مەسعود بارزانی: سوپاسی قاسم سلێمانیمان كردو ئێستاش سوپاسی دەكەین
2023-08-15 19:47:58
درەو:
مەسعود بارزانی لە كتێبە نوێیەكەیدا كە چەند رۆژێكە بڵاو كراوەتەوە دەڵێت: قاسم سلێمانی پەیوەندی پێوەكردم و مەردانە بۆ بەیانییەكەی فڕۆكەیەكی فیشەك و دۆشكاو گوللەی ئاڕ بی جی گەیاندە هەولێر
ئێمە ئەوكات سوپاسمانكردن و ئێستاش سوپاسیان دەكەین بەڵام پێویستە هەموو لایەك بزانن، ئەوە خوێنی پێشمەرگە بوو كە هەولێر و هەموو كوردستانی پاراست.
مەسعود بارزانی لە بەرگی شەشەمی كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) كە ئێستا لەبەردەستی (درەو)دایەو چەند بەشێكی لێ بڵاودەكاتەوە، سەبارەت بە رۆڵی قاسم سلێمانی لە شەڕی داعش و پاراستنی هەولێر لەلاپەڕە (441 -442) نوسیویەتی:
لەسەروبەندی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر، قاسم سلێمانی، بەتەلەفۆن پەیوەندیی پێوەكردم و پرسیاری بارودۆخ و پێویستییەكانی كرد، منیش لە وەڵامدا پێم راگەیاند" بارودۆخەكە مەترسیدارە، چونكە پێشمەرگە چەك و تەقەمەنی پێویستی لەبەردەستدا نیە، بۆ رێگەگرتن لە هەمەر و ئۆتۆمبێلە گوللە نەبڕەكانی داعش، ئەگەر بكرێت گوللەی ئاڕ بی جی دژە تانك و گوللەی دۆشكای تانكشكێنمان بۆ بنێرن، دوای ئەوە قاسم سلێمانی مەردانە بۆ بەیانییەكەی فڕۆكەیەكی فیشەك و دۆشكاو گوللەی ئاڕ بی جی گەیاندە هەولێر، ئەمە لە بەرەبەیانی رۆژی 8ی ئابی 2014دا بوو، ئەم هاوكارییە بوو بەهۆی راگرتنی هێرش و پێشڕەوییەكانی داعش لە میحوەری گوێڕ، كە هەڕەشەیەكی جدی بوو، دواتر قاسم سلێمانی خۆی سەردانی كرد و دوو مەفرەزەی هاوەنهاوێژو كاتیۆشایەكی (107)ی بۆ پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگە هێنابوو، دوو كەسی هاوەنهاوێژەكانیان لەگەڵ پێشمەرگە لەبەرەی مەخمور شەهیدبوون.
پێویستە لێرەوە ئەمە بەتەواوی روونبكرێتەوە، كە لە زۆر بۆنەدا بەرپرسانی ئێران و تەنانەت سەرۆك كۆماریش هەواڵی ئەوە بڵاو دەكەنەوە، ئەگەر ئێران نەبوایە، هەولێر داگیر دەكرا، و سەردار سلێمانی هەولێری رزگاركرد، ئێمە ئەوكات سوپاسمانكردن و ئێستاش سوپاسیان دەكەین، چونكە بەراستی یارمەتییەكانیان لەوكات و ساتەدا، هاوكارییەكی كاریگەر بوو، بەڵام پێویستە هەموو لایەك بزانن، ئەوە خوێنی پێشمەرگە بوو كە هەولێر و هەموو كوردستانی پاراست، هاوكاری و یارمەتی و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانان كاریگەرییەكی گەورەو بەرچاووی هەبوو، یارمەتییەكانی ئێرانیش جێی خۆیان گرت، بەڵام ناكرێت خەڵكانی تر، لە واقع دەربچن و واقیعەكە لەبەرچاو نەگرن، رۆڵی خۆیان دیار و بەرجەستە بكەن و رۆڵی پێشمەرگە كەم نیشان بدرێت، كە ئەمە بەهیچ شێوەیەك ئینساف نیە.