Draw Media

توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی

توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی

2023-08-15 07:30:54


شیكاری: درەو

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢)دا؛
# عێراق وەک یەکێک لە وڵاتانی عەرەبی نێو ڕێکخراوی ئۆپێک سەرکەوتوو بووە لە بەرزکردنەوەی توانای پاڵاوتن و پاڵاوگەکانی (بەسرە، میسان، زیقار، دیوانیە، سەماوە، نەجەف، کەربەلا، دۆرە، گیارە، حەدیسە، کەسک، صینی، کەرکوک و سمود) لە ساڵی (2022)داو توانیویانە ئاستی توانای پاڵاوتنی نەوت بۆ لێگیراوەکانی بگەیەننە (ملیۆنێک و 116 هەزار) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
# لە عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، ساڵانە نزیکەی (5 ملیار) دۆلار تێچووی بەرهەمە نەوتییە هاوردەکراوەکانەو (بەنزین و گازۆیل)یش (3.5 ملیار) دۆلاری ئەو تێچونە داگیر دەکات کە بۆ دەستخستنی ئەو بەرهەمانە بە خەرج دەدرێت.
# هەر بەپێی ئامارەکان (عێراق و کوەیت) سەرکەوتوو بوون لە هێنانەکایەی توانای نوێ بۆ سەر نەخشەی بەرهەمهێنان و زیادکردنی بەرهەمە نەوتییەکانیان، بە پێچەوانەی (سعودییەو ئیمارات)ەوە ئاستی بەرهەمه نەوتییەکانیان دابەزیوە، هەریەک لە (لیبیا و جەزائیر)یش توانیویانە پارێزگاری لە تواناکانی خۆیان بکەن.


سەرەتا
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)توانای پاڵاوگەکانی نەوت لە وڵاتانی عەرەبیدا لە ماوەی ساڵی (٢٠٢٢)دا، لە نێوان بەرزبوونەوە و دابەزین و سەقامگیریدا، گۆڕانکارییەکی بەخۆیەوە بینیوە و هەندێک وڵات لە نێویشیاندا (عێراق و کوەیت) سەرکەوتوو بوون لە هێنانەکایەی توانای نوێ بۆ سەر نەخشەی بەرهەمهێنان و زیادکردنی بەرهەمە نەوتییەکانیان، بە پێچەوانەی (سعودییەو ئیمارات)ەوە ئاستی بەرهەمه نەوتییەکانیان دابەزیوە، هەریەک لە (لیبیا و جەزائیر)یش توانیویانە پارێزگاری لە تواناکانی خۆیان بکەن و بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکانیان بە سەقامگیری بهێڵنەوە.
لێرەدا دیارترین ئامارەکان لەسەر توانای پاڵاوگەکانی نەوت لە وڵاتانی عەرەبی (ئەندامی ئۆپێک) لە ماوەی ساڵی (2022) بەراورد بە ساڵی (2021) روندەکەینەوە.


توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی عێراق
عێراق وەک یەکێک لە وڵاتانی عەرەبی نێو ڕێکخراوی ئۆپێک سەرکەوتوو بووە لە بەرزکردنەوەی توانای پاڵاوتن، پاڵاوگەکانی لە ساڵی (2022)دا توانیویانە ئاستی توانای پاڵاوتنی نەوت لە پاڵاوگەکان بگەیەننە (ملیۆنێک و 116 هەزار) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، چونکە لە ساڵی (2021)دا تێکڕای تواناکەی بۆ پاڵاوتنی نەوتی خاو بریتی بووە لە (976 هەزار) بەرمیل رۆژانە، هۆکاری سەرەکی ئەم بازدانەش لە توانای پاڵاوتن دەگەڕێتەوە بۆ بونیادنان و بەکارخستنی (پاڵاوگەی کەربەلا) بووە بۆ سەر نەخشەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان.
عێراق لە ساڵی (2022)دا لە (پاڵاوگەی کەربەلا) دەستی بە بەرهەمهێنانی کرد، بە توانای پاڵاوتنی (140 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش پاڵپشتیکارێکی گەورەی پشت زیادکردنی بەرهەمە وەرگیراوەکانی نەوتە لە وڵاتدا، بەرپرسانی عێراق چاویان لەوەیە ئاستی بەرهەمی پاڵاوگەکە بە جۆرێک بەرز بکەنەوە کە تا ساڵی (2025)دا عێراق بگاتە ئاستی خۆبژێوی، زیاتر لەوەش لە داهاتوودا بگەنە قۆناغی گواستنەوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەم و لێگیراوە نەوتییەکان بۆ دەرەوەی وڵات.
لەگەڵ ئەوەی عێراق خاوەن سەرچاوەیەکی گەورەو گرنگی نەوتی خاوە، هاوکات یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە دیارەکانی ئۆپێک، بەڵام هێشتا هاوردەکاری بەرهەمە نەوتییەکانە، ئەگەرچی پێشتریش هەوڵ هەبووە بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی و پشت بەخۆبەستن و دەستبەردان لە هاوردەکردنی لێگیراوە نەوتییەکان، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری و هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم داواییەی داعش، کاریگەری زۆری لەسەر خاوبوونەوە و دواکەوتنی کەرتی پاڵاوتنی نەوت دانا.
تا ئێستاش عێراق دەناڵێنێت بەدەست کورتهێنانەوە لە توانای دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، بەجۆرێک ساڵانە نزیکەی (5 ملیار) دۆلار تێچووی بەرهەمە نەوتییە هاوردەکراوەکانەو (بەنزین و گازۆیل)یش (3.5 ملیار) دۆلاری ئەو تێچونە داگیر دەکەن کە بۆ دەستخستنی ئەو بەرهەمانە بە خەرج دەدرێت.
لەماوەی ساڵی (2022)دا توانای پاڵاوتنی زۆربەی پاڵاوگەکانی عێراق سەقامگیر بووەو توانیویانە پارێزگاری لە قەبارەی پاڵاوتنی رۆژانەیان بکەن، دیارترینی پاڵاوگەکانیش بریتین لە (ئەلسمود) کە پێشتر بە (پاڵاوگەی بێجی) ناودەبرا بە توانای پاڵاوتەکردنی (140 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی بەسرە) بە پاڵاوتنی (210 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی دۆرە) بە پاڵاوتە کردنی (140 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، پاڵاوگەی کەرکوک بە پاڵاوتەکردنی (56 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
پاڵاوتنی پاڵاوگەکانی نەجەف، سەماوە و ناسریە (زیقار) سەقامگیر بوونە بە جۆرێک هەریەکەیان بە تێكڕا (30 هەزار) بەرمیل نەوتیان پاڵاوتە کردووە لە رۆژێکدا.
هاوکات توانای پاڵاوتنی پاڵاوگەی میسان بە (40 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، پاڵاوگەی دیوانیە بە (20 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی مۆدێرن) بە (16 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێگیرو بەردەوام بوونە. (بڕوانە توانای دیارترین پاڵاوگە نەوتییەکانی عێراق_بەبێ پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان_)
 

توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی کوێت
کوێت بە خستنەگەڕی (پاڵاوگەی ئەلزور) توانی توانای پاڵاوگەکانی نەوت لە ماوەی ساڵی (2022) بەرز بکاتەوە بۆ (ملیۆنێک و 5 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ساڵی (٢٠٢١)دا رۆژانە پاڵاوگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە (٨٠٠ هەزار) بەرمیل نەوتی خاو پاڵاوتە بکەن.
ئەم بەرزبوونەوەیەش پاڵپشت بووە بە کەوتنەکاری نوێترین پاڵاوگەی نەوتی کوێت، چونکە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی (2022)دا (پاڵاوگەی ئەلزور) گەیشتە ئاستی دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی بەرهەم، بە تێکڕای رۆژانەی پاڵاوتەکردنی (205 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو.
ئەمە لە کاتێکدایە توانای دیزاینی (پاڵاوگەی ئەلزور) بەخۆرێکە دەتوانێت نزیکەی (٦١٥ هەزار) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا بپاڵێوێت، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی چارەکی کۆتایی ئەمساڵدا بە تەواوی تواناوە بخرێتە کار. چونکە لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣، پاڵاوگەکە گەیشتە قۆناغی دووەمی کارەکانی بۆ ئەوەی بگاتە توانای پاڵاوتنی (٤١٠ هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بەپێی داتا فەرمییەکانی کوەیت، (پاڵاوگەی ئەلزور) گەورەترین پڕۆژەیە لە جیهاندا لە ڕووی قەبارەوە، هەروەها پێنجەم گەورەترین پڕۆژەیە لە توانای هەڵگرتن و عەمبارکردن لە جیهاندا.
هاوکات توانای (پاڵاوگەی بەندەری ئەحمەدی) کە یەکێکی دیکەیە لە پاڵاوگەکانی ئەو وڵاتە، توانراوە پارێزگاری لە توانای بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی نەوتی خاو بکات و لە ساڵی (2022)دا رۆژانە (346 هەزار) بەرمیل نەوتی گۆڕیوە بۆ لێگیراوەکانی، هەروەها (پاڵاوگەی بەندەری عەبدوڵڵا) بە (454 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا پارێزگاری لە تواناکانی خۆی کردووە.

توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی سعودیە
داتاکان دەریدەخەن کە توانای پاڵاوگەکانی نەوت لە وڵاتی سعودیە لە ماوەی ساڵی (2022)دا دابەزیوە بۆ (3 ملیۆن و 291 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا (3 ملیۆن و 327) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی توانای کارپێکردنی هەردوو  پاڵاوگەی (یەنبوع و ڕیاز).
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا توانای پاڵاوتنی (پاڵاوگەی یەنبوع) لە (252 هەزار) بەرمیلەوە بۆ (220 هەزار) بەرمیلی ڕۆژانە کەمیکردووە، هەروەها توانای پاڵاوتنی نەوتی لە (پاڵاوگەی ڕیاز) بۆ (126 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا (130 هەزار) بەرمیل بووە.
ئەم دابەزینەی ساڵی (2022) دوای ئەو زیادبوونە هات کە سعودیە لە ساڵی (2021) بەدەستی هێنا، لەگەڵ کەوتنەکاری (پاڵاوگەی جازان) هاتنە پێشەوەی بۆ سەر نەخشەی بەرهەمهێنان، کە توانای پاڵاوگەکانی نەوتی لە سعودییە بۆ (3 ملیۆن و 327 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزکردەوە، بە بەراورد بە (2 ملیۆن و 927 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی (٢٠٢٠).
لەگەڵ ئەوانەشدا توانراوە پارێزگاری لە توانای پاڵاوتنی پاڵاوگەکانی؛ (رەئس تەنورا) بە (550 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی سامرف) بە (400 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی رابیغ) بە توانای (400 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی ساتۆرپ) بە (460 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بکرێت و توانای بەرهەمهێنان و پاڵاوتن بە سەقامگیری بهێڵرێتەوە.
هەر وەک چۆن توانای پاڵاوتنی نەوتی پاڵاوگەکانی (یاسریف و ساسریف) هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر توانای بەرهەمهێنانیاندا نەهاتووە، بەپێی ئەو داتایانەی یەکەی توێژینەوەی وزە چاودێرییان کردووە، (یاسریف) بە پاڵاوتنی (430 هەزار) و (ساسریف) بە پاڵاوتنی (305 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەردەوام بوونە.

توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی ئیمارات
توانای پاڵاوگەکانی نەوت لە ئیمارات لە ساڵی (2022)دا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوەو گەیشتووەتە (ملیۆنێک و ٢٢٧ هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمە لە کاتێکدایە توانای بەرهەمی رۆژانەی پاڵاوگە نەوتییەکانی ئیمارات لە ساڵی (2021)دا (ملیۆنێک و ٢٧٢ هەزار) بەرمیل بووە، سەرەڕای زیادبوونی ئاستی بەرهەمی (پاڵاوگەی فوجەیرە ١).
ئەم دابەزینەش لە توانای پاڵاوتنی نەوتی ئیمارات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی (پاڵاوگەی ئوم ئەلنار) کە لە ڕاپۆرتی ئۆپێکدا هیچ توانایەکی پاڵاوتنی بۆ تەرخان نەکراوە لە ماوەی ساڵی (2022)دا، لە کاتێکدا لە ساڵی (٢٠٢١)دا ئەم پاڵاوگەیە نزیکەی (٨٥ هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا پاڵاوتبوو.
هاوکات توانای پاڵاوتنی (پاڵاوگەی فوجەیرە)، لە قۆناغی یەکەمیدا لە ماوەی ساڵی (2022)دا تواناکەی بۆ بڕی (120 هەزار بەرمیل) لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە، بە بەراورد بە ساڵی (2021) کە (80 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، بەڵام توانای (پاڵاوگەی فوجەیرە) لە قۆناغی دووەمدا، سەقامگیر بووە بە (80 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
توانای پاڵاوتنی (پاڵاوگەی ڕوەیس)یش لە ئیمارات هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، توانای پاڵاوگە کە (817 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێگیر بووە، (پاڵاوگەی جەبەل عەلی) بە (210 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە جێگیری ماوەتەوە.

