"بەهەموو لایەكمان وتووە دژی ئاسیكردنەوەین لەگەڵ ئەسەد"
2023-01-14 06:29:14
درەو:
سەرلەنوێ دۆسیەی سوریا لەواشنتۆن دەبێتەوە جێی مشتومڕ، بەتایبەت دوای هەڕەشەكانی توركیا لەهێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، هاوپەیمانی ئەمریكا لەباكوری خۆرهەڵاتی سوریاو، چڕكردنەوەی هەڵمەتەكانی ڕاوەدونانی پاشماوەكانی داعش لەوناوچەیە، هەروەها مشتومڕی چڕ سەبارەت بەگریمانەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان ئەنكەرەو رژێمی سوریا.
ڕەتكردنەوەی ئەمجارەی واشنتۆن، بەزمانێكی ڕاشكاو و یەكلابوەوەیە، سەبارەت بەنیازی توركیا بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، لەگەڵ ئەوەی لەجارەكانی ڕابردودا واسنتۆن زیاتر مامەڵەیەكی دبلۆماسی دەكرد، ئەو پێداگرییەش بووەتە جێی پرسیار، بەتایبەت كە وردەكارییەكەی ڕوون نییە، وێڕای ئەوەی لەحالەتی هاوشێوەدا كاری پێنەكراوە، وەك ئەوەی مەسەلەكە مەبەستـێكی دورترو قوڵتربێت، كە پاساوی داوە بە ئیدارەی ئەمریكا دژی ئەو ئاسیبونەوەیە بوەستێت.
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێداگریكرد لەسەر "پشتیوانینەكردنی" هیچ هەنگاوێكی لەوشێوەیە، وتیشی:"بەهەموو لایەكی راگەیاندووە" بە ئەنكەرەشەوە، بە ڕەتكردنەوەی ئەو ئاسایكردنەوەیە كە "شایستەبونی" تیادانییە، لەگەڵ رژێمێك تاوانی گەورەی دژ بەگەلەكەی ئەنجامداوە.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لەوەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامەی "ئەلەعەرەبی جەدید" هەمان هەڵوێستی دووپاتكردەوەو بەهەمان پێداگریش، سەبارەت بەم پرسەو سەردانی مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا كە وترا نزیكە، بەتێروتەسەلەی باسی لەهۆكاری ئەو هەڵوێستەی ئیدارەی ئەمریكا كرد، كە بۆ هەڵسوكەوتی ڕژێمی سوریا دەگەڕێتەوە، جەختیشی كرد لەوەی، ئەڵتەرناتیڤەكەی خۆی لەكاركردن بۆ چارەسەری سیاسی قەیرانی سوریا دەبینێتەوە.
لەبارەی سەردانەكە چاوش ئۆغلۆ بۆ واشنتۆن و دیداریشی لەگەل وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پرایس رایگەیاندووە: پێدەچێت لەئایندەدا وردەكاری زیاتر لەبەردەست بێت لەبارەی دیدارەكە، پێشبینیشی كردووە، دەرفەت هەبێت بۆ دیداری هەردوو وەزیر لەئایندەیەكدا كە زۆر دوور نییە، بێئەوەی ئاماژە بەكاتی دیدارەكە بكات.
لێدوانەكەی پرایس بۆ رۆژنامەكە، بەشێوازو زاراوەیەك بووە كە گوزارشت دەكات لەوەی سەردانەكە بەدوربزانرێت، هاوكات بۆچونێكیش هەیە بەوەی لێدوانەكەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوی مەولود چاوش ئۆغلۆ، سەبارەت بەدیداری لەگەڵ هاوتا سورییەكەی لەمانگی شوباتی داهاتوودا، هۆكاربووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن.
ڕایەكی تریش پێیوایە، وەزیری دەرەوەی توركیا لێداوانێكی وای نەدەدا، ئەگەر بەنیازی سەردانی واشنتۆن بوایە، ئەگەر نەگەیشتایەتە ئەو بڕوایەشی كە هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریكا لەبارەی رەتكردنەوەی ئاسایكردنەوە لەگەل رژێمی سوریا پرسێكی یەكلابوەوەیەو، گفتوگۆكردنیش لەگەڵیدا لەبارەی ئەو پرسە بووەتە مەسەلەیەك لەشوێنی خۆیدا نییە.
بەڵام ئەو پرسیارە دیارەی دێتە گۆڕێ ئەوەیە، ئایا بەفیعلی هەڵسوكەوتەكانی ڕژێمی سوریا وای لە ئیدارەی ئەمریكا كردووە ئەگەری هەرجۆرە نزیكبونەوەیەكی توركیاو سوریا ڕەتبكاتەوە؟ یاخود هۆكارو حساباتی تر هەن پەیوەستن بەگریمانەكانی دۆخی سوریا، یان ڕونتر پەیوەستە بەكارتی سوریا لەگەمەی ململانێ و روداوەكانی ئێستای ئۆكرانیا تا دەگاتە ئێران، كە ئەنكەرە بەدوای رۆلدا دەگەڕێت تیایاندا؟.
بەهانە هێنانەوە بە "تاوانی گەورە" كە رژێمی سوریا ئەنجامیداوە، بەهانەیەكی بڕواپێكەر نییە، سەرەڕای ئەوەی تۆمەتەكە دروستە، ئیدارەی ئەمریكا لەگەڵ ئەوەی مۆسكۆو تاران تۆمەتباردەكات بە ئەنجامدانی تاوانی گەورە لە ئۆكرانیا و دژی خۆپیشاندەرانی ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا، دەرگای گفتوگۆ و پەیوەندی لەگەڵیان بەكراوەیی هێشتوەتەوە لەبارەی جەنگ و دۆسییەی ئەتۆمی، لەبەر ئەوە پێدەچیت پاڵنەری بەهێزترو گرنگتر هەبێت بەلای ئیدارەی ئەمریكاوە لەبەهانەی هەڵسوكەوتەكانی ڕژێمی سوریا.
سەرپەرشتیكردنی ڕوسیا لەنزیكبونەوەی توركیاو سوریا لەدەرەوەی هۆكارەكان نییە، كە وای لە ئیدارەی جۆبایدن كردووە ئاسایكردنەوە لەنێوان ئەنكەرەو واشنتۆن ڕەتبكاتەوە، بەوپێیەی دەستكەوتێكە بۆ ڕوسیا كە واشنتۆن قبوڵی ناكات لەساتەوەختیكدا، كە ئەركی لەپێشینەی بووەتە شكاندنی هەیبەتی مۆسكۆ لە ئۆكرانیا، هەروەها لەهەر شوێنێكیی تریش بۆی بڕەخسێت، پێدەچێت لەمەشدا جدیبێت، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانە توركییەكەشی بەشداربێت لەو دەستكەوتەدا.
لەزنجیرە ناكۆكییەكانی ئەمریكا و توركیا، لەماوەی ئەم ساڵانەی دوایدا بەتایبەتی، واشنتۆن پەرۆش بووە بۆ ئیدارەدانی توركیای هاوپەیمانی "گرنگ لەناتۆ" و، خۆی لە ئاڵۆزی بەدوور گرتووە لەگەڵیدا، لەڕێی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان. یان لایەنی كەم گەورەنەكردنی، لەڕێی هێزی نەرمەوە بوبێت یاخود ڕەدەڵ و بەدەڵی سیاسی، پێویستی واشنتۆن بە ئەنكەرە ئاشكرایە، بەتایبەت لەم دۆخەی ئیستادا، ئیدارەی ئەمریكا تا سنورێكی دوور لەمەدا سەركەوتوو بووە، بەم دواییە ئەمە بەتەواوی ڕونبوەوە، كە توانی ڕێگری لەرەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بكات لەئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی، كە هەڕەشەی ئەنجامدانی دەكرد بۆ سەرخاكی سوریا.
پێدەچیت ئێستا پرسەكە جدی تر بێت، لەبەرئەوەی حساباتە بەیەكداچووەكانی نێوان روسیاو ئێران هۆكاری سەرەكی پشت ڕەتكردنەوەی ئەمریكان بۆ ئەو ئاسایبونەوەیە، هەرچەندە ئەوە، ڕەنگە پەیوەندی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانە لەق بكات.
سەرچاوە: ئەلەعەربی جەدید