مەسعود بارزانی چۆن باسی هەكاری دەكات؟
2023-08-15 13:20:24
"هێزەكەی یەكێتی بۆ لەناوبردنی پارتی هاتبوونە ناوچەكە"
درەو:
مەسعود بارزانی لە كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) باس لە رووداوەكەی هەكاری دەكات و دەڵێت: یەكێتی پلانێكی گەورەیان داڕشت بوو بۆ لەناوبردنی پارتی، بەپێی پیلانێكی داڕێژراو كە یەكێتی و سوریا لەسەری رێككەوتبوون، هێزێكی زۆری یەكێتی بەسەرۆكایەتی عەلی عەسكەری بەرەو سنوری یەك دەستیان بە جوڵە كرد، بەو نیازەی پارتی تەواو لەناوببەن و بگەن بە سنوری سوریا، بۆ ئەوەی راستەوخۆ ببنە هاوسنور لەگەڵ سوریا و ئیمكانیات و چەك و پێداویستیەكان راستەوخۆ لە سوریاوە وەربگرن.
مەسعود بارزانی لە كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) لە لاپەرە (237 -239) باسی رووداوەكانی هەكاری دەكات و نوسیویەت:
یەكێتی لە ساڵی 1978 پیلانێكی گەورەیان داڕشت بۆ لەناوبردنی پارتی، هەواڵێكی وایان بڵاوكردەوە گوایە تەنیا سەد پێشمەرگەی پارتی لە بادینان ماون، ئەگەر ئەو دوو سەد كەسە لەناوببرێن و كۆماتە بگیرێت، ناوچەكە بە تەواوی دەكەوێتە دەستمان و بە ئاسانی دەگەینە سنوری سوریا.
ئەوەی راستی بێت هەموو ئامانجەكەشیان ئەوە بوو بگەنە سنوری سوریا، بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەیەكی فراوانیان لە نۆكان كرد، دوای كۆبوونەوەی نۆكان، یەكێتی بەتەواوی خۆیان ئامادەكرد بۆ لێدانی هێزەكانمان لە ناوچەی یەك و دوو، لەبەر رۆشنایی كۆبوونەوەكە كەوتنە جوڵەكردن بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەكانمان و لەلایەن هەردوو وڵاتی ئێران و عێراقەوە یارمەتی دران.
لە چوارچێوەی هەوڵەكانییاندا لە پێناو لەناوبردن و بە قسەی خۆیان پاكتاوكردنی پارتی، ساڵی 1978 دكتۆر خالید سەعید بە هێزێكی زۆرەوە هاتە دۆڵی گەیشتبووە دەستی هەڤاڵانی هەردوولا، رێككەوتننامەكە چەندین خاڵ و بابەتی تێیدا بوو، یەكێك لە خاڵەكان بریتی بوو لە پێكهێنانی لیژنەكانی مەیدانی بۆ تەنسیق و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لەرووی گواستنەوەی چەك بۆ كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە لە هەموو ناوچەكان لیژنەی تەنسیق لە نێوان هەردوولا درووستكرا، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، تەنانەت لەو ناوچانەدا دكتۆر خالید سەعید، ئەندامی لیژنەی تەنسیق و هەماهەنگی بوو، كەچی بە رێككەوتننامەكەوە پابەند نەبوو، تەنانەت بە هەڤاڵانی پارتی گوتبوو رێككەوتننامەی مەیدانیمان هەڵوەشاندووەتەوە.
دوای ماوەیەك خالید سەعید و حسێن بابە شێخ بە هێزێكی 60 كەسیەوە بەرەو ناوچەی خۆشناوەتی جوڵەیان كرد بۆ لێدانی هێزەكانمان لە ناوچەكەدا و هێرشكردنە سەر حەمید ئەفەندی لە رێگەی سیدەكانەوە، بەڵام دیاربوو توانیان نەبوو بۆیە هێرشەكەیان نەكرد.
دواتر بەپێی پیلانێكی داڕێژراو كە یەكێتی و سوریا لەسەری رێككەوتبوون، هێزێكی زۆری یەكێتی بەسەرۆكایەتی عەلی عەسكەری بەرەو سنوری یەك دەستیان بە جوڵە كرد، بەو نیازەی پارتی تەواو لەناوببەن و بگەن بە سنوری سوریا، بۆ ئەوەی راستەوخۆ ببنە هاوسنوری لەگەڵ سوریا و ئیمكانیات و چەك و پێداویستیەكان راستەوخۆ لە سوریاوە وەربگرن، مەبەستی یەكێتی لەم جوڵە سەربازییە، ئەوەبوو هەموو پێشمەرگەكانی پارتی لەم سنورە بكوژن، یان بەدیل بگرن، یان ناچاربكرێن ناوچەی هەرێمی یەك جێبهێڵن.
