ئەمریكا چاودێری دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات
2023-06-27 10:48:34
(درەو):
ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق كۆبووەوە. بەگوێرەی ئەوەی لە تویتێكدا باڵیۆزی ئەمریكا ئاماژەی بۆ كردووە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا گفتوگۆ كراوە. باڵیۆزی ئەمریكا باسی لە زیادبوونی بایەخی كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردووە بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراقدا.
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە، بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریسەوە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرت. لەسەر ئەو سكاڵایەی كە حكومەتی عێراق لەو دادگایە دژی توركیا تۆماریكرد بوو، دادگای بڕی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاند، ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی توركیا بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق بۆری نەوتی عێراقی لەناو خاكی توركیا بەكارهێناوە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
ئێستا توركیا دەیەوێت بەر لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، پرسی قەرەبووەكە لەگەڵ حكومەتی عێراق یەكلابكاتەوە، بەمدواییە وەفدی توركیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبووەوە، بەڵام كۆبونەوەكەیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بێ ئەنجام بوو.
هەناردەی نەوت رێژەی 77%ی تێكڕای ئەو داهاتانەی پێكدەهێنا كە مانگانە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوت، بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023ی عێراقدا هاتووە، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت شایستە داراییەكانی خۆی بەتەواوەتی لە بەغداد وەبگرێت، دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، ئەگەر هەناردەی نەوت لەرێگەی توركیاوە دەستی پێ نەكردەوە، بەپێی یاسای بودجە دەبێت هەرێم هەمان بڕە نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات بەمەبەستی بەكارهێنانی لەناوخۆدا.
یاسای بودجە، خەرجی بەرهەمهێنانو هەناردەی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێمی لەسەر بنەمای خەرجی بەرهەمهێنانو هەناردەكردنی نەوت لە عێراق دیاریكردووە، ئەمەش وادەكات حكومەتی هەرێم نەتوانێت خەرجی كۆمپانیا بیانییەكان دابین بكات، چونكە خەرجی كەرتی نەوتی هەرێم بەبەراورد بە عێراق زۆرترە، ئەمە یەكێك لەو خاڵە سەرەكییانەیە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی نیگەران كردووەو ئەگەر ئەم بابەتە لە دادگای فیدراڵی تانەی لەسەر نەدرێت، كۆمپانیا كاركەرەكانی هەرێم بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان روو لە حكومەتی فیدراڵ دەكەن.