سودانی رەزامەندیدا لەسەر داواكەی وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم
.jpg)
2023-08-17 12:57:58
درەو:
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر داوایەكی ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم لەبارەی پشكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە ناردنە دەرەوەی (5) هەزار قوتابی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە.
بە پێی نوسراوێكی ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 6/6/2023 ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردوە بۆ ئەوەی لە پرۆژەی ناردنە دەرەوەی (5) هەزار قوتابی بۆ بەدەستهینانی بروانامەی باڵا لەدەرەوەی عیراق، پشكی قوتابیان و مامۆستایانی هەرێمی كوردستان لەو پرۆژەیەدا لەسەر بنەمای شایستەیی دەستوری لەبەرچاو بگیریت.
بەپێی نوسراوەكە هەمان رۆژ محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق داواكارییەكەی وەزیری خویندنی باڵای هەرێمی كوردستانی پەسەندكردوەو لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە بۆ جیبەجیكردنی ناوەرۆكی نامەكەی وەزیری خوێندنی باڵای هەریم، بۆ دابینكردنی پشكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی نێردراوان كە ژمارەیان (5) هەزار كورسییە ..
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق نوسراوەكەی وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی ئاراستەی دەستەی ڕاوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای پەرەپێدانی پەروەردە كرد بۆ كاركردن لە سەری . رۆژیی 14/6/2023 لیژنەیەك لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی بەغدایان كردوو كۆبوونەوەیان لەگەڵ هەردوو لا (دەستەی ڕاوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای پەرەپێدانی پەروەردە )ئەنجامدا و رێكەوتن لەسەر ئەوەی پشكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق دەبێت و پە پێی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك دەبێت، لە حاڵەتێكدا پشكی ئەو پارێزگایە پڕ نەبێتەوە ئەوە مافی پارێزراودەبێت و لە راوندەكانی دواتردا ئەو مافەیان بۆ دەگەرێتەوە..
لە مانگی ئایاری رابردوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی بەرنامەی ستراتیژیەتی پەرەپێدانی كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا ناردنەدەرەوەی (5) هەزار قوتابی راگەیاند لەسەرجەم بوارو پسپۆڕییەكاندا.