بۆیە دوای خۆئامادەكردنی تەواو لە پێناو جێبەجێكردنی پلانە و گەیشتن بە ئامانجەكەیان لە سەرەتاكانی مانگی ئایاری 1978، یەكێتی هێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر هێزەكانمان، بە بیانووی هێنانی چەك هاتبوون و بەسەر ناوچەكەدا پەرت و بڵاو ببون، عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید و تاهیر عەلی والی سەركردایەتی هێزەكانیان دەكر، هەموویان بەهەموو تواناو هێزەوە هاتبوون و ئامانجیان شەڕ بووـ بەڵام پێشمەرگەكانی پارتی بۆ مانەوەو بەرگریكردن ئامادەكاری باش و بەرچاویان كردبوو كوردەكانی باكوریش هاوكارییەكی زۆری پێشمەرگەكانیان كرد، سەرەتا یەكێتی ئاگادارنامەیەكی نارد و داوای كردبوو پێویستە پارتییەكان خۆیان رادەستبكەن، دیاربوو توشی غروری و لێكدانەوەی هەڵە ببون، بەداخەوە رۆژی 19ی حوزەیرانی 1978 ئەوەی كەس خوازیاری نەبوو لە ئەنجامی هەڵە و سیاسەتی شەڕانگێزەكانی یەكێتی روویدا كە بە شەڕی هەكاری بەناوبانگە، هێزەكانی یەكێتی هیچ جۆرە شارەزاییەكیان لە سروشت و جواگرافیا و بواری كۆمەڵایەتی ناوچەكە نەبوو، ژمارەیەك شارەزایان لەگەڵدا هاتبوون، بەڵام كاتێك شەڕەكە دەستی پێكرد، بەهۆی لێكدانەوەی هەڵەیان بۆ بارودۆخەكە توشی زیان و شكست هاتن و ژمارەیەكیان بەدیل گیران و ژمارەیەكی زۆریشیان خۆیان رادەستی عێراق كردەوە، خەڵكی ناوچەكە كە هەموویان خۆیان بە دڵسۆزی رێبازی بارزانی دەزانی، كە زانیان شەڕەكە لە دژی بارزانی و پارتیە، لە دژی هێزەكانی یەكێتی راپەڕین.
بەداخەوە لەشەڕەكەدا هەریەكە لە هەڤاڵان: مەلا ئەمین حاجی بارزانی، رەشید حاجی بارزانی، عومەررەش كەندیناوەیی، مەردان رۆستەم سورچی، ئەحمەد عەبدوڵا هەركی، یەحیا یوسف شامل سندی، نەنو ئیسماعیل بەرگارەیی، شەهید بوون.
یەكێك لەو لاوە خوێنگەرم و پێشمەرگە دلێر و ئازایانەی بەر لە شەڕی هەكاری شەهید بوو، ( سیروان عەبدولڕەحمان حاجی عەلی) بوو، رۆژی 13ی ئایاری 1978 بارەگایان لە دۆڵی (گۆستە) بە مەبەستی هێنانی خۆراك و پێداویستییەكانی بارەگا بە وڵاخ بەرەو سنوری توركیا بەڕێ دەكەوێت، بەڵام لە كاتی پەڕینەوە لە زێ لە وڵاغەكە بەردەبێتەوەو بەهۆی ئەو زەبەری بەر سەری كەوتبوو لەناو زێیەكە گیانی لەدەست دەدات و شەهید دەبێت و دوای چەند كاتژمێرێك جەنازەكەی دەدۆزرێتەوەو هەر لەوێش بەخاك دەستپێردرێت.
دوای شەڕەكەی هەكاری بەمەبەستی سارێژكردنەوەی زامەكان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە نێوان هەردوڵادا هەوڵێكی زۆردرا بۆ ئەم مەبەستە هەڵانی سەركردایەتی كاتی لەگەڵ مولازم عومەر عەبدوڵا كۆبوونەوە، سامی عەبدولڕەحمان نامەیەكی ئاراستەی سەركردایەتی كۆمەڵە كردبوو، بەڵام نەوشیروان مستەفا نامەكەی پیشانی كەس نەدابوو و دەستی بە هەڕەشەكردن كردبوو.
لە دەڤەری سلێمانی، یەكێتی بەهۆی هاوكاری و یارمەتی و ئاسانكاریییەكانی رژێمی عێراق توانی تا رادەیەك گرفت بۆ پێشمەرگەكانی پارتی لە سنوری دەڤەری سلێمانی درووست بكات و ئازاریان بدات، بە جۆرێك كە دەرفەتی چالاكییەكان لەبەردەمدا نەمایەوەو تەنانەت ژمارەیەكی زۆریش لە پێشمەرگەكانمان شەهید كران، ئەمەش دەرفەتی مانەوەی پارتی لە سنوری سلێمانی زەحمەت كرد.