Draw Media

هێزە سیاسییەكان قسەی خۆیانكرد، خۆپیشاندەران ماون

هێزە سیاسییەكان قسەی خۆیانكرد، خۆپیشاندەران ماون

2020-04-15 18:36:07


راپۆرتی: درەو

وەك چاوەڕواندەكرا، كۆدەنگی هێزە سیاسییەكانی عێراق لە ڕاسپاردنی مستەفا كازمی_دا، هەنگاوەكانی ناوبراوی بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی ئاسان‌و بێ ئاستەنگ كرد، بەجۆرێك دوای كەمتر لەهەفتەیەك لە ڕاسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، ئەمڕۆ كازمی تەواوكردنی كابینەی حكومەتەكەی ڕاگەیاندو، بەنیازە بەمنزیكانەش پێشكەش بە پەرلەمانی عێراقی بكات.


كابینەكە حازرە
بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرانەكانی كابینەكەی ئامادەكردووە، لەئێستادا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان سەبارەت بە تێپەڕاندنی لەپەرلەمان بەزووترین كات، لەپێناو دەستكردن بەكارەكان بەپێی ئەو ئەلەویاتانەی پێویسیتان بە ڕاپەڕاندن هەیە، وەك كازمی خۆی ئاماژەی پێكردووە. 
چانسی تێپەڕاندنی حكومەتەكەی كازمی لەپەرلەمان زۆر لە ڕاسپێردراوەكانی پێشخۆی بەهێزترە، (محمەد عەلاوی) ویستی بەپێچەوانەی خواستی هێزە كوردی‌و سونییەكان خۆی وەزیرەكانی كابینەكەی دیاریبكات، ئەوە وایكرد حكومەتەكەی ڕووناكی نەبینێت. (عەدنان زورفی)یش لەدەرەوەی خواستی زۆرینەی هێزە شیعییەكان ڕاسپێردرا، ئەوەش هۆكاری سەرەكی بوو كە هەمان چارەنوسی ئەوەی پێش خۆی هەبێت، بەڵام كازمی هیچكام لەم كێشانەی نییە.


سەرۆك وەزیری قەیرانەكان
كازمی وەك خۆی دەڵێت: سەرۆك وەزیری قەیرانەكانە، دەیەوێت بەهاوكاری هێزە سیاسییەكان، عێراق لەدۆخی ئێستا بپەڕێنێتەوە. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی كردووە بە ئامانجێكی دیاریكراو و سەرەكی حكومەتەكەی، لەگەڵ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاستەنگانەی بەرۆكی عێراقی گرتووە.
ئەو ناچارە هەوڵی ڕازیكردنی تەواوی كوتلە سیاسییەكان بدات بۆ تێپەڕاندنی حكومەتەكەی، بەڵام ئەم خاڵە پێچەوانەی خواستی خۆپیشاندەرانە. گەرچی لە ئێستادا كۆرۆنا شەقامەكانی پێ چۆڵكردوون، بەڵام پێناچێت هەروا بەچۆڵی بمێنێتەوە.


خۆپیشاندەران دەگەڕێنەوە
وێڕایی چەندین قەیران‌و دۆسیەی ئاڵۆز كە لەچاوەڕوانی حكومەتەكەیدان، لەگەڵ كۆتایهاتنی كۆرۆنادا، كازمی دەبێت چاوەڕوانی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكانیش بێت، بەتایبەت كە ماوەیەكە چالاكانی خۆپیشاندانەكانی عێراق لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئاماژە بەنزیكی گەڕانەوەیان دەكەن بۆ شەقامەكان. هەنگاوەكانی عادل عەبدولمەهدی بەدامەزراندن‌و گێڕانەوەی دەیان هەزار كەس بۆ سەركارەكانیان نەیتوانی كۆتایی بەخۆپیشاندانەكان بێنێت، ڕەنگە تاكە ڕێگە لەبەردەم كازمی_دا ئەنجامدانی كۆمەڵێك چاكسازی خێرا‌و دانانی سنورێك بۆ گەندەڵی‌و، گێڕانەوەی شكۆ بێت بۆ دەوڵەت، كە فراوانبوونی هەژموونی گروپە چەكدارەكان زیانی گەورەی پێگەیاندووەو، پرسیاری جدی لەسەر ڕۆڵی دەوڵەت‌و دامەزراوە لەعێراق دروستكردووە. 


مەسەلە جەوهەرییەكە
یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی كازمی لەگفتوگۆ ڕۆژنامەوانییەكەی كە لەگەڵ ژماریەك لەمیدیا عێراقییەكان ئەنجامیداو، بۆ یەكەمجارە لە دوای ڕاسپاردنییەوە ڕۆشنایی دەخاتەسەر، مەسەلەی بوونی سوپای ئەمریكایە لەعێراق، كە بەلای هێزە شیعییەكان بەگشتی‌و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە خاڵێكی جەوهەرییە.
كازمی لەوبارەیەوە وتی: "گفتوگۆی جدیمان دەبێت لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەبارەت بە سروشتی مانەوەیان لەعێراق، ئەوەی گرنگە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین ئەوەیە نابێت عێراق ببێت بە گۆڕەپانی تەسفیەی حسابات". وەك ئاماژەیەك بۆ ململانێی نێوان ئێران‌و ئەمریكا.
هێزە شیعییەكان‌و ئێرانییەكانیش نایەوێت دۆخی بەریەككەوتن لەگەڵ ئەمریكا لەعێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بڕوات، ڕاسپاردنی كازمی_یش لەبنەماوە بۆ ئەوان بەشێكە لەپرۆسەی هێوركردنەوەو پەنابردن بۆ بژاردەی سیاسی لەبری پەنابردن بۆ توندوتیژی‌و بەریەككەوتنی سەربازی، كە لەئەگەری درێژەكێشانیدا ڕەنگە كاردانەوەكانی ئەمریكا كارەساتاوی ببێت بۆ عێراق‌و ئێرانیش، بەوەش شیعییەكان كە بڕیاردەری یەكەمی عێراقن زەرەرمەندی گەورە دەبن تێیدا . 


سیناریۆی خۆیانە      
وەك دەوترێت بژاردەی سیاسی تاكە سیناریۆی تاران‌و هێزە هاوپەیمانەكانی نییە لەعێراق، بەڵكو پەنابردن بۆ توندوتیژی‌و هەڕەشە وەك یەكێك لەبژاردەكان‌و چەكێكی هەمیشەیی لەدەستیاندا هێشتووەتەوە، بەڵام میكانیزمی بەكارهێنانەكەیان گۆڕیوە. 
ئاگایانی دۆخی عێراق پێیانوایە، هەڕەشەی هەندێك لەگروپە شیعییەكان لە مستەفا كازمی‌و حكومەتەكەی، یارییەكی سیاسی ئێران‌و هێزە سیاسییە هاوپەیمانەكانێتی لەعێراق، لەلایەك پشتیوانی سیاسی كازمی دەكەن‌و هەوڵی سەرخستنی دەدەن، لەلایەكی تریشەوە ئەو گروپانە وەك فشارێكی بەردەوام‌و مەترسییەكی هەمیشەیی بەكاریدێنن لەسەری، بۆ ئەوەی كازمی پرسی مانەوەی سوپای ئەمریكا لەعێراق بە مەسەلەیەكی جدی وەربگرێت‌و هیچ سازشێك یان گۆڕانكاری لەهەڵویستیدا نەكات، لەلایەكی تریش ئەوە بدەن بەگوێی ئەمریكییەكاندا كە هێزە سیاسییە شیعییەكان جموجۆڵی سەربازی گروپە چەكدارەكانیان ڕاگرتووە لەدژیان، ئەگینا سوپای ئەمریكا دەبێت هەمیشە لەباری نائاسایدا‌و چاوەڕێی هێرشەكانیان بكات . 


تكایان لێكردوون 
بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی"فەتح"و ژمارەیەك لەسەركردەكانی حەشدی شەعبی جموجۆڵێكی چڕیان دەستپێكردووە بە ئامانجی ڕێگەگرتن لەتوندكردنەوەی فشاری میدیایی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كە دیارترینیان "كەتائیبی حزبوڵا"و "عەسائیب"و"نوجەبا"ن و، هەندێكیان پێشترو دوای ڕاسپاردنیشی، كازم_یان بە كەسایەتییەكی گوماناوی و نزیك لە ئەمریكا ناوبردووە.
هاوكات، حامید موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" لە پەیامێكدا كە ئاراستەی گروپە چەكدارە شیعییەكانی كردووە، داوایان لێدەكات دان بەخۆیاندا بگرن‌و ڕێگە بە هەوڵە سیاسییەكان بدەن سەرەوەری بسەپێنێت.
جەختیشی كردووە: ڕێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی دەرفەتی تەواو بدرێت بە كازمی بۆ ئەوەی ئەندامانی كابینەكەی دەستنیشان بكات‌و، بەجۆرێك توانای ئەوەی هەبێت لەگەڵ كۆی ئاستنەگە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكان مامەڵە بكات، كەگرنگترینیان دۆسیەی سەروەری‌و، بڕیاری ڕۆیشتنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكایە بەپێی بڕیاری پەرلەمانی عێراق.
ڕەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی ئەوەبێت كە هێزە شیعییەكان بەهەموو توانایانەوە هەوڵی سەرخستنی كازمی‌و حكومەتەكەی دەدەن، لەیەكەم كۆبونەوەی فراوانیشیاندا كە شەوی دووشەممەی ڕابردوو لەماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی"فەتح" بەڕێوەچوو، كازمی_یان سەرپشك كرد لەدیاریكردنی وەزیرەكانی كابینەكەی لەگەڵ  لەبەرچاوگرتنی پرسی هاوسەنگی تایبەت بە پێكهاتەكان.


زیاد لەنیشانێكیان پێكاوە
كازمی لەم قۆناغەدا بۆ شیعەكان كارتێكی سیاسی گرنگە، پێیانوایە بەدیاركردنی كازمی بە بەردێك زیاد لەنیشانێكیان شكاندووە، لەلایەك كەسێكیان ڕاسپاردووە كە نزیكە لەئەمریكییەكان‌و لەمانگی حوزەیرانی داهاتوودا لەگەڵیان دادەنشێت‌و، گفتوگۆی ستراتیجی لەبارەی ئایندەی پەیوەندییەكانی واشنتۆن‌و بەغداو چارەنوسی سوپای  ئەمریكا دەكات لەعێراق‌و، ئومێدیان زۆرە لەڕێی گفتوگۆوە ئەمریكا هێزەكانی بكشێنێتەوە یان لانی كەم بوونێكی ڕەمزی بمێنێت لەعێراق‌و هەڕەشەكانی كۆتایبێت بۆ سەر ئێران هاوپەیمانەكانی. لەلایەكی تریش بە شەقام‌و مەرجەعەیەتیش دەڵێن، كەسێكیان ڕاسپاردووە، نە پێشتر تاقیكراوەتەوەو نەك جێی مشتومڕیشە، بەشێكیش نییە لەحزبە دەسەڵاتدارەكان‌و نوخبەی سیاسی، ئەوەش ئەو مەرجانەیە كە داواتان دەكرد. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand