"لە ماوەی (40) رۆژدا (8) ملیۆن مریشك لە هەرێمی كوردستان مرداربوونەتەوە"
2023-08-15 10:12:13
(درەو):
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان رایدەگەیەنێت لە ماوەی (40) رۆژدا (8) ملیۆن مریشك لە هەرێمی كوردستان مرداربوونەتەوە، بەڵام، بەڕێوبەری ڤێتێرنەری سلێمانی دەڵێت ئێمە ناتوانین ئەو ئامارە پشت راستبكەینەوە.
نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، لە لێدوانێكیدا بۆ (درەو) سەبارەت بە دۆخی كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ماوەی (40) رۆژدا زیاتر لە (8) ملیۆن مریشك لە هەرێمی كوردستان مرداربووەتەوە، نازم جاف، هۆكاری مرداربوونەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە مریشك بۆ پەتای نیوكاسڵ دەگێڕێتەوە.
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەڵێت: پێویستە حكومەتی هەرێم نمونەی خوێن لە مریشكی نەخۆش وەربگرێت، لە تاقیگەی پێشكەوتودا جۆری نەخۆشییەكە دیاری بكرێت تا بزانرێت چۆن چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، پێویستە حكومەت هەستێت بە دابینكردنی ڤاكسین تا كێشەكان لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكات، بەڵام بەداخەوە حكومەت تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی نەناوە.
جەمال حسێن والی، بەڕێوبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی سەبارەت بە ئاماری مرداربوونەوەی مریشك بە (درەو)ی راگەیاند، نەخۆشی لە نێو كێڵگە پەلەوەرییەكان شتێكی ئاساییەو روودەدات بەڵام هیچ ئامارێكی فەرمیمان لەبەردەستدا نییە كە چەند مریشك مرداربووەتەوە، پێویستە ئەو ئامارە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی ڤێتێرنەری یەكلا بكرێتەوە.
جەمال حسێن والی ئەوەش دەڵێت: راستەوخۆ دوای بیستنی هەواڵەكە پەیوەندیم بە زۆرینەی لقەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كردووە تا بزانین چی پێویستە ئەنجامی بدەین.
دكتۆر ئاری سەڵاحەدین، بەڕێوبەری ڤێتێرنەری سلێمانی سەبارەت بە ئاماری مرداربوونەوەی مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، ئێمە ناتوانین ئەو ئامارە پشت راستبكەینەوە، من تەنها بەرپرسم لە ڤێتێرنەری سلێمانی ناتوانم ئاماری هەموو هەرێمی كوردستان یەكلا بكەمەوە.
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری سلێمانی سەبارەت بە دابینكردنی ڤاكسین بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان رایگەیاند كە ئەمساڵ نەتوانراوە ڤاكسین بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان دابینبكرێت، گرفتەكە بۆ نەبوونی بودجە دەگێڕێتەوە، دكتۆر ئاری وتی، دۆخی ئابووری و دارایی حكومەت بەجۆرێك بوو نەتوانرا ڤاكسین دابین بكرێت.