كۆبونەوەی پارتیو یەكێتیی دەستیپێكرد
2023-06-26 08:48:06
(درەو):
پارتیو یەكێتیی لە هەولێر چوونە ناو كۆبونەوەوە، هەردوو حزب لە بابەتی (هەڵبژاردن، دۆسیەی ئەمنی، دۆخی داراییو پەیوەندی لەگەڵ بەغداد) ناكۆكن.
وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە شاری هەولێر.
وەفدی پارتی (فازل میرانی) بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی سەرۆكایەتی دەكاتو پێكهاتووە لە هەریەكە لە:
• سیداد بارزانی
• هوشیار زێباری
• فوئاد حوسێن
• مەحمود محەمەد
• زاگرۆس فەتاح
قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە وەفدی پارتی كرد، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتی وەفدی یەكێتیی دەكات لەم گفتوگۆیەدا، وەفدی یەكێتیی پێكهاتوون لە هەریەكە لە:
• جەعفەر شێخ مستەفا
• دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
• شاڵاو عەلی عەسكەری
دوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكان ئەنجومەنی وەزیران لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، چەند رۆژێك دۆخی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتیی ئاسایی بووەوە، بەڵام پرسی دەنگدان لەسەر یاسای بودجەی 2023ی عێراق سەرلەنوێ پەیوەندی نێوان هەردوو حزبی ئاڵۆز كردەوە، پارتی پێیوایە یەكێتیی لەپشت ئەو هەوڵانەوە بووە كە لەناو بودجەدا بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم گیراونەتە بەر، ئەمە سەرباری ناڕەزایەتی پارتی دژی جێگیركردنی ئەو بڕگەیە لە بودجەدا كە ماف بە پارێزگاكانی هەرێم دەدات لە حاڵەتی بوونی ناڕەزایەتیدا بتوانن بەشێوەی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بكەن، ئەم بڕگەیە لەسەر داوای یەكێتیی چەسپێندراو پارتی وەكو هەوڵدان بۆ پەرتكردنی هەرێمی كوردستان وێنای دەكات.
سەرباری ئەوەی مانگی ئایار تیمی پارتیو یەكێتیی رێككەوتنیان كرد لەسەر ئەوەی دۆسیە ئەمنییەكانی نێوانیان (بەدیاریكراوی دۆسیەی كوژرانی هاوكار جاف) بدەنە دەست لیژنەیەكی هاوبەش كە بە ئامادەیی لایەنی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی تێدا بكات، بەمدواییە دادگای هەولێر سزای ئیعدامی بۆ (وەهاب هەڵەبجەی) فەرماندەی هێزی دژەتیرۆری یەكێتییو 8 فەرماندەی تری ئەو هێزە دەركرد، ئەمەش هێندەی تر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی توشی گرژی كردەوە.
لەپاڵ دۆسیەی ئەمنییو دارایدا، پارتیو یەكێتیی لەسەر پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانیش ناكۆكن، ئەم ناكۆكییە هێشتا بەبێ چارەسەر ماوەتەوەو چارەنوسی هەڵبژاردنیشی خستوەتە ناو تونێلێكی نادیارەوە.