نەوشیروان مستەفا چۆن باسی هەكاری دەكات:
2023-08-15 13:21:17
"قیادەی مۆقەتە بە چەكی ئاڕ بی جی سەركردەكانی یەكێتیان كوشت"
درەو:
نەوشیروان مستەفا لە كتێبی (كارەساتی هەكاری) باس لە رووداوەكانی هەكاری دەكات و دەڵێت" دەمانویست سەركردایەتی یەكێتی لە ناوزەنگەوە بگوازینەوە بۆ برادۆست و سێكوچكەی سنور، بۆ خۆلادان لەشەڕی قیادە مۆقەتە، نامەمان بۆ حەمایل خان دایكی مەسعود بارزانی و شێخ محەمەد خالید بارزانی نوسی، پاش ماوەیەك قیادە مۆقەتە هەریەكە لە عەلی عەسكەری، خالید سەعید و حسێن بابەشێخیان بە چەكی ئاڕ پی جی كوشت"
نەوشیروان مستەفا لە كتێبی (كارەساتی هەكاری) بەم شێوەیە باسی كارەساتی هەكاری دەكات:
لە ساڵی 1978 سەركردایەتیی یەكێتی بڕیاریدا هێزەكانی لە ناوچەكانی ناوزەنگ و بناری قەندیل، بگوێزێتەوە بۆ برادۆست لەسەر سێ سنور لە پێناو ئەوەی (بارەگای دەزگا سەركردایەتییەكان لە شوێنێكی ئەمیندا جێگیر ببێ، مەفرەزەكانی بادینان لەوێوە بنێردرێنەوە بادینان و جێگیریان بكەن، كڵپەی شۆڕش لەوێوە هەڵبگیرسێت، بەتایبەت دوای ئەو جەزرەبە قورسانەی كە قیادەی مۆقەتە لە 1976 -1977 لە هێزەكانی یەكێتیان دابوو، پاككردنەوەی ناوچەكە لە چەكدارەكان ئەگەربوونە رێگری پلانەكەی یەكێتی.
یەكێتی كەوتە جێبەجێكردنی پلانەكەی و بڕیاریشی دابوو هێزەكانی بە سێ وەجبە بنێرێت. بەرەو بادینان:
• هێزی یەكەم كە (220) پێشمەرگە بوون و (150) یان بێ چەكبوون، بەسەركردایەتی دكتۆر خالید و حسێن بابەشێخ و حامید حاجی غالی.
• هێزی دووەم كە (500) پێشمەرگەبوون و (150)یان بێ چەك بوون بەسەركردایەتی عەلی عەسكەری و تایەری عەلی والی و سەید كاكە.
• هێزی سێیەم كە نزیكەی (150) كەس بوون ئەبوایە بەسەركردایەتی سكرتێری گشتی و ئەندامانی تری مەكتەبی سیاسی بوایە.
بە نیازی خۆلادان لە شەڕی قیادە موەقەتە و خاوكردنەوەی گرژیی نێوان ی.ن.ك و ئەوان، چەند نامەیەك لەلایەن سەركردە و لێپرسراوەكانی ی.ن.ك-ەوە نووسرا بۆ هەندێك لە گەورەكانی بنەماڵەی بارزانی لەوانە مام جەلال و عەلی عەسكەری نامەیان نووسی بۆ شێخ محەمەد خالیدی بارزانی، خالید سەعید (دكتۆر خالید) نامەی نووسی بۆ حەمایل خان دایكی مەسعود بارزانی، شەهید تایەری عەلی والی بەگ نامەی نووسی بۆ رەشید سندی».
ناوەڕۆكی نامەكان بریتیبوو لەوەی كە كوردستان لە مەترسی راگوێزان و بەعەرەبكردندایە و لە مەترسیی لەناوچوون و تەفروتوناكردنیدایە، بۆیە ئەبێ كورد هەمووی یەك بگرێ بۆ بەگژاچوونەوەی دوژمنی سەرەكی كە حكومەتی عیراقە و ئەو هێزە بەرەو بادینان ئەكەوێتەڕێ بۆئەوەی هەرچی زووتر رێگەی چەك بكاتەوە و فریای دانیشتوانی ناوچە سنوورییەكان بكەوێ پێش 1/6/1978 كە كاتی دەستپێكردنی راگوێزانیانە و هێزەكە نیازی پەلاماردانی قیادە موەقەتەیان نییە، بەڵكو بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە دەچێ».
ئامانج لە ناردنی نامەكان بۆ ئەو كەسایەتییانە ئەوەبوو كاریگەریی و نفوزی خۆیان لەلای مەلا مستەفا و كوڕەكانی دروست بكەن بۆئەوەی قیادە موەقەتە نەبنە رێگر لەبەردەم ئەو هێزەی پێشمەرگە لە بادینان و سنوورەكان و شەڕیان پێ نەفرۆشن.
بەڕێكەوتنی ئەم هێزەی یەكێتی لەكاتێكدابوو، كە دوای رێكەوتننامەی جەزائیر لەنێوان شای ئێران و رژێمی بەعسدا، ساڵی 1977یش رژێمی عیراق لەگەڵ دەوڵەتی توركیادا رێكەوتنێكی دیكەی هاوشێوەیان بۆ پاراستنی هەردوو دیوی سنووریی یەكتر ئیمزاكردبوو.
هێزەكانی ئێران لە دیوی خۆیانەوە كەوتنە لێدانی هێزەكانی یەكێتی، كە چوونەوە دیوی عیراقیش هێزەكانی عیراق كەوتنە پەلاماردانیان، لە دیوی توركیاش عەشیرەتە كۆنەپەرستەكان كەوتنە خۆئامادەكردن و میت و دەزگا هەواڵگرییەكان كەوتنە پەیجوریان .
دوای یەكگرتنەوەی بەشی دووەم و سێیەمی هێزەكەی یەكێتی، بەهۆی بوونی هێزی قیادە موەقەتەی پارتی لەو سنوورە و خۆبەدوورگرتن لە شەڕ و پێكدادان لەگەڵیاندا، هێزەكەی یەكێتی بۆ پشوودان و حەوانەوە دەپەڕنەوە بۆ باكووری كوردستان بۆ ماوەی حەوت رۆژ دەمێننەوە، دواتر هێزەكەی یەكێتی بڕیاردەدەن بۆ نزیكبوونەوە لە شوێنی وەرگرتنی چەك و چەكداركردنی ئەو پێشمەرگە بێ چەكانەی كە لەگەڵیاندایە، بەرەو قووڵایی خاكی باكووری كوردستان و سەر سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان بڕۆن.
«قیادە موەقەتە بەشی هەرە زۆری عەشیرەتەكانی باكووری كوردستانیان لە یەكێتی هاندابوو، كە گوایە هێزەكانی یەكێتی گوندەكان تاڵان دەكەن و پیاوەكان دەكوژن و ژنەكان بەدیل دەگرن و هاتوون بۆ بڵاوكردنەوەی كافریی و بێ دینی، ئەمەش وایكردبوو عەشیرەتەكانی ناوچەكانی شەمزینان، چەلێ و ئولودەرە لە دژی هێزەكەی یەكێتی بكەونەخۆ و چەكدار كۆبكەنەوە و ناوچە ستراتیژییەكان كۆنترۆڵ بكەن.
رۆژی 1/6/1978 لە ناوچەی بازێ، شەڕ لە نێوان یەكێتی و قیادە موەقەتەدا دروست دەبێت، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە هەردوولا دەكوژرێن و بریندار دەبن و ژمارەیەك پێشمەرگەی یەكێتیش لە هێزەكە دادەبڕێن.
شەوی دواتر، هێزەكەی یەكێتی بەرەو باشووری كوردستان بەڕێ دەكەونەوە، بەهۆی نەشارەزایی لە ناوچەكە لەیەك دادەبڕێن، لەوكاتەدا هێزەكانی پارتی بۆسەیان بۆ دادەنێن تەقەیان لێ دەكەن. بەڵام بەهۆی نەشارەزایی و ماندووبوونی هێزەكەوە نەتوانرابوو كۆنترۆڵی دۆخەكە بكرێت و زیاتر پەرتەوازە بوون، گروپێكیان خۆیان یەكدەخەنەوە و بەهیوای گەیشتنی گروپی دووەم دادەمەزرێن، گروپی دووەمیش بەهۆی نەشارەزاییەوە بەناچاری بڕیار دەدەن بەرەو نزیكترین خاڵی عیراق بگەڕێنەوە و خۆیان تەسلیم بكەنەوە، گروپی سێیەمیش هەر ئەو رۆژە لەلایەن هێزەكانی قیادە موەقەتە و عەشیرەتەكانەوە دەدرێت بەسەریاندا و چەك دەكرێن.
لەناو ئەوانەدا كە لە گروپی سێیەم بەدیلگیرابوون، هەریەكە لە عەلی عەسكەری فەرماندەی هێزەكە، تایەری عەلی والی، سەید كاكە، كە دواتر لە 7ی تەمموزی هەمان ساڵدا، هەریەكە لە عەلی عەسكەری، خالید سەعید و حسێن بابەشێخ لەلایەن قیادە موەقەتەوە بە چەكی (ئاڕ پی جی) شەهیددەكرێن.
گروپی یەكەمی هێزەكەی یەكێتی، پاش بێ ئومێدبوونیان لە گەیشتنی هێزەكانی دیكە، بە ناچاری دەچن بەرەو گوندی كەهی لە نزیك جۆلەمێرگ، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چەند رۆژێك و خۆ ڕێكخستنەوەیان و بەڕێكەوتنیان، دەكەونە ناو ئەو عەشیرەتانەی كە لێیان هاندرابوو و سەرەنجام پاش شەڕێكی چەند سەعاتی ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكەی یەكێتی شەهید و بریندار و بەدیل دەگیرێن و تەسلیم بە قیادە موەقەتە دەكرێن.