توانای پاڵاوگە نەوتییەکان لە جەزائیر و لیبیا
توانای پاڵاوگەکانی نەوت لە جەزائیر و لیبیا لە ماوەی ساڵی (2022) سەقامگیر بووە بە هەمان ئاستی ساڵی (2021) تۆمار کراوە.
داتاکانی ئۆپێک دەریدەخەن کە کۆی توانای پاڵاوتنی نەوت لە جەزائیر لە ماوەی ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (٦٧٧ هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
(پاڵاوگەی سکیکدا) کە یەکێکە لە پاڵاوگە زەبەلاحەکان لە وڵاتی جەزائیر بە توانای پاڵاوتنی (٣٥٥ هەزار) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا سەقامگیر بووە، ئەم پاڵاوگەیە توانای پاڵاوتنی کۆندێنسێتی هەیە بە قەبارەی (١٢٢ هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
هاوکات بەرهەمهێنانی (پاڵاوگەی ئەرزیو) بە (87 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی جەزائیر) بە (78 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی حەسی مەسعوود) بە (22 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی ئەدرار) بە (13 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا توانیویانە بەردەوامبن لە پاڵاوتنی نەوتی خاو بۆ لێگیراوەکانی.
بە هەمان شێوەی جەزائیر لە لیبیا توانای پاڵاوگەکانی نەوت بە هەمان ئاستی ساڵی (2021) سەقامگیر بووە و لە ماوەی ساڵی (2022)دا (634 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا گۆڕاوە بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و بەراورد بە ساڵی (2021) گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕوینەداوە.
توانای پاڵاوتنی (پاڵاوگەی راس لانوف) لە ماوەی ساڵی (2022) نزیکەی (٢٢٠ هەزار) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، بە هەمان ئەو توانایەی لە ساڵی (٢٠٢١)دا تۆمارکراوە، توانای (پاڵاوگەی زاویە) بە (١٢٠ هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەردەوام بووە، هەروەها (پاڵاوگەی تەبرەق) بە (٢٠ هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا سەقامگیر بووە.
هاوکات (پاڵاوگەی زویتینا) سەقامگیری لە توانای پاڵاوتنی خۆیدا تۆمارکردووە کە (68 هەزار) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی بریجا) بە (155 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، (پاڵاوگەی مێلیتا)ش بە (31 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەروەها توانای پاڵاوتنی پاڵاوگەکانی (مەرسا، بریقە و ئەلساریر) لە لیبیا جێگیر بوونەو هەریەکەیان (١٠ هەزار) بەرمیل نەوتی خاویان لە ڕۆژێکدا گۆڕیوە بۆ لێگیراوەکانی.

 

سەرچاوەکان؛
1.    وحدة أبحاث الطاقة ، أبرز مصافي النفط في العراق وقدرات التكرير (إنفوغرافيك)، 15/5/2023؛
https://ln.run/3RqyA
2.    وحدة أبحاث الطاقة ، أرقام عن مصافي تكرير النفط لـ4 دول عربية.. الكويت والعراق يحققان إنجازًا (تقرير)، 19/7/2023؛
https://ln.run/X5dk6
3.    السومریة، العراق يحقق إنجازاً.. احصائيات رسمية عن مصافي تكرير النفط في الدول العربية، 20/7/2023؛
https://ln.run/B1X6_

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand