Draw Media

مەسعود بارزانی لە كتێبە نوێیەكەیدا

مەسعود بارزانی لە كتێبە نوێیەكەیدا

2023-08-15 18:37:56


درەو:
مەسعود بارزانی لە كتێبە نوێیەكەیدا كە چەند رۆژێكە بڵاو كراوەتەوە دەڵێت: حەمە تۆفیق رەحیم بە برێت مەكگۆرگی وت ئێوە بۆخۆتان شەڕ دەكەن نەك بۆ ئێمە، یوسف محەمەد و فەخرەدین قادر نەیانتوانی نیسابی یاسایی كۆبوونەوەكەی 19ی ئابی 2015 تەواو بكەن بۆیە یەكێتی توشی شكستی گەورە بوو گۆڕانیش بێهیوابوو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین پارتی بێهێزو بێئیرادە نیە، وەزیرەكانی گۆڕانمان دەركرد و رێگریمان لەسەرۆكی پەرلەمان كرد، كەسیش پرسیاری نەكرد ئەوەی روویداوە چی بوو، لایەنەكانی هاوپەیمانی گۆڕانیش خۆشحاڵبوون، هێمن هەورامیم ناردە لای سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام یوسف محەمەد لوتبەرزانە وەڵامی دابووەوە.
مەسعود بارزانی لە بەرگی شەشەمی  كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) كە ئێستا لەبەردەستی (درەو)دایەو چەند بەشێكی لێ بڵاودەكاتەوە، سەبارەت بە ناكۆكی لایەنەكان لە بە بابەتی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 2015 نوسیویەتی لەلاپەڕە (446 -450) نوسیویەتی:
لەوسەروبەندەی ئێمە سەرقاڵی روبەرووبونەوەی داعش بووین، رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 هەوڵی كودەتایاندا، لای من زۆر سەیر بوو بەیەك دەنگی پەرلەمانتاری حزبی شیوعی رێژەی یاسایی تەواو بوو، لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەو ئاشوریەكیش ئامادەبوون، بەڵام زۆر باش بۆمان دەركەوت كە كێ لە پشت ئەم پیلانەوەیە!
بەر لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، هێمن هەورامیم ناردە لای سەرۆكی پەرلەمان و هەواڵم بۆ نارد پێویست ناكات ئەو كارە بكەن، ئەمە شەڕ فرۆشتن و كۆدەتایەو بەهیچ شێوەیەك قبوڵناكرێت، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر هەڵوێستەكانتان دواتر گلەیی نەكەن، ئێمە باوەڕی تەواومان بە پرۆسەی دیموكراسی هەیە بەڵام بە شێ,ەیەكی تر وەڵامی كودەتا دەدرێتەوە.
سەرۆكی پەرلەمان لوتبەرزانە و نابەرپرسانە وەڵامی دابووەوە دیار بوو هێشتا لە دونیا نەگەیشتبوو.
لە رۆژی 18ی ئابی 2015 لە هۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵا كۆبوونەوەیەكی فراوان بە بەشداری نوێنەری نەتەوەیە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا بەرێوەچوو تا بەربەیانی خایاند لە كۆبوونەوەكەدا برێت مەكگۆرك بەناوی ئەمریكاوە رایگەیاندبوو: من نورێنەری ئەمریكام، ئێمە زانیاریمان هەیە كە داعش چی بەرنامەو پلانێكی هەیە بۆ كوردستان) حەمە تۆفیق رەحیم ئەندامی وەفدی گۆڕان وەڵامی داببوەوە كە (ئێوە بۆخۆتان شەڕ دەكەن، نەك بۆ ئێمە) كۆبوونەوەكە تا بەیانی رۆژی 19ی ئاب بەردەوام بوو لەسەر ئەوە رێككەوتبوون كە كۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخرێت، بەڵام لە ئەنجامدا بەبەرچاوی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا، بەپێی رێنمایی سەركردایەتییان، یوسف محەمەد و فەخرەدین قادر هەوڵیاندا پەرلەمان كۆببێتەوە، بەڵام رێژەی یاساییان پێتەواو نەكرا، ژمارەی ئامادەبووان بەم شێوەیە بوو(24 پەرلەمانتاری گۆڕان، 18 پەرلەمانتاری یەكێتی، 4 پەرلەمانتاری كۆمەڵ، 5 پەرلەمانتاری یەكگرتوو، پێنج پەرلەمانتاری تری یەكگرتوو بەشدار نەبوون)  رێژەی یاسایی تەواو نەبوو بۆیە یەكێتی توشی شكستی گەورەبوو، گۆڕانیش بەتەواوی بێ هیوا بوو، دوای ئەم بارودۆخە كاتی وەڵامدانەوەیان هات.
بۆ ئەوەی پیشانی لایەنەكان و بەتایبتیش گۆڕان بدرێت و بۆیان بسەلمێندرێت، كە هەركاتێك بابەتەكە گەیشتە بێڕێزی و سوكایەتیپێكردن و بەزاندنی هەموو سنورەكان، پارتی ئەوەندە لاواز و بێهێز و بێئیرادە نیە، بۆیە رۆژی 11ی تشرینی یەكەمی 2015 وەزیرەكانی گۆڕان ئاگاداركرانەوە كە لە حكومەت بكشێنەوە، رێگە بەسەرۆكی پەرلەمانیش نەدرێتكە لە پشكی گۆڕان بوو بێتە هەولێر.
لەسەر ئەو بڕیارانە هیچ كەسێك لە دەرەوە پرسیاری نەكرد، لەناوخۆی كوردستانیش هەموولایەنەكان تەنانەت ئەوانەی تا دوێنێ هاوپەیمانی گۆڕان بوون، بەو ئیجرائاتانە خۆشحاڵ بوون كە بەرامبەر گۆڕان كراوە.
دواتر سەركردەیەكی یەكێتی سەردانی كردم و وتی سەركردایەتی یەكێتی زۆر دڵگران و نیگەرانن لەو بارودۆخەی باڵێكی ناو یەكێتی لە دژی پارتی درووستی كرد، ئەو وتی لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی لە دووكان، بڕیاریانداوە شاندێك بنێرنە لای نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی پێی رابگەیەنن كە ئێمە چیتر رازی نابین دەستبخەنە ناو كاروباری ناوخۆی یەكێتی، سەركردەكانی ناو كۆبوونەوەكەش ئەمانەبوون،:
كۆسرەت رەسوڵ، بەرهەم ساڵح، شێخ جەعفەر، حاكم قادر، مستەفا چاوڕەش، شاڵاو عەلی عەسكەری، مەحمود سەنگاوی، نەرمین عوسمان، جەمیل هەورامی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand