كوردستان كۆمسیۆنەكەی 1992 زیندوو دەكاتەوە ؟
2023-06-25 17:48:02
راپۆرت: درەو
كەمتر لە پێنج مانگ ماوە بۆ وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، هیچ ئاسۆیەك بۆ سازدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا نابینرێت، پێشنیازێك هەیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان هاوشێوەی كۆمسیۆنەكەی 1992 بسپێردرێت بە دادوەران، بەڵام ئەم پێشنیازە توشی بەریەككەوتن دەبێت لەگەڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان. جگە لە چاوەڕێكردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەرێم هیچ دەرفەتێكی لەبەردەمدا نەماوە، كۆمسیۆنەكەی عێراقیش مانگی یەكی ساڵی داهاتوو وادەی یاسایی بەسەردەچێت، بەم دۆخەوە ئایا هەڵبژاردنی كوردستان كەی بەڕێوەدەچێت ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو پرسی هەڵبژاردن
لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەستیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵگرتووەو سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، هەڵبژاردنێك كە پارێزگاكانی هەرێم ناگرێتەوەو لەناوچە جێناكۆكەكان بەڕێوەدەچێت.
هێشتا ئەو وادەی كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاریكردووە، لە شوێنی خۆیدایەو دوانەخراوە، واتا رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ.
رۆژی 30 ئایاری رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەسەر ئەو سكاڵایانە یەكلاكردەوە كە سەبارەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەكە، ئەمە هەموو ئەو یاساو بڕیارانەشی هەڵوەشاندەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، بەدیاریكراویش كۆبونەوەی رۆژی 22ی ئایاری پەرلەمان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم.
لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە، پەرلەمانی كوردستان هیچ كۆبونەوەو جوڵەیەكی سیاسی نەكردووە، بۆیە پرسی سازدانی هەڵبژاردن گەڕاوەتەوە بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم.
رۆژی 8ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتی هەرێم وەفدێكی ناردە بەغداد بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق قسە بكەن سەبارەت بە ئامادەكاریكردن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە كوردستان، ئەمە وەكو دانپێدانانی سەرۆكایەتی هەرێم بوو بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستانو كارانەبوونەوەی كۆمسیۆنەكەی كوردستان.
سەرۆكایەتیی هەرێم دەیەوێت هەرچۆنێك بووە لەمساڵدا هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەمە تەنیا وەكو هەوڵێك ماوەتەوەو لەڕووی واقعییەوە ئەگەرێكی لاوازە.
كۆمسیۆنی عێراق چاوەڕێی نوسراوە
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق خۆشی تەمەنی یاسایی زۆری نەماوە، سەرباری ئەمە دەیەوێت رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەببات، بۆیە هیچ وەڵامێكی ئەوتۆی بە سەرۆكایەتی هەرێم نەداوە سەبارەت بەوەی ئایا لە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەتوانێت هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات یاخود نا، بەڵام بەشێوەی زارەكی سەرۆكایەتی هەرێمی ئاگاداركردووە لەوەی ناتوانێت لەو وادەیەدا هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات.
سەرباری وەڵامە زارەكییەكە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق چاوەڕێیە سەرۆكایەتی هەرێم بە فەرمی نوسراوی ئاڕاستە بكاتو تێیدا داوای لێبكات رۆژی 18ی تشرینی دووەم سەرپەرەشتی هەڵبژاردنی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی ئەویش بەنوسراوێكی فەرمی وەڵامی داواكارییەكە بداتەوە.
هەوڵی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ ئەوەیە، ئۆفیسەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگاكانی هەرێم ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی كوردستان بكەن، بەوپێیەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق پارێزگاكانی هەرێم ناگرێتەوەو ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن لە ئێستادا دەستیان بەتاڵە، بەڵام سەرۆكایەتیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەمبارەیەوە هیچ گرەنتییەكیان بە سەرۆكایەتیی هەرێم نەداوە.
ئەمە لەكاتێكدایە لەئێستادا كەمتر لە (6) مانگ دەرفەت لەبەردەم سازدانی هەڵبژاردنی كوردستاندا ماوە لەو وادەی دیاریكراوە، بۆیە ئەگەری دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بۆ جاری سێیەم، ئەگەرێكی بەهێزو كراوەیە.
بەگشتی سەرۆكایەتیی هەرێم تاڕادەیەك لەوە تێگەیشتووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەوادەی دیاریكراودا (18ی تشرینی دووەم) هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەڕێوەنابات، لەم حاڵەشدا ئەگەر هەیە هەڵبژاردن بۆ ئایاری یاخود تەموزی ساڵی داهاتوو دوابكەوێت.
كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بە دادوەران
ئێستا كە ئیتر سەرۆكایەتیی هەرێم خەریكە دەست لە كۆمسیۆنەكەی عێراق دەشوات، قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە كوردستان نوێ بكرێتەوەو ئەو كۆمسیۆنە لەمساڵدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات.
كرۆكی ئەم پێشنیازە ئەوەیە، (7) دادوەر دیاری بكرێت بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان، هاوشێوەی یەكەم كۆمسیۆن كە ساڵی 1992 دروستكراو هاوشێوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئێستای عێراق كە لەلایەن دادوەرانەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەوانەی پشتیوانی ئەم پێشنیازە دەكەن، پەنایان بۆ بڕگەی (پێنجەم) لە ماددەی (دەیەم)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق بردووە، ئەم بڕگەیە دەڵێ:
• كاتێ هەرێمی كوردستانو سیستمە سیاسییەكەی، یان ئاسایشی گشتی هەرێم، یان دامودەزگا دەستورییەكانی بكەونە مەترسییەكی ئەوتۆوە، هەڕەشە لە بوونی بكاو، ئەنجومەنی نیشتمانیش نەتوانێ كۆببێتەوە، ئەوە، لەوبارەدا سەرۆكی هەرێم دوای راوێژو رێككەوتن لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیارگەلێ دەردەچوێنێ هێزی یاساییان هەیە بەمەرجێ ئەو بڕیارانە، لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی هەرێمدا بخرێنە بەردەمی. خۆ ئەگەر هاتوو نەخرانە بەردەمی، یان خرانە بەردەمیو ئەنجومەن پەسەندی نەكردن، ئەوا، لەوبارەدا سیفەتی یاساییان نامێنێ.
ئێستا هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی لەو شێوەدایە كە لەم بڕگەیەدا باسكراوە، بەتایبەتیش لەوەدا كە دامودەزگا دەستورییەكانی متمانەیان لەدەستداوە، چونكە پەرلەمانی كوردستان بەبڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵوەشاوەتەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان كارانەكراوەتەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش ناتوانێت لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات، سەرۆكایەتی هەرێمو حكومەتیش لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە بوون بە "كاربەڕێكەر"، هەموو ئەمانە شەرعیەتی دامودەزگاكانی هەرێمیان خستوەتە ژێر پرسیارەوەو هیچ چارەیەك نییە جگە لەوەی تاوەكو ساڵی داهاتوو چاوەڕوانی كۆمسیۆنی عێراق بكرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە كوردستان.
بەڵام ئایا ئەگەر سەرۆكی هەرێم پەنا بۆ ئەم بڕگە یاساییە ببات، توشی بەریەككەوتن نابێت لەگەڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان ؟
بڕگەی پێنجەم لە ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان باس لە بارودۆخێك دەكات كە هێشتا پەرلەمانی كوردستان (ئەنجومەنی نیشتمانی) بوونی هەیە، بەڵام لەبەر دۆخێكی دیاریكراو ناتوانێت كۆبونەوە بكات، بەڵام ئێستا بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی كوردستان نەماوەو هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە دادوەران لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بەبێ پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، بەواتای پێشێلكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دێت.
سەرباری ئەمە، هەر بەگوێرەی بڕگەی پێنجەمی ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، دەرچوونی بڕیارێكی لەمجۆرە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە پێویستی بەوەیە پەرلەمانی داهاتووی كوردستان پەسەندی بكات، ئەگەرنا بڕیارەكەی بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەكرێت، لەم دۆخەدا سەرۆكی هەرێم بەر لەوەی بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات، پێویستی بەوەیە گرەنتی نوسراو لە هەموو پارتە سیاسییەكان وەربگرێت لەبارەی ئەوەی لە پەرلەمانی داهاتوودا بڕیارەكەی پەسەند دەكەن، ئەمەش كاتو دانوستانی زۆری دەوێت، بەتایبەتیش لە دۆخێكدا كە پەیوەندی پارتیو یەكێتیی باش نییەو تێڕوانینیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە جیاوازە.
واتا بەگشتی بژاردەیەكی لەمجۆرە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بە دادوەران كارابكرێتەوە، لەڕووی واقعیو یاساییەوە بژاردەیەكی پڕ لە كێشەیە.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە عێراق
مانگی یەكی ساڵی داهاتوو، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی یاسایی تەواو دەبێت، بەپێچەوانەی كۆمسیۆنەكەی كوردستانەوە، كۆمسیۆنی عێراق بۆ نوێكردنەوە پێویستی بە پەرلەمان نییە، چونكە بەگوێرەی یاساكەی، كۆمسیۆن بەبڕیاری ئەنجومەنی دادوەریی عێراق نوێ دەكرێتەوەو متمانەی پێدەدرێت.
ساڵی 2019 كاتێك خۆپیشاندانی تشرین لە عێراق سەریهەڵدا، یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بوو، كە لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبیو تائیفی دروستكرابوو، سەرەتاكانی كانونی یەكەمی 2019 پەرلەمانی عێراق وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ خۆپیشاندانەكان، یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی دەركرد.
بەپێی مادەی (3)ی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەندامانی كۆمسیۆن بەمشێوە دیاریكران:
1- پێنج دادوەری پلە یەك، كە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەناو كاندیدەكاندا هەڵیان دەبژێرێت، بە لەبەرچاوگرتنی دادپەروەریی لەنێوان ناوچەكاندا.
2- دوو داوەر لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان دیاری دەكرێن، بەهەمان شێوە لەسەر هەمان بنەمای دادپەروەیی جوگرافیی (واتا دادوەرێك لە هەولێرو دادوەرێكی تر لە سلێمانی. لەئێستادا دادوەرەكەی سلێمانی سەرۆكایەتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات) دیاری دەكرێن.
3- دوو راوێژكار لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە دیاری بكرێنو ئەنجومەنی دادوەریی عێراق كاندیدەكانیان هەڵبژێرێت.
4- كاندیدەكان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە بە تیروپشك هەڵدەبژێردرێن.
5- لەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی دادوەیی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی دیاری دەكات، دەبێت رەچاوی نوێنەرایەتی ژنی تێدا بكرێت.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەمشێوەیە دروستكراوە، ئەگەر تاوەكو مانگی یەكی ساڵی داهاتوو، هەرێمی كوردستان چاوەڕێ بكات كۆمسیۆنەكە ماوەی یاسایی بۆ چارەسەر بكرێت، ئەوا لانی كەم دەبێت ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی تر چاوەڕوان بێت، چونكە كۆمسیۆن بۆ سازدانی هەڵبژاردن لە كوردستان، پێشوەخت پێویستی بەلانی كەم شەش مانگ دەبێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەوێتە مانگی حەوتی ساڵی داهاتووەوە.
ئەمە هۆكارەكەیە كە سەرۆكایەتی هەرێم دەیەوێت رێگەچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن زیاتر دوانەكەوێتو لانی كەم لە كۆتاییەكانی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، هەرچەند ئەم كاتەش لەڕووی كەشوهەواوە بۆ سازدانی هەڵبژاردن بەگونجاو نازانرێت.
ساتی ههڵبژاردنی داادوهرهكانی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنی عێراق بهتیروپشك، بهئامادهبوونی نوێنهری نهتهوه یهكگرتووهكان
یەكەم كۆمسیۆن لە كوردستان
بۆ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستاندا لە ساڵی 1992، بە بڕیاری (بەرەی كوردستانی)و لە مادەی (6)ی یاسای هەڵبژاردندا، بڕیاردرا بە دروستكردنی (دەستەی باڵا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان).
ئەم دەستەیە بەپێی ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردندا هاتبوو، لە (2) دادوەرو نوێنەری حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو، كە بەتێكڕا (9) كەس بوون، بەمشێوەیە:
* دادوەر (ئەمیر عەبدولكەریم حەوێزی) سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردن.
* دادوەر (فوئاد سابیر رەشید) داواكاری گشتیو ئەندامی دەستەی باڵای هەڵبژاردن.
* (رەشید مستەفا كاكە عەبدولكەریم) نوێنەری كارگێری پارێزگای هەولێر.
* (جەمال تایەر بەكر) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
* (كەریم سوڵتان سنجاری) نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان.
* (بەدران ئەحمەد حەبیب) نوێنەری حزبی زەحمەتكێشان.
* (جەمیل عەبدوڵا خۆشناو) نوێنەری سۆسیالیستو پاسۆك.
* (كلدۆن شمۆئیل نیامین) نوێنەری پارتی دیموكراتی ئاشوری.
* (ساڵح بەرواری) نوێنەری پارتی گەل (دواتر كشایەوە)
ئەركی ئەم دەستەیە بەپێی مادەی (6) لە یاسای هەڵبژاردن، بریتی بوو لە:
- دیاریكردنی ناوچەكانی هەڵبژاردن
- سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن
- دەركردنی زانیاری بۆ ئاسانكاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن
ئەو پێشنیازەی ئێستا لەئارادایە بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم، وەكو گەڕانەوەیە بۆ شێوازی دروستكردنی یەكەم كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە كوردستاندا.
كارتی دهنگدانی كۆمسیۆنی 1992ی كوردستان بۆ ههڵبژاردنی (رابهری بزوتنهوهی رزگاریخوازی كوردستان)
كارتی دهنگدانی دهستهی باڵای سهرپهرهشتی ههڵبژاردن بۆ یهكهم پهرلهمانی كورستان له 1992دا