سیاسەت لەسەردەمی كوڕەكاندا
2020-04-15 19:17:05
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
ئەمە زەمەنی ئاوابوونی مەكتەب سیاسییەكانی حزبە.. لەمانگێكدا چەندین گرژی لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی رویانداوەو هیچ كۆبونەوەیەك بۆ گەیشتن بە چارەسەر نەكراوە، لە قەیرانی غازەوە بۆ شەڕە بەیاننامەی زانیاریو پاراستن، ئێستا زینی وەرتێ گەیاندویەتییە لوتكەی گرژی.
كۆتایی مەكتەب سیاسییەكان
رۆژگارێك بەدیاریكراویش دوای راوەستانی شەڕی ناوخۆ، مەكتەب سیاسی پارتیو یەكێتی ناوێكی دیاری سیاسەت بوون لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام لە میدیای هەردوو حزبەوە دەردەكەوتنو بڕیاری شەڕو ئاشتییان دەدا، بەڵام ئەم رۆژانە ئیدی ناوی مەكتەبی سیاسی ناوێكی درەوشاوە نییە، ئەمە زەمەنی نەوەی دووەمی سیاسییەكانو ئاوابوونی خۆری مەكتەب سیاسییەكانە.
یەكێتیو مەكتەبی سیاسی
كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرەی چوارەمی خۆی كرد، ئەمە یەكەمین كۆنگرەی دوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەركردەی مێژوویی حزبەكە بوو، لەو كۆنگرەیەدا یەكێتییە نوێیەكان كۆتاییان هێنا بە زەمەنی مەكتەبی سیاسییە كۆنەكان.
لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان جڵەوی دەسەڵاتی حزبیان گرتەدەستو كۆتاییان بە رۆڵی مەكتەب سیاسی حزب هێنا كە زۆرینەیان لە هاوڕێ نزیكەكانی تاڵەبانی باوك بوون، ئەمە سەرەتای زەمەنی ئاوابوونی ئەو دەستەبژێرە سیاسییەی ناو یەكێتی بوو كە رۆژگارێك رۆڵی بەرچاویان لە سیاسەتەكانی حزبدا هەبوو.
مەكتەب سیاسییەكانی دوێنێ یەكێتی ئێستا لەناو ئەنجومەنێكدا بەناوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كۆكراونەتەوە كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمانە كە پێكهاتوون لە (كۆسرەت رەسوڵ- مەلا بەختیار- حاكم قادر- ئەرسەلان بایز- عومەر فەتاح- جەعفەر شێخ مستەفا) ئێستا لە دامەزراوەیەكدا كاردەكەن كە هیچ رۆڵێكی بڕیاردانی لەناو یەكێتیدا نییەو تائێستا چاوەڕوانی ئەوەن ئەنجومەنی نوێی سەركردایەتی حزب دەسەڵاتیان بۆ دیاری بكات، ئەمان رۆژگارێك زۆربەیان ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بوون بۆ شەڕو ئاشتیو رێككەوتنە سیاسییەكان، بەڵام ئێستا لێكەوتوونو لە دوورەوە تەماشای رووداوە سیاسییەكان دەكەن.
پارتیو مەكتەبی سیاسی
بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانیش دۆخەكە هاوشێوەیە، مەكتەبی سیاسی پارتی ئێستا لەجێگای نەبوودایە، مەسعود بارزانی كە بڕیاردەری سەرەتاو كۆتاییە لەناو پارتیدا، ئێستا ئیتر پشتی لە هاوڕێ كۆنەكانی خۆی كردووەو ژمارەیەك روخساری نوێی لە دەوری خۆی كۆكردوەتەوە كە هەندێكیان رۆژێك لە رۆژان پارتی نەبوونو بەمدواییە لە پرۆسەی سەنگەرگۆڕینەوەدا لە بارزانی نزیكبوونەتەوە، ئەمانە زۆربەیان گەنجن.
مەكتەبی سیاسی پارتی لەدوای دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2019، چیتر ئەو رۆڵەیان نەماوەو قسەیەكیان لە سیاسەتی پارتیدا نییە.
كۆتایی ساڵی 2019 زەمەنی كۆنگرەی حزبە سیاسییەكانی هەرێم بوو، یەكێتی نیشتمانی كوردستانو یەكگرتووی ئیسلامیو حزبی زەحمەتكێشان كۆنگرەی خۆیان كرد، ئەوكات پارتیش رایگەیاند كۆنگرەی چواردەیەمی خۆی لە ساڵی 2020دا دەبەستێت، (100) رۆژ تێپەڕیوە بەسەر ساڵی نوێدا، ئاسۆی كۆنگرەی پارتی نادیارە، كۆنگرەیەك كە پێشبینی دەكرێت تێیدا مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب ئەستێرەی بدرەوشێتەوەو لەبەرامبەردا گورزێكی بەهێز لە پێگەی نێچیرڤان بارزانی برازای مەسعود بارزانی بدرێتو هاوكات خۆری ژمارەیەك لە مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزب ئاوا ببێت.
(رۆژ نوری شاوەیس- فازل میرانی- ئازاد بەرواری- عارف تەیفور- كەمال كەركوكی- عیزەدین بەرواری- جەعفەر ئیمنیكی- مەحمود محەمەد) رۆژگارێك دانوستانكاری باڵای پارتی بوون بۆ شەڕو ئاشتی، ئێستا ناویان ونە.
زەمەنی كوڕەكان
2019 ساڵی كوڕەكان بوو، لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب قەڵەمبازێكی گەورەی داو بۆ یەكەمجار پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، لەناو یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی برازای، موشەكئاسا بۆ سەرۆكایەتی حزب سەركەوتن.
لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیشدا دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەستێرەی كوڕەكانی درەوشایەوە، كۆتاییەكانی 2019 بزوتنەوەی گۆڕان رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی حزبی هەڵبژارد، كوڕانی نەوشیراوان مستەفا كە ئێستا پێگەی بەهێزیان لەناو حزبدا هەیە، نەهاتنە پێشەوە، رەنگە ئەوان وەرگرتنی پۆستی رێكخەری حزبیان بۆ قۆناغێكی تر دواخستبێت، بەڵام بێ رۆڵ نین لەناو سیاسەتەكانی حزبداو لە پشتەوە قسەی خۆیان هەیە.
لە بۆشایی مەكتەبی سیاسیدا
رۆڵی بەهێزی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو پارتی رۆژگارێك جێگای رەخنەبوو، تا ئەو ڕادەیەی هەندێك لە رەخنەگران باسیان لەوەدەكرد، شتێك بەناوی حكومەتەوە نییەو هەموو پرسەكان لە مەكتەبی سیاسی دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم یەكلادەكرێتەوە، ئەمە خاڵی نێگەتیڤی مەكتەب سیاسییەكان بوو، بەڵام لایەنی ئەرێنی ئەوان ئەوە بوو، لە بارە لەناكاوەكانو گرژییەكاندا دەستوەردانی خێرایان دەكردو بارودۆخەكەیان رادەگرت، پەیوەندی مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری هەردوو حزب لە پەیوەندی سیاسییەوە سەریكێشابوو بۆ پەیوەندی كۆمەڵایەتیو ئابوریش، بەڵام ئێستا كە خۆری ئەوان لە گۆڕەپانەكەدا كوژراوەتەوە، هێڵی پەیوەندی گەرمی نێوان پارتیو یەكێتیش كێشەی بۆ دروستبووە.
بەمدواییە زیاتر لە چەند كێشەو گرژییەك لەنێوان هەردوو حزب رویداوەو بەبێ چارەسەر بەجێهێڵدراونو رەنگە لە هەر ساتێكدا سەرهەڵبدەنەوە، هەندێك مەترسی ئەوەیان هەیە گرژییەكان بگاتە ئاستی كشانەوەی یەكێتی لە حكومەتو دروستبوونەوەی دووئیدارەیی.
هەندێك دۆخی ئێستا بە كۆتایی زەمەنی مەكتەب سیاسییەكان ناودەبن، هەندێكی تر دەڵێن ئەوانە هێشتا كاریگەرنو لە گۆڕەپانەكەدان، چاوەڕی ئەوەن گەنجەكانی حزب لە ململانێكانیان ماندوو بین، ئەوكات خۆیان بە ناچاری دەگەڕێنەوە بۆ لای ئەوانو بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن.
هێڵی گەرمی پارتیو یەكێتی
پارتی كە رۆژگارێك كێشەی لەگەڵ ئەوە هەبوو یەكێتی خاوەنی ناوەندێكی بڕیار نییە كە بتوانێت گفتوگۆی لەگەڵ بكات، ئێستا ئیتر بەهانەی نەماوە، یەكێتی سەركردایەتیو ناوەندی بڕیاری خۆی دیاریكردووە، بەڵام سەركردە نوێیەكانی یەكێتی دڵخوازی مەسعود بارزانی نین، تائێستا پارتی بە فەرمی دانی بە هاوسەرۆكو مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتیدا نەناوە، لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكانەوە گرژییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی زیادی كردووەو كەمنەبووەتەوە، ونبوونی رۆڵی مەكتەب سیاسییەكانی هەردوو حزب رۆڵی هەبووە لە ئاساینەبوونەوەی پەیوەندییەكان.
ئێستا هێڵی گەرمی پەیوەندی نێوان پارتیو یەكێتی لەسەر ئاستی كەسە نەك مەكتەب سیاسی، لە پارتی نێچیرڤان بارزانی هەوڵی نێوەندگیریو دۆزینەوەی چارەسەر دەدات، لەناو یەكێتیش قوباد تاڵەبانی بووە بە هێڵی گەرمی پەیوەندییەكان.
پارتی مەكتەب سیاسییە نوێیەكانی یەكێتی ناناسێتو پێشتر مامەڵەی لەگەڵ نەكردوون، یەكێتییە نوێیەكانیش لەبەردەم یەكەم تاقیكردنەوەدان لەبەردەم جەماوەری حزبەكەیانو ئامادەنین بەو ئاسانیە مل بۆ پارتی بدەن، ئەمە قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتییە كە نەخشەكەی كاریگەری گەورەی لەسەر داهاتووی هەرێمی كوردستان دەبێت.