردن، ئه‌و هێزه‌ی هاته‌ مووسڵیش هێزێكی تایفی بوون، زۆر خراپ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كرد، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی مووسڵ وایانده‌زانی چه‌كدارانی داعش نایانكوژێت و به‌ به‌زه‌ییترن له‌ سوپای عێراق، ئه‌وه‌ش كاره‌سات بوو.

به‌غدا فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده‌ و یاریده‌ده‌ری سوپاسالاری نارده‌ مووسڵ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه‌، ئه‌و كاته‌ چه‌كدارانی داعش و تیرۆریسته‌كان، له‌ بادۆش زیندانیكرابوون، له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا داعش ئامانجی ئازادكردنی ئه‌و زیندانانه‌ی خۆی بوو، سه‌ربازگه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ مووسڵ به‌ناوی غه‌زلانی، ئه‌وێ باره‌گای فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆن بوون، جێگری سوپاسالار و فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده‌ له‌وێ بوون، داعش خۆیشی پێشبینی نه‌ده‌كرد مووسڵ وا به‌ ئاسانی بكه‌وێت، هێرشه‌كه‌یان بۆ سه‌ر بادۆش بوو، ره‌نگه‌ پاسه‌وانه‌كان رێك كه‌وتبن، سه‌ربازگه‌كه‌شیان هاوه‌ن باران كرد، یاریده‌ده‌ری سوپاسالار و فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده‌ هه‌موویان شوێنه‌كه‌یان جێهێشت و سه‌ربازگه‌كه‌یان چۆڵ كرد و هه‌واڵه‌كه‌ش له‌ شار بڵاوبۆوه‌ و داڕمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگر له‌ پووش و په‌ڵاش به‌ربووبێت و شانه‌ نووستووه‌كانیش ده‌ستیان به‌كاركرد، داعش له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بچێته‌ بادۆش هاته‌ مووسڵ، چونكه‌ شتێكی گه‌وره‌تری ده‌ستكه‌وت مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكات بادۆش خۆی ده‌كه‌وێت. داعش خۆیشی نه‌یده‌زانی به‌و ئاسانییه‌ ده‌توانێت مووسڵ داگیربكات.

هه‌ندێك ده‌ڵێن مالیكی مووسڵی راده‌ستكرد؟

مەسعود بارزانی: ره‌نگه‌ نه‌توانین وابڵێین، به‌ڵام مالیكی پشتی به‌ سوپایه‌ك به‌ست كه‌ وایده‌زانی سۆزی بۆ ئه‌و هه‌یه‌ و تا دوا فیشه‌ك ده‌جه‌نگێت، هێزه‌كه‌ش هه‌موو هه‌ڵاتن و چه‌ك و جلی سه‌ربازیان جێهێشت و زۆربه‌یان هاتنه‌ لای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.

مه‌سعود بارزانیمان بینی گه‌ڕایه‌وه‌ مه‌یدانی جه‌نگ، به‌ڵام به‌ ته‌مه‌نێكی جیاواز و له‌ قۆناغێكی جیاواز، چی وای كرد خۆی بچێته‌وه‌ مه‌یدانی جه‌نگ؟

مەسعود بارزانی: هه‌ستم به‌ مه‌ترسی دۆخه‌كه‌ كرد، وه‌حشیه‌تگه‌ری داعشمان بینی له‌ كوشتن و سه‌ربڕین، ئه‌تككردنی نامووس، ته‌نانه‌ت له‌ كتێبه‌كانی مێژووش ئه‌وه‌مان به‌رچاو ناكه‌وێت، ره‌چاوی هیچ شتێكیان نه‌ده‌كرد و هه‌موو تاوانێكیان ئه‌نجام ده‌دا. گه‌له‌كه‌مان له‌به‌رده‌م چاره‌نووسێكی ره‌شدا بوو، ناچاربووین بچین و ئه‌ركی خۆمان ئه‌نجام بده‌ین.

زۆربه‌ی فه‌رمانده‌كان هۆشداریان ده‌دا له‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی بچێته‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ چونكه‌ شه‌ڕه‌كه‌ نزیك بوو زۆر؟

مەسعود بارزانی: رۆژه‌كانی سه‌ره‌تای جه‌نگ پێویست بوو، چونكه‌ ره‌وشه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیداربوو، داڕمان له‌ چه‌ند شوێنێك روویدا، ئه‌زموونه‌كه‌ نوێ بوو، چه‌كدارانی داعش 1700 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی گوللـه‌نه‌بڕیان له‌ سوپای عێراقه‌وه‌ چنگ كه‌وتبوو. چه‌ك ته‌قه‌مه‌نی و پێویستمان نه‌بوو، به‌رامبه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ هیچ شتێك كاریگه‌ریی نه‌بوو، ئه‌وان ده‌هاتن و سه‌نگه‌رێكیان به‌ ته‌واوه‌تی له‌ناو ده‌برد، له‌ هه‌ندێك شوێن دۆخه‌كه‌ زۆر خراپ بوو، بۆ ئه‌وه‌ چووم وره‌یان به‌رزبكه‌مه‌وه‌.

له‌وه‌ ده‌ترسای نه‌وه‌ی ئێستای كورد نه‌توانێت له‌ ئاست دۆخه‌كه‌ بێت له‌ چاو ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه‌ پێشتر به‌ یه‌كه‌وه‌ خه‌باتتان كردووه‌؟

مەسعود بارزانی: له‌ راستیدا ده‌ترسام، چونكه‌ نه‌وه‌ی كۆن هه‌ندێكیان شه‌هید بوون و هه‌ندێكیان به‌هۆی ته‌مه‌نه‌وه‌ نه‌یانده‌توانی له‌و دۆخه‌دا له‌ سه‌نگه‌ربن، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی 2 هه‌فته‌دا، ده‌ركه‌وتن كه‌ پاڵەوانن و جێگه‌ی شانازی بوون، به‌راستی پاڵه‌وان بوون به‌ مانای وشه‌.

دوو هه‌فته‌ی یه‌كه‌م، هێرشه‌كانمان راگرت، دواتر پێگه‌ی خۆمان قایمتر كرد، دواتر هێرشی پێچه‌وانه‌مان ده‌ستپێكرد، فه‌رمانده‌ی یه‌كێك له‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌كان هێرشی كرد، بینی ئۆتۆمبێلێكی خۆكوژی داعش دێته‌ نزیك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هیچ به‌ربه‌ستێكی له‌به‌رده‌م نییه‌، به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی چووه‌ به‌رده‌می و رێگری لێكرد له‌وێ خۆی ته‌قانده‌وه‌، فه‌رمانده‌كه‌ له‌وێ شه‌هیدبوو به‌ڵام نه‌یهێشت خۆكوژه‌كه‌ بگاته‌ ناو پێشمه‌رگه‌.

ئایا ئه‌مه‌ریكا به‌و شێوه‌یه‌ هاوكاری پێشمه‌رگه‌ی ده‌كرد؟

مەسعود بارزانی: پێشتر ئه‌مه‌ریكییه‌كان هیچ شتێكیان پێنه‌ده‌داین و گوشاریان له‌ به‌غدا نه‌ده‌كرد كه‌ چه‌ك به‌ پێشمه‌رگه‌ بده‌ن، به‌ڵام دوای 3 بۆ 4 رۆژ له‌ ئاسمانی پشتیوانیان كردین و زۆر به‌ باشی پشتیوان بوون، دواتریش هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی زۆر باش بوو، هه‌رگیز سه‌ردانی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌بیر ناكه‌م بۆ هه‌وه‌لێر (فرانسوا ئۆلاند) له‌ 12ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2014، كه‌ هێشتا هه‌ولێر له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مووشه‌كه‌كانی داعش بوو، ئه‌ڵمانیا چه‌كی میلانی پێداین و هاوكێشه‌ی جه‌نگه‌كه‌ گۆڕا. هه‌روه‌ها سعودیه‌ و ئیمارات و ئوردن، هاوكاریان كردین.

رۆڵی ئێران چی بوو؟

مەسعود بارزانی: یه‌كه‌م رۆژه‌كان هاتن و چه‌كی دژی ئۆتۆمبێلی گوللـه‌نه‌بڕیان پێداین، پرسیان ده‌تانه‌وێ چیتان بۆ بكه‌ین، قاسم سوله‌یمانی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم، منیش گوتم ئه‌گه‌ر بكرێت چه‌كی دۆشكا و ئارپێجیمان پێویسته‌، به‌یانی رۆژی دواتر به‌ دوو فڕۆكه‌ی پڕه‌وه‌ هاوكارییه‌كانیان گه‌یاند.

له‌باره‌ی حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵڵا له‌وانه‌یه‌ گوێبیستی قسه‌كانی بووبی له‌ باره‌ی هاوكارییه‌كانی ئێران قسه‌ی كرد، تۆ چیت هه‌بوو بۆی؟

مەسعود بارزانی: برایانی عه‌ره‌ب به‌ر له‌ كورد وه‌ڵامیان دایه‌وه‌، له‌راستیدا نواندنێكی شكستخواردوو وچیرۆكێكی هه‌ڵبه‌ستراو بوو، ناشزانم هۆكاری چی بوو، دواتریش په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم.

داوای لێبوردنی كرد؟ 

مەسعود بارزانی: (به‌ پێكه‌نینه‌وه‌) با ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی لێگه‌ڕێین باسی ناكه‌م، وازی لێبێنه‌.

سه‌ردانی ریاز و پێشوازی شاهانه‌ی شا سه‌لمان 

مەسعود بارزانی: تا ئێستا 4 بۆ 5 جار سه‌ردانی سعوودیه‌م كردووه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان شا فه‌هد، شا عه‌بدوڵڵا و شا سه‌لمانم بینیوه‌، شا عه‌بدوڵڵا چیرۆكێكی بۆ گێڕامه‌وه‌ كه‌ من نه‌مبیستبوو، من ئاماژه‌م به‌ په‌یوه‌ندی نێوان شا فه‌یسه‌ڵ و بارزانی نه‌مر كرد، به‌ڵام ئه‌و گوتی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ كۆنتره‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌می شا عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌وه‌ش بۆمن شتێكی نوێ و گرنگ بوو به‌راستی.

هیچ گۆڕانگارییه‌كت له‌ هه‌ڵوێستیان بینیوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پرسی كورد، مه‌به‌ستم شا سه‌لمان شا عه‌بدوڵڵا و شا فه‌هده‌؟

مەسعود بارزانی: له‌راستیدا هه‌موویان هه‌ڵوێسته‌كانیان مرۆیی و گه‌وره‌بووه‌، دوا سه‌ردانیشم بۆ لای شا سه‌لمان رێزلێنانێكی زۆر روون و گه‌وره‌ و دیار بوو، سوپاس و پێزانینم بۆ گه‌ل و شای سعوودیه‌ هه‌یه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